جیهان لەناخمدا دەژیت.. شیعری بابان ئیبراهیم
هاوڕێم؛
ئەم تاریکاییەی دەیبینیت
من و تۆ لێی بێخەبەرین
ئەم تاریکاییە
سێبەری مەشخەڵێکە بەدەستی خۆرپەرستانەوە
مێژوو دایگیرساندووە.
زۆر دەمێکە خەونە ڕۆشنەکان
لەم تاریکاییەدا ون بوون
ئەمڕۆ خەونەکانی ئێمەش نافڕن
دەڵێیت بێڕەحم و خەمساردم
هاوڕێم؛
تۆ گوێت لە قرینجانی ئێسقانەکانم نیە،
لە نەغمەی سڵاویکدا.
تۆ وەرە ناخی من ببینە
کە لەوێدا سڵاو دەکەیت
هەزاران خەمی تۆ
هەزاران خەمی ئەو
هەزاران مرۆڤی ونبوو دەبینیت
دێینەوە سەرپێ بۆ وەڵام دانەوەت.
تۆ لێم مەگرە
ئەمڕۆ وەک لانەوازێک
جیهان لەناخمدا داڵدەی داوە
جگە لە گەڕانەوە بۆ ئەوێ
جگە لە هاودەمی ئەو هەزارانەی لەناومدا دەژیت
جێگایەکی تر شک نابەم.
دەڵێیت مرۆڤێکی تەنیام و هاودەمێکم پێویستە
تۆ نازانیت بە تۆمەتی خەمساردی و بێڕەحمیم
ئەوانیش چەندێک سزام دەدەن
من چەند بەرەو ئێوە دێم
ئێوە وەک سەرابێک دوورتر دەکەونەوە
ئەمڕۆ جیهان
هەموو پردەکانی بەستنەوەی مرۆڤاکانی بەیەکتر لەدەستداوە.
تۆ دەبێت بزانیت لەم تاریکاییەدا ناتناسمەوە
لەم چۆڵەوانییەدا ڕێکەوتی بینینێکت ناکەم
بەڵام وەک داهۆڵێک لەڕوحی مندا
دژ بە تاریکی دەرەوە دەجەنگیت.
وا کە پایەکانی جیهان دادەڕمێت
پارچەکانی لەناخمدا کۆدەکەمەوە
وا کە ڕووخسارت کاڵ دەبێتەوە
من لەناخمدا دەتناسمەوە
تۆ دەبێت بزانیت
تەنیا لە ناوەوە دەتبینم
هەر کە دەرگای ماڵەکەم دەکەمەوە
تاریکی دەمپۆشێت و
خۆشم ناناسمەوە.
تۆمەت لە بێدەنگیم دەگری
بەڵام من وەک بێچارەیەک
هاواری قارەمانێک لە ناخم دایە،
بۆ مردنی کۆترە سپییەکان دەگری.
لەناخمدا جەنگێکی گەورە دژ بەبێدەنگی هەیە
بەڵام بڵێم چی،
مێژوو نامبیستێت.
ئەمڕۆ هەموو دەروازەکانی وشە
بەسەر لێوەوە داخراون
وا دەبینم لێوەکانی تۆش وشک دەبنەوە
من دڵنیات دەکەمەوە
بە هاودەمێک تەڕ نابنەوە.
پێم دەڵێیت مرۆڤێکی ڕەشبینم
کە بەدەم ئەم ژیانەوە پێناکەنم
هاورێم تۆ نازانیت
من سڵ لە بچووکترین پێکەنین ناکەمەوە
بەڵام هەر کە لێوەکانم دەبزوێن
خوێنی هاودەمەکانم لە دەم دەڕژێت
گەر بەردەوام پێبکەنم،
(ئەم شەقامانە بە خوێن سوور دەکەم)
من بێچارەیەکم،
جیهان لەناخمدا دەژیت…
ڕەنگە ڕۆژێک لەچاوی تۆوە بۆ هەمیشە ون بم
دەنگێک نەبیستیت لە منەوە
دەشێت پێتوابێت ئیتر مردووم
بەڵام لە حیکایەتی ئەم مێژووە دڵڕەقەدا
هەمیشە زیندووم…
ئەوەی تۆ پێی دەڵێیت مردوو
تەنها ونبوونێکە
هەرکاتێک چوویتە قوڵایی ناختەوە،
لەوێدا دەمدۆزیتەوە
کاتێک سڵاو دەکەیت
لەگەڵ هەزاران ونبووی دیکەدا
دێینەوە سەرپێ بۆ وەڵام دانەوەت.

