Skip to Content

بۆ ئاسۆ حاجی ،نرخی وتارەکەت چەند درهەمە؟.. گۆران هەڵەبجەیی

بۆ ئاسۆ حاجی ،نرخی وتارەکەت چەند درهەمە؟.. گۆران هەڵەبجەیی

Closed
by نیسان 20, 2023 General


لەسەردەمی حکومڕانی عەباسیەکاندا کایەی ئەدەبی بەتایبەتی شیعر ڕۆڵی گرنگی هەبوو ،شیعر وەک کاڵا پارەی دەکرد،بەتایبەتی لە شەوە سوورەکانی پڕ ڕابواردن و ڕازاوەی خەلیفەکاندا کە لە کۆشکەکاندا سازدەکران . لەو شەوانەدا زۆرێک لە شاعیرەکان هەوڵیان دەدا خۆیان بگەیەننە ئەوێ و بڕێک لە شییعرەکانیان کە هەمووی پیاهەڵدان و مەدح و سەنای خەلیفە بوو بفرۆشن.
پاش خوێندنەوەی هەر شیعرێکیش بەپێی ئاستی پیاهەڵدان و پەسەندی لەکن خەلیفە ، فەرمانی دەدا کە بڕێک درهەمی پێ بدەن،بۆنمونە دەیگووت [اعطو ١٠٠ درهما] ،یاخود لەشاعیرەکەی دەپرسی [کم درهما یساوی قصیدتک؟]واتە نرخی شیعرەکەت چەند درهەمە؟
کەواتە ئەو جۆرە شاعیرانە کەپێیان دەگووترا {شاعیرانی کۆشک} بۆ خۆشەویستی دەسەڵاتداران نەیاندەنووسی ،بەڵکو بۆخۆشەویستی پارە دەیاننووسی.
ئەوانە هەرچی زەبروزەنگ و ناعەدالەتی و خراپەکاری ئەو خەلیفانە هەبوو لەکنیان گرنگ نەبوون و جێگەی بایەخیان نەبوون،چونکە بڕیاریان دابوو بولبولی خۆشخوانی کۆشکبن.
لەهەرێمێش لەدوای ڕاپەڕین ،بەتایبەتی پاش ئەوەی دەسەڵات و پارەو هێز و ڕاگەیاندن کەوتە دەستی یەکێتی و پارتی،ئیدی بە زەبری پارەو پۆست و دەستەبەرکردنی خۆشگوزەرانی ،سوپایەک لە مرۆڤی خۆفرۆش،قەڵەم فرۆش،ویژدان فرۆشیان لەخۆیان کۆکردەوە تا داکۆکیان لێ بکەن و ڕەش بکەن بەسپی و ناشیرین جوان بکەن،شکستیش بکەنە سەرکەوتن.
یەکێک لەو قەڵەم فرۆشانە پارتیەکە بەنێوی {ئاسۆ حاجی}،جاروبار نووسینەکانیم بەرچاودەکەوێت ،بۆم دەرکەوتووە هەرگیز بچووکترین ڕەخنەی لە [٣٢]ساڵی کەڵەکبووی گەندەڵی نەگرتووە و لەئاستیدا کەڕوکوێرە،بەڵام دەمێک سەرۆک وەزیران یاخود یەکێک لەبنەماڵەی بارزانی دەکەوێتە بەر تیغی ڕەخنە کە {درووست و بەرچاون} ،ئیدی بەفەرمانی سەرەوە ،ئاسۆکان دەکەونە خۆیان و داکۆکی لە کەسی ڕەخنەلێگیراو دەکەن و پاساو بۆ شکستیەکانیان دەهێننەوە.
نوێترین وتاری ئاسۆ حاجی بەر لە چەندڕۆژێک بەرچاوم کەوت بەنێوی
[بۆ مەسرور بارزانی کراوە بە ئامانج ؟] کە لە چەند ماڵپەڕێکی کوردیدا دابەزیبوو. کاک ئاسۆ زۆر هەوڵیداوە هەرچی ڕەخنەو گازندەی خەڵک و لایەنە سیاسیەکانی دیکە هەن ،بیانخاتە چوارچێوەی {ڕق وکینەو بەغیلی} بە عەبقەریەتی مەسروور بارزانی و دەسکەوتەکانی.
بۆنمونە بڕواننە ئەم بڕگە نەشازە کە دەڵێت:
[ ئێستا کە مەسرور بارزانی لەلایەن هەندێک کەس و لایەن بۆتە ئامانجی گوتاری سیاسی و میدیاکان، دووبارە بوونەوەی هەمان چیڕۆک و ئەزموون و مێژووە، ئەوان تەحەمول و تەقبوڵی ئەو گۆڕانکارییانە ناتوانن بکەن، کە دەوڵەتدارییەکەی مەسرور بارزانی لەگەڵ خۆیدا هێناویەتی. لەگەڵ بوونی بە سەرۆک وەزیران.]
کاک ئاسۆ زەحمەت نەبێت بۆمان ڕوونبکەرەوە کام گۆڕانکاری و بە چ ئاراستەیەکدا و چ مۆدێلێکی دەوڵەتداری؟ خۆگەر بەئاراستەی باشکردنی گوزەرانی خەڵک و نەهێشتنی دزی و گەندەڵیە ، ئەوە قەبوڵمانە و نەفرەت لەو کوردەی پێی خۆش نیە.بەڵام گەر بەئاراستە خراپەکەدایە کە بەدڵنیاییەوە وایە ،ئیدی بۆ قەبوڵبکرێت؟
کاک ئاسۆ لە شوێنێکی دیکەدا نووسیویەتی،[دوای چوار ساڵ ئەوە روون بۆتەوە کە پێگەکانی حوکمڕانی لەلایەن مەسرور بارزانی لە سەر بنەمای شەفافەیەت و موجامەلەنەکردن و خاترنەگرتنی بەرامبەر بەڕێوە دەچێت].
ئای کەوانیە و خۆزگە وابوایە و ئێمەش {ئەشهەدوویەکمان پێبدایە}،ئاخر کاک ئاسۆ کەمێک ویژدانت ببزوێنە ،کام شەفافیەت ولەچیدا؟ ئەو شەفافیەتەی کە نەپەرلەمان،نە وەزیرەکان ،نەحیزبەکان،نەئەندامانی پارتی بەفازل میرانیشەوە،لەبارەی دۆسیەی نەوتەوە هیچ نازانن ؟
ئێوە جوان دیقەتی ئەم دەستەواژە ئاڵۆزانە بدەن کەبەتاڵن لە حەقیقت و کاک ئاسۆ بۆ سەرلێشێواندن و لەخشتەبردنی خەڵکی ساویلەکە بەکاری هێناون،[راست کردنەوەی هێلی خواری حوکمڕانی و سەرلەنوێ پێناسەکردنەوە و داڕشتنەوەی چەمک و دەستەواژەکان، بە گوێرەی قۆناغی نوێی سیاسی و گۆڕانکارییە ناوخۆیی و ئیقلیمی و نێودەوڵەتیەکان، کات و ئیرادە و مکوڕبوون و پێداگری پێویستە، کە هەموویان ئەو کەرستانەن مەسرور بارزانی لە بنیاتنانی گوتار و قۆناغی نوێی حوکمڕانی بەکاریان دەهێنێ و دەستەبەرداریان نابێت]
خۆزگە کاک ئاسۆ یەک دوو نمونەی لەو هێڵە خوارانە دەخستە ڕوو کە مەسروور بارزانی ڕاستی کردوونەتەوە،ئاخر فڕێدانی قسە بێ سەنەد و سەلماندن پولێک ناهێنێت.بڕوات بێت هێڵەکەی مەسروریش هێندە خواروخێچە وەک گاڵۆکی شوانی کورد وایەو هەرگیز ڕاست نابێتەوە.
یاخود لە جێگەیەکی تردا دەڵێت[ئەوانەی دژایەتی دەکەن و گرەو لە سەر شکست پێهێنانی هەوڵەکانی دەکەن، دەبێت لە جارێک زیاتر بیر بکەنەوە]
کاک ئاسۆ بڕوات بێت کەس لەهەرێم دژایەتی کاری چاکە و سوودبەخش ناکات گەر لەبەرژەوەندی گشتیدابێت،بەڵام کێشەکە لەوەدایە کاری چاک نەکراوەو ناشکرێت،بەڵکو کاری خراپ و گەندەڵی بەردەوامی هەیە.

کاک ئاسۆ وا تێگەشتوە حەقیقەت و دەرک کردن پێی ئەقڵێکی خارقی دەوێت بۆیە داوادەکات و دەڵێت [مل بۆ حەق و حەقیقەت بدەن و ببنە بەشێک لەو گۆڕانکارییانە کە سوود و خێری گشتی تێدایە و کوردستان لە هەموو بوارەکاندا دەباتە قۆناغێکی پێشکەوتوو و تر و بەهێزتر].
شەرمە بۆکەسێک بەچاوی خۆی ڕۆژانە هەژاری ،نەبوونی،تووڕەیی خەڵک ناعەدالەتی،داگیرکردنی مڵک و زەوی خەڵک،دزی و گەندەڵی،دەوڵەمەندبوونی بێ ئەندازەی بەرپرسان و کوڕەکانیان ببینێت کەچی بێت باسی [گۆڕانکاری بەسوود و خێری گشتی وقۆناغی پێشکەوتووتر بکات.]
دەزانم کاک ئاسۆ لەنووسینی ئەم وتارەدا پتر مەبەستی یەکێتیە ،کە ئەوانیش لەپارتی بەدترن ،بەڵام ناکرێت و درووست نیە لەپال لێدانی لایەنێکدا پاکانە بۆ کەسێکی شکستخواردوو بکرێ و ڕووی سپی بکرێتەوە.
لای هەمووان ڕوونە کە شکستخواردووترین،خراپترین،بێ ئەزمووترین،ناشیرینترین،ناتەباترین کابینە ئەم کابینەیەی مەسروور بارزانیە.
نکولی ناکرێت کابینەکانی پێشووتر بەتایبەتی ئەو کابینانەی نێچیر بارزانی سەرۆک وەزیرانیان بوو ،تژی بوون لەگەندەڵی، ناعەدالەتی و نادیموکراتی ،بەڵام خودی نێچیر تا ڕادەیەکی زۆر لە مەسرور جیاوازبوو ،بەوەی ئەو خاوەن تۆلەڕانس بوو، ڕەخنەی قەبوڵ دەکرد، هەڕەشەی لەخاوەن ڕەخنە نەدەگرت،فەرمانی کووشتنی بۆکەس دەرنەدەکرد.بەڵام مەسروور بەوجۆرە نیە ،ئەوەی هەستی پێدەکرێت مەسرور خاوەن کەسایەتیەکی مەترسیدارە،تووڕەیە،کین هەڵگرە،ڕەخنە قەبوڵناکات،کار بە پێشنیارو ئامۆژگاری کەس ناکات ،بەپێی ئەقڵی خۆی بڕیاردەدات ، بە دوورخستنەوە لە پۆستەکانیان یا لەناوبردن کەسە نابەدڵەکان لەڕێگەی خۆی دووردەخاتەوە.
لەکۆتایدا بەکاک ئاسۆ دەڵێم ،گەر خۆت لەبەرەی گەلی ستەم لێکراو نابینیتەوە[کەبەداخەوە وایە]،جا تکایە ستەمکاریش مەکە بە سۆپەرمان و فریادڕەس و بلیمەت ،چونکە وانیە.

Previous
Next
Kurdish