Skip to Content

داڕشتنی نووسین لەنێوانی هزرو واتادا.. ستار ئەحمەد

داڕشتنی نووسین لەنێوانی هزرو واتادا.. ستار ئەحمەد

Closed
by نیسان 3, 2026 General


نووسین تەنیا گواستنەوەی چەند زانیارییەک نییە لە مێشکەوە بۆ سەر لاپەڕە، بەڵکو پرۆسەیەکی ئاڵۆزی ئەندازیارییە کە تێیدا نووسەر وەک وەستایەکی لێهاتوو، تان و پۆی بیرۆکەکان بەیەکەوە دەبەستێتەوە. کاتێک باس لە داڕشتنی نووسین دەکەین، لە ڕاستیدا باس لەو بنچینە پتەوە دەکەین کە دەقەکەی لەسەر هەڵدەچنێندرێت، تاوەکو ببێتە یەکەیەکی یەکگرتوو و خاوەن ناسنامەیەکی دیار. ئەم کارە پێویستی بە وردبینییەکی زۆر و شارەزایییەکی تەواو هەیە لە نێوان چەمک و گەیاندنی پەیامەکاندا. هەر دەقێکی نووسراو ئەگەر خاوەنی داڕشتنێکی تۆکمە نەبێت، وەک تەلاری پڕ لە درز وایە کە بە کەمترین لەرینەوەی مانا هەرەس دەهێنێت و ناتوانێت لە بەرامبەر ڕەخنە و کاتدا خۆی ڕابگرێت.
گرێچنی نووسین ئەو هونەرە بەرزەیە، کە ڕێگری دەکات لە پەرتەوازەبوونی مێشکی خوێنەر. نووسەری بەسەلیقە دەزانێت چۆن سەرەتای وتارەکەی بە کۆتایییەکەی ببەستێتەوە، بە شێوەیەک کە هیچ کەلێن و درزێک لە نێوان بڕگەکاندا نەمێنێتەوە. ئەم پەیوەندییە توندو تۆڵە وا دەکات خوێنەر هەست بە ئارامی بکات و لەناو شەپۆلی وشەکاندا ڕێگەی ڕاستی خۆی ون نەکات. لەم سۆنگەیەوە، داڕشتن دەبێتە گیانی نووسینەکە؛ ئەگەر داڕشتن لەرۆک و سست بوو، ئەوا بەهێزترین بیرۆکەکانیش ناتوانن جێگەی خۆیان لەناو دڵی خوێنەردا بکەنەوە و دەقەکە وەک کۆمەڵە پارچە گوشتێکی لێکجیا دەردەکەوێت کە هیچ ڕۆحێکی تێدا نییە.
زمان لەم پرۆسەیەدا ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕێت. پاراستنی ڕەسەنایەتی زمان و دوورکەوتنەوە لەو دەربڕینانەی کە نامۆن بە گیانی نەتەوەیی و کولتووری، یارمەتیدەرێکی گەورەیە بۆ ئەوەی گرێچنەکە سروشتی و ڕەوان بێت. هەر وشەیەک کە دەخرێتە ناو ڕستەیەکەوە، دەبێت وەک خشتێکی تاشراو بێت کە تەنیا بۆ ئەو شوێنە دەست بدات. لێرەدا نووسەر تەنیا گواستەرەوەی زانیاری نییە، بەڵکو پارێزەری جوانی و شکۆی زمانەکەیەتی. داڕشتنی ڕاستەقینە لەوەدا دەردەکەوێت کە نووسەر چۆن دەتوانێت بە وشەی سادە بەڵام پڕاوپڕ لە واتا، ئاڵۆزترین کێشەکان شیبکاتەوە بەبێ ئەوەی پەنا بۆ وشەی بێگانە بەرێت کە تەنیا بۆ خۆدەرخستن و ڕازاندنەوەی بێبنەما بەکار دەهێنرێن.
هەروەها، گرێچنی نووسین پێویستی بە ئارامگرتن و دووبارە پیاچوونەوەی بەردەوام هەیە. نووسەر دەبێت چەندین جار دەقەکەی بپشکنێتەوە تا دڵنیا بێت کە زنجیرەی بیرۆکەکان هیچ پچڕانێکی تێدا نییە. ئەمە ئەو قۆناغەیە کە تێیدا دەق لە شێوەیەکی خاوەوە دەبێتە بەرهەمێکی پوخت و پاراو. کاتێک خوێنەر دەقێکی خاوەن داڕشتنی بەهێز دەخوێنێتەوە، هەست بە ماندووبوون ناکات، چونکە ڕیتم و ئاوازی وشەکان بە شێوەیەکی وا ڕێکخراون کە مێشک بە ئاسانی وەریان دەگرێت و لێیان تێدەگات. لە ڕاستیدا جوانیی نووسین لەوەدایە کە خوێنەر تەنیا مانا وەرنەگرێت، بەڵکو چێژ لە چۆنیەتی بەیەکەوەبەستنی واتا و وشەکان ببینێت و لە قووڵاییی مانا گەورەکاندا نوقم بێت.
لە لایەکی ترەوە، داڕشتن و گرێچنە پێویستیان بە جۆرێک لە لۆژیک هەیە، کە پێی دەوترێت پەیوەندی هۆکاری. واتە هەر بڕگەیەک دەبێت ببێتە دەرەنجامی بڕگەی پێش خۆی و سەرەتایەک بێت بۆ بڕگەی پاش خۆی. ئەم جۆرە لە ڕێکخستن وا دەکات وتارەکە ببێتە یەک پارچەی یەکانگیر. نووسەری ژیر وەک چنینکەرێکی لێهاتوو وایە کە ڕەنگەکان و دەزووەکان بە شێوەیەک تێکەڵ دەکات کە لە کۆتاییدا نەخشێکی بێوێنە دروست دەبێت. هەر لادانێک لەم بنەما زانستی و هونەریانە دەبێتە هۆی ئەوەی پەیامی نووسەر بە نیوەچڵی بمێنێتەوە و کارایی خۆی لەدەست بدات و وەک دەقێکی بێ ناسنامە تەماشا بکرێت.
هەروەها دەبێت ئاماژە بەوە بکرێت کە هزر و واتا بێ زمانێکی پاک و پاراو تەنیا وەک خەونێکی ناڕوون دەمێننەوە. نووسەر کاتێک دەست دەداتە قەڵەم، دەبێت بەرپرسیارییەتی مێژوویی خۆی لەبەرچاو بگرێت. هەر دێڕێک کە دەینووسێت، تەنیا بۆ ئەمڕۆ نییە، بەڵکو دەبێت وەک ئەرشیفێکی هزرین بۆ داهاتوو پارێزگاری لێبکرێت. داڕشتن لێرەدا دەبێتە قەڵغانێک کە ڕەسەنایەتی بابەتەکە دەپارێزێت و ڕێگری دەکات لەوەی ماناکان لەژێر فشاری گۆڕانکارییە خێراکاندا بپووکێنەوە.
لە کۆتاییدا دەتوانین بڵێین، داڕشتنی نووسین و گرێچنی واتا، دوو ڕووی یەک دراون کە لە ناوەندی هزردا یەک دەگرنەوە. یەکەمیان شێواز و پێکهاتەی دەرەوەی دەقەکەیە و دووەمیان جەوهەر و ناوەرۆکی ناوەوەیەتی. هەر نووسەرێک بیەوێت شوێن پەنجەی لە ناو دنیای ڕۆشنبیری و ئەدەبیدا دیار بێت، دەبێت بەر لە هەر شێوازێک، کار لەسەر بەهێزکردنی بنەماکانی داڕشتن و توندوتۆڵکردنی گرێچنی بابەتەکانی بکات. زمانەکەی بپشکنێت و هەرچی وشەی نامۆ و دەربڕینی سستە لێی پاک بکاتەوە. تەنیا ئەو دەقانە لە مێژوودا دەمێننەوە کە لەسەر بنەمایەکی لۆژیکی و زمانەوانیی بێگەرد و پتەو بونیاد نراون. ئەمە ئەو ڕێگەیەیە کە نووسەر دەگەیەنێتە لوتکەی داهێنان و دەقەکەی دەکاتە ئاوێنەیەکی ڕاستگۆ بۆ نواندنی ڕاستییەکان و گەیاندنی پەیامە مرۆییە بەرزەکان بۆ خوێنەرانی ئێستا و نەوەکانی داهاتوو.

ستار ئەحمەد

Previous
Next