Skip to Content

میدیا وەک ئامڕازی ریسواکردن.. ستیڤان شەمزینی

میدیا وەک ئامڕازی ریسواکردن.. ستیڤان شەمزینی

Closed
by ئایار 13, 2021 General

لەگەڵ ئەو هەموو هاتوهاوارەی کەناڵەکانی راگەیاندن هەر خودی خۆیان دەیکەن لە هەمبەر رەچاوکردنی ئیتیکی رۆژنامەوانی و خستنە سەر رێچکەی رۆژنامەوانی کوردیی لە رووی پیشەیی و ئەخلاقی کارکردنەوە، کەچی هاوکات هەمان میدیا وەک ئەوەی بیری چووبێتەوە دوێنێ چی وتووە و بانگەشەی بۆ چ جۆرە نۆرم و مۆدیلێک لە رۆژنامەوانی کردووە، ئەمڕۆ بۆتە ئامڕازێکی گەورەی ریسواکردن و یەکتر سڕینەوە و هەلا هەلاکردنی کەرامەتی مرۆڤ. ئەوەتا ئەو شەڕە موهاتەراتەی لە نێوان میدیای “پارتی و ئەهلی و گۆڕان”دا بەڕێوە چوو، نەک هەموو سنوورێکی ئیتیکی رۆژنامەوانی تێدا تێپەڕێنرا، بەڵکوو پێشێلی هەموو یاساکانی کرد و پەنجەی ریسواکردن و بە پووچ تەماشاکردنیشی خستە سەر کەسێتی و هەستی ژمارەیەکی بێشووماری خەڵک.

من پێم سەیرە چۆن میدیای کوردیی تووشی هەمان ئەو نەخۆشییە زۆر ترسناکانەی کۆمەڵگەی کوردیی بووە کە ئینسان بە تەواوەتی بێ بەها و بێ رێز سەیر دەکات، من سەیرم لەم دەبڵ کەسێتییەی راگەیاندنکارانی کورد سووڕماوە و ناتوانم لەوە تێبگەم، مامۆستا “ئەکادیمییەکان”ی وانەی ئیتیک و ئەخلاقی رۆژنامەنووسی کوردیی چۆن لەلایەکەوە باسی ئیلتیزام دەکەن و لەسەرێکی ترەوە بەشداریی دەکەن لە پرۆسەی کوتین و موهاتەرات و شەڕەجنێو و سووکایەتیکردن بە هەموو پیرۆزییەکی مرۆڤ!!!. سەیرە هێشتا رۆژنامەنووسی ئێمە، وەکوو بەلاغی سەربازیی، تەماشای نووسین دەکات و بۆ شەڕێکی توندی سیاسیی و حزبیی و گروپیی بەکاریدەهێنێت و خوازیارە پەیکەر و جەستەی هێزی بەرامبەری پێ وردوخاش بکات!!. ئەمە کارەساتە راستەقینەکەی واقیعی رۆژنامەنووسیی کوردییە لەم بەشەی کوردستاندا.

کار گەیشتۆتە ئەوەی رۆژنامەوانییەک پەیدا بووە، لە پێناوی ئامانجە سیاسییەکاندا نەک سڵ لە هاڕینی هیچ کەس ناکاتەوە، بەڵکوو لەسەر بنەمای تێزی شەلم کوێرم ناپارێزم، دەست بۆ هەموو مافە تایبەتیی و سەرەتایی و سادەکانی مرۆڤ درێژ دەکات. کار گەیشتۆتە ئەوەی میدیایەک پێگەیشتووە بۆ ریسواکردنی بەرامبەر نەک خۆی لە هیچ رستە و وشەیەکی زبر و ناشایستە و ناماقوڵ و نامۆ ناپارێزێت، بەڵکوو تۆمەت هەڵبەستن و زانیاریی درۆ و داتاشینی حکایەتی سەیر و سەمەرەشی کردووە بە بەشێک لە ئەرکە هەرە سادە و ئاسان و ئاساییەکانی خۆی. کار گەیشتۆتە ئەوەی میدیایەک لە کوردستان لە بەهێزبووندایە نەک هیچ بایەخ و رێزێک بۆ نووسین و وشە دانانێت، بەڵکوو هەر لە بنەماوە گاڵتەی بە هەست و کەسێتی مرۆڤەکانیش دێت، تا ئەو ئەندازەیەی هەزارەها چیرۆک و حکایەتی وەهمیشی بۆ ئابڕووبردن و ریسواکردنی هەر مرۆڤێک لە ژێر هەر ناو و پاساوێکدا بێت، ئامادە کردووە.


لە هەموو ئەمانەش ترسناکتر، هەردوو ئەو میدیایەی بەم دواییانە بازاڕی عوکازی موهاتەراتی کوردییان گەرم و جەنجاڵ کردبوو، خۆیان بە سەرمەشق و نموونەی رۆژنامەوانی ئەکادیمی و پرۆفیشناڵ دەزانن، بەڵام بێگوومان بیریان چووە ئەوان نموونە و سەرمەشق و پسپۆری عەیارە بیست و چواری موهاتەراتن، بیریان چووە لە پێناوی مەبەستێکی سیاسیی دیاریکراودا، ئامادەن کەرامەتی هەزارەها مرۆڤ بکەنە سووتەمەنی و قوربانی. تەنانەت سەیرە راگەیاندنێک بە ناوی داکۆکی لە مافی “سەردەشت عوسمان”ەوە دەست بۆ گەورەیی و پیرۆزیی کەسێتی خەڵکانی تر ببات!!، ئاخر ناکرێت لە پێناوی ژیانی گوڵاڵە سوورەیەکدا، باخچەیەکی پڕ گوڵ و گوڵزار بپلیشێنیتەوە، هەروەک چۆن ناکرێت بۆ دوورخستنەوەی تاوانێکی وەک ئەوەی دەرهەق بە ژیانی “سەردەشت” کراوە لە حزب و ئاڕاستە سیاسییەکەت، ئاگر لە ماف و هەستی کەسانی تر بەر بدەیت، وەکوو ئەوەی هەستی مرۆڤ کاڵایەکی هەرزان و سووک بێت. ئەمەیە کارەساتی راستەقینەی رۆژنامەنووسیی کوردیی.

بەداخەوە هێشتاش راگەیاندنی کوردیی بەهەمان فۆرمی شەڕی ناوخۆ و بە هەمان ئاواز و موفرەدەی شەڕی براکانی شاخەوە کە بە جەستەی پێشمەرگەی شەهیدکراوی نەیارەکانیان دەگووت “کەلاک”، مامەڵە دەکات، تەنانەت بۆ ئێمەومانان کە وەها خەیاڵمان دەکرد، کرانەوەی کوردستان بە رووی دونیادا بۆتە هۆی وەرچەرخانی عەقڵی سیاسیی و میدیایی کوردیی، شۆکێکی گەورەیە بتوانین بە ئاسانیی تەسەوری ئەوە بکەین هێشتا میدیا لە کوردستان ئامادەیە شەڕی سیاسیی و ئاسایی گەرم بگۆڕێت بۆ شەڕی خوێناویی و سەربازیی، هێشتا میدیا ئامادەیە بە کوژراوی لایەنی بەرامبەری بڵێت “کەلاک”. بە رای من ئەمەیە کارەساتی راستەقینەی رۆژنامەوانی کوردیی نەک شتێکی تر.

مايوى 2010
ستیڤان شەمزینی
ستۆکهۆلم

Previous
Next
Kurdish