پڕۆژەیەک بۆ تێپەڕاندنی گەورەشکستی ئۆکتۆبەر … شێرکۆ کرمانج
لەدەستدانی نزیکەی ٥٠% خاکی کوردستان لە شەو و ڕۆژێکدا گەورەشکستی ئەو نوخبە سیاسییەی کوردستان بوو کە لەپاڵ شکستە گەورەکانی دیکە، هەر لە لەدەستدانی شەرعیەتی یاساییەوە بگرە تادەگاتە قەیرانی ئابوریو سیاسیو لەکەدارکردنی شکۆی گەلو نیشتیمان، نابێتو ناکرێت ئاوا بەسانایی بەسەر ئەو نوخبە سیاسییە تێپەڕێت. کاتی ئەوە هاتوە بەو نوخبە سیاسییە، کە ژمارەیان لە سەد کەس تێپەڕناکات، بگوترێت ئیدی بەسە.
ئەم نوسینە هەوڵێکە بۆ خستنەڕووی پڕۆژەیەک بۆ تێپەڕاندنی ئەم بارودۆخە نالەبارەو خستنەوە سەرپێی پەرلەمانو دامەزراندنی حکومەتێکی ڕزگاریی نیشتیمانیی.
ئەم پڕۆژەیە دوو پلان لەخۆدەگرێت، پلانی ئەی و پلانی بی. پلانی بی تەنیا لەحالەتی جێبەجێنەکردنی پلانی ئەی دەکرێت بخرێتەگەڕ. پێشئەوەی هەر دوو پلانەکە بخرێنەڕوو واچاکە بکەرەکانی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە دەستنیشانبکرێن.
جێبەجێکەرانی پڕۆژەکە
لەسەرەتا دەبێت ئەوە بگوترێت کە هەم پڕۆژەکەو هەنگاوەکانی هەم ئەو بکەرانەی لێرە دەستنیشانکراون هەوڵو ناوی سەرەتایین دەکرێت دەوڵەمەنترو هەمەلایەنتر بکرێن.
پڕۆژەکە واچاکە بەزووترین کات لەلایەن گروپی یەکەم لە جێبەجێکەرەکان (بکەرەکان) بخرێتەڕوو و بەهەمائاهەنگی لەگەڵ گروپی دووەمو سێیەم جێبەجێبکرێت:
گروپی یەکەم، دەبێت هەموو ئەو حیزبو لایەنە سەرەکیانەی کوردستان بگرێتەوە کە ئێستا بەشێک نین لە نوخبەی دەسەڵاتدارو دەستڕۆیشتویی ناو یەکێتییو پارتی کە ڕۆڵی سەرەکیان هەبووە لە شکستەکانی ئیدارەدانی هەرێم بە گەورەشکستی ئۆکتۆبەریشەوە، کە لەدەستدانی نیوەی خاکی کوردستانی لێکەوتەوە، لەوانە: بزوتنەوەی گۆڕان، لیستی نەوەی نوێ، هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری، گروپو لایەنە نزیکەکان لە پەکەکە، کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان، یەکگرتوی ئیسلامی، حیزبی شیوعی کوردستان لەگەڵ هەموو ئەو حیزبو لایەنانەی کە ئەم پڕۆژەیە، یان هاوشێوەکەی پەسەند دەکەن.
دووەم، ئەفسەرو پێشمەرگەو کادیرو ئەندامە نیشتیمانپەروەرو دڵسۆزەکانی ناو پارتی دیموکراتی کوردستانو یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان کە زۆرینەی هەرە زۆری ئەندامانی ئەم دوو حیزبە پێکدێنن.
سێیەم، تەواوی کۆمەڵگەی مەدەنیو چالاکوانە سیاسیو کۆمەڵایەتیەکانو سەرتاپای خەڵکی دڵسۆزو نیشتیمانپەروەری کوردستان.
لیژنەیەک لەلایەن نوێنەرە سەرەکییەکانی جێبەجێکەرانی پڕۆژەکە، وەک لەسەرەوە دەستنیشانکران، پێکدێت بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکە.
پلانی ئەی (Plan A)
پلانی ئەی کۆمەڵێک هەنگاو وکارو کردەوە لەخۆدەگرێت کە لە حالەتێکدا جێبەجێدەکرێت ئەگەر هاتو لەگەڵ خستنەڕووی پڕۆژەکە ئەو نوخبە سیاسیەی کە ئێستا هەرێم بەڕێوەدەبەن، کە ژمارەیان لە سەد کەسێک تێپەڕناکات، لەگەڵ خستنەڕووی پڕۆژەکە دەستبەرداری کارو بەپرسیارەتییەکانیان بوون. لەم حالەتەدا پلانی ئەی دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە کە ئەم هەنگاوانە لەخۆدەگرێت:
یەکەم، سەرۆکی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، یوسف محەمەد، بەهەمئاهەنگی لەگەڵ دوو جێگرەکەی، بەزووترین کات داوای کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان بکەن، لە ماوەی سێ ڕۆژ دا. نابێت هیچ ئەندام پەرلەمانێک ڕێگری لە ئەنجامدانی ئەم پڕۆژەیە بکات ئەگەرنا مامەڵەی نوخبە سیاسییە شکستخواردوەکەی لەگەڵدا دەکرێت، وەک لە خوارەوە هاتوە.
دووەم، لە کۆبوونەوەی یەکەمی پەرلەمان لە هەولێری پایتەخت بڕیاری دامەزراندنی حکومەتێکی ڕزگاریی نیشتیمانی دەدرێتو سەرۆکی پەرلەمان، یوسف محەمەد، ئەرکی سەرۆکایەتی حکومەتەکەی پێدەسپێردرێت.
سێیەم، پێکهێنانی لیژنەیەک لە دانیشتنی یەکەم بە سەرۆکایەتی سەرۆکوەزیران، یوسف محەمەد، بۆ دەستنیشانکردنی حکومەتێکی تێکنۆکراتی کاربەڕێکەر بەناوی “حکومەتی ڕزگاریی نیشتیمانیی” لە کەسانی بێلایەنو شارەزا بۆ جێگرتنەوەی وەزیرەکانی حکومەتەکەی هەرێم پێش ١٦ ی ئۆکتۆبەر، لەماوەی دوو حەفتەداو یەکسەر حالەتی ئیمێرگینسی (طوارئ) ڕادەگەیەنێت.
چوارەم، سەرۆکایەتی هەرێم، مەسعود بارزانیو جێگرەکەی هەروەها سەرۆکوەزیرانو تەواوی وەزیرەکان دەستلەکارکێشانەوەی خۆیان لە سەرۆکایەتیو حکومەت ڕابگەیەنن، لەماوەی حەفتەیەک لەسەر بڕیاری پەرلەمان.
پێنجەم، حکومەتی ڕزگاریی نیشتیمانی سەرۆکی هەرێمو سەرۆکوەزیرانو وەزیرەکان خانەنشین دەکات.
شەشەم، حکومەتی ڕزگاریی نیشتیمانی مافی دادگاییکردنو لێپرسینەوەی لە هیچ بەرپرسێکی حکومیو حیزبی نیە.
حەوتەم، هەر بەرپرسێکی حکومیو حیزبی لە نوخبە سیاسییە خانەنشینکراوەکە خۆ لەکاروباری حکومەتو هاوڵاتیان هەڵبقورتێنێت دەبێت یەکسەر بگیرێتو دادگایی بکرێت.
حەوتەم، حکومەتە کاربەڕێکەرەکە کاروباری ڕۆژانەی وەزارەتەکانو هاوڵاتیان بەڕێوەدەبات.
هەشتەم، حکومەتی ڕزگاریی نیشتیمانی دەستەیەکی نوێ بۆ کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان لە کەسانی بێلایەنو تەکنۆکراتو شارەزا دیاریدەکاتو دادەمەزرێنێت بۆ سەرپەرشتیکردنی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی کوردستانو سەرۆکی هەرێم، لەماوەیەک کە زیاتر لە شەش مانگ نەبێت.
نۆیەم، حکومەتی ڕزگاریی نیشتیمانی ئاگاداری حکومەتی عێراقی دەکات کە تەنیا نوێنەرانی گەل لە پەرلەمانو حکومەتی داهاتو مافی دانوسانیان هەیە لەگەڵ حکومەتی مەرکەزی لەسەر پرسە چارەنوسسازەکان.
دەیەم، بۆ بەڕێوەبردنی کاروبارەکانی هاوڵاتیان، بەتایبەتی چارەسەرکردنی پرسی موچە، حکومەتی ڕزگاریی نیشتیمانی مافی دانوسانو گفتوگۆی لەگەڵ حکومەتی مەرکەزی هەیە.
یازدەم، دوای پێکهاتن لەگەڵ حکومەتی مەرکەزی لە بەغدا، حکومەتی ڕزگاریی نیشتیمانیی بڕیاری پاشەکەوتکردنی موچە هەڵدەوەشێنێتەوەو موچە وەک پێشوتری لێدەکرێتەوە.
دوازدەم، حكومەتی ڕزگاریی نیشتیمانیی هەڵوەشاندنەوەی هەر دوو دەزگای پاراستنو زانیاری ڕادەگەیەنێت.
سێزدەم، پەرلەمانو حکومەتی داهاتو دەبێت کاربکات لەسەر هەڵوەشاندنەوەی تەواوی هێزی پێشمەرگەو هێزەکانی ئاسایشو دووبارە دامەزراندنەوەیان لەسەر بنەمای پیشەییو یاسایی.
پلانی بی (Plan B)
ئەگەر هاتو لەگەڵ خستنەڕووی پڕۆژەکە، وەک لە پلانی ئەی هاتوە، واتە ئەو نوخبە سیاسیەی کە ئێستا هەرێم بەڕێوەدەبەن کە ژمارەیان لە سەد کەسێک تێپەڕناکات دەستبەرداری کارو بەپرسیارەتییەکانیان نەبوون، ئەوە لەم حالەتەدا پلانی بی دەخرێتە بواری جێبەجێکرندنەوە کە دەکرێت ئەم هەنگاوانە لەخۆبگرێت:
یەکەم، هەموو ئەو بکەرو جێبەجێکارانەی کە وەک “جێبەجێکەرانی پڕۆژەکە” ناویان هاتوە، واتە بکەرەکانی گروپی یەکەمو گروپی دووەمو گروپی سێیەم، دەبێت دەستبەجێ لیژنەیەک پێکبێنن بۆ سەرپەرشتیکردنی ڕاپەڕینی سەرتاسەری کە خۆی لە مانگرتنێکی سەرتاسەری ببینێتەوە کە یەک داواکاریان هەبێت ئەویش دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆکی هەرێمو جێگرەکەیو سەرۆکی حکومەتو ئەنجومەنی وەزیران بێت. خەڵکی مانگرتو نابێو ناکرێت بەهیچ شێوەیەک لەم داوایە کەمتر قەبوڵبکەنو دانوسانی لەسەر بکەن.
دووەم، هەرکاتێک سەرۆکی هەرێمو سەرۆکوەزیرانو وەزیرەکان دەستلەکارکێشانەوەی خۆیان ڕاگەیاند ئەوە تەواوی هەنگاوەکانی پلانی بی دەبێت جێبەجێبکرێن.
سێیەم، ئەگەر سەرۆکی هەرێمو سەرۆکوەزیرانو وەزیرەکان دەستلەکارکێشانەوەی خۆیان ڕانەگەیاند ئەوە لەپاڵ مانگرتنی گشتی دەبێت خۆپیشاندانی گشتی ڕابگەیەنرێتو بەردەوام بێت تائەوکاتەی کە داواکارییەکان جێبەجێدەکرێن. ئەوکات دیسان پلانی ئەی کارادەکرێتو هەنگاوەکانی جێبەجێدەکرێن.