Skip to Content

شەقامی بێنەوا … جەلال عەبدوڵا ساڵح

شەقامی بێنەوا … جەلال عەبدوڵا ساڵح

Closed
by كانونی دووه‌م 5, 2018 General, Poems

هەموو سەرقاڵین بە ژیانەوە

بۆیاخچییەک

سەرقاڵە بە کێشەی ڕەنگی بۆیەوە

ئافرەتێک

بەتامی شەرابی بیرەوەرییەوە

سۆزانییەک

بە چێژی پیاوێکی بەتەمەنەوە

باڵندەیەک

بە کوشتنی کرمی سپی دەریاوە

منیش سەرقاڵم

بە پێوانی گیای وشکی ژیانەوە

بزانم کەی دەگەمە سنووری سەوزبوون؟

بە ڕاکێشانی هێزی تەورەوە

تا لە فەلسەفەی بڕینەوە بگەم

من وام

گەر مرۆڤ نەبوومایە

وانەدەبووم

زۆر جار

پەتای دڵەڕاوکێ

دەکەمە میزڵدانی خەیاڵەوە

پڕی دەکەم لەفووی داڵغە

لەم گۆشەی مەزهەبەوە

بەدوایدا ڕادەکەم

بۆ ئەو سووچی کۆمۆنستی

لەم بەرەبەیانی ڕۆژهەڵاتی جەنگەوە

بۆ ئەوبەری خۆرئاوای

ئەورووپای ئاشتی خواز

لە گیرفانی بەتاڵی بێنەوایەکەوە

بۆ بەردەم قاسەی بۆرژوایەک

لە گەڕەکی مەخسەرەی ژیانەوە

بۆ ماڵی شایی مەرگ

من وام

ئەگەر مرۆڤ نەبوومایە

وام نەدەبووم

من زۆر جار

فێی شەراب دەمگرێ

نووقوورچ لە بەرسیلەی هاوین دەگرم

قژی ڕەزی پایز ڕادەکێشم

وەک مێروولەی کوێر

شەیدای بۆنی گوڵی گەنمم

نە ڕەشەبا دەبینم

نە نیشتمانی خۆڵم

من فێی پێچەوانە دەمگرێ

بە تیرۆکی تەنیایی

پشتی تاوەی شەو دەشێلم

بە هەویری هەینی

مقاشی شەممە دەگرم

خوێی مەراق

دەکەمە ناو چایی شایی

سەری پەپوولەی نامۆی ئەدۆزم

بە دەستی چەم

گەرای بۆق دەژمێرم

من وام

گەر مرۆڤ نەبوومایە

وانەدەبووم

لە شەوێکدا کە تۆ گۆرانی بۆ دراو دەڵێی

من شەقامی بێنەواکان دەپیووم

من بوخچەی عەسر دەکەمەوە

پڕە لە جلی خوێناوی ئێوارە

تا دیواری پارە هەبێ

لەیەک ناگەین

گوێم لێیە کارێکارەکان

سروودی کۆمۆنە دەڵێنەوە

سبەی ئاشتی

ژیان لەباوەش دە

من بەدیار گۆشتی سووتاوی جەنگەوە

دەبێت بگریم بەلای

خۆلەمێشی تەمەنی خۆمەوە

من لەبەردەم ئاوێنەی شکاوی ڕۆژگارا

لە خوێنی دووپشکی بریندار

لە کراسی پشکۆ

لە کێردی دوای شەڕ دەچم

من کراسی باران لەبەردەکەم

سەرلەماڵی گڕ ئەدەم

خۆڵ دەکەمە دەمی گۆڕەوە

تا برسی نەبێ

من وام

ئەگەر مرۆڤ نەبوومایە

وانەدەبووم

من هەزار جار بە دەستی هەفتە

قۆپچەی کراسی هەینیم

سەربەرەوخوار داخستووە

من هەزارجار تاکەوتاک

کالەی عەسرم لەپێکردووە

وورتە وورت

گۆرانیم بۆ قیتاری شکاوی سەفەر وتووە

من هەزارجار بەدەم ڕێگاوە

لەگەڵ ئێوارەدا

کرتە کرت

نینۆکی چارەنووسم قرتاندووە

من وام

گەر مرۆڤ نەبوومایە

وانەدەبووم

ژیان سەرقاڵە بەهەموومانەوە

مارکسییەک

وانەی سەرمایە لەبەردەکات

لینینییەک

تەڵەی سەرمایەداری دەوڵەتی دادەژێژێت

ستالینییەک

تابووتی مێژوو ڕەنگ دەکات

ئیخوانییەک

بێشکەی (بەنا) ڕادەژەنێت

عەشیرەتی

قوبادی جەلال ئابادی

نیشتمانی هەنگەکان دەفرۆشێت

باڵندەیەک

بیر لە ئاسمانێکی نوێ دەکاتەوە بڕفێت

منیش سەرقاڵم

بەژماردنی تەنافی خەیاڵ و

بۆنکردنی کراسی بارانەوە

بە تامکردنی خۆڵی گۆڕ و

چاککردنی پەنجەرەی شکاوی ژیانەوە

من وام

گەر مرۆڤ نەبوومایە

وانەدەبووم

من هەزارجار وڕێنەی شێتانەم کردووە

لەگەڵ کچێکی مەکسیکی

لە واشنگتۆن

لە چیشتخانەیەکی لووبنانی

باسی تۆم بۆ دەکردووە

من هەندێک جار

پەتای هێڵنجی جەنگ گرتوومی

ڕشاومەتەوە بەسەر تەنافی عومری خۆمدا

ماڵی ژیان و

خاکی مێژووی خۆم پیس کردووە

من گێژم بە کارەساتی شەڕ و

تاعوونی تەمەن و

ژەهری دراو

من وڕم بە دڵەڕاوکێی مردن و

مۆتەکەی ژیان

ئەمەیە چارەنووسی من

گەر مرۆڤ نەبوومایە

وانەدەبووم

من زۆر جار

فێی ڕۆژگار دەمگرێ

بە تیرۆکی خەیاڵ

پشتی تاوەی شەو دەشێلم

بە هەویری بەیانی

مقاشی ئێوارە دەگرم

خوێی شیرین

دەکەمە ناو چایی سوێرەوە

بە دەستی بای داڵغە

سەری پەپوولەی

دڵەڕاوکێ ئەدۆزم

گەنمی هاوینی تەمەن

دەبەم بۆ گارگەی هاڕین

گوڵی وشەی خەیاڵ

دەخەمە تەنووری شیعرەوە

بە قەڵەمی هۆنراوە

سەرسنگی با ڕەنگ دەکەم

من وام

ئەگەر مرۆڤ نەبوومایە

وام نەدەبووم
….

مرۆڤ بوونم

هۆشمەندییەکی گەوجانە بوو

ئەمە لە فەلسەفەی ئاوەوە فێربووم

لە قالۆنچەوە فێر بووم

چۆن بە سمێڵ

لە بۆن بگەم؟

من مرۆڤم

گەر مرۆڤ نەبوومایە

وانەدەبووم

من ساڵێ لە حووجرەی

ڕۆمان نووسێکی* کوردا بوومە فەقێ

خودای وشەم بینی هەزار سەربوو

فێڵی ڕاوم بینی هەزار قاچ بوو

درۆی سیاسەتم بینی هەزار گوێ بوو

کوڕنووشی پارەم بینی لەسەر کورسی سەرۆک

بزەی ژیانم ناسی لە باوەشی برین

بە گۆرانی باخ گەیشتم لەسەر تەرمی گوڵ

هەرچیم کرد

لە نووسەرەکەی نەگەیشتم

من هەزار زستان

سەرمناوە بە دڵی تەرزەوە

نە لە نهێنی ئاو گەیشتووم

نە باران

من هەزار جار چاوم لێبووە

گەڵا فێڵی لە لق کردووە

بۆق چەمی ڕاوناوە

کرمی ماچکردووە

مێشوولەی لاواندووە

من هەزار جار چاوم لێبووە

تەرزە

خوێ و شەکری

لەناو مەنجەڵی ئاودا کوتاوە

پێست برینی گووشیووە

چەقۆی ماچ کردووە

من وام

گەر مرۆڤ نەبوومایە

وانەدەبووم

من وام

من هەزارجار

بازم داوە بەسەر پشتی ڕەشەبادا

من هەزارجار لە کۆتەرەی بەڵا هەڵکەوتووم

من هەزار جار حەوزی سپیم

پڕکردووە لە قەوزەی ڕەش

لە موورووی مانگی خەیاڵ

لە هێلکەی بۆقی مەراق

لە کرمی ماسی تەنیایی

لە گرێی گەڵای بێزاری

من هەزارجار

لەبەرچاوی باخ دا

کراسی بارانم دادڕیووە

من هەزارجار

بەبۆق پێکەنیووم کاتێک

بۆ خەیاڵی لەزەتێکی چەند خوولەکی

شەوی پڕکردووە لەگۆرانی

من وام

ئەگەر مرۆڤ نەبوومایە

وانەدەبووم

من چی لە چەمی شیعر بکەم؟

کاتێک گوڵی تۆی لانەبێ

من بۆ چەپڵە بۆ بارانی خەیاڵ لێدەم؟

کەلەحەوشەی تۆ نەبارێ

جگە لە گریانی تۆ

بە هیچ شتێک دڵم خۆشنابێ

بەجێم مەهێڵە

ئەی یاقووتی بنی دەریا

ئەترسم ساڵی نوێ

تامی ماچی تۆی لانەبێ

من لە ماڵی شەو

دەهەزارجار

شیعر و وشەم ئاشتکردۆتەوە

هیچم دەست نەکەوت

من دەهەزارجار

گرێیی تەنافم

لە مشتی بادا کردۆتەوە

لە هیچ نەگەیشتووم

من وام

گەر مرۆڤ نەبوومایە

وانەدەبووم

ڕێکەوتی ژانی ژیان

مەنجەڵێکی قوپاو بوو

شەوێکی شێتی

هەزار و نۆسەد و پەنجاو شەش

کێشای بەسەرمدا

خۆزگە ئەشەوە

سیسرکێکی گەنم ڕەنگ بوومایە

تا دەمردم گۆرانیم

بۆ تەنافی پچڕاوی شەو بووتایە

تەنها کێشەم گرێدانی لیکی پچراو بووایە

نە جەنگی سەرمایەداریم بناسییایە

نە ئاڵای ئاشتی پڕۆلیتاریا

ساڵی نوێ لە دەرگا ئەدا

منیش سەرقاڵی بیرکردنەوەم

لەپەتای قالۆنچەیەکی ئاوس

من شیعرێکی هەزار سەرم

بەلەتێ چاو

درزی دیواری هەور

پەردەی ژووری باران

خوێنی سپی بەفر دەبینم

من گەڵایەکی سەرشکاوم

خوێنی ڕژاوم وا لەماڵی با

من ڕەنگی تەمێکی وەنەوشەییم

لە پشت سەری تاقی ئاوەوەم

من خەیاتێکی دۆڕاوی ژیانم

ئەوەتەی هەم

تەقەڵ لە پشتی دوورین ئەدەم

ڕاسیبم

من ژەهری ژێر دانی

نەهەنگکی پیرم

تا ئاو هەبێ دەژیم

من لەساڵی ڕابردوو

دەهەزار تەرمی برینم ناشت

دەرزەنێ گۆڕم هەڵدایەوە

بۆ تەرمی خۆم

من وام

گەر مرۆڤ نەبوومایە

وانەدەبووم

جەلال عەبدوڵا ساڵح

Previous
Next
Kurdish