
هونەرمەند “ئەحمەد سالار “ئەستێرەیەكی درەوشاوەی نێو هونەر و ئەدەبی كوردی.. ن- كامەران حاجی ئەلیاس
هەركاتێ باس لە پێشرەوانی شانۆی كوردی و عێراقی دەكرێت یەكێك لەو هونەرمەندانەی كە لە ریزی پێشەوە ناوی دەهێنرێت هونەرمەند و نووسەری دیاری كورد مامۆستا ( ئەحمەد سالار)-ە بەڵێ بەتایبەتی لە نێو هونەر و ئەدەبیاتی كوردی ،لەو كاتەی باس لە دراما وشانۆی كوردی دەكەین یاخود باس لە تێكستی شانۆیی كوردی دەكەین ناكرێت باس لە هونەرمەند و زمان پاراو و داهێنەری كورد، نووسەر ئەحمەد سالار نەكەین ئەو لەرێگەی نواندنەكەی لەرێگەی شاكارە مەزنەكانی هەمیشە بوونی خۆی سەلماندووە یەكێكە لەو هونەرمەندانەی كە خاوەنی داهێنانی رێبازی(شانۆی ئاهەنگ سازی) یە ئەگەرچی ئەو رێبازە شانۆییە بۆ دەرهێنەری مەغریبی (عەبدولكەریم بەرشیت) دەگرێنەوە بەڵام بۆ راستی و دورستی ئەمە دەڵێم لەو كاتەی هونەرمەندی گەورەی مەغربی داهێنەری شانۆی ئاهەنگ سازی (عەبدولكریم بەرشیت) ئامادەی پێنجەمین فیستیڤاڵی هەولێر بۆ شانۆ بوو، كەلە10 تاوەكو 14-12-2018 لەشاری هەولێر بەرێوە چوو،لە لێدوانێكی تابیبەت دا عەبدولكەریم بەرشیت دەڵێت” شێوازە ئاهەنگ سازییەكەی مامۆستا ئەحمەد سالار لە شێوازەكەی من زۆر جیاوازە” بۆیە دەڵیم هونەرمەند ئەحمەد سالار خاوەن و داهێنەری شانۆی ئاهەنگ سازییە.. من بۆخۆم تاوەكو ئێستا نەمبیتستووە شانۆكارێكی توانای داهێنانێكی لەو شێوەی مامۆستا ئەحمەد سالار لە نێو شانۆی كوریدا بوونی هەبێت هەرچەندە لێرەولەوێ هەوڵ و كۆشش هەبووە وەكو پرۆژەكەی خاتوونی شانۆكار د.نیگار حەسیب قەرداغی (لابۆری شانۆی لالش) وەكو پرۆژەی شانۆی (سات) لەلایەن هونەرمەند سەدیق حسێن وە هەوڵەكانی ( كۆری شانۆی با)ی هونەرمەند هۆرێن غەریب و هاورێكانی بەم دوایانەش (رێچكەی شانۆی سناپ )، لەلایەن هونەرمەندی شانۆكار گۆران سەرگەڵوویی بەڵام ئەم ئەزموونانە تا ئێستا وەكو ئەزموونێكی شانۆیی سەیر دەكرێن لەوانەیە چەندین هونەرمەندی تریش هەوڵ و كۆششیان هەبێت لە من ئاگاردار نەبم..
هونەرمەند ئەحمەد سالار جگە لە تێكستە شانۆییەكانی كە زۆربەیان باس لە مێژووی و داب و نەریتی كوردی دەكات.. خاوەنی چەندین كتێبە لە بواری شانۆ و درامایە بەجۆرێك خزمەتێكی زۆری كتێبخانەی كوردی كردوە بوونەتە سەرچاوە بۆ زۆرێك لە شانۆكاران سوودیان لێوەرگرتوون لە هەمان كات هەندێ لە كتێبەكانی وەكو میتۆد لە نێو پەیمانگای هونەرجوانەكانی هەرێمی كوردستان دەخوێندرێت بەتایبەت بۆ وانەكانی (مێژووی شانۆ ) و(دەنگ و دەموودوو).
ئەحمەد سالار و نواندن
من لەم نووسینەم دا هەوڵ دەدەم تیشك بخەمە سەر نواندن لەلای هونەرمەند ئەحمەد سالار دا..
سەرەتا یەكێك لە بنەما سەرەكەییەكانی پێكهاتەی نواندن بۆهەر ئەكتەرێك دەنگە كە بە داینەمۆی نواندن دادەنرێت لە هەمان كات دا یەكێكە لە پێداویستییە سەرەكییەكانی هەموو ئەكتەرێك جگە لە نواندنی پانتۆماییم نەبێت، كە زیاتر پشت بە جوڵە و هێما وئاماژە دەبەستێت مامۆستا ئەحمەد سالار خاوەن دەنگێكی تەواویی شانۆیییە كەدەتوانی هەموو چینە دەنگەكانی دەنگ بۆ هەر نواندێك بەرجەستە بكات بەشێوەیەك دەتوانی دەنگی خۆی لەگەڵ هەموو شێوازەكانی نواندن چ لە بواری مەرگەسات یاخود بەزمەسات بەرجەستە بكات وەكو زانراوە ئەكتەر پێویستی بە توانستێكی رەهای دەنگ هەیە بۆئەوەی لەكاتی رۆڵ بینین سەركەوتووبێت بۆئەوەی بەرەنگاری هەموو ئەو ئاڵنگارە ببێتەوە كە لەكاتی نواندن لەسەر تەختەی شانۆ رووبەری دەبێتەوە بۆ بەدەست هێنانی ئەمەش جگە لە بوونی دەنگێكی گونجاو باوەڕ بەخۆ بوون خاڵێكی سەرەكیە بۆ هەر ئەكتەرێك هونەرمەند ئەحمەد سالار بە هۆی ئەوەی خاوەن دەنگێكی شانۆییە لەهەمان كات دا خاوەن هەناسەیەكی قوڵی شانۆییە دەزانێت لەكاتی نواندن چۆن دابەشی سەر دیالۆژەكانی بكات كەس بەقەد ئەو لە كاتی نواندندا ماف بە وشەو پیتەكانی ناو دیالۆژەكان نادات ئەو زۆر بەووردی رەچاوی دەربینی وشەكان بە تایبەتی لە كاتی دەموو دووی ڕستەو و وشە و پیتەكان دا ئەوەش زیاتر بۆ راهێنانی بەردەوام بوون و ئەزموونێكی زۆر ئەو هونەرمەندە دەگەڕێتەوە بەتایبەتی لەرووی بەكارهێنانی تەكنیكی دەنگ چۆنیەتی كۆنترۆڵ كردن و دابەش كردنی هەناسەدان و هەناسەوەرگرتنەوە كە بەداخەوە بەشێك لە ئەكتەران لەكاتی نواندن دا لەسەر تەختەی شانۆدا وشە و دەموودووەكانیان زۆر خراپە بەتایبەتی لەدانان بە پیت و وشەكانی كۆتایی زۆرجاریش وشەكانیان لە كۆتایی دیالۆژەكانیان یاخود ئەو وشەو دیالۆژانانەی كە بە چرپە دەموو دوو دەكرێن ون دەبن و ناگاتە بینەران بەتایبەتی لەو كاتەی هەندێك لە وشەكان مانا كرۆك و فلسەفەی ڕستەكەن یان بابەتەكانن بە داخەوە ئەویش ناگانە بینەر ئەوەش بە هۆی دابەش نەكردن و نەبوونی كۆنترۆڵ لە سەر كۆئەندامی هەناسە دان و هەناسە وەرگرتنی ئەكتەر دەگەرێتەوە. هەر لەم ڕوانگەوە دەرهێنەری ناوداری جیهانی ستانسلاڤسكی دەڵێت” لەگۆرانیبێژێكی ئۆپێرا فێری نهێنییەكی ڕاهێنانی دەنگ بووم،ئەوەیش ئەوەیە كە كاتێك لە كاتی گۆرانی وتن دا هەناسە دەدەینەوە پێویستە هەست بە دوو سیستەمی هەوا بكەین كەدێتە دەرەوەن، یەكیان لە دەمەوە ئەویتریان لە لووتەوە”. هەر لەسەر گرنگی دەنگ بۆ ئەكتەر كاتێ لە دەرهێنەر ئیتاڵی (تۆماس سالڤینی)ی پرسی ئەكەتەر لە كاتی نواندن لە مەرگەسات دا چی زۆر پێویستە لە وەڵام دا دەڵێت “دەنگ، دەنگ ،دووبارە دەنگ”.بۆیە ئەتوانم بڵێم دەنگی هونەرمەند ئەحمەد سالار هەموو ئەوسیفاتە لە خۆدەگرێت كەوبلیمەتانەی شانۆ باسی لێوەدەكەن بەجۆرێك دەنگێكە لە هی كەس ناچێت توانستی وای هەیە لە هەموو ئەو ڕۆڵەنەی بەرجەستەی كردووە هەست دەكەین بە تەواوەتی لە چۆتە نێو قالبی كەسایتییە كە نموونەش زۆرن كە لێرەدا دەرفەتی ئەوە نییە ئاماژەیان پێبدەین.
خاڵێكی ترییش لە نواندن كە پێویتسە هەموو ئەكتەرێك هەبێت بریتییە لە جەستەی ئەكتەرە ئەویش بنەماییەكی گرنگ وسەرەكییە لەسەر شانۆدا بێت یاخود لەسەر شاشەدا بێت جەستە كاریگەری راستەو خۆی لەسەر بینەر دەبێت بۆ ئەوەی لەگەڵ هەموو حاڵەتەكانی بژیت چونكە زمانی جەستە واتە وەرگێرانی دەقێكی نووسراوە بۆ گوزراشتەكانی هێما و ئاماژە ..لەبەر ئەوە بۆ ئەكتەر تەنیا دەنگ گرنگ نییە لەم روانگەوە ئەگەر بەووردی سەیری نواندنەكانی مامۆستا ئەحمەد سالار بكەین درك بەوە دەكەین گرنگی زۆر بە هەموو وردەكانی نواندن هەر لە گوزارشتەكانی لە رووی زردەخە، پێكەنین، توڕە بوون، خەمبار …بەبێ دیالۆژەكانی ئەو گوزراشتانە دەگاتە وەرگر .
لایەنێكی تری گرنگی نواندن بۆ ئەكتەر بریتییە لە جوڵەی شانۆیی یاخود چۆنیەتی جوڵەی جەستە لەسەر تەختەی شانۆ كەپێویستە بۆ بەرجەستەكردنی هەر كاركتەرێك ئەویش لە رێگەی بوونی كێشێكی گونجاوە بۆ هەر ئەكتەرێك بۆئەوەی بتوانێت لە ئامادە باشی دابێت بۆ هەموو كردار و جوڵەیەك لەسەر تەختەی شانۆ بۆیە دەبێت ئەكتەر توانستێكی باشی جوڵەی هەبێت بێت لە هەمان كاتدا زۆرجار جۆری جوڵەی ئەكتەر هاوكار و یارمەتیدەر دەبێت بۆ ناسینەوەی كاركتەر بەپێی تەمەن و رەگەز و كەسایەتی بێگومان جلوبەرگیش تارادەیەكی زۆر هاوكارە بۆ بنیادنانی كارەكتەر بەتایبەتیش لە نواندنی (بێدەنگ) دا .هونەرمەند ئەحمەد سالار لەو نمایشانەی كە بینومانن هەمیشە جوڵەكانی لەكاتی نواندن بە تایبەتی لەسەر تەختەی شانۆدا جیاواز دەركەوتوو بۆدورست كردنی هەر كارەكتەرێك سەركەوتووبووە هۆكارەكەیش بۆ خوێندنەوەو لێكدانەوەی ووردی بۆ هەر جوڵەیەك كردوە تەنانەت زۆر بەووردی جوڵەكانی جەستەی ئەنجام دەدا ئەوەش بەهۆی خوێندندنەوی ووردی بۆ ئەوكەسایەتییەی كە بەرجەستەی كردوون بەجۆرێك وا دەكات لەرێگەی ئاماژ و هێماكانی سەرنجی بینەر بۆهەموو جوڵەیەكی رابكێشێت تەنانەت هەست و سۆزو كرداری ناوەكی و دەركی بۆ نموونە كرداری دڵەراوكێ كەلەیەك كاتدا هەردوو كردارەكە هەر لە رێگەی جوڵە شانۆییەكانی بەبێ دیالۆژ زیرەكانە دەگەینێتە بینەر بەهەمان شێوەش لە نواندنی لە دراما و تەلەفزیۆندا جوڵەكانی لەرێگەی گوزارشتەكانی وەكو جوڵەی شەر جوڵەی سۆزو خۆشەویستی..دەگاتە وەرگر هەندێك جاریش تەنیا لە شێوەیەكی دیاركراوی وەستانی بەبێ هیچ دیالۆژێك لەسەرتەختەی شانۆ چەندین ماناو مەدللولی بەخشیوە ئەمەش دەگەرێتەوە بۆ شێوەی وەستان هێما و گوزراشتەكانی ئەو دەزانێت چۆن دەست و تەنانەت پەنجەكانی لە خزمەت رۆڵەی بە كار بهێنیت بە داخەوە زۆر جار هەندێ لە ئەكتەران دەستەكانیان لێ دەبێتە بەڵا نازانن چۆن هەڵسوكەوتی لەگەڵ دا بكەن..
بێگومان زۆر لایەنی تری گرنگی تری هونەرمەند نووسەری دیاری كورد مامۆستا ئەحمەد سالار هەن كە دەتوانرێت تیشكی بخینەسەری بگرە چەندین لێكۆڵینەوەو توێژینەوەی لەسەر ئەزموونەكانی ئەو كەڵە هونەرمەندە بكرێت وە چەندین تێزی و نامەی ماستەر و دكتۆرا لەسەر هونەركەی بەدەست بهێنرێت ..لە هەموو گرنگتریش ئەو هونەرمەندە خاوەن رۆشنفكری زۆری مەعریفییە..لێرەدا هیوای تەمەن درێژی بۆ دەخوازم..دەست خۆشیش لە دەستەی نووسەرانی ئەم گۆڤارە دەكەم بۆ تەرخاندنی بەشێكی گۆڤارەكە بۆ ئەزموونی ئەم هونەرمەندە مەزنە هەرهەبن.
ن- كامەران حاجی ئەلیاس