
سۆناتای بێدەنگی.. ستیڤان شەمزینی
بێدەنگی جوانترین جۆری وتنە
دنیام نقومی بێدەنگییە
وشەکانم ورتەیان لێوە نایێ
ئاوازەکانم زاریان بەستراوە
گۆرانییەکانم ھەر ھەموو کپن
شیعرەکانم بێدەنگی دایگرتوون
رەشەباکانم بێ لرفە ھەڵدەکەن
تۆفانەکانم زمانیان گۆ ناکات
ئەوەی لەم کاتەدا
بە دەنگی بەرز ھاوار ئەکات
کتێبی ھەستمە و
خۆشەویستی تۆی تێدا نوسراوە
ھەموو شتێکم بێدەنگە
خۆم پارچەیەکم لە خامۆشی
دڵیشم جانتایەکی شەڵاڵی سکونە
کاتێک تۆ دەیکەیتەوە
ھەموو کەشکەڵان پڕ دەکات
لە بۆنی عەتری خۆشەویستی
کە نەتوانم بە باڵی خەندەیەک
بە ئاسمانی پێکەنینەکانتدا بفڕم
توانام نەبێت بە مۆمێکەوە
بەناو تخوبی پرچەکانتدا رەت بم
دەسەڵاتم نەبێت بە دوو چاوی سەوزەوە
لە مێرگی بەھاریی رۆحت بڕوانم
بە حەپەساویی لە ئاسمان رابمێنم و
ئەستێرەی خۆشەویستیم بۆ نەدۆزرێتەوە
بێدەنگی قەشەنگترین دەربڕینە
تا تۆ دەرگای خەونەکانم
بەڕوودا واڵا نەکەیت
باڵی شیعرەکانم ناکرێنەوە
تاکوو دڵم
بە رۆحتەوە ھەڵنەواسرێت
شیلەی ماچەکانم
بە لێوتەوە وشک نەبێتەوە
“تا”ی ئەم بێدەنگییە بەرم نادا
بەو خاچی بێدەنگییەوە دامبگرە
وا دنیام کردە
ئۆقیانووسێک لە فرمێسک
وانەی بێدەنگیم
لە قوتابخانەی خۆشەویستیدا خوێند
چیرۆکی بێدەنگیم
لە چاوە شەرمنەکانی تۆدا نوسییەوە
شەوە بێدەنگەکانم
لە نێو دڵی پڕ گەردەلوولتدا خەواند
نەمامی بێدەنگیم
لە ناو زاری خۆمدا رواند
تا لە حیکمەتی بێدەنگیم تێنەگەیت
عەشقی منت پێ نادۆزرێتەوە
لە پەنجەرەی بێدەنگییەوە
سەمای شێتانەت چاو دەکەم
تۆش بە بێدەنگیی
لە توانەوەی من دەڕوانیت
چاوەڕێی ئەوە ناکەیت
بە وتنی خۆشم ئەوێی
رۆژووی بێدەنگیم بشکێنم