
گفتوگۆ لەگەڵ خاتوونی شاعیر سەلما تۆما.. ئامادەکردنی: كامەران حاجی ئەلیاس
خاتوونی شاعیر سەلما تۆما: نووسینەكانم بە زمانی كوردی ڕێچكەشكێنیە بۆ هاندانی ئافرەتی كریستیان بۆ دەرخستنی تواناكانیان لەبواری نووسین بەزمانی كوردی
خاتوونی شاعیر سەلما تۆما: ئاوارەیی و غوربەت بۆمن بوو بە جۆرێك لە ژیانكردن لەو كاتەوە هەست دەكەم شیعر دەستكاری ڕوحم دەكات و پێم دەڵێ بنووسە
خاتوونی شاعیر (سەلما تۆما كاكۆ)، یەكێكە لەوشاعیرانەی كە لە ماوەیەكی كورت دا لەرێگەی هەستەناسكەكانییەوە خۆی خستۆتە نێو دەریای شیعرەوە ،ئەو بەسێ زمان(كوردی ،سریانی ،عەرەبی) شیعر و پەخشانە شیعر دەنوسێت .سەلما دەرچووی بەشی ئاماری كۆلیژی كارگێڕی و ئابووری زانكۆی موسڵە ،لەساڵی 1960 لەشارۆچكەی شەقڵاوە لەدایك بووە،بەڵام زیاتر لە شارۆچكەی مەسیف سەڵاحەدین و هەولێرو عەنكاوە ژیاوە.. ئێستا لەگەڵ هاوسەرو منداڵەكانی لە وڵاتی ئەڵمانیا دەژیت ئێمە بەباشمان زانی لە نزیكەوە هەڤپەیڤینێكی ئەدەبی لەگەڵیدا ساز بدەیین بەچەند پرسیارێك بەسەرمان كردەوە.
هەڤپەیڤین -كامەران حاجی ئەلیاس
*سەرەتاپێمان باش بووباس چۆنیەتی ئاشنا بوونت بە دونیای شیعر بۆ خوێنەرانمان بكەیت؟
- من هەر لە قۆناغی خوێندنی سەرەتایی شیعرم خۆشویستووە و لەوانەكانی كوردی و عەرەبی تا مامۆستا دەیخوێندەوە من ئەزبەرم دەكردن، لەقۆناغەكانی ناوەندی و ئامادەیی زۆر حەزم دەكرد بنووسم بەڵام بەداخەوە ئەو كات و بوارەم نەبوو سەرقاڵی شیعر نووسین و خوێندنەوە بم جگە لەوەی جار جار لەژێر كاریگەری ڕووداوێك یا بۆنەیەك هەر بۆخۆم شیعرێكم دەنووسی و ناوم دەنا وڕێنە ،دواتر لەبەر بەرپرسیاریەتی ماڵ و منداڵ و كاری فەرمانبەرایەتیم بە یەكجاری لە وڕێنەكردنیش چوومەوە تا ساڵی 2017 كە بڕیاری مانەوەم لە وڵاتی ئەڵمانیا دا لەبەر بوونی كاتی زیاتر و دابڕانم لە پابەندبوونی كاری فەرمانبەرایەتی و دانانی فەیسبووك سەیرم دەكرد وڕێنەكانم باشترن لە زۆربەی ئەو شیعرانەی كە لە پەیجەكان دەكەوتنە پێش چاوم ،ئەمە پاڵنەرێك بوو بۆ تاقیكردنەوەی ئاستی نووسینم ،سەرەتا هەستم دەكرد شیعرەكانم تەنیا دەردە دڵێكە بۆناو دونیای ڕوحی خۆم دواتر بە بڵاوكردنەوەیان هەستم كرد هێواش هێواش تێكەڵی ژیانم دەبێ و چێژ و خۆشی لە نووسین و بڵاوكردنەوەیان دەبینم ،لە غوربەتدا بۆمن بوو بە جۆرێك لە ژیانكردن و تێڕوانینم بۆ خۆم و بۆ ژیان گۆڕا لەو كاتەوە هەست دەكەم شیعر دەستكاری ڕوحم دەكات و پێم دەڵێ بنووسە.
*باشە كێ بوون ئەوانەی هاوكارو پاڵپشتی سەلما بوون لە شیعر نووسین؟ - ڕاشكاوانە دەڵێم بەداخەوە هیچ هاوكار و پاڵپشتێكم نەبووە بۆ نووسینی شیعر جگە لە هاندان و دەستخۆشیەكانی هاوڕێیانی فەیسبووك نەبێت، بەڵكو دەتوانم بڵێم نیمچە ڕێگریەكیشم لێكراوە بەڵام ئەوە ساردی نەكردوومەتەوە لە نووسین و كۆڵم نەدا هەر بۆیە تا ئێستا بەردەوامم ،ئەوەی گرنگە بگوترێ لەم دواییەدا مامۆستا(حەمە ئەحمەد جاف)ی شاعیر هانی دەدام و زۆر جار شیعرەكانم پیشانی ئەودەدا بۆ هەڵسەنگاندنی ئاستەكەیان و ڕاستكردنەوەی هەڵەكانیان ئەگەر هەبوایە ،ئەوەش بۆ من مایەی دڵخۆشی بووە بۆیە لێرەوە سوپاسی دەكەم.
*سەلما تۆما بە چەند زمان شیعر دەنووسیت ؟ئامانجت لە شیعر نووسین چییە؟ - بەهەرسێ زمانی سریانی و كوردی و عەرەبی شیعرم نووسیوە ،بەڵام زیاتر بە زمانی كوردی دەنووسم، بەزمانی عەرەبی زیاتر پەخشانم نووسیوە.
ئامانجم لە نووسینی شیعر بە گشتی گەیاندنی پەیامە، نووسین بە زمانی كوردیش ڕێچكەشكێنیە بۆ هاندانی ئافرەتانی كریستیان بۆ دەرخستنی تواناكانیان لەبواری نووسین بەزمانی كوردی كە لە كوردستان شك نابەم ژمارەیان زۆر بێت.
*لەشیعر نووسیندا پشت بە وشەكان یان بەهەست یان بە بابەت دەبەستی؟ - من زیاتر پشت بە هەست دەبەستم ،بەڵام لەگەڵ ئەوەش دا نكۆڵی لەوە ناكەم كە هەندێ جار بە بێ ویستی خۆم بابەت دەبێتە ئیلهامی نووسینی چەند دەقێكی شیعری.
*هۆنراوەیەكی دیاری كراوی شاعیرێك هەیە سەرنجی تۆی راكێشابێت و هیوات دەخواست هی تۆ بێت؟ - راستییەكەی بەدیاركراوی شیعرێك نییە ،بەڵام زۆرن ئەو شاعیرانەی كە دەق و تێكستەكانیان سەرنجم ڕادەكێشن و هیوام دەخواست قوتابی قوتابخانەی شیعری ئەوان بوومایە ،تا لێیان فێربام جوانتر بنووسم.
*وەكو شاعیرێك، چۆن دەڕوانیتە ئاستی شاعیرانی ئافرەت لە كوردستان ؟ - هەڵسەنگاندنی ئاستی شاعیرانی ئافرەت لە كوردستان بۆ من ئاسان نیە، چونكە ساڵانێكی زۆرە ئافرەتی كورد شیعر دەنووسێ و ئەوە زیاتر لە بواری شیعرناسەكان نزیكە ،بەڵام دەتوانم بڵێم قەڵەمی ژن بەردەوام لەپێشكەوتندایە و بەهۆی بوونی ئازادیی زیاتری ژنان بەراوورد بە ساڵانی پێشتر ،ئازادی لە نووسینی دەقی شیعریش زیاتر بووەو ژن ئێستا لە هەموو ئەو بوارانەدا شیعر دەنووسێ كە جاران ئەو بوێریەی نەبوو بۆیان بنووسێ ،بەڵام هێشتا نەگەیشتۆتە ئەو ئاستەی بتوانێ وەك چەكی بەرەنگاری بەكاری بێنێ بۆ ئازادانە گەیاندنی پەیامی داكۆكی كردن لە هەموو مافەكانی خۆی.
*هیچ دیوانی شیعریت یان نامیلەكەی شیعریت هەیە؟ - نەخێر ،بەڵام دەمێكە كتێبێكی شیعرم بەناونیشانی (ملوانكەی ئەوین) ئامادەی چاپە و چاوەڕێی دەرفەتێكم بۆ ئەوەی لەچاپی بدەم.
*پرۆژەی نوێتان هەیە؟ - بوونی پڕۆژەی نوێ پەیوەستە بە ڕادەی دڵنیابوون لە جێبەجێ كردنیان بە سەركەوتوویی ،بۆیە تا نەگەن بەو قۆناغە باسكردنیان بە پەسند نازانم.