
بەکورتی22 : شانازیی.. شانازییە درۆیینەکان کارەساتبارن.. ئازاد حەمە
شانازیی(فەخر) Pride هەستێکە، دەکرێت لە مرۆڤەکاندا، سەبارەت بە کەسێک یان شتێک، هەبێت. لەناو خودی چەمکی شانازییشدا سۆزێک Pathos بوونی هەیە، کە بەرەو کردەی شانازییکردن دەمانبات و واشمانلێدەکات پێمانوابێت مافی خۆمانە شانازیی بەو کەسەوە یان بەو شتەوە بکەین.
کردەی شانازییکردن پێویستی بە کارگێڕییەکی بەردەوام، بە دروست بەڕێوەبردن و بەکاربردن هەیە. شانازییەکان داوای ئەوەشمانلێدەکەن، کە دەبێت لە باش بەکاربردنیان لێهاتووبین، ئەگەرنا سەرلەبەری پەیوەندییەکانمان لەرووی ئاکارییەوە تێکدەچن. هەروەها کاتێک کەسێک بە کەسێکەوە یاخود شتێکەوە شانازییدەکات، کەواتە ئەم کەسە هەست بە بوونی بەهایەک دەکات. لێرە ئەوەی جێگای سەرنجە ئەوەیە، کە ئەم بەهایە خۆییە: لەسەر بەهای خۆیی دروستدەبێت نەک پێدراو، شتێکی قەرزکراو یان وەرگیراویش نییە.
هەموومان جارێک لە جاران لە شوێنێکدا سەبارەت بە کەسێک یان شتێک هەستمان بە شانازیکردووە، بەس ئەو شانازییە دواتر چی بۆکردووین؟ ماوەتەوە؟ وەکیتر، شانازیی دەکرێت هەمیشەیی بێت؟ ئایا شانازیی خۆبەزلزانینە؟ شانازییکردن بەوەی بەدەستمان هێناوە شیاوە؟ ئەی شانازیی دەچێتە خانەی پاکڕەوشتییەوە Virtue؟ شانازیی درۆیینە(ساختە) False Pride هیچمانپێدەدات؟ هەڵماڵینی نهێنیی برێک لە شانازییەکان دووچاری خەمۆکی و سۆزی دڵتهزێنیمان ناکات؟ لەکەداربوونی شانازیی بۆچی دەگەڕێتەوە؟ راستە گەڕانەوەی شازایی نەک هەر کاتی دەوێت، شکۆی نوێشی دەوێت؟
شانازیی چییە؟ بەرلەهەموو شتێك دەبێت ئەو ڕاستیە بزانین، كە شانازیی لەناو گەشتی سەرسوڕهێنەر و سەرنجڕاکێشی گشت یەکێک لە ئێمە سەرەتایەکی هەیە. هەر ئەوەنا، ئەوەش، کە دۆزینەوەی چرکەساتە شانازییەکانمان بۆ زۆرێک کێشاوییە. چونکە هەندێک لە ئێمە زۆرجار پێیوایە هیچی نییە تا شانازییپێوەبکات، یان وایبۆدەچێت شانازییەکانی لەدەستداوە و گەیشتوەتە ناو بێهودەیی و بێمانایی چەمکی شانازییەوە. ئەمەش وایلێدەکات شانازیی بە هیچەوە نەکات و خودی شانازییش بە وڕێنە بزانێت. زۆرجاریش پاشگەزبوونەوە لە شانازیی یان گومانکردن لە شانازییەکان و بەدرۆخستنەوەیان کاردانەوەی خراپی لەسەر متمانەبەخۆبوون و ئەو خۆشییە هەیە، کە شانازییتە.
شانازیی ویستە، لە هەمواندا هەیە. کاتێک هەست بە شانازییدەکەین مانای ئەوەیە لەناو بەهاکانی خۆماندا دەمێنینەوە و دەستیشپانناکەینەوە لە شکۆی ئەویتر. ئەمە مانای ئەوەشە،کە شانازییەکان واتلێدەکەن ستاتۆسی(کیانی) خۆت بناسیت و بە دیرۆکی کەسانی دیکەوە خۆت هەڵنەواسیت و هەر خۆتیش دروستکەری قاڵبی کەسێتی خۆت بیت.
وێڕاى ئەمەش کە گوترا، دەبینیین، کە نیچە شانازیی وەک دیاردەیەکی نائاکاری دەبینێت،””بەڵام هاوکات شانازیی وەک ژیان دووپاتکەرەوە دەبینێت، کە لە هەستێکی قووڵی خۆقبوڵکردن و ویستی ژیانەوە سەرچاوە دەگرێت. هێزێکە تاک پاڵدەنێت بۆ دروستکردن و زاڵبوون و دووپاتکردنەوەی بەهای خۆی و هەوڵدان بۆ کامڵبوونی خودی خۆی””.
پرسیاری ئەوەی، کە شانازییت هەیە؟ بە چی و بە کێوە شانازیدەکەیت؟ هێندەی پرسیارێکی بووناوییە پرسیارێکی کۆمەڵایەتیی یان ئاکاریی نییە. بۆیە شانازیی بە هیچەوە هێندەی ئاماژەیە لە کێشەیەکی بووناوی رۆحی هێندە سیاسیی یان کولتووریی نییە. بەڵام جیاکردنەوەی شانازیی لە خۆبەزلزانین Arrogant کارێکی رەوشتییە.
راستە شانازیی فەخرە، لێ لەناو هەناوى شانازییدا غرورێکیش هەیە. کاتێکیش شانازیی دەکەوێتە گەرووی رابردوەوە، ئیدی دەبێتە هەقایەت. بەڵام ئەوە هەقایەت نییە، کە گۆرانی شاعیر جێی شازییە بۆ ئێمە، پوشکین بۆ روسەکان، ئەنسی حاج بۆ لوبنانیەکان، سپەهری بۆ فارسەکان و….هتد. بەمجۆرە، شانازییەکان دەستکەوتەکانن، گوزارشتیشن لە رابردوومان، لە نیگهرانی و مهترسییەکانی دواتر. وەکیتر، شانازییەکان داوای ئەوەشمانلێدەکەن شانازییەکانمان بپارێزیین.
بڕێک لە قەدرزانی لەناو چەمکی شانازییدا خۆی مەڵاسداوە. زۆرجار بەریتانیەکان لەبەردەم گەلانیتر هەست بە شەرەفمەندی Honour و بە شانازییدەکەن، کە شکسپیریان هەیە، یان ئەڵمانەکان، کە گۆتەیان هەیە. هاوکات شانازیی دەکارێت بەشێک بێت لە شتێکی نەرێنی یان خراپەیەک، شانازییکردن بە دیکتاتۆرێکەوە، یان شانازیی نازییەنوێکان بەوەی دروستکەری هۆلۆکۆستبوونە.
دەرئەنجامی ئەوەی لای سەرەوە گوترا بەرەو ئەوەماشمان دەبات، کە، شانازیی پەرچەکرداریی نییە. هەستە بە بوونی خۆشیەک، ئەو خۆشییە دەکرێت سەرچاوەکەی کەسەکە خۆی بێت یان کەسێکی دیکە. هەروەها لە هەموو شانازییەکدا بەدەستهێنانێک بوونی هەیە، کە هەر ئەوەشە وادەکات، کە دواتر سەرچاوەی شانازییمان لا روونبێت، لەوە حاڵیبین بۆ شانازیین بەو کەسە یاخود بەو شتەوە.
کۆتا گوتنمان لەسەر شانازیی، ئەوەیە، کە شانازیی ساختە تەمومژاوییە و چەواشەكاریی سۆزیی لەگەڵ خۆی دێنێت و بکوژی ئەو جۆرەیە لە شانازیی کە پربەهایە و مانای ژیان لەخۆدەگرێت. شانازیی ساختە شانازییەکی درۆیینەی مۆدێرنە، بەشێکە لە کولتوری هیچگەرایی(نیهلیزم) کە ناهێڵێت بۆ رووبەرووبوونەوەی ژیان هیچ ئامرازێکمان پێبێت. شانازیی راستەقینە دژی هێزە تێکشکنێرەکانە، وامانلێدەکات دەرفەت بۆ دوبارە ژیانکردن ببینینەوە. لەناو شانازییەکی درۆینەدا خۆپەرستی و هەستێکی زیادەڕۆییکردن لە بەهای تاکیی بەدیدەکرێت، کە خۆبەزلزانی و خۆبیینیەکی ورێناوی تیا بەرجەستەیە.
ئازاد حەمە
پرۆفیسۆر لە فەلسەفە لە زانکۆی سلێمانی