ڕۆمانە شیعری ( پارچەکانم کۆکەنەوە )-2.. ستار ئەحمەد
Closed
بەشی دووەمی
رەنگە .. شەوەكان هەڵواسن
دیدەی ئەستێرەكان دەركەن
تاریكی بەسەر دورگەی زام و
دەروونی خەڵكیدا بەشكەن
پەیامێكی نوێ دەنووسم
شەماڵ دەكەم بەرابەری
بەهار نیگای چارەنووسم
لەئەلفەوە ئەدگارەكان
لەهەنیەی گڵ هەڵدەكۆڵم
راستیەكان دەكەمە زارو
نەبەردییەكان بەمێژووی گوڵ
پێتان دەڵێم :.
شوێنەواری جەنگ
نەخشەی ئینسان
ئاودیو دەكا
گوللە گڕزادەی دۆزەخە
ژەهری تاوانتان
كەلاوەو
وڵاتێكی گیرخواردووە
گلێنەی تەقیوی كۆرپەو
كۆشی بڕاوی دایكە
چوارچێوەی هەورتان سووتان و
دەمامكتان
لەڕووی ستەم نەكردەوە
زۆرتان ماوە
ئانیشك لەباسك جوێكەنەوە
پەنجە بەگژ دەستا بكەن
سینە لەخوێناو وەردەن و
دەست بخەنە جەرگی وەتەن
ستار ئەحمەد