چۆن جۆکەر ئەکادیمیەکان بوونەتە زەبرێکی کوشندە … نیگار نادر
لەگەڵ هەژموونی هاتنی شەپۆلی نیولیبراڵی سەرمایەداری بەسەر هەرێمی کوردستاندا، زەقترین دیاریدە بە بازاڕبوونی زانست و پلەبەندی ئەکادیمی لەزانکۆیەکاندا دەستیپێکردئەوەش دەرکەوتی بێئەندازە ناعەقڵانی و هەرزانبەهای لێکەوتۆتەوە، لەناو ئەو بەبازاربوونەی ئەکادیمیەتدا بەدەستهێنانی دووجۆر بڕوانامەی دوکتۆرا دەکەونە رێزبەندی هەرەسەرەوە بەمەبەستی دەستەبەرکردنی سەرمایەی دارایی و سەرمایەی سیاسی، لەو رێزبەندەشدا یەکەمیان بەدەستهینانی بڕوانامەی دۆکتۆری تەنسازی(پزیشکی) یە دووەمیان بەدەستهێنانی دۆکتۆرای ئەکادیمی یە ،بەتایبەت دۆکتۆرا لە بوارەکانی وەک سیاسەت ، یاسا و پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکان دا.
کاتێک پرۆسەی پەروەردەو ئەکادیمیەت دەبێتە بازاڕێکی هەرزان ئەوکات هەل بۆ دروستبوونی جۆرەها جۆکەر ئەکادیمیست دەرەخسێ تاوەکو زیاتر خوبدەنە بەدەستهێنانی ناوبانگی زانستی بەمەبەستی قازانجی تایبەتی خۆیان ،لە ئێستادا بەدەستهێنانی دوو جۆر دوکتۆرا ژمارەی خەیاڵی تێپەڕاندوە، هەروەها هەڵگرتنی ئەو جۆرە بڕوانامانە وەکو مەرجێکی سەرەکیش ئەژماردەکرێن بۆ پەیداکردنی کار ، پۆستی سیاسی ، ناوبانگی کۆمەڵایەتی و زانستی لەناو پارتی سیاسی و زانکۆیەکانی هەرێمدا.
بەبەردەوامیش خولیاو هەوڵی بەدەستهێنانی ئەو دوو بڕوانامەیە لە هەڵکشاندایە و کێبركێیەکی بێزەوەری نائەکادیمی هەیە بۆ بەدەستهێنانی ئەو بڕوانامانە و دواتر بەدەستهێنانی پلەی پرۆفیسۆر پلە بەرزە زانستیەکان! بەگشتی مامۆستایانی زانکۆ لەهەڵپەی بەرزبوونەوەی پلەی ئەکادیمیاندا ملدەدەنە بەر ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی ئاستنزمی زانستی، دەرئەنجامی ئەوەش گەندەڵی ئەکادیمی کۆی پرۆسەی خوێندنی باڵاو ئاستی زانستی لە هەموو زانکۆیەکانی هەرێمدا داتەنیوە ..
یەکەم بڕوانامە و پێشگری دال دەبەخشرێ بە خاوەن بڕوانامەی زانستی تەنسازی کە پیشەی پزیشکیەو بە دوکتۆر ناسرێندراوە داهاتێکی ئابووری زۆر باشی هەیەو لە پیشە بەناوبانگ باڵایەکانیشە ، لە ئێستادا لە کوردستان کێبڕکێی نێوان نەخۆشخانە و پزیشکانی بیانی و نەخۆشخانەو پزیشکە ناوخۆیەکان بەمەستی پارە پەیداکردن دیاریدەی مەترسیدارو سەرسوڕهێنەری لێکەوتۆتەوە، بەشێوەیەکی گشتیش هاووڵاتیان لەڕووی تەنسازیەوە نەساغن و خێزان نیە نەخۆشێک و دووانی تیدا نەبێت ، هەڵەنین ئەگەر وامەزەندە بکەین کە هاوڵاتیان بە تێکڕایی لەژیر چارەسەری پزیشکی دان و هاوکاتیش هاوڵاتیان بەڕەوە بەرەوە ووڵاتانی دەرەوەی هەرێم سەفەردەکەن بەمەبەستی چارەسەری پزیشکی!
لەگەڵ ئەوەی لە هەرێمدا تابلۆی پزیشکان بە دیارترین تابلۆی سەر شەقامی شارەکان بەدیدەکرێن ، بەو مانایەیی لەزۆر ڕووەوەو پیشەی پزیشکی بۆوەتە جۆرێک لە کاسبی و تاڵانکاری ،لەبەرئەو هۆکارانە ئەو جۆرە گەندەڵیە کوشندانەی لە کەرتی تەندروستی دا ئەنجامدەدرێن گەیشتونەتە ئاستیكی مەترسیدارکە بەپێی ستانداردی ئاسایشی تەندروستی جیهانی جێگای نیگەرانی و مەترسین لەهەر کۆمەڵگایەکدا.
دووەم بڕوانامە و پێشگری دال دەبەخشرێ بە خاوەن بڕاونامەی دوکتۆرای ئەکادیمی کە وەکو مامۆستای زانکۆ دەناسێنرێن ، بۆ بەمەبەستی بەدەستهێنانی پلەی ئەکادیمی بەرزترە لەبواری لێکۆڵینەوەو داهێنانی زانستی دا ، ئەوەی جێگەی سەرنجە لەهەرێمی کوردستاندا لەو چەند ساڵانەی دوواییدا بەدەستهێنانی ئەو جۆرە بڕوانامەی دوکتۆرایە بە خێزەرە زیادی کردوە هەڵگری تایتڵی دوکتۆرا وەکو ڤایرۆسیکی لێهاتوە کەوتۆتە گیانی بڕوانامەدارەکان ، بەتایبەت لەناو ڕێزی پارتیە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان دا، بوونی ئەو بروانامەیە وەکو پێوەرێکە بۆ پێدانی پلەو پۆست و رکابەری سیاسی، بەپێچەوانەشەوە بەدەستنەهێنانی دوکتۆرا بە کەموکورتیەکی لەکەسایەتیدا دەژمێردرێت ! بە پێی هەندێک سەرچاوە گوایە جودا لە ئەندامانی سەرکردایەتی ئەو کادرانەی لەناو پارتە سیاسیەکان دا هەڵگری بروانامەی دوکتۆران بەهەزارەها کادیر مەزەندە دەکرێت !
گەندەڵی ئەکادیمی زۆر لق و جۆرو ستایلی جیاوازی لێ پەیدابووە و بۆوەتە هۆی پێگەیاندنی جۆرەها جۆکەر ئەکادیمیست کە هەڵگری ناوبانگی دۆکتۆراو پرۆفیسۆریان هەڵگرتووەو لە زانکۆیەکان دا زۆربەی هەرە زۆری لێکۆڵینەوەکانیان بەدەرن لەهەر پێوەرو ستانداردێکی زانستی لە جیهان دا ، ئەو گەندەڵیە ئەکادیمیە تیکهەڵکێشەیەکی چڕە لەگەڵ گەندەڵی سیاسی و سەرهەڵدانی دیاردەی زۆر کرچ و بەدەڵ لە پرۆسەی سیاسی هەرێمدا.
جۆکەر ئەکادیمیەکان جۆرێک لەو مرۆڤە خاوەن بڕوانامە دوکتۆرایانەن کە لە سەرێکی خاڵی و قاوغێکی پڕ لەناونیشان و تایتڵی ئەکادیمی پێکهاتوون، ئەوان پێیان گرنگ نیە چۆن ستانداردی زانستی و پەروەردەیی زەبر لێدەدەن و تێکدەشکێنن ، بەبێ ڕەچاوکردنی پرەنسیپ دەچنە ناو هەموو هاوکێشە سیاسیەکان و درزدەخەنە ناو یاساو ستاندارە زانستیەکان و کەمووکورتیەکانی سیاسەت سواخدەدەن، لەبەر هەندێ زۆربەی ئەو قوتابیانەی لەژێر دەستیشیان پەرورەردە دەبن جۆکەر دەردەچن و هەمان رێباز دەگرنەوەبەر ..
ئێستا ئەو کۆمەڵگەیە لەبنەڕەتدا کۆمەڵگەیەکی ناسەغڵەمە و بۆ چارەسەریش دابەشکراوە بەسەر ئەو دوو جۆر دوکتۆرەدا ، ئەوەی زۆر بەئازارو سەرنجکێشیشە (نەساغی گشتیە) بەو مانایەیەی هاووڵاتیان بەگشتی بەدەست خەراپی باری تەندروستیانەوە دەتلێنەوە ساڵبەساڵ تەندروستیان بەڕێژەیەکی نائاسایی تێکدەچێت ! هاوکاتیش نەساغی پرۆسەی سیاسی و سیاسەتکردن لەهەرێمدا هێندە ئاڵۆزو نا تەناهی و نائاساییە کە زۆر ئەستەمە بە هیچ پرۆسەیەکی تری سیاسی لە ناوچەکەدا بەراوردبکرێ !
سەرەڕای ئەوەی هەرێمی کورستان لەو چەند ساڵانەی دواییدا رێژەیەکی سەرسوڕهێنەر دوکتورو دوکتۆرای بەرهەمهێناوە بەڵام تا ئێستاش هیچ پارتێک، ئۆپۆزسێۆنێک، ئاسایشی تەندروستی و ئاسایشی سیاسی نەکردۆتە پلانی سەرەکی و ئامانجی ریفۆرمسازی ! لەبەرئەوە دەکرێ بڵێین ئەو پرسە سەرەکی و گرنگانە چونەتە خانەی پشتگوێخستنی گشتیەوە! بەپێچەوانەشەوە ژمارەی بڕوانامەی دوکتۆرو دوکتۆراکانی هێندە زیادەکات و زیادیکردوە دەشێ کە ناوزەدبکرێ هەرێمی دوکتۆرستان.
سەرهەڵدانی ئەو هەموو جۆکەر ئەکادیمیە وێرانیەکی قوڵی پرۆسەی پەروەردەیە و کاریگەری زۆر ترسەناکی هەیە بەسەر زۆربەی هەرە زۆری کایەکانی تری کۆمەڵگەوە ،چونکە ئەو جۆکەر ئەکادیمیانە هەم لەڕووی سیاسەوە بوونەتە هۆی ناساغلەمی سیاسی و سیاسەتکردن هەم لەڕووی تەندروستیەوە بوونەتە هۆی ناتەنسازی و نەخۆشکەوتنی زیاتری هاووڵاتیان ، لەبەرئەوە چەند ئازارهێنەربێت دەبێت ددان بەو راستیەدابنێنن کەئێستا ئەوەی هەیە بریتیە لە کۆمەڵگەیەکی تەواو نەخۆش و پەککەوتەو سیاسەتێکی چەقبوستەوو سڕکراو ، بەومانایەیی بەگشتی نە هاووڵاتیان تەنسازن نە پرۆسەی سیاسیش تەندروستە ، هەرێم وەک نەخۆشخانەیەکی پڕ لە دوکتۆرە کە نەک هەرچارەسەریان پێ نیە بەڵکو ئەوانە سەرچاوەی زۆربەی زەبری کوولتووری و دەردە کوشندەکانیشن ..
2018\ negar nadir