نووسینى شرۆڤەیى یا بیرۆکەى چەقبەستوو … نەوزاد جەمال
لەئاستی کێشەو پرسەئاڵۆزو مەترسیدارەکاندا، زۆرترین قسەدەکرێن، بەڵام کەمتریین لێکدانەوەی زانستی و بابەتی دەبینین. پرسیارەکەش ئەوەیە: ئایا نووسین و لێدوانەکانی نێو میدیاکان، ئەنجامی لێکدانەوەو شرۆڤەکاریین یا دووبارەکردنەوەی بیرۆکەی چەقبەستووی پێشوترو ئیلهامی کەسەکانن؟
بەگشتی، باسەکان سەبارەت بەڕەوشی هەرێم ئەگەر نەڵێم هەمووی، ئەوا زۆرێکی ناکرێت ناوی نووسینی لێبنرێت. چونکە، جگەلەوەی نووسینی کڵێشەیی و دووبارەن، لەهەڵوێستنواندن و هەڵڕشتێکی دەروونیدا گیریانخواردووە. سەرەڕای ئەوەی پەرچەکردارێکی خێراو سەرپێیانەشن، بێپێشینەی زانستی پێویست لەبابەتەکان دەدوێن. ئەمەش، ئەنجامێکی زۆروزەبەندەیی بڵاوکراوەکانە کە بازاڕگەرمی نووسینیان ئاسانکردووە.
نوسەرانی سێبەریش کە بەخواستی ئەم و ئەو دەنووسن، لەسۆنگەی سەنگەرگرتن لەنەیارەکانیان، نوسراوەکانیان کردووەتە ئامرازێک. هەروەها، کەسانێکیش وەکئەوەی لەبۆسەدابن دەنووسن! دیاردەیەکی تازەو نامۆدێرنیش کەزۆر بەرچاودەکەوێت، پەرلەمانتارەکانە کە لەبری بەکارهێنانی پێگەی پەرلەمانی بۆ پرسەگشتییەکان، گواستویانەتەوە بۆناو بڵاوکراوەکان! بێئەوەی پاشخانێکی وەهایان هەبێت، دەستیان داوەتە نووسین. جگەلەوە، تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان دەرفەتی دەبڕینی یەکسانیان بەهەموویەکێک داوە، وەهمی نووسەرێتیان لای زۆرێک تۆخکردۆتەوە کەنووسین بەهەمان تۆنی تۆڕەکان بۆ رۆژنامەکانیش گونجاوبێت! ناخۆشترین شتیش ئەوەیە، نووسین و زمانی قسەکردنی رۆژانە جیاوازی ئەوتۆیان نەماوە.
1- نووسینی سیناریۆ بۆ داڕێژراو
دۆزینەوەی بۆنەو روداو بەخۆش و ناخۆشەوە، وەک خویەکی هەمیشەیی کراوەتە بڵندگۆی خۆدەرخستن. لەکاتێکدا، نووسەر نانووسێت، هەر لەبەرئەوەی کە دەبێت شتێک بخاتەسەرکاخەز. نەخێر، ناچاریی نووسین لەبیرکردنەوەو پرسیارو بەدواچوونی بەردەوامەوەدێت، نەک کەسێک هەردەبێت شتێک بڵێت تا نەڵێن بێزمانە.
جگەلەوە، نووسینی شرۆڤەیی سیناریۆییەک نییە کە نووسەر پێشتر لەمێشکیدا کۆمەڵێک بڕیاری پێشوەختە یا بەڕاو هەڵهێنجان لەئیلهامی شەخسی خۆیەوە بنووسێت. سەیرەکە لەوەدایە، دەیەها رووداو بۆنەی جیاواز تاوتوێدەکرێن وەکئەوەی نووسەرەکانی لەباوڵێکدا هەرچی دەستەواژەی کڵێشەیی و ستریۆتایپە-وێنەباو- دەربهێنن و رستەکانیان پێبڕازێنێتەوە. راستە، ئەمانە خۆیان بەدڵسۆز، خەمخۆر، رەخنەگر، بوێرو بەهەڵوێست دادەنێن. بەڵام، هیچ لەمانە مەرجی سەرەکی نووسینی باش و شرۆڤەیی نییە. کەی ئەوە شرۆڤەو لیکدانەوەیە، کە نوسەرێک لەبەرئەوەی ئیلهامێکی بۆهاتووە دەقێک بەناونیشانێکی زەقەوە رۆکاتە وتارێکەوەو بەوشەی سەرنجڕاکێش و هەستبزوێن، گەمەی زمان و ریتۆریک ئارایشتی بکات.
2- هەڵهێنجان لە فیکس ئایدیاو بیرورای کلێشەییەوە؟
بەشێکی ئەوەی بەناوی شرۆڤەکارییەوە دەنوسرێت، بەرئەنجامی بیرۆکەى چەقبەستوو(Fixed Idea)ە . واتە، قاڵبێکی زەینی کە لەقایلبوونێکی پێشوەختەوە هاتووە. داواجار، نووسەر بەهۆی ئەم قاڵبەوە خەریکی مۆرکلێدان (Labeling) بێت لە هەرچی دیاردەو رووداوە. لەچوارچێوەی ئەو قاڵبەداڕێژراوەدا کەپێشتر بەرەهایی تەسلیمی بووە، بنووسێت و بیربکاتەوە. لەبەرئەوە “فیکسد ئایدیا” واتە بیرۆکەیەکی نائەقلانی یا هەستێک کەجەخت لەشتێک دەکات، بێهەبوونی بەڵگەی سەلمێنەر. ئەمەش، بەرئەنجامی وەهمێک خۆسەپێنەرە.
جگەلەوەی بیرۆکەی نووسینەکان، بەرهەمی وێنەیەکی پێشینەیین، بەئیلهام بۆهاتن لەزەینی نووسەرەکانیاندا سەرهەڵدەدەن، نەک بەرئەنجامی خوێندنەوەو لێکدانەوەی بابەتیانەی روداوەکان. ناکرێت هەمیشە بیرۆکەو بڕیاری پێشداوەریانە ببێتە نووسینێکی بابەتی ورد. ئاخر، وەکئەوەیە کەسێک تەراوزییەکی هەبێت، بەڵام لەباتی کێشانی تەماتەو خەیار، بەهەمان پێوەر سیاسەت و دەوڵەت و گرفتەکان هەڵبسەنگێنێت. وەکچۆن ناکریت بەیەک پێوەر-تەرازوو- هەموو دونیا پێوانەکرێت، ئاوەهاش ناکرێت بەیەک تێورو باوەڕو قەناعەتەوە روداوەکان مەزندەکرێن. چونکە، هەر بابەتێک ستاندەردو پێودانگ و میتۆدی خۆی هەیە.
3- دۆگمای وتنی حەقیقەت
یەکێک لەو دۆگمایانەی نووسینی کوردی داگیرکردووە، بیرۆکەی ووتنی هەقیقەتە. واتە، ئەرکی یەکەم و کۆتایی نووسین/نووسەر ووتنی هەقیقەتە! ئەم تەرزە بیرکردنەوەیە بۆتە رایەکی گشتی کەهەر کەسێک هەقیقەتێکی کاڵوکرچیشی درکاند، ئیتر روناکبیرو نووسەرە! وتنی هەقیقەتیش رۆحێکی پاڵەوانخوازانەیە. بۆیە، بۆئەوەی ببیتە پاڵەوان، بوێربەو راستییەکان بڵێ.
سەبارەت بەووتنی هەقیقەت وەک ئەرکی سەرەکی نووسین، ئاماژە بەوتارێکی (دانیال جێری) دەکەم کە رەخنەی تێزێکی بیرمەندی ئەمریکی زمانەوانی ‘چۆمسکی’ دەکات . لەسەروبەندی جەنگی نەگریسی ئەمریکا لە ڤێتنامدا نیوسەدەمە لەمەوبەر لەوتارێکدا بەناوی ‘بەرپرسیارێتی روناکبیر وتنی هەقیقەتە’ ناوبانگی دەرکرد . وتارەکە جەختدەکات کە ئەرکی روناکبیرورۆشنبیر وتنی راستی و پەردەهەڵماڵینە لەدرۆکان. ئەرکی رەوشتی وادەخوازێت لەرۆشنیبران پێگەی کۆمەڵایەتییان لەپێناو گۆڕانی کۆمەڵایەتییدا بەکاربهێنن و راستییەکان بەڕای گشتی بگەینن. هەڵبەت، ‘چۆمسکی’ رووی دەمی لە سیاسەتداڕێژەری وڵاتەکەی نەبووە، بەڵکو ئەو نوسەرانەی لەزۆنگاوی ڤێتنامدا، بەرگریان لەسیاسەتی ئەمریکا دەکرد. بۆیە، ئەو جۆرە نوسەرو رۆشنیبرانەی بەبریکارەنوێکانی دەسەڵات ناوبرد.
بەڕای دانیال، بەبێ لەبەرچاوگرتنی هاوکێشەی هێز لەنێوان هێزو بکەرەسیاسیەکاندا، تەنها ووتنی راستیەکان بەس نیین. چونکە، تەنها هەلماڵینی ماسکی درۆ بۆ گۆڕینی واقیعی کۆمەڵایەتی و سیاسی هەموو شتێک نییە. بێگومان، رەخنەکەی ‘دانیال’ لە ‘چۆمسکی’ لەسەرئەوەنیە ئاخۆ وتنی راستی هەڵەیە. نەخێر، لەپای ئەوەیە کە تەنها ووتن لەخۆیدا بەس نییە. جگەلەوەی، باوەڕکردن بەهەبوونی تاکە هەقیقەتێک کە نووسەرو روناکبیرێک پێداگیری لەسەردەکات، لەخۆیدا دۆگمایەکە زیان بە دیموکراسی راوبۆچوونەکان دەگەیەنێت. گرفتێکیتری ئەم جۆرە تێگەیشتنە سەبارەت بەرۆڵی روناکبیر ئەوەیە کە تەنها لایەنە رەوشتییەکەی نووسین دەگرێتەوە. واتە، تەنها رەچاوی بەرپرسیارێتی رەوشتی وەک پێشمەرجی نووسین دەکات، نەک توانا، وردیبینی، لێهاتووی لێکدانەوەو شرۆڤەکاری تێزو پرسیار بەرهەمهێنان. ئیدی، جەختکردنەوە لەپاڵنەرە زاتییەکانی نووسەر، وادەکات ملاملانێی سیاسی و شرۆڤەکاری بۆ هەڵوێست دابخزێت، نەک گەیشتن بەوێنە گەورەکەی پشت هەلومەرجەسیاسی و هاوکێشەکان.
سەربەخۆیی روناکبیر وەک سەرمەشقی ئازادی و هەقیقەتبێژی، ئەو راستیە دەشارێتەوە کە روناکبیرانیش هەرگیز سەربەخۆنین لەهێزە کۆمەڵایەتیەکان و ناشبن. ئەو راستیانەی دەیدرکێنن و ئەو درۆیانەی دەریدەخەن، پشت بەهاوسەنگی و پارسەنگی هێز دەبەستێت نەک ئازادیی خۆیی و بوێری. ئەرکی وتنی هەقیقەت تاڕادەیەک پێویستە، بەڵام، چۆنیەتی گۆڕانکاری و ئەوەی رێتێدەچێت، بەشێکیترە لەئەرکی روناکبیر.
4- رهخنهگرتن بێدەستنیشانکردن
لەکاتێکدا دهوروبهرمان نقوومه لهرووداوهکاندا، ئێمهش له لیتهو چڵپاوهکانیيدا رۆچووین. هەر جوڵەیەکیش دهمانبات بهقوڵایی خۆیداو ههرئهوهنده دهزانیین ووردهوورده دیارنامێنن. بهڵام, ناشزانین چی لهبنهوه روودهات. ئهوهی دهبینین ئهنجامی روودانهکهیه، نادیدەین لههۆکارو زهمینهی روودانی. زۆربهی نوسهرهناسراوو جیدیهکان بهردهوام لهسهر یەک ئاوازی رهخنهیی دهژهنن: دهستنیشانکردنی واقیع لهڕێی واژهی سواوو دووباره: ” ئێمه نیمانه” کهس نەیکردووه، نهکراوه” هتد… کە بهناوی رهخنهوه لەرازوگلهیی سهرپێی و ساده دەرناچن.
ئهم تهرزه نووسینانه, باس لههۆکارە بنچینەییەکان ناكهن، تهنها ئاماژهی خێرا بهوهدهکەن که “نییهو نهکراوه”. بێئەوە بپرسن: بۆچی نیمانهو چۆن ئیشی بۆبکرێت. زۆرترین قسە لەئەنجام و لێکەوتەکان دەکرێت، بەڵام هۆکارەبنەڕەتیەکان دیارنیین! لهپاڵ ئهوهدا, خۆدهرخستن و نیشاندانی ئهوهی “من”ی نوسهر/رۆشنبیر یهکهم کهسم درکم بەو راستییەکردبێت! لهکاتێکدا, ئهمه درۆيیهکی واقیعيه ئەگەر کەسێک بڵیت: من یهکهم کهسی دونيای رۆشبیریم که قسهم لهبارەی فڵانە کێشەوه کردووه. گوایا, ئهم لهحزهیهی “من” دەکهمەوە، لهحزهیهکی مێژووییه کهسیتر ئەو پیشینهییەى پێنابڕێت. واتە، ئیتر راستییەکان، لهمنهوه دادهکهوێت.
5- شرۆڤەی زانستی یا جیهانبینییەکی وەستاو؟
بەوپێیەی لەبواری نووسیندا, نەریتێکی چەپانە زاڵبووە، هەمیشە لەگۆشەنیگاو سەنگەرێکی وەستاوە روانراوەتە گۆڕاوەکانی دونیاو بەیەک چاویلکەی ئایدۆلۆجی هەڵسەنگاندن کراوە. هەربۆیە، سەروەختێک ‘رایمۆن ئارۆن’ چەپگەریی لەکایەی روناکبیری فەرەنسیدا بەنەخۆشییەکی رۆشنبیریی داناوە . رەنگە هەمانشت بۆ کوردستان گونجاوبێت، بەتایبەت، گوتاری رۆشنبیری کوردی ‘پاش راپەڕین’ خۆی لەسەر رەخنەکردنی کۆمەڵگە، کولتورو نەتەوەو ناسنامەو کێشەسیاسی و ئابورییەکان دامەزراندووە. ناسنامەی رۆشبیری کوردی کۆشکێکی لەسەر ئایدیالیزەکردنی بۆچوون و لێکدانەوەکانی هەڵچنیووە، جارێک خۆی کردۆتە وێژدانی گشتی، جارێکیش سەرقاڵی هەڵوێستنواندن بووە، جارجارەش چالاکێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی، یا توێژەرو پسپۆڕ!
ئهرکی رهخنە قسهکردنە لهسهر کێشهو هۆکارەکانی، نەک تێپهڕين بهسهر کێشهکهو بازدان بۆ کهسهکان. چونکە، رهخنه بهو مانایه دهبێتە ههڵوێستنواندن لهڕێی دروشم و قسهی جوانهوه. ئهمەش گێژاوێکه نووسینی کوردی بهخورتی تێیکهوتووه: رهخنه بۆته سادهکاری، راوهشاندن و فڕێدانی راوبۆچوون. ئهو جۆره رهخنانه رووشاندنی بابەتەکانە لهسهرهوهو لهدهرهوەڕا. قسهکردن لهسهر ئهکتهرەکان، نهک کۆی شانۆی روداوهکان و خودی کێشهکان لهناوهڕا.
لەوانەشی هەڵگری بڕوانامەی باڵان، خاوەنی چەندان کتێب و وتارن، دەیانەوێ رکابەرەکانیان بەگەڕانەوە بۆ پاشخانی تێوری زانستی بیرمەند، کۆمەڵناس و سیاسەتناسەکانی خۆرئاوا چەک بکەن. جگەلەوەی لافی زانستی بوون، بابەتیبوون و شارەزایی و کەرەسەی مەعریفییان دەوڵەمەندە، بەهۆی زانینی زمان و خوێندنەوەی سەرچاوە بەزمانەکانی عەرەبی، فارسی، ئینگلیزی و هتد، دواجار، دەخوازن ببنە دەسەڵاتێکی–ئەوتۆریتەیەکی- رۆشبنیریی و کەهەموو شتێک لەدیدو روانگەی ئەواندا نەبێت و نەگونجێت مایەی رەتکردنەوەبێت.
سەرباری ئەوەی نووسیەکانیان جیدیەت و پەرۆشی، پشتبەستوون بەتێزو تێورەخۆرئاواییەکان. هەڵبەت، ئەمە کێشەنییە لەخۆیدا، چونکە، ئاگاداری و رۆشنبیرییە جیهانیانیەکەیان، ئاشناکرندی خوێنەری کوردە بەو دونیایە. بەڵام، پێدەچێت لەوەدا وەرگێڕی پوختەی تێزەکانبن، بێ لەبەرچاوگرتنی پاشخانی تێورەکەو شیاوێتی لەخوێندنەوەی کۆمەڵگەیەکی خۆرهەڵاتی وەک ئێمەدا. بەڵام، راستەوخۆ دایدەسەپێنن بەسەر کۆنتێکستە کوردستانییەکەدا. رەنگە، بەشێکی لەبەرئەوەبێت ئەو رۆشنبیرانە باوەڕیان بەدابەشکاری خۆرهەڵات و خۆرئاوا نەبێت. لەسەروو سنوورەکولتورو ئیتنینی و نەتەوەییەکانەوە بیربکەنەوە. جۆرێک رەهاگەری گەردوونی هەقیقەتی تێوری و زانستیان تێدابێت. بەڵام، ئەوەش پارادۆکسێکە کە نووسەرێک بەدیدێکی ریژەگەریی پۆستمۆدێرنانە بیرکاتەوە، بێڕەچاوکردنی تایبەتمەندی کولتورەکان بەوجۆرە بنووسێت. لەهەمانکاتدا هەر ئەو رۆشنبیرانە هەڵگری بیری جیاوازی کولتوریی، رێزی کەمینەو یەکسانی دەکەنە راستییەکی رەها!
——————————-
Collins English Dictionary – Complete & Unabridged 2012 Digital Edition© William Collins Sons & Co. Ltd. 1979, 1986 © HarperCollins Publishers 1998, 2000, 2003, 2005, 2006, 2007, 2009, 2012. http://www.dictionary.com/browse/fixed-idea
http://www.upenn.edu/pennpress/book/15361.html
https://CHOMSKY.INFO
https://www.britannica.com/biography/Raymond-Claude-Ferdinand-Aron#ref150422