زەنگێكی مەترسیدار بۆ خێزانی كورد.. پارێزەر/ ئاشتی ئەرسەلان
وەك پارێزەر و خەمخۆرێكی خێزانی كورد، كە رۆژانە لە نێو دادگاكان كاردەكەم دەمەوێت كۆمەڵگەكەم لە مەترسییەكی گەورە ئاگادار بكەمەوە، ئەگەرچی لێرەولەوێ كۆمەڵێك كەس ئەم مەترسییەیان وروژاندووه كە ڕووی لە تاكەكانی كۆمەڵگەی كوردییە، بەڵام من ئەمجارە وەك شایەتحاڵێكی نێو دادگاكان بۆتان باس دەكەم كە لە رۆژگاری ئەمڕۆدا چ مەترسییەكی گەورە خەریكە ڕوو لە هەموو خێزانێكی كورد دەكات.
هاوڵاتیانی ئازیز، دایك و باوكە بەڕیزەكان، بە داخەوە بە هەر هۆكارێك بێت ماددەی هۆشبەر تەشەنەی كردووە و لە ئێستادا لە حاڵەتەوە بووە بە دیاردە! گەنجەكانمان بەهۆی بەلاڕێدابردن و خەڵەتاندنیان لەلایەن كەسانێكی تووش بوو بە ماددەی هۆشبەر، ڕۆژانە ڕێژەی تووشبوو بە ماددەی هۆشبەر ڕوو لە زیاد بوونە، چونكه بە شێوەیەكی خێرا بڵاودەبێتەوە. لهم كاره هەر بە گەنج نەوەستاون بەڵكو كاردەكرێت بۆ لە خشتەبردنی نەوجەوانانیش و تێوەگلانیان لەم كارە. لە بەشێك لە شارە گەورەكان بەهۆی بازرگانیكرن و رەواجدان بە ماددە هۆشبەرەكان گەڕەك نییە كۆمەڵێك گەنج یان تاكێك ئالودەی ئەم ماددە هۆشبەرانە نەبووبیت، ئهمهش مهترسی جدی دروستكردووه لهسهر ئاییندهی ڕۆڵهكانمان.
لێرەدا دەمەوێت بڵێم، زۆر گرنگە چاودێرییەكی چڕ و بەردەوامان هەبێت بۆ منداڵەكانمان كە ئایا هاوڕێیەتی كێ دەكەن و هەڵسوكەوتی رۆژانەیان زیاتر لەگەڵ كێیە؟ وه ههرگیز ڕێگایان نهدهین شهوان بچنه دهرهوه مهگهر بۆ كارێكی پێویست نهبێت. بە حوكمی ئەوەی من رۆژانە لە دادگاكانم كاتێك ئەو هەموو گەنجە دەبینم كە ئالوودەی ماددەی هۆشبەرن دڵم ژان دەكات، زۆربەشی كاتێك پرسیاریان لێدەكەی كە چۆن تووش بوون؟ ئاماژە بەوە دەكهن كە هۆكاری سەرەكی بۆ توشبوونیان (برادەر) بووە! بۆیە بەڕاستی دەبێت زۆر وریابین كە منداڵەكانمان كێ دەكەن بە هاوڕێی و دۆستی ڕۆژانەیان. هەموو توێژەرانی دەروونی ئاماژە بەوە دەكەن كە منداڵ ئەوەندەی كاریگهری دهرهوهی لهسهره بە چاك و خراپی، ئەوەندە كاریگهری ماڵهوهی لهسهر نییه. پەیامبەرمان (د.خ) لە بارەی كاریگەری برادەر لەسەر برادەر دەفەرمووێت: (برادەر لەسەر دینی برادەرەكەیەتی). ئینجا لە هەمووی ناخۆشتر و كارەساتبارتر ئەوەیە كە لەم زەمەنەی ئیستادا كێشەكە گەورەتر بووە، چونكە هەر بە گەنجی كوڕ نەوەستاوە بەڵكو كچ و ژنانیشیان ئالودەی ئەم ماددە هۆشبەرانە كردووە و خزاوەتە نێو خێزانی كورد!
بە داخەوە رۆژانە دەیان كەیسی ماددەی هۆشبەر لە دادگاكان بوونیان هەیە، ئەگەر بە شێوەیەكی چڕ و پڕ كاری لەسەر نەكرێت و رێگری نەكرێت لە هاتنە ناوەوەی ئەم ماددانە بۆ كوردستان، ئەوا دڵنیام لە داهاتوویەكی نزیكدا ئەو ژمارەیەی كە ئێستا هەیە چەند قات دەبێتەوە. بۆیە زۆر گرنگە خێزانی كورد بە گشتی وشیار بێتەوە و لە مەترسی ئەم ماددە هۆشبەرانە ئاگادار بێت، چونكە هەڕەشەیەكی جدی هەیە بۆ داهاتووی وڵاتمان.
ئەی گەنجی بەڕێز، لە توشبوون بە ماددە هۆشبەرەكان جگە لەوەی خۆت زەرەرمەندی یەكەمی ئەی بیرت لە دەوروبەرت كردووەتەوە؟ دایك، باوك، خوشك، برا… ئەی ئەوانەی ماڵ و منداڵیان هەیە و خیزاندارن چی!؟ خودای گەورە عەقڵ و هۆشێكی باشی پێدای بۆچی بە پارەی خۆت عەقڵ و هۆشت لەناو دەبەیت و سەرئەنجام لە چواردیواری بەندینخانە خۆت دەبینیەوە؟!
پارێزەر/ ئاشتی ئەرسەلان