Skip to Content

نووسین ئازایەتی نییە!.. سەدیق سەعید ڕواندزی

نووسین ئازایەتی نییە!.. سەدیق سەعید ڕواندزی

Closed
by حوزه‌یران 3, 2023 General, Opinion, Slider

لە سەردەمێکدا، کە مرۆڤ بە یەک کلیک، هەر زانیارییەک لە هەر ڕووێکەوە بێت، مەبەستی بێت دێتە بەردەستی، ئەوا نووسین ئەگەر بیرۆکە و بۆچوونی جیاواز و تازە و داهێنەرانەی تێدا نەبێت، نەک هەر هیچ بەهاو حیکمەت و ئازایەتییەکی تێدا نییە، بەڵکو کاویژکردنەوە و لاساییکردنەوەیەکی زەقیشە. مرۆڤ بە سرووشت و خۆرسکانە، ئارەزووی زانین دەکات، بەڵام هەرگیز نایەوێت شتێک بزانێت کە پێشتر زانیویەتی، بەڵکو دەیەوێت بەر زانین و مەعریفەی نوێ بکەوێت، کە ئەمە بۆ دۆخی نووسین ودنیای ڕۆشنبیریی و ئەدەبیاتیش هەمان شتە. ئێمە وەک خوێنەرێک، ڕۆژانە بەر سەدەها نووسین و وتار و کتێب دەکەوین، بەڵام چەندیان مەعریفەی نوێ و شاراوەیان تێدایە، چەندیان تازە و نوێ و جیاوازن، ئەمە پرسیارە سەرەکیەکەیە. بێگومان گەر بە وردی سەرنج لە دنیای نووسینی کوردی و نێوەندی ڕۆشنبیری کوردی بدەین، ئەوا دەبینن هاوشێوەبوون، لێکچوون و کاوێژکردنەوە، وەک یەکی و نەبوونی دیدگاو گوتارێکی تازە، لە خەسڵەتە هەرە دیارەکانی گوتاری نووسین و ڕۆشنبیری کوردین. ئێمە بە جۆرێک دنیا دەبینین و بیردەکەینەوە، وەک توتییەک هەمان شت دەڵێینەوە، لە کاتێکدا نووسین و بیرکردنەوە، هیچ بەهایەکیان نییە ئەگەر جیاواز و دابڕاو نەبن و هوشیاریی و ئاگایەکی قووڵییان لە پشت نەبێت. هاودەم و هاوسەردەمی گۆران، شاعیرانی وەک قانح و بێکەس و دڵدار و شێخ نوری و پێرەمێردیش دەژیان و شیعریان دەنووسی، بەڵام بۆچی تەنها گۆران بووە نوێکەرەوەی شیعری کوردی. بێگومان چونکە جیاواز بیری کردەوە، جیاواز دەیڕوانیی و ئاگاییەکی شیعرییانەی قووڵتری لەوانیتر هەبوو. بۆیە بە ئێستاشەوە، کەس ئەوانە بە نوێخواز و نوێکەرەوەی شیعری کوردی نازانێت، بەڵام بۆ هەتا هەتایە، مەدالیای داهێنان و نوێخوزای بە بەرۆکی گۆرانی شاعیرەوە دەمێنێتەوە. بۆیە هەمیشە جیاواز ڕوانین و دنیابینی تازە و نوێ، بەهایەکی ئەدەبی و مەعریفی زیاتریان هەیە، وەک لەوەی شتێک بڵێین و بنووسین، کە سەدان جار پێشووتر نووسراوە و قسەی لە بارەوە کراوە. بە گشتی، دنیای نووسینی ئێمە، هەمیشە هاوشێوەو هاوبیر و ڕوانین بووە. بە دەگمەن ڕێکدەکەوێت، خوێنەر بەر تێکستێکی نوێ، کتێبێکی نوێ، ڕوانینێکی نوێ، کە پێشتر نەگوترابن و نە نووسرابن دەکەوێت. لەبەر ئەوەی هەموو ژیانم لەگەڵ خوێندنەوە و کتێیبە، ئیدی بڕوام وایە ئێمە وێرای ئەو هەموو پێشکەوتن و کرانەوەش، وەلێ هێشتا دنیابینی و تێگەیشتنێکی تازەمان لە هیچ ڕووێکی زانستی و ئەدەبی و هونەری بۆ دنیا و بۆ ڕووداوەکان نییە. زۆرجار، لە ژێر یەک ناونیشان، دەیان کتێب و نووسین دەنووسرێن و شتێکی نوێیان تێدا نییە. لەو ماوانەی ڕابردوودا، سەدان وتارم لە بارەی هەڵبژاردنەکانی تورکیاو ناپاکی حەسەن خەیری، کوردە ناپاکەکەی سەردەمی ئەتاتورک خوێندنەوە. چەندین وتارم هەر لەو ماڵپەڕە، لە بارەی پۆست مۆدێرنە لە فیلم، ڕەخنەی ژینگەیی لە شیعر، قەیرانی شانۆ و دراما خوێندنەوە، کە شتێکی ئەوتۆی جیاوازیان لە یەکتری تێدا نەبووە. زۆرتر لە دە کتێبم، هەر لەو ماوانەی ڕابردوو، لە سەر گۆرانی شاعیر خوێندنەوە، جگە لەکتێبەکەی مامۆستا (ڕێبوار سیوەیلی)، لە هیچ کام لە کتێبەکانی دیکە، بەر زانیارییەکی تازە و نوێ لە بارەی گۆرانی شاعیرەوە نەکەوتم. مەگەر هەموومان نازانین کە گۆران شاعیرێکی جواندۆست و سرووشت دۆست بووە؟ گەر سەرنج لە ناونیشانی نامە ئەکادیمییەکانی زانکۆ، ئەوانەی وەک تێزی ماستەر و دکتۆرا دەنووسرێن بدەین، ئەوە وێرانەیەکە هەر مەپرسە. وەک ئەوەی قەیرانی ناونیشان بێت. سەدان نامەی ئەکادیمی لە ژێر یەک ناونیشانی هاوشێوە و کاوێژکەرەوەدا وەک (وێنەی هونەری لە شیعردا ، بونیادی ڕووداو لە ڕۆماندا، گێڕانەوە لە ڕۆماندا، ئستاتیکی شیعریی، فەلسەفەوشیعر، ڕۆڵی ڕوانگە لە نوێکردنەوەی شیعری کوردیدا) ئەمانە و دەیان ناونیشانی دیکە دەنووسرێن. ئەمە وێرای ئەو هەموو هەڵە مێژوویی و بابەتییانەی لەو نامانە دەکرێن و دەنووسرێن. لە کاتێکدا ئەگەر لە زانکۆدا کە نێوەندێکی پڕ بەهای زانستی و داهێنانە، بیر و ڕوانین و نووسینی تازە و نوێ نەبێت، بۆچی گازاندە لە نێوەندی نووسین و ڕۆشنبیری دەرەوەی زانکۆ بکەین؟ کەسانێک هەن، هێشتا تەمەنیان لە بیستەکانە، کەچی لە بارەی ڕۆشنگەری، فەلسەفە، ئەقڵانییەت، زانست و لاهوتیەت دەنووسن. من نازانم ئەوانە لە چەند ساڵییەوە دەستیان داوەتە خوێندنەوەی کتێب، چونکە نووسین بەرمەبنای ئەزموونێکی دوور و درێژ و شەونخونییە لەگەڵ کتێب و خوێنەوەدا، ئیدی نازانم ئەوانە چۆن بوێری ئەوەیان هەیە، بە خوێندنەوەی یەک دوو کتێبۆکە، دەم لە بابەتی وەها گەورە بژەنن؟ کەسانێک هەن، زۆرتر لە زمانێک دەزانن، ئیدی بیرۆکە و تیمای نووسینێک بەو زمانانە وەردەگرن کۆپی دەکەن بە نێوی خۆیانەوە دەیکەنە کوردی و بڵاویدەکەوەنەوە. خوێنەری کوردیش، چونکە بیر کورت و ڕاگوزەرە، قووڵ نییە و هەڵوەستە ناکات، ئیدی بە سەریدا ڕاگوزەرانە تێ دەپەڕێت. شاعیری کورد هەیە، دوای نیو سەدە لە ئەزموونی شیعری، شتێکی نوێی پێ نەماوە و خۆی کاوێژ دەکاتەوە. چیڕۆکنووس هەیە، پەنجا ساڵ لەمەو بەر، باسی باوکسالاری و چەوسانەوەی ژنی دەکرد، کەچی ئێستاش هەر ئەو قەوانە لێ دەداتەوە و وا دەزانێت ژنی کورد، هەمان ژنی ساڵانی هەفتاو هەشتاکانی سەدەی ڕابردووە. کەم کەس هەیە (یاخود هەر نییە) بیرەوەرییەکانی ڕۆژگاری شاخی سەردەمی خۆی نووسیبێتەوە و خۆی بە پاڵەوان نەکردبێت. بە یەک دێرێش هەڵەو لادانێکی خۆی باس نەکردووە. تۆبڵێی بەرپرسێک لە کۆی ژیانی شاخدا، هەڵەیەکی ئەگەر بچووکیش بێت نەبووبێت؟ ئەگەر ئێمە خاوەنی ئەو هەموو پاڵەوانانەین، بۆچی تا ئێستا هەر ژێر دەستەو چەوساوەین؟ بۆ هونەریش هەمان دۆخی ئەدەبییە. سەرنج بدەن، گەنجێکی شانۆکاری دوای ڕاپەڕین، تازە بە تازە، لە نەبوونی ئایدیا و بیرکردنەوەی نوێ، دێت لە ڕێگەی درامایەکی تیڤیدا، دەمانگێڕێتەوە سەردەمی شەڕی ئێران و عێراق. ئەمە ئەگەر هەژاری هونەریی، هەژاری بیرکردنەوە و ڕوانین نەبێت چیترە؟ بۆچی ژنێکی نەخوێندەواری تەمەن شەست ساڵ، سەلیقەی ئەوەی هەیە، سەیری سێ سەد ئەڵقە لە درامایەکی تورکی بکات، بەڵام بە دیار درامای کوردی دانانیشێت؟ هەڵبەتە وەڵامەکەی ڕوونە، چونکە هونەرمەندی کورد، ئەو توانا هونەریی و ئیبداعییەی نییە بتوانێت بینەری کورد ڕازی بکات. هەموو کاتێک بژاردەی ڕۆشنبیران و نووسەران و هونەرمەندان، دەبێ دنیابینی و ئەقڵیەتێکی جیاوازیان لە ئەقڵی گشتی هەبێت، هەرکاتێک سنوورێک لە نێوان ئەقڵی نوخبە و عەوام نەماوە، ئیدی هەزاران نووسین و تێکست و کتێبیش، ناتوانن هیچ گۆڕانکارییەک لەسەر هزر و دنیابینی مرۆڤ دابنێن، دروست وەک ئەوەی ئێستا لە نێو ئێمە هەیە.

mm

سەدیق سەعید ڕواندزی، لە ساڵی 1972 لە شارۆچکەی ڕواندز لە دایکبووە. خوێندنی سەرەتایی و دواناوەندی هەر لەو شارە و ساڵی 1993 _1994، بەشی کوردی _ پەیمانگای مەڵبەندی مامۆستایانی لە هەولێر تەواو کردووە. هەر لە ڕواندز دەژیت و خولیایەکی گەورەی بۆ کتێب و خوێندنەوە هەیە و زۆرجاریش وەک خوێنەرێک سەرنجەکانی لە بارەی پرس و بابەتە ئەدەبی و ڕۆشنبیرییەکان و کتێب و تێکست دەخاتە ڕوو.

Previous
Next
Kurdish