Skip to Content

من و تۆ.. بەشی دووەم و کۆتایی.. شیعری ستیڤان شەمزینی

من و تۆ.. بەشی دووەم و کۆتایی.. شیعری ستیڤان شەمزینی

Closed
by حوزه‌یران 6, 2024 General, Poems

لەوەتی لە دایکبووین
بە ژێر ئەو بارانەی عەشقەدا
رێ دەکەین
لە ناو لەپی دەستماندا
خۆش دەکاتەوە
زۆر جاریش
لە لێوی حەزەکانمەوە
بە لێزمە دادەکات


من و تۆ
دوو قەرەجی ماندووین
من بەناو گۆرانییەکاندا دەگەڕێم
تۆش بەنێو ئەسرینەکاندا
پێکەوە سترانێکی فرمێسکاوییمان
بۆ زەمەنی پێش
یەکترناسینمان وت


من و تۆ کە یەکتر ماچ دەکەین
ئەسرینەکانمان قاقا پێدەکەن
خەمە تەڕەکانمان وشک دەبنەوە
مەراقە رەشەکانمان مۆر ھەڵدەگەڕێن
کانیاوێکی سەرخۆش
لە لێوی تامەزرۆمان دەچۆڕێت


من و تۆ
بەسەرھاتی ناو رۆمانێکین
ژیان
بە پەڕەمووچی تریفە دەماننووسێتەوە
خوێنەر
بە واق وڕماویی دەمانخوێنێتەوە
ھیچ خوێنەرێک بۆی جیا ناکرێتەوە
کام منە، منم و کام تۆیە، تۆیت
وای لە من، ئای لە تۆ


من و تۆ
چاو ھەڵدەبڕین
رۆژ دەبێتەوە
چاو دادەخەین
شەو بە بەرگی تاریکییەوە دێت
یەکتر لە ئامێز دەگرین
گوڵ دەپشکوێ
لێک دوور دەکەوینەوە
زەمین فێ دەیگرێت
ھەناسە دەدەین
شیعر سەما دەکات
لەژێر لێفەیەکی پەمەیی دەنووین
ئاسمان کۆبوونەوە
بە ئەستێران دەکات
چەند سەیرە یاساکانی سروشت
لە دەستی من و تۆدایە!!


من و تۆ
لە قۆزاخەی تیشکدا دەژین
رووناکیمان
بە ئەستێرەدا ھەڵدەواسین
ھێندە رووناکین
خۆر
داوای مشتێک پرشنگمان
لێ دەکات بە قەرز
ھێندە روونین
تاڤگە
داوای خوازبێنیمان
لێ دەکات بۆ چەم
ھێندە مەستین
عەشق، تامەزرۆیە
بە رۆژی رووناک بمانخواتەوە


من و تۆ
پاشماوەیەکی سۆمەریین
کەس نەیتوانی شرۆڤەمان بکات
پادشا ھات
وایزانی وەسێتی پادشایەکی کۆنین
شاعیر ھات
وایزانی چامەیەکی غەمگینین
بازرگان ھات
بیری لە نرخمان دەکردەوە
شوێنەوارناس ھات
بەدووی تەمەنماندا گەڕا
عاشق ھات بەسەر باڵاماندا گریا


من و تۆ
ھەمیشە لە سەفەرداین
من بە چەپکێک خۆزگەوە
بەرەو لای تۆ
تۆ لە گوڵشەنی سۆزەوە
بەرەو لای من
من بە دیوانێک شیعرەوە
بەرەو لای تۆ
تۆ بە خەونێکی شەرابییەوە
بۆ لای من
من بە بەرچنەیەک ئارەزووی سەوزە
بۆ لای تۆ
تۆ بە رووبارێک ھەنگوینی ماچەوە
بۆ لای من
من و تۆ ھەمیشە لەم سەفەرەداین


Previous
Next
Kurdish
Powered by TranslatePress