Skip to Content

دڕکی ئەو خەونانەی لە چاوەکانم دەچەقن.. ستیڤان شەمزینی

دڕکی ئەو خەونانەی لە چاوەکانم دەچەقن.. ستیڤان شەمزینی

Closed
by شوبات 24, 2024 General, Poems

من لەژێر ھەوری ئازارەکانمدا
پیاسە لەگەڵ سێبەرەکەم دەکەم
گوێقوڵاخی لرخە لرخی
سەعاتەکەی دەستم و
خشەی پێی شیعرێکم
خۆم دەبینم بە تەڕیی
بە دوو جلگرەی چوارشانە
بە تەنافی یەئسەوە ھەڵواسراوم
دەنگم وەک زیقەی
ئەو قوتووە ژەنگاوییە وایە
مناڵێکی لاسار
لە کەلاوەیەکدا شەقی تێھەڵدەدا
مژ لە بێھودەیی دەدەم
ناسۆر ھەڵدەقوڕێنم
یەکەمین رێبوار بەلامدا تێدەپەڕێت
بە تەوسێکەوە پێم دەڵێت
تۆ شیکترین شێتی شار و
ئاوەزمەندترین ئاژەڵی دنیایت
دووەمین رێبوار دێت
دەیەوێت وەک خواردنێکی ئێکسپایەر
فڕێمداتە تەنەکە خۆڵی ژیانەوە
یان وەک جگەرەیەکی تەواوبوو
بمخاتە تەپڵەکی گریانەوە
سێھەمین رێبوار ھات
تفێکی رۆ کردە بەردەمی
رەشەبایەکی ناوەخت
بۆ سەروچاوی منی ھێنا
ئەو ھەر منی نەبینی و
منیش گوێم لە دەنگی نەبوو
چوارەمین رێبوار
بە سەرخۆشی گەشتە لام
دەستی لە ناو مەمکی شیعردا بوو
ھەر ئەوەندەی توانی، بڵێت
عەشق بەفرێکی سووتاوە
ئاگرێکی سەرمابردەڵەیە
ئیدی بەدەم رێوە بورایەوە
پێنجەمین رێبوار
وەک ئەوەی لە بەلەمی بروسکەدا بێ
بەخێرایی بەلامدا تێپەڕی
بە دەنگێکی نوساوەوە
ھاواری دەکرد
ژیان تەڵەی مشکە
لە مێژە قاچمان کەوتۆتە ناوی
تاکو پشیلەی مەرگ دێت
شەشەمین رێبوار
بە رۆبێکی خۆشتنەوە
بە قژێکی لولی ماش و برنجییەوە
لەبەردەممدا قووت بووە
وا پێدەچوو بیەوێت پشوویەک بدا
ھاتبوو وەسیەتێکم لا بکات:
کوڕم سیاسەت کۆترێکی مەکرباز بوو
تەنھا ریقنەی بەسەردا باراندم
حەوتەمین رێبوار
ژنێکی سەرتاپا سپی پۆش بوو
چاوەکانی وەک ئەڵماس دەدرەوشانەوە
پەنجەکانی بۆنی مێخەکی ئەوینیان لێ دەھات
لە تەنیشتم دانیشت
ماوەیەکی درێژ بە بێدەنگی مایەوە
یەکەم و دوا قسەی خۆی کرد:
من نەھاتووم بۆ رۆیشتن
من ناوکی قۆخی دڵتم
من لمی کەناری رووباری عەشقتم
من شەماڵی ھاوینی تەمەنتم
من ئەو ژنە تریفەییەم
لە داڵانی یەکەمین خەونەوە
تاکو کۆتا خەون
چاوت بۆ دەگێڕا
لەم کاتەدا چاوەکانم کردەوە
بە کامی دڵ تەماشام کرد
ئاە چ ناخۆش بوو
ساتێ حەزحەزێکی خوێڕی
وەک ئەوەی نەقیزەیەک بکات
بە لا قەبرەغەی گوێدرێژێکدا
بە نوکی پێڵاوەکانی رایچڵەکاندم
ئەوسا زانیم
لە تەنیشت شەشەمین رێبوارەوە
لەسەر شۆستەی شارێکی خامۆش
خەوێکی قووڵ بردومییەوە

٢٤-٧-٢٠١٩
ئەڵمانیا – بیلەفێلد
نەخۆشخانەی گلیاد ئاینس
شتاسیۆنی نۆرۆلۆگی

Previous
Next
Kurdish