هەڵوەشاندنەوەی سیستمە تۆتالیتارەکان (شمولییەکان) لە نێوان هیشام مەتەر و ئیسماعیل کاداری.. و. لە عەرەبیەوە (یاسین لەتیف)
ئەدەبێک هەیە کە لەسەر دیکتاتۆریەت دەنووسێت وەک بابەتێکی سیاسی، پاشان چیرۆکەکە کۆتایی دێت. بەڵام ئەدەبێکی تر هەیە کە کارێکی دڵڕەقانەتر و کاریگەرییەکی قووڵتر دەکات؛ وادەکات خوێنەر بۆی دەربکەوێت کە دیکتاتۆریەت بە هێواشی خۆی دەخزێنێتە ناو زمان و یادەوەری، شێوازی سەیرکردنی دایکێک بۆ کوڕەکەی، شڵەژانی باوکێک لە کاتی قسەکردندا، و ئەو بێدەنگییەی کە پێش ڕستەیەکی ئاسایی لە ژوورێکی داخراودا دروست دەبێت. لەو جۆرەی دووەمی ئەدەبدا، دەتوانین لە دوو پێگەی جیاوازەوە، ئەزموونی ڕۆماننووسی لیبیی-بەریتانی “هیشام مەتەر” (لەدایکبووی ١٩٧٠) و ئەزموونی ڕۆماننووسی ئەلبانی “ئیسماعیل کاداری” (١٩٣٦-٢٠٢٤) دابنێین. هەردووکیان لە وڵاتێکەوە هاتوون کە لەژێر سێبەری سیستمێکی دەسەڵاتخوازیی درێژخایەندا ژیاون، هەردووکیان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ زانیویانە چۆن سیاسەت دەتوانێت سنوورەکانی دەوڵەت ببەزێنێت و ببێت بە بەشێک لە چارەنووسی کەسیی مرۆڤەکان. بەڵام ئەم لێکچوونەی نێوانیان بەو مانایە نییە کە تەواو وەک یەک بن، چونکە هەر یەکەیان ڕێگەی تایبەتی خۆی هەیە بۆ نزیکبوونەوە لەو “دڕندەیە” (مەبەست دیکتاتۆریەتە).
مەتەر لە ڕێگەی برینە کەسییەکان، ونبوون، یادەوەری، خێزانو خۆشەویستی و ئەو مەودایە پڕ لە ئازارەوە نزیک دەکەوێتەوە کە لە نێوان مرۆڤ و ئەو ژیانەدایە کە دەکرا هەبێت ئەگەر دەسەڵات دەستی نەخستبایە ناو چارەنووسی. لە کاتێکدا کاداری لە ڕێگەی ئەفسانە و مێژوو و گاڵتەجاڕی، هێما و تەمومژاوی (مەتەڵ)ەوە نزیکی دەکەوێتەوە. ،لێرەدا و بە وردی، هێزی ئەو جیاوازییە (موفارەقە) لە نێوانیاندا دەردەکەوێت؛ نەک لەبەر ئەوەی هەردووکیان هەمان شت دەڵێن، بەڵکو لەبەر ئەوەی هەریەکەیان لایەنێک لەو شتە ئاشکرا دەکات کە دەستخستنە سەری بەتەواوەتی ئەستەمە. مەتەر چاودێریی سیستمە تۆتالیتارەکە دەکات کاتێک دێتە ناو ماڵ، لەسەر مێزی نانخواردن دادەنیشێت و باوکەکە لەگەڵ خۆی دەبات، پاشان کوڕەکە بۆ چەندین ساڵ بەجێدەهێڵێت لە کاتێکدا هەوڵ دەدات تێبگات چۆن مرۆڤێک دەتوانێت ون ببێت، و چۆن “ونبوون” دەبێت بە ئامادەییەکی ڕۆژانە کە لە ئامادەیی زیندووەکان چڕتر و قورسترە. لە بەرانبەردا، کاداری چاودێریی دەکات کاتێک سیستمەکە دەبێتە کەشوهەوایەکی گشتی کە تەواوی وڵات دادەپۆشێت، تا ئەو ڕادەیەی جیاکردنەوەی نێوان دیوار و سێبەر دەبێتە کارێکی ئەستەم. لە ڕۆمانی ئەدەبیی ڕاستەقینەدا، دیکتاتۆریەت تەنها کەسایەتییەکی سیاسی نییە؛ بەڵکو
کەسایەتییەکی شاراوەیە، لەوانەیە هەر لەسەر لاپەڕەکانیشدا دەرنەکەوێت، بەڵام زۆر شت لە پشت پەردەوە دەجووڵێنێت، وادەکات خەڵک پێش ئەوەی وشەیەک دەرببڕن، هەزار جار بیری لێ بکەنەوە، وادەکات دۆستایەتی پڕ بێت لە گومان، خۆشەویستی بکەوێتە بەر لێکدانەوەی جۆراوجۆر، و یادەوەریش ببێت بە جێگەی تۆمەتبارکردن. لە سیستمە تۆتالیتارەکاندا، تەنها ئەوە بەس نییە کە تاک لە دەسەڵات بترسێت، بەڵکو داواکراوە فێری ئەوە ببێت کە چۆن لە خۆیشی بترسێت، لە یادەوەریی خۆی، و لەو ڕستەیەی کە خەریک بوو لە دەمی بێتە دەرەوە و قووتی دایەوە. ئەمە بە وردی ئەو خاڵەیە کە وادەکات ئەدەب توانای هەبێت دیکتاتۆریەت هەڵبوەشێنێتەوە بە شێوازێک کە ڕاپۆرتە سیاسییەکان ناتوانن ئەو کارە بکەن.
بەرهەمەکانی مەتەر خوێنەر دەخاتە بەردەم جیهانێکی مرۆیی کە لە ناخەوە شێوێندراوە. سیستمەکە هەمیشە وەک ئامێرێکی زەبەلاح دەرناکەوێت کە بە شەقامەکاندا دەگەڕێت، هەندێک جار لە پرسیارێکی بچووکدا، یان پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا، یان لە نیگای دایکێک و باوکێکی نیگەراندا دەردەکەوێت کە دەزانێت ڕستەیەک دەکرێت دەرەنجامێکی نەخوازراوی نەزانراوی هەبێت. مەتەر دەزانێت کە ستەمکاری هەمیشە پێویستی بەوە نییە دەنگی بەرز بکاتەوە، هەر ئەوەندە بەسە کە وای لێ بکات هەمووان بەو شێوەیە بجووڵێنەوە وەک ئەوەی گوێیەک هەبێت گوێیان لێ دەگرێت، و ئەو گوێیەش یەکێکە لە ڕۆحە ڕاوکراوەکانی جیهانی ڕۆمانەکەی . لەلای کاداریش، ئەم ترسە هەندێک جار ڕەهەندێکی بەرفراوانتر و سەیرتر وەردەگرێت. لە بەرهەمەکانیدا، دەوڵەت تەنها چاودێریی کردەوەکان ناکات، بەڵکو دەیەوێت دەست بۆ خەونەکانیش ببات. سەرەتا ئەم بیرۆکەیە بە خەیاڵ یان مەحاڵ دەردەکەوێت، بەڵام لە ڕاستیدا لە ڕووی هێمایییەوە زۆر واقیعییە؛ ئەگەر دەسەڵات بایەخ بەوە بدات کە لەناو مێشکی مرۆڤدا چی ڕوودەدات، پێش ئەوەی لە شەقامەکاندا ڕوو بدات، ئیدی چی بۆ مرۆڤ دەمێنێتەوە؟ لێرەدا تۆتالیتاریزم (شمولییەت) دەگاتە لووتکەی ئاواتەکانی؛ تەنها بە کۆنترۆڵکردنی جەستەی مرۆڤ ڕازی نابێت، بەڵکو دەیەوێت دەست بەسەر ئەگەرە ناوەکییەکانیشیدا بگرێت، دەیەوێت بزانێت مرۆڤ خەون بە چییەوە دەبینێت، چی لە خەیاڵدایە، لە چی دەترسێت و سبەی چی دەڵێت. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە دەسەڵات چیتر تەنها چاودێریی هاووڵاتی ناکات، بەڵکو دەیەوێت داگیری بکات. مەتەر خوێنەر بیر دەخاتەوە کە مێژووی سیاسی لەناو جەستەی کەسانی دیاریکراودا دەژێت. هیچ ڕستەیەک هێندەی ئەم ڕستەیە هێزی دەسەڵات کورت ناکاتەوە کاتێک کەسێک دەڵێت: ((باوکم ون بوو)). لە ئەزموونی “مەتەر”دا، لەدەستدانی باوک تەنها ڕووداوێکی سیاسی نییە، بەڵکو بۆشایەکە ژیانێکی تەواو دووبارە دادەڕێژێتەوە. پرسیارەکانی مەتەر تەنها سیاسی نین، بەڵکو پرسیاری بوونگەرایین، هەر بۆیە دەگەنە دەستی خوێنەر، تەنانەت ئەگەر لیبییش نەبێت و لەژێر سێبەری ڕژێمێکی تۆتالیتاریشدا نەژیا بێت؛ چونکە لەدەستدانی باوک،ترس و چاوەڕوانی و نادیاری، هەموویان ئەزموونی مرۆیین کە سنوورەکان تێدەپەڕێنن. ئەدەب لای مەتەر دەبێتە جۆرێک لە بەرگری دژ بە سڕینەوە.
دەسەڵات دەتوانێت مرۆڤێک بشارێتەوە، بەڵام بە ئاسانی ناتوانێت ڕێگری لە کوڕەکەی بکات لە گێڕانەوەی چیرۆکەکەی. ئەگەر مەتەر لە ناوەوەی برینە کەسییەکەیەوە لەسەر دەسەڵات بنووسێت، ئەوا کادارێ لە ناو مەتەڵۆکە (تاسە)کەیەوە دەینووسێت. لە جیهانی ڕۆمانەکانیدا، دەوڵەت دەکرێت ئاڵۆز و بێمانا و زەبەلاح و هاوکات ترسناک بێت. لەوانەیە نەزانیت بە دیاریکراوی دەسەڵات لە کوێوە دەست پێدەکات و لە کوێ کۆتایی دێت، کێ بڕیار دەدات، کێ چاودێری دەکات، کێ هەواڵەکە دەگوازێتەوە، یان کێ تۆمەتەکەی دروست کردووە؛ ئەم تەمومژاوییەش لاوازییەک نییە لە ڕۆمانەکەدا، بەڵکو بەشێکە لە سروشتی ئەو سیستەمەی باسی دەکات. ڕژێمە تۆتالیتارییە دڕندەکان پێویست ناکات بەتەواوی تێگەیشتنیان لێ بکرێت بۆ ئەوەی کاریگەر بن، بەڵکو لەوانەیە غەمگینی و نادیارییان بەشێک بێت لە هێزەکەیان. ئەگەر هاووڵاتی بە وردی بزانێت چی قەدەغەیە، لەوانەیە بتوانێت سنووری قەدەغەکراوەکان بدۆزێتەوە، بەڵام ئەگەر سنوورەکان جووڵاو بن، و ئەگەر بوار هەبێت وشەیەکی بێتاوان بەپێی ساتەوەختە سیاسییەکان ببێتە تاوان، ئەوا مرۆڤ خۆی دەست دەکات بە چاودێریکردنی خۆی. لێرەدا ترس دەبێتە ئامرازێکی کاریگەرتر. کادارێ لە دروستکردنی ئەو ناوچە خۆڵەمێشییانەدا بەهرەمەندە، ئەو سۆفیزم (سەیر و سەمەرە)، ئەفسانە، دژبێژی و مێژوو بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەی بێمانایی دەسەڵات لە ناوەڕۆکەوە ئاشکرا بکات. لەبری ئەوەی خوێنەر هەمیشە بخاتە بەردەم دیمەنێکی ڕاستەوخۆی سەرکوتکاری، دەیباتە ناو دامەزراوەیەکی بیرۆکراتی، یان شارێکی کۆن، یان ڕووداوێکی مێژوویی، پاشان وای لێ دەکات تێبگات ئەوەی وای دەزانی لێیەوە دوورە، لە ڕاستیدا زۆر لێی نزیکە. ئەو هاوار بە ڕووی دەسەڵاتدا ناکات، بەڵکو هەندێک جار پێدەکەنێت، ئەم زەردەخەنەیەش لەوەی دەردەکەوێت مەترسیدارترە، چونکە گاڵتەجاڕی (سەیر و سەمەرە) شکۆ و هەیبەت لە دیکتاتۆر دەستێنێتەوە.
دەسەڵاتی تۆتالیتاری دەیەوێت وەک چارەنووسێکی بێ گفتوگۆ دەربکەوێت، دەیەوێت وەک زەبەلاح و نەمر دەربکەوێت کە جیهان بەبێ ئەو ناتوانێت بوونی هەبێت، بەڵام ڕۆماننووس کارێکی سادە و وێرانکەر دەکات؛ دەسەڵات دەکاتە کەرەستەیەک بۆ گاڵتەجاڕی، لەناکاو زەبەلاحەکە دەبێتە کاریکاتێرێک، و ئەو زۆردارەی دەیویست بە ئەفسانەیی دەربکەوێت، دەبێتە کەسایەتییەکی مرۆیی کە دەکرێت ببینرێت، ڕەخنەی لێ بگیرێت و لێک هەڵبوەشێنرێتەوە. لەوانەیە جیاوازیی نێوان مەتەر و کادارێ لە ڕووی شێوازەوە گەورە دەربکەوێت؛ یەکەمیان زیاتر بەرەو هەستیاریی دانپێدانان، وردەکارییە تایبەتییەکان، و پەیوەندیی نێوان یادەوەری و خێزان دەچێت، دووەمیان زیاتر بەرەو بونیادنانی هێمایی، دژبێژیی مێژوویی و جیهانێک دەچێت کە هەندێک جار وا دەردەکەوێت لە خەونێکی قورس یان کابووسێکی بیرۆکراتییەوە هاتبنەدەر.
بەڵام لە پشت ئەم جیاوازییەوە، بیرۆکەیەکی هاوبەش هەیە: دەسەڵات تەنها کاتێک سەرکەوتوو نابێت کە مرۆڤ لە قسەکردن بێبەش بکات، بەڵکو کاتێک سەرکەوتوو دەبێت کە مرۆڤ ناچار بکات نەزانێت ئایا هەر لە بنەڕەتدا مافی ئەوەی هەیە قسە بکات یان نا. لە جیهانی ئەدەبیی مەتەر و کادارێدا، بێدەنگی بۆشایی نییە، بەڵکو زمانە.،لەوانەیە پیاوێک شتێک بڵێت، بەڵام ئەوەی نەیوتووە گرنگترە، لەوانەیە باوکێک باسی کەشوهەوا بکات لە کاتێکدا بیری لە شتێکی تر دەکاتەوە، دایکێک لەوانەیە لەسەر مێزی نانخواردن دابنیشێت، بەڵام جەستەی گوێ لە دەنگێکی دەرەوەی ماڵە، دوو هاوڕێش لەوانەیە یەکتر ببینن، بەڵام هەردووکیان دەزانن کە هەندێک بابەت نابێت بکرێنەوە. سیستەمی تۆتالیتاری وادەکات مرۆڤ بە دوو چین قسە بکات؛ چینێکی ڕووکەش کە دەگاتە بەرگوێی ئەوانی تر، و چینێکی ناوەکی کە بۆ خۆی هەڵی دەگرێت. لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا، لەوانەیە چینە ڕووکەشەکە لە چینە ناوەکییەکە بەهێزتر ببێت. لێرەدا کارەساتەکە ڕوودەدات، چونکە مرۆڤ دەست دەکات بە لەبەرکردنی ڕۆڵی چاودێر. ئیتر پێویستی بە پۆلیسێک لە بەردەرگا نامێنێت، پۆلیسەکە دەبێتە دانیشتووی ناو مێشک. ئەم بیرۆکەیە بەهێزییەوە لەو ئەدەبەدا ئامادەیی هەیە کە لەسەر ستەمکاری دەنووسرێت، و یەکێکە لە گرنگترین ئەو خاڵانەی کە وادەکات ڕۆمانەکانی مەتەر و کادارێ لە چیرۆکی سیاسیی ڕاستەوخۆ تێپەڕن. هەردووکیان، بە ڕێگەی جیاواز، ئەم پرسیارە دەکەن:
((سیستەم چی بە مرۆڤ دەکات دوای ئەوەی سەرکەوتوو دەبێت لەوەی وای لێ بکات چاودێریی خۆی بکات؟)). لەوانەیە گرنگترین چەک کە مەتەر بەدەستیەوە بێت، یادەوەری بێت. دەسەڵات لەوانەیە مێژووە فەرمییەکەی خۆی بنووسێتەوە، بەڵام ناتوانێت بە ئاسانی کۆنترۆڵی یادەوەریی تاکەکەس بکات، هەر بۆیە بیرکەوتنەوە دەبێتە کردەیەکی سیاسی، تەنانەت لەو ساتەشدا کە سەرەتا وەک کردەیەکی سیاسی سەیر ناکرێت. کاتێک کوڕێک باوکی بیر دەکەوێتەوە، ئەو تەنها کەسێکی غائیب زیندوو ناکاتەوە، بەڵکو وەشانێکی مێژوو زیندوو دەکاتەوە کە دەسەڵات هەوڵی داوە بینێژێت. لێرەدا گێڕانەوە دەبێتە بەرگری و ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ڕژێمانەی کە پشت بە سڕینەوە دەبەستن، چونکە سەرکوتکردن تەنها جەستەکان ناکوژێت، بەڵکو هەندێک جار هەوڵی کوشتنی شوێنەواریش دەدات و دەیەوێت قوربانییەکە بێ چیرۆک و بێ ناو و بێ وێنە بکات.کادارێ بە شێوازێکی جیاواز مامەڵە لەگەڵ یادەوەری دەکات، چونکە دەگەڕێتەوە بۆ مێژوو و ئەفسانە و ڕابردووی ئەلبانی، نەک بۆ ڕاکردن لە ئێستا، بەڵکو بۆ ئاشکراکردنی ئەوەی کە چۆن سەرکوتکاری دووبارە دەبێتەوە و چۆن شێوازەکانی دەگۆڕێن. مێژوو لای ئەو مۆزەخانەیەکی داخراو نییە، بەڵکو ئاوێنەیەکی شکاوە بۆ ئێستا.
لێرەدا هەردوو نووسەرەکە یەکتر دەگرنەوە؛ ڕابردوو بە تەواوی لە پشتمانەوە نییە، بەڵکو لەو شێوازەدا دەژی کە ئێمە خۆمانمانی بیر دەکەوێتەوە، نیشتمانیش دەبێتە شوێنێک کە لە یەک کاتدا هەم خۆشەویستە و هەم ترسناک. دیکتاتۆرییەتەکان هەوڵ دەدەن خەڵک قایل بکەن بەوەی کە دەوڵەت لەگەڵ ئەواندا دەستی پێکردووە، مێژووی ڕاستەقینەش لە ساتەوەختی هاتنی ئەوانەوە دەست پێدەکات، و ئەوەی پێش ئەوانیش تەنها ئاژاوە بووە، ئەوەی دوای ئەوانیش مەحاڵە. بەڵام ئەدەب پێچەوانەکەی دەکات؛ دەڵێت: وڵات لە زۆردار کۆنترە، خەڵک لە ڕژێم کۆنترە، زمان لە دروشمەکان کۆنترە، و یادەوەریش لە تەمەنی دەسەڵات درێژترە. یەکێک لە مەترسیدارترین کارەکانی ڕژێمە تۆتالیتارییەکان ئەوەیە تەنها بەڕێوەبردنی واقیع بەس نییە بۆیان، بەڵکو هەوڵی بەڕێوەبردنی ئەو زمانەش دەدەن کە واقیع وەسف دەکات. ئاوا سەرکوتکاری بە “سەقامگیری” ناودەبەن، ترس بە “هۆشیاری”، بێدەنگی بە “ڕێکپۆشی”، ونبوون بە “ڕێکار”، و گوێڕایەڵی بە “نیشتمانپەروەری”. لێرەدا ئەرکی ئەدەب زۆر مەترسیدار دەبێت، چونکە ڕۆماننووس شتەکان بۆ ناوە ڕاستەقینەکانی خۆیان دەگەڕێنێتەوە؛ ترس دەبێتەوە ترس، غیاب دەبێتەوە غیاب، زیندان دەبێتەوە زیندان، لەدەستدان دەبێتەوە لەدەستدان، و مرۆڤیش دەبێتەوە مرۆڤ. بەم واتایە، ڕۆمان دەسەڵات هەڵدەوەشێنێتەوە، نەک تەنها لە ڕێگەی بابەتەکەوە، بەڵکو لە ڕێگەی خودی زمانەکەوە. کاتێک مەتەر چاوەڕوانیی کەسێک بۆ باوکی وەسف دەکات، پێویست ناکات پێمان بڵێت کە دەستبەسەرکردنی سیاسی تاوانێکە دژ بە مرۆڤ، ئێمە ئەوە لە خودی چاوەڕوانییەکەدا تێدەگەین. وە کاتێکیش کادارێ دەزگایەکی بیرۆکراتی وێنا دەکات کە خەونەکان دەخوات، پێویست ناکات دەلاپەڕە لەسەر سروشتی ڕژێمی تۆتالیتاری بنووسێت، بیرۆکەکە گەیشتووە.
ڕۆمان دروشم نادات، بەڵکو ژیان دەبەخشێت. ئەم ژیانەش وادەکات پێویستی بە دروشم کەمتر بێت. سیاسەت دەڵێت: ((هەزاران دەستبەسەرکراو هەن)). بەڵام ڕۆمان دەڵێت: ((ئەم پیاوە کوڕێکی هەبوو، بۆنی لە ماڵەکەدا مابوو، خووی تایبەتی خۆی هەبوو، ئافرەتێک هەبوو چاوەڕێی دەکرد، و منداڵێک هەبوو تێنەدەگەیشت بۆچی نەگەڕایەوە)). لێرەدا ژمارە دەبێتە مرۆڤ، و ئەمەش یەکێکە لە مەزنترین ئەرکەکانی ئەدەب.لەوانەیە مەتەر زیاتر پابەند بێت بە واقیعی ڕاستەوخۆوە، لەکاتێکدا کادارێ زۆرجار بەرەو شتی سەیروسەمەرە، ئەفسانەیی و سوریالی دەچێت. بەڵام ئەم سەیرو سەمەرەییەی لای کادارێ، ڕاکردن نییە لە واقیع، بەڵکو هەندێک جار تەنها ڕێگەیە بۆ ئەوەی بە ڕوونی لە واقیع تێبگەین.
انفاس نت – ١٩ ئەیلول/ ٢٠٢٦

