Skip to Content

كاری فێركاریی هونه‌ری كاریكاتێر له‌ رۆژنامه‌گه‌ریدا.. هه‌ندرێن خۆشناو

كاری فێركاریی هونه‌ری كاریكاتێر له‌ رۆژنامه‌گه‌ریدا.. هه‌ندرێن خۆشناو

Closed
by كانونی یه‌كه‌م 29, 2020 General, Literature

له‌م سه‌رده‌مه‌ی ئێستاماندا كاریكاتێر له‌ بواری فێركاریدا به‌ شێوه‌یه‌كی فراوان به‌كاردێت، هۆی ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی، له‌ كاتی به‌كارهێنانی كاریكاتێردا زانیارییه‌كان سه‌ركه‌وتووانه‌تر ده‌چنه‌ یاده‌وه‌ری خوێنه‌ر و تێیدا جێگیرده‌بن، له‌ به‌كارهێنان و پشت به‌ستن به‌ ده‌قی نووسراوه‌وه‌، تاوكو خوێنه‌ر بتوانێت زانیارییه‌ك له‌ یاده‌وه‌ری خۆیدا بپارێزێت، پێویسته چه‌ندین جار ئه‌و زانیارییه‌ بخوێنێته‌وه‌، واته‌ چوونه‌ نێو یاده‌وه‌ری و جێگیربوون تێیدا، پشت به‌ دووباره‌كردنه‌وه‌ی ته‌ماشاكردنی ده‌به‌ستێت، به‌ڵام دووباره‌كردنه‌وه‌ پێویسته‌ ئه‌گه‌ر وه‌رگرتنی زانیاری له‌ ڕێی خوێندنه‌وه‌ بێت به‌ته‌نیا، ئه‌گه‌ر وه‌رگرتنی زانیاری له‌ ڕێی خوێندنه‌وه‌ و دیتن بێت، ئه‌وه‌ مانای ئه‌وه‌یه‌ كه‌ زانیارییه‌كه‌ دووجار چۆته‌ نێو یاده‌وه‌ری خوێنه‌ره‌وه‌، یه‌كێك له‌ ڕێی په‌یوه‌ندی بینراوی خوێندراو و ئه‌وه‌كه‌ی دیكه‌یان له‌ ڕێی په‌یوه‌ندی بینراوی وێنه‌وه‌، واته‌ دووباره‌بوونه‌وه‌كه‌ له‌ هه‌مان كاتدا رووده‌دات، ئه‌گه‌ر نیگاره‌كه‌ش داڕشتنێكی كۆمیدیانه‌ی له‌گه‌ڵدا بێت، ئه‌وا رێیه‌كی دیكه‌ ده‌كرێته‌وه‌ له‌ به‌رده‌م زانیاری بۆ چوونه‌ژووه‌روه‌ی یاده‌وه‌رییه‌وه‌، له‌ رێی په‌یوه‌ندی سایكۆلۆجیه‌وه‌، به‌مه‌ش زانیاریه‌كه‌ سێ باره‌ ده‌بێته‌وه‌ له‌ یاده‌وه‌ری خوێنه‌ردا، له‌ رێی خوێندنه‌وه‌ و دیتن و حاڵه‌تی ده‌روونیه‌وه‌، بۆیه‌ جێگیر ده‌بێت له‌ یاده‌وه‌ری خوێنه‌ردا، چونكه‌ به‌ سێ دیوار ده‌وره‌ دراوه‌، رێگری له‌ ده‌رچوونیه‌وه‌ ده‌كه‌ن، ئه‌وانیش وشه‌ و وێنه‌ و حاڵه‌تی كرانه‌وه‌ی ده‌روونین، كه‌ هاوشانی زانیاریه‌كه‌ بوون، ده‌توانین كرداره‌كه‌ به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه‌ روون بكه‌ینه‌وه‌: ‌
به‌م شێوه‌یه‌، وشه‌ ئه‌و كۆڵه‌كه‌یه‌یه‌ كه‌ زانیاری پشتی پێداده‌دات، نیگاریش هۆكاری جێگیربوونیه‌تی، و كۆمیدیا و ئه‌و حاڵه‌ته‌ كرانه‌وه ده‌روونیه‌ش كه‌ به‌ هۆی كۆمیدیاوه‌ دێته‌كایه‌وه‌، هۆكاری به‌بیرهاتنه‌وه‌ی زانیاریه‌كه‌یه‌،
له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌و حاڵه‌ته‌ ده‌روونیه‌ی كه‌ مرۆڤ تێیدایه‌تی له‌ كاتی زانیاری وه‌رگرتنه‌كه‌، ڕۆڵێكی گه‌وره‌ ده‌بینێت له‌ پاراستنی ئه‌و زانیارییه‌ له‌ یاده‌وه‌ری مرۆڤدا، بۆیه‌ به‌كارهێنانی كۆمپیوته‌ر له‌ بواری فێركاریدا ده‌مانگه‌یه‌نێته‌ ئه‌نجامی چاكتر، بێجگه‌ له‌و خۆشیه‌ی كه‌ له‌ به‌كارهێنانی ئامێره‌كه‌ وه‌رده‌گیرێت، هه‌روا زۆرێك له‌ نیگاره‌ كاریكاتیرییه‌كان و فیلمه‌ كارتۆنیه‌كان به‌كاردێنێت. پێش پێشكه‌وتنی ته‌كنه‌لۆجیا، وه‌رگرتنی سایكۆلۆجی زانیارییه‌كان له‌ ڕێی به‌كارهێنانی دار (لێدان)ه‌وه‌ بوو، زانیاریه‌كه‌ هاوپێچی حاڵه‌تی ئازاردانه‌كه‌ ده‌بوو، كه‌ زانیاریه‌كه‌ی به‌بیردێناینه‌وه‌، یان حاڵه‌تی ترس له‌ تووشبوونی سزادان، له‌به‌رئه‌وه‌ی ته‌كنه‌لۆجیا پێشكه‌وت، و فێرخواز توانی زانیاری به‌ده‌ست بێنێت هاوشان به‌ حاڵه‌تی ده‌روونی ئه‌رێنیه‌وه‌، دار (لێدان) ورده‌ ورده‌ وه‌كو ئامرازێكی به‌كارهاتوو له‌ بواری فێركردندا بزربوو، هه‌تا به‌ ته‌واوه‌تی هه‌ڵوه‌شایه‌وه‌.
كاریكاتێر به‌ته‌نیا له‌ بواری فێركاریی خوێندنگاكاندا به‌كارنایه‌ت، به‌ڵكو له‌ بواری فێركاری گه‌وره‌كانیشدا به‌كاردێت، كاریكاتێر له‌ بواره‌ فێركارییه‌ ئاڵۆزتره‌كانیشدا به‌كاردێت، بۆ نمونه‌ له‌ په‌ڕتوكه‌كانی فێركردنی به‌كارهێنانی كۆمپیوته‌ردا كاریكاتێر جێگایه‌كی فراوان ده‌گرێت، هه‌روه‌ها له‌ بواری ماتماتیك و فیزیا و ئه‌وانی تریشدا، مه‌به‌ستیش لێره‌دا پێكه‌نین نیه‌، به‌قه‌د ئه‌وه‌ی به‌ستنه‌وه‌ی زانیارییه‌ سه‌خته‌كانه‌ كه‌ له‌بیر ده‌كرێن، به‌ حاڵه‌تێكی كۆمیدیایی، كه‌ بتوانرێت له‌ كاتی پێویست به‌بیربێته‌وه‌، كاریكاتێر بایه‌خێكی تایبه‌تی هه‌یه‌ له‌ بواری فێربوونی زمانه‌ بیانیه‌كانیشدا، كه‌ زۆرجار گفتوگۆكان هاوشان له‌گه‌ڵ كاریكاتێردا داده‌ڕێژرێن، كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ له‌گه‌ڵ وه‌رگرتنی زانیاری چێژ و خۆشیش وه‌رده‌گیرێن، وه‌رگرتنی زانیاریه‌كانیش ئاسانتر ده‌كات.
به‌كارهێنانی كاریكاتێر له‌ بواری فێركاریدا، زۆرێك له‌ كۆشش و ماندووبوون كه‌مده‌كاته‌وه‌، بۆ فێركار و فێرخوازیش له‌ هه‌مان كاتدا، فێركار پێویستی به‌ شیكار و راڤه‌كردنی زیاد نیه‌، چونكه‌ كاریكاتێره‌كه‌ ئه‌وه‌ بۆ فێرخواز دابین ده‌كات، فێرخوازیش پێویستی به‌ په‌ستانی زانیاریه‌كان نیه‌ له‌ مێشكیدا، چونكه‌ كاریكاتێر ڕێی زانیاریه‌كان بۆ یاده‌وه‌ری مرۆڤ ئاسانتر ده‌كات، به‌مه‌ش زۆرترین زانیاری به‌ كه‌مترین ماندووبوون له‌ كاتێكی كه‌متردا ده‌ست ده‌كه‌وێت.
ئه‌وه‌ی شایانی باسه‌ كاری فێركاری كاریكاتێر جیاوازه‌ له‌ كاره‌كانی تره‌وه‌، چونكه‌ كاریكاتێر‌ له‌ په‌ڕتوكه‌ فێركارییه‌كان زیاتر به‌كاردێت له‌وه‌ی له‌ رۆژنامه‌گه‌ریدا، كه‌ شێوه‌ بنه‌ڕه‌تیه‌كانی رۆژنامه‌گه‌ریی بێبه‌شه‌ له‌ گۆشه‌ فێركارییه‌كاندا، ئه‌گه‌ر هه‌شبوو ئه‌وا گۆشه‌ی لاوه‌كی و گرنگ نین، له‌وانه‌یه‌ كاری فێركاری كاریكاتێر له‌ رۆژنامه‌گه‌ریدا به‌ شێوه‌یه‌كی بنه‌ڕه‌تی له‌ رۆژنامه‌گه‌ری منداڵدا خۆی ببینێته‌وه‌، هه‌روا له‌ رۆژنامه‌گه‌ری تایبه‌ت به‌ بواره‌كانی ته‌كنه‌لۆجیادا، كه‌چی له‌ رۆژنامه‌گه‌ری ئه‌ده‌بی و ئابووری و گشتگیری و گاڵته‌جاڕیدا، به‌ده‌گمه‌ن كاریكاتێر كاری فێركاری ده‌كات، ته‌نانه‌ت ئه‌و نیگارانه‌ی له‌ بواری فێركاریشدا به‌كاردێت، ناتوانین به‌ كاریكاتێری بژمێرین به‌ مانای وشه‌وه‌ له‌گه‌ڵ چه‌ند هه‌ڵاوێژنێك لێره‌ و له‌وێدا، بۆیه‌ ئێمه‌ ناوی سیفه‌تی نیگاری كاریكاتێری لێده‌نێین، نه‌ك سیفه‌تی كاریكاتێر.

Previous
Next
Kurdish
Powered by TranslatePress