
چاوپێکەوتن لەگەڵ نووسەر كنێر جەمیل.. ئامەدەکردنی: كامەران حاجی ئەلیاس
نووسەر كنێر جەمیل: چیرۆك گیڕانەوە ئامراز ێكی هەرەكاریگەرە بۆ پرسی پەرورەردە
نووسەر كنێر جەمیل: نووسین بۆ منداڵ زۆر سەختترە بۆ نووسین بۆ گەوران
نووسەر شاعیر خاتوو(كنێر جەمیل حەسەن)، لە ناوچەی هەریری پایتەختی خانزادی سۆران لەدایك بووە ،لە بەرەبابی مەلا خەیلانییەكانی ڕواندزین..كنێرخان قەڵەمێكی جوانی بواری ئەدەبە خاوەنی چەندین كتێبی چاپكراوە .. بەهۆی هەڵوێستی كوردانەی لە سەردەمی بەعسدا چوارجار گیراوە جاری چوارەمی لەساڵی 1989 بووە، و دواتر لەگەڵ پۆلێك تێكۆشەری تری كوردستان حوكمی ئیعدامان بۆ دەردەچێت و پاشان حوكمەكەیان سووك دەكرێت بۆ حوكمی هەتا هەتایی، ئینجا لەدوای ڕاپەڕین و لە میانەی گتفوگۆی بەرەی كوردستانی لەگەڵ رژێم ئازاد كرا لە ئێستادا لە هەندەران دەژیت، وەكو چالاكوانێك لە بەریتانیا لەگەڵ ڕێكخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتی كاریكردووە بۆ ئاگاداربوون لە ژیان و بەرهەمەكانی بەچەند پرسیارێك بەسەرمان كردەوە.
هەڤپەیڤین- كامەران حاجی ئەلیاس
- سەرەتا بابگەرینەوە سەردەمی منداڵی خۆت چی وای لەتۆ كرد لە بواری منداڵان بنووسیت؟
- هەڵبەتە قۆناغی منداڵی خۆشترین و پاكترین قۆناغی ژیانمانە، بۆیە كاتێك گەورە دەبین هەر ئاخ و ئۆف و حەسرەت بۆ ئەو قۆناغە دەخوازین و حەزدەكەین بۆی بگەڕێینەوە، ئیدی هەر یەكەو بەشێوەیەك بۆی دەگەڕێتەوە، نووسینیش بۆ منداڵان دەكەوێتە ئەو چوارچێوە گەڕانەوەیە. لەبەر ئەوەی گەڕانەوە بۆ ئەو سەردەمە و بەكارهێنانی هەمان زمان، كارێكی سەختە، بۆیە نووسین بە زمانی منداڵان یان نووسین بۆ منداڵ زۆر سەختترە بۆ نووسین بۆ گەوران، چونكە مرۆڤ پێ بەپێی هەڵكشانی تەمەن، زمانەكەشی هەڵدەكشێ، یان بابڵێین لەگەڵ تەمەنی هەنووكەیی دەگونجێ، بۆیە ڕاستریین نووسین ئەوەیە خۆت تێیدا بی و بە شێوەیەكی ڕاستەقینە هەستی پێبكەی. زمانی ئەدەبی منداڵانیش هەروەهایە، چونكە هەموومان تێێدا بووین، بەڵام ئایا كاتێك كە گەورەیەك بۆ ئەو زمانە و جیهانی ئەوكات دەگەڕێتەوە و پێی دەنووسێ، ئەوە پرسێكی گەورەیە.
- كەی دەنووسیت ،كاتێكی دیاركراوت هەیە بۆ نووسین؟
- نووسین بۆ تاكی كورد تا ئێستا نەبووەتە پیشەیە، مەبەستم ئەوەیە پیشەیەك پێی بژی و ژیانی سەرتاسەری بۆ تەرخان بكات، بۆیە وەك هەر نووسەرەێكی دیكەی كورد، دەبێ لە كاتی تایبەتی خۆت بگرێتەوە، ئەوسا چ بە ڕۆژ بێ یان بە شەو بەگوێرەی ڕێككەوتن و دەرفەت هەبوون.
تۆ لە بواری نوسینی گەورانیش دەنووسیت جیاوازی نووسین لە نێوان ئەدەبی گەوران و ئەدەبی منداڵان هەیە؟- بێگومان جیاوازییەكی زۆر هەیە، هەر جیاوازییەكەش وای لێدەكا زەحمەتتر بێ، ئەوسا زەحمەتییەكەش دوو سەرەیە، هەم لەبارەی زمانەوەیە، چونكە زمانی منداڵان جیاوازە لە هی گەوران، هەروەها لەڕووی پەیامیشەوە، چونكە پەیامەكەشیان بۆ یەك نابێت.
ئەگەر هەندێك جار پەیامەكەش وەك یەك بێ، ئەوا دەبێ جیاوازییەكی تەواو لە شێوازی دەربڕیندا هەبێ. بۆیە پێویستە نووسەری منداڵان زۆر باس خۆی لەگەڵ قۆناغی كاتی خۆی بگونجێنێ، واتە لەگەڵ زەمانی منداڵیی خۆی و بتوانێ بە زمانێك بنووسێ كە ئاڵۆز و تێكەڵ و قوڕس نەبێ تا منداڵ بەئاسانی لێی تێبگا. - تا چەند چیرۆك گێرانەوە بۆ منداڵان گرنگە بەتایبەتی لەوسەردەمەی تەكنەلۆژیایەدا؟
- بەڵێ بێگومان زۆر گرنگە. چیرۆك گیڕانەوە ئامراز ێكی هەرەكاریگەرە بۆ پرسی پەرورەردە، ئەوسا پەروەردە بۆ ئەوەی منداڵەكە لە دواڕۆژدا ببێتە تاكێكی بەسوود بۆ كۆمەڵگا. ئاشكرایە دینەكانیش پەنایان بۆ چیرۆك بردووە، بۆ ئەوەی حیكمەتی خۆیان بەگوێی هەوادار و لایەنگرانیان دابدەن.
گێڕانەوە و شێوازی چیرۆكئامێز لەو تەمەنە ساوایەی مرۆڤدا، تاكە شێوازێكە كە شت لای منداڵ شیرین بكرێ. بێگومان هەموو كەسێكیش كاتێك بە شێوەیەكی سروشتی و سەلیقەیی زمانی دایكی فێردەبێ، زیاتر لەو چیرۆكانە فێردەبێ كە بۆ منداڵەكە دەگێڕدرێنەوە.
*یەكێك لە كتێبەكانت بەناوی (چیرۆكی دیۆكیۆمێنتاری) یەچیرۆكەكانی ئەم كتێبە باسی چی دەكات؟
-لەم كتێبەم دا بە لە چیرۆكێكی راستەقینەی ژیانی كچێكی جوانی شاری هەولێرە كەلە زیندانی بەعس لەگەڵ من زیندانی كرابوو ،باس لە خۆڕاگری ئەو كچە قارەمانە دەكات. - ئاستی چیرۆك نووسینی كوردستان چۆن دەبینیت؟
- دیارە چیرۆك لەمێژووی ئەدەبی كوردیدا مێژوویەكی قووڵی هەیە و و لەدوای شیعرەوە دێت، هەندێك جار شیعریش وەك ئامرازێك بۆ گێڕانەوەی چیرۆك پێكهێنراوە، خۆ ئەوەش هەیە هەموو ژانرێكی نووسین، ئەوسا شێعر بێ یان داڕشتن یان لێكۆڵینەوە یان هەرشتێك ئەوا چیرۆكێكی خۆی هەیە، كەواتە بیرۆكەی چیرۆك چەقی بازنەیە و ژانرەكانی دیكەی وەك بازنەیەك بەدەوردا دەسووڕێنەوە.
*پرۆژەی نوێت هەیە لە بواری نووسین؟
-لە ئێستادا خەریكی نووسینەوەی بیرەوەرییەكانی ژیانی زیندانی خۆمم بەشی زۆری تەواو بووە بەدوای سپۆنسەر دەگەرێم بۆ ئەوی بەچاپی بگەیەنێم ،هەروەها كتێبكی شیعریشم ئامادەیە بەم زووانە بڵاوی دەكەمەوە.

