Skip to Content

جمهوری ئیسلامی ئێران بە چی دەناسرێتەوە..؟! … موزەفەر عەبدوڵا

جمهوری ئیسلامی ئێران بە چی دەناسرێتەوە..؟! … موزەفەر عەبدوڵا

Closed
by ئازار 18, 2018 General

لە چەند ڕۆژی ڕابردودا ڕوداوی تیرۆری قادر قادری، کە یەکێک لە سەرکردە سیاسی و سەربازییە دیارەکانی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بوو، لە ناوچەی پشدەر بوە هەواڵێکی بەرچاوی میدیاکان و پرسو ڕای گشتی .
بە پێی هەواڵەکان قادری لەسەر ڕێگای بێتوێن تەقەی لێکراوەو لە ماشینەکەیدا بە کوژروای دۆزراوەتەوە. دژی ئەم تاوانەش وێرای ئیدانەکردنی یەکسەریش پەنجەی تاوان لە لایەن حزبی دیموکرات و رای گشتی ئازادیخوازیەوە بۆ ڕژێمی ئیسلامی ئێران درێژکراوەو گومانیش لەوەدانییە.

دیارە ئەمە نە یەکەم تاوانی ئیرهابە کە ئەم ڕژێمە ئەنجامی دەدات لە کوردستانی عێراق زۆر شوێنی دونیا نە دوا تاوانیشە .
جا ئەم هەواڵی تاوانی ئیرهابە هاوکاتە لەگەڵ هەواڵی بڵاوبونەوەی ڕاپۆرتی لیستی ئیعدامی زیاتر لە ٥٠٠ کەس لە لایەن ئەو ڕژێمەوە لەمساڵدا. ئەمەش بووە مایەی سەرکۆنەکردن و ڕیسوا کردنی ڕژێم لە لایەن ڕای ئازادیخوازی و پارێزەرانی مافی مرۆڤ لە ئاستی دونیادا.

لەمبارەیەوە پێویستە لە وەڵام بە پرسیارەکەمان زیاتر ئەوە ڕونبکەینەوە کە چۆن ئەم ڕژێمە بە ئیرهاب و ئیعدام دەناسرێت و لە پاڵ دەیان شێوازی تری توندوتیژی و سەرکوت.
تا ئەو جێگایەی دەگەڕێتەوە بە دیاردەی ئیرهابەکەیەوە ئەوەیە وەک وتمان کە تیرۆری قادر قادری نە یەکەم تیرۆرەو نە دوا تیرۆریشە. بەڵکو لەماوەی ٢-٣ دەیەدا تەنها لەو حزبەی قادر چەندین سەرکردەی گەورەیان لێ تیرۆر کراوە. لەوانەو لەسەرو هەمویانەوە عبدالرحمانی قاسملوو دوو هاوڕێی تری بون لە نەمسا لە کۆتایی هەشتاکان . پاشان شەرەفکەندی و زۆر ئەندامو کادری تریان. بەتایبەتی لە شارەکانی کوردستان عیراق و لەسایەی دەسەڵاتی میلیشایی هەردوو حزبی هاوپەیمانی حزبی دیموکرات. تاوانی هێرش و کوشتنی بە کۆمەڵیان لە نیوەی نەوەدەکان لە کۆیە بە یەکێکی تر لە تاوانە ئاشکراکانی ڕژێمی ئیسلامی دادەنرێت کە بە هێزێکی سەربازی زۆرەوە هاتبونە سەر بنکەو بارەگاکانیان و زۆریان لێکوشتن.
ئەمە جگە لە تیرۆری سەدان کەسی هەڵسوڕاوی سیاسی تری لە لایەنە ئۆپۆزیسیۆنە چەکدارو بێ چەکەکانی تری کوردستانی ئێران و لایەنەکانی تر، بە تایبەت لە ڕیزەکانی کۆمەڵەو حزبی کۆمۆنیست.

جا کاتێك لەم ڕوەوە لەم ڕژێمە بڕوانی بۆمان دەردەکەوێت کە چۆن ئیرهاب بۆتە تایبەتمەندیو ئامرازێکی کاراو کاریگەر بۆ کوشتن و ترساندنی نەیارەکانی و مانەوەی دەسەڵاتە سەرکوتگەرەکەی. وە ئەم تایبەتمەندی و ئامرازە تەواوکەری هەموو تایبەتمەندی و ئامرازەکانی تری سەرکوتە بۆ مانەوەی نزیک بە ٤٠ ساڵ لە دەسەڵاتە خوێناوییەکەی.
تایبەتمەندی یەکی تری ئەو ڕژێمە بریتی یە لە ئیعدام – سیدارە- کە ئامرازو کۆڵەگەیەکی کاراو کاریگەری تری دەستی ئەم ڕژێمەیە بۆ لەناوبردنی فەرمی و ئاشکرای هەموو نەیارە گەورەو بچوکە سیاسی یەکانی. هەڵبەت بەشی زۆری ئەوانەی کە ئیعدامیان دەکات تۆمەتی جۆراجۆریشیان بۆ هەڵدەبەستێت. تەنانەت ئەگەر ئەو کەسانە لە خوار تەمەنی ١٦ ساڵیشەوە بن ئەوە هەر ئیعدامی کردون جا بە ئاشکرا بێت یان تەمەنیانی بردبێتەوە سەرەوە بۆ ئەوەی زیاتر ڕیسوا نەبێت.

بە پێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران و ووڵاتی ترو ڕێکخراوە نێو دەوڵەتی یەکان، لەوانە ڕێکخراوی لێبوردنی نێو دەوڵەتی و چاودێری مافی مرۆڤی ئەمریکی و لێژنەی پاراستنی مافی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتوەکان، تەنها لەمساڵدا وەک وتمان نزیک بە ٥٢٠ کەسی ئیعدام کردوە بە ئاشکرا. ئەمە جگە لەوەی سەدانی تری لە ژێر ئەشکەنجەدا کوشتووە. بەپێی ڕاپۆرتەکان لە ناڕەزایەتی یەکانی ئەم چەند مانگەی پێشودا، کە تا ئێستاش بە شێوازی جۆراوجۆر درێژەی هەیە، زیاتر لە ٥ هەزار کەسی لە ژنان و پیاوان، کە زۆریان لاوانن، دەسگیرو زیندانی کردوە. زۆربەیانی ئەشکەنجەی سەخت داون. تەنانەت لاقەیان کردون، بە تایبەتی لاقەی ژنان. وە لە نێویاندا خۆکوژیان کردوە چ لە زیندان چ دوای هاتنە دەرەوەیان . بێگومان ئەمەش خۆی لە خۆیدا بە گەورەترین تاوانی دژی مرۆڤایەتی دادەنرێت.
وە لەم ٥هەزار کەسە سەدانیان لە ژێر ئەشکەنجە مردون و دەیانیش لە ڕیزی ئەو لیستی لەسێدارانەدان.

ئەمە تەنها لیستی ئیعدامی ئەمساڵەو بەس. خۆ ئەگەر چاوێک بخشینێن بە لیستی نزیک بە چل ساڵی دەسەڵاتیدا ئەوە بەپێی ئامارە فەرمییەکانی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ زیاتر لە ١٥٠ هەزار کەسی ئیعدام کردوە. وە لەنێو ئەو ئیعدامانە ئیعدامی بە کۆمەڵی ژنان و پیاوانی کۆمۆنیست و چەپ لە تاران و شارەکانی تری ئێران و ناوچەکانی کوردستان، بەتایبەتی شاری سنە، لە نیوەی یەکەمی هاشتاکان کاتێک دەیویست دەسەڵاتی سەرکوتگەری جێگیر بکات لە دونیادا ئەو تاوانانە دەنگی دایەوە.
ئەم تایبەتمەندی یەش ئەوەمان بۆ ڕوون دەکاتەوەو پێمان دەڵێت کە ئەم ڕژێمە هەر وەک هەمو ڕژێمە ئیسلامیو قەومی یە فاشیەکانی تر کە بە زۆری لەم ووڵاتانە فەرمانڕەوان ناتوانن یەک ڕۆژیش لە دەسەڵاتدا بن ئەگەر دەسهەڵگرن لە ئیرهابو ئیعدام.

ئیرهاب و ئیعدام بۆیان لوتکەی سەرکوتگەری و هەر توندوتیژییەکەو درێژکراوەی شێوازەو ئامرازەکانی تری بەرێوەبردن و سەپاندنی دەسەلاتەکەیانە.
ئەوەش بڵێین کە ئەم دوو تایبەتمەندییە بۆتە ئەزمونێکی گەورە بۆ زۆرێک لە دەسەڵات و ڕژێمەکانی ناوچەکەو تاقمە ئیسلامی یەکانی تر کە لەدەسەلاتیشدا نەبن.
هەر بۆ نمونە تیرۆریزمی ئیسلامی باڵی سوننەگەرا لە زۆر وڵات بەهۆی ئەم ڕژێمەوە زیاتر گەشەی کردو ئەزمون و کەڵکی زۆری لە شێوازی ئیرهاب و ئیعدامی ئەو وەرگرت.
ئەم تایبەتمەندی و ئامرازە درێژکراوەی سیستماتیکی چەوسانەوەی هەمەلایەنەی ئابوری و ئایدیۆلۆژی ، سیاسی ،ئ ابوری، کۆمەڵایەتی وفەرهەنگی لەسەر هەمو کۆمەڵگا، بە تایبەتی ژنان، کرێکاران، لاوان، هەڵسوڕاوان و ڕابەرانی ناو جوڵانەوەکەیان و ناڕەزایەتی یەکانیان.

زۆرن ئەو ڕابەرە کرێکاریانەی، بە تایبەتی چەپ و کومونیستەکان، کە بەردەوام پێیەکیان لە زینداندان، وتەنانەت زۆریان لە ژێر ئەشکەنجە مردون یان ئیعدام و تیرۆر کراون لە شوێنی کارو ژیانیان.

هەروەها لەناو بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان تا ئێستا دەیان و سەدان لە هەڵسوڕاوان و ڕابەرانیان دەسگیرو زیندانی و ئیغتیساب کراون. هەر ئەو تایبەتمەندیەی ئیرهاب و ئیعدامەش وایکردوە کە زۆریان ئێران بەجێ بێڵن و لە وڵاتانی تر ببنە پەنابەر. بەڵام لەو وڵاتانەش ژیانیان لە مەترسی ئیرهابدان وەک قادر قادری.
هەڵبەت ئەم دوو تایبەتمەندی یە لە پاڵ دەیان و سەدان دیاردەی تری وەک کاتی کارکردنی زۆرو موچەو کرێی کەم. یاخود چەند مانگ موچە نەدان و کرێ نەدان . ڕێژەی بەرزی بێکاری هەژاری و نەداری و بێخانەو لانەیی و بێ خزمەتگوزاری و جیاوازی ڕەگەزی و دینی و تایەفی، بە تایبەتی جیاوازیکاری نێوان ژن و پیاو، کە بۆتە سیمایەکی تری ناسینەوەی ڕژێمی ئیسلامی دژە ژن …هتد.

بەڵام لەنێو هەمو ئەو دیاردانەدا، وەک ئاماژەمان پێدا، دیاردەو تایبەتمەندنییەکەی لە ئیرهاب و ئیعدام، ئیتر ئەو دوانە بە لوتکەی سەرکوت و توندوتیژی دەسەڵاتە پڕ لە تاوانەکەی دادەنرێت. خۆ ئەگەر ئەم دوو دیاردەیە لە پاڵ دەیان دیاردەی تری نەبوایە ئەوا ئەو ڕژێمە ئیسلامییە یەک ڕۆژیش نەیدەتوانی لەسەر دەسەڵاتی سیاسی بمێنێتەوە . چونکە ئەم ڕژێمە کە نوێنەرایەتی باڵیکی گەورەی بۆرژوازی لە ئێران دەکات ئەوەندە کۆنەپەرست و دژی ئینسانی و دژی سەرەتایی ترین مافو ئازادی و یەکانی ئینسانە هەموو بونی ناکۆکییە لەگەڵ کۆمەڵگای پێشکەوتوو مۆدرینی ئیران.

١٥-٣-٢٠١٨

Previous
Next
Kurdish