قەسیدەی ژنێک خۆشی دەوێم.. ستیڤان شەمزینی
ئای چەند ئەو ژنەم خۆشدەوێت
چارەنووسم بە دڵیدا دێتە خوارەوە
دەستە نوقاوەکانی تەنهاییم
لە مێرگی سینگیدا دەکرێنەوە
لە شەوانی رەنگ پەڕیوی فیراقدا
لە درزی موحیبەتەوە لێم دەڕوانێت
منداڵە لاسارەکەی هەوەسم
بە سەرنجێکی بەناز ژیر دەکاتەوە
پێکەنینە گڕگرتووەکانی رۆحی
لەنێو جانتای پەژارەکانم جێدەهێڵێت
گریانە ئاڵۆزکاوەکانی ئۆغرکردنم
لەنێو رەشایی پرچەکانیدا دەشارێتەوە
چەخماخە سەوزەکانی نیگام
لە چاوە خومارەکانیدا دەخوێنێتەوە
توند بە باوەشی خۆیەوە دەمنووسێ
کاتێ لورەی گورگی مەرگ دێت
لە تێپەڕینم بەناو مەرزەکانی سەرهەڵگرتن
بەرەو ناوەوەی خۆم
سنوورداشم دەکاتەوە
لە بن سێبەری دارگێلاسی ماچدا
دڵۆپ دڵۆپ رۆندکەکانم دەخواتەوە
ئەو دەمەی ستایشی هەتاو دەکەم
وەک چیایەکی بەفرین دەتوێتەوە
ئەو دەمەی باسی وشکبوونەوە دەکەم
چەشنی رووبارێکی بزێو دێتە بەردەمم
ئەو دەمەی عەشق لەمندا کاڵ دەبێتەوە
عاتیفەم بە ئەوینی خۆی تۆخ دەکاتەوە
ئەو دەمەی سەرم لە مەیخانە بزر دەبێت
لەناو ئاونگی مەمکەکانیدا دەیدۆزێتەوە
ئەو دەمەی لەشکری ماتەم وجودم تاڵان دەکا
ئاڵای ژیان لەسەر تەمەنم بەرز دەکاتەوە
ئەو دەمەی دەریالووشی بێدەنگی قووتم دەدا
لە سەحرای هەنسکەکانمەوە هاوار دەکات
ئەو دەمەی پەنجەرەی غەریزە تەڵخ دەکەم
بە ئاوریشمی شەوێکی لێکئاڵان دەیسڕێتەوە
ئەو دەمەی رۆژەکانم دەبنە گرێکوێرەیەک
وەک پرچی هزرێکی شێواو
یەک یەک دەیانکاتەوە
ئەو دەمەی لەسەر جوگرافیای عەشق ون دەبم
کون و قوژبنی شیعر بە دوامدا دەگەڕێت
ئەو دەمەی بڕیاری کۆچ دەدەم و دەڕۆم
سۆراخم لەو پاپۆڕە شکستخواردووانە دەپرسێت
لە لیتاوی کەناری خەونێکی بەدینەهاتوودا چەقیون
ئەو دەمەی دەروازەکانی ئەندێشەم دادەخەم
هەوڵی فەتحی شارە مێژووییەکانی خەیاڵم دەدات
ئەو دەمەی ئاگر لە خەڵوزی لێوەکانم بەردەدەم
مینا شنەبایەکی میهرەبان بەرەو رووم هەڵدەکات
ئەو دەمەی گەدەی فکرم
پڕ دەبێت لە کێمی پووچیی
خەیاڵدانم دەئاخنێت
بە دەیان پرسیاری گەشبین
ئەو دەمەی لەسەر شانۆیەکی مەلوول
بەردەبمەوە نێو دۆزەخی حەسرەت
دەستم دەگرێت بۆ نێو بەهەشتێک
لە رەنگی نیشتمان و
لە چەشنی ژنێتی خۆی و
بە نازێکی تەواو ژنانەوە
دەچرپێنێتە گوێم
ژیان هەر ئەوەندەیە
لەگەڵ من بەسەری ببەیت
ئاه، خودایە
من ژنێکی ئاوهام خۆشدەوێت
ژنێکی ئاوها خۆشی دەوێم
بیلەفێلد – نەخۆشخانەی گلیاد ئاینس
شتایسۆنی نۆرۆلۆگی