 
	ژیان و چیترنا!.. نه‌ژاد عزیز سورمێ
پێشكه‌وتنی  ته‌كنه‌لۆژیای پێكگه‌یشتن و میدیا ، به تایبه‌تی له بواری وێنه‌گرتنی سینه‌مایی و ته‌له‌فزیۆنی ، سه‌ره‌ڕای ئاسان كردنی كاری ڕاگه‌یاندن و خێرایی گه‌یاندن پیشه‌بژێرییه‌كێشی له ناو وێنه‌گر و هونه‌رمه‌ندانی سینه‌ما و ته‌له‌فزیۆن دروست كردووه… 
 له وڵاتانێكی وه‌ك وڵاتی ئێمه سینه‌مای ته‌سجیلی و ئارشیڤی ته‌له‌فزیۆنی كه تا پێشتر ئه‌و ڕوخساره‌ی وه‌رنه‌گرتبوو ، بوو به یه‌كێك له سیما فه‌رهه‌نگییه‌كانی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی به هۆگه‌لێكه‌وه له ئاستی پێویستیشدا نه‌بووبێ . 
فلیمی ته‌سجیلی و ته‌له‌فزیۆنی له ناساندن و ئارشیف كردنی زۆر لایه‌نی ژیان ڕوونتر هاته نێو ناوانه‌وه  هه‌ر چه‌نده لای ئێمه كه‌متر سوودی لێ بینرا ! 
قسه له‌سه‌ر هونه‌رمه‌ند و كارامه‌یی كادیره… به‌ڕاستیش هه‌ر وایه ، هونه‌رمه‌ندی لێهاتوو به ئیمكانیاتێكی ته‌كنیكی كه‌مه‌وه ده‌توانێ شت بدا ، مه‌گه‌ر (ئیزنیشتاین) ده‌رهێنه‌ری سینه‌مایی ڕووسی به كامێرا سه‌ره‌تاییه‌كانه‌وه (زرێپۆشی پۆتمكین)ی نه‌هێنایه به‌رهه‌م كه ئێستاش له مێژووی سینه‌مادا له حساباندایه.. به ده‌یان نموونه‌ی تریش له سینه‌ما و سینه‌مای ته‌سجیلی و فلیمی ته‌له‌فزیۆنی له‌م بواره‌دا .. 
كاعه‌لی هاورێم باسی یه‌كێك له‌و فلیمانه‌ی بۆ گێڕامه‌وه كه ده‌رهێنه‌ری ئێرانی
(كیا ڕۆسته‌می) له‌باره‌ی كاره‌ساتێكی   بوومه‌له‌رزه‌ی ناوچه‌یه‌كی ئێرانه به ناوی (ژیان و چیتر نا!) ئه‌و فلیمه‌ی كاعه‌لی باسی ده‌كرد هه‌ر به گێڕانه‌وه سه‌رنج ڕاده‌كێشێ له كاتێكدا به ته‌نها كامێره‌یه‌ك و (پاڵه‌وانێك) بووه و چیترنا! عه‌لی ده‌یگوت فلیمه‌كه بریتی بووه له ده‌نگدانی مناڵێكی چوار ساڵان كه براكه‌ی له كاتی بوومه‌له‌رزه‌دا له ژووره‌وه ماوه‌ته‌وه و ئاكام خانووه‌كه‌ی به‌سه‌ردا ڕووخاوه… سه‌یری ده‌رهێنه‌ر له چ گۆشه‌یه‌كه‌وه بۆی ده‌چێ 🙁 هاوین بووه ، ئه‌میر مناڵێكی چوار ساڵه‌یه له‌گه‌ڵ ڕه‌زای برای له ژووره‌وه‌ن ، دایك و باوكیشی له ده‌ره‌وه له ژێر كولله‌دا نووستوون… دیاره ئه‌و ناوه پێشكه و مێشووله‌ی زۆر بووه… پێشی كاره‌ساته‌كه به چه‌ند ده‌قیقه‌یه‌ك، ئه‌میر به هۆی مێشووله خه‌وی لێ ناكه‌وێ دێته ده‌ره‌وه بچێته ژێر كولله لای دایك و باوكی بخه‌وێ ، له كاتێكدا ڕه‌زا له شیرنه خه‌وان دایه كه بوومه‌له‌رزه كاری خۆی ده‌كا و هه‌موو شتێك به سه‌ریه‌كدا ده‌ته‌پێنێ!) ده‌رهێنه‌ر هاتووه له زمانی مناڵه‌كه‌وه كاره‌ساتی بوومه‌له‌رزه‌كه ده‌گێڕێته‌وه… ده‌رهێنه‌ر قسه له‌گه‌ڵ ئه‌میر ده‌كات: 
❊ناوت چییه بچكۆل؟ 
 – ئه‌میر. 
❊ ئه‌وه چی بوو، چ ڕوویدا ؟ 
 – نازانم…شه‌و مێشووله خانووه‌كه‌یان به‌سه‌ر ڕه‌زادا ڕووخاند. 
❊ چۆن؟ 
- من هاتمه ده‌رێ… ئاخر مێشووله پێیان وه‌ده‌دام… 
 هه‌لاتمه لای دایكم… ڕه‌زا نه‌هات… 
 ❊بۆچی ڕه‌زا نه‌هات ، مه‌گه‌ر مێشووله به‌ویان وه‌نه‌ده‌دا ؟ 
- ڕه‌زا نووستبوو…دایه هه‌ر ده‌گری! 
 ❊ بۆچی؟ 
- ده‌ڵێ بریا مێشووله ڕه‌زاشیان گه‌ستبایه. 
 ❊ ده‌ی باشه ڕه‌زا بۆ خه‌به‌ری نه‌بووه‌وه…؟ 
- ڕه‌زا نه‌هات…ئاخر مێشووله ڕه‌زایان نه‌ده‌گه‌ست. 
 ❊ پاشان ؟ 
 - پاشان كه من چوومه لای دایكم مێشووله خانووه‌كه‌یان به‌سه‌ر ڕه‌زادا ڕووخاند… ئیتر لێره‌وه مناڵه‌كه میزی دێ… هه‌ڵدێ بچێ هۆ له په‌نای چڵه دارێك میزه‌كه‌ی بكا… و تا دوایی… 
 ده‌رهێنه‌رله‌م فلیمه ته‌له‌فزیۆنییه ته‌سجیلییه كورته‌دا كه زیاتر له ڕیپۆرتاژێكی ته‌له‌فزیۆنی ده‌چێ ته‌نها یه‌ك كامێرای عاده‌تی به‌كار هێناوه! كامێرایه‌ك و به‌س بێ دیكۆر و بێ ئێكسسوار و ته‌واوكاریی دیكه… ده‌رهێنه‌ر خۆی له پێشه‌كی(ژیان و چیتر نا!)دا وای گوتووه… 
 وا بزانم له جه‌نجاڵستان و هه‌رای ئه‌و هه‌موو ته‌له‌فزیۆنانه‌ماندا ئه‌وه‌نده به‌س بێ…

 
			 
			 
			