Skip to Content

پاڵەوان و کەسایەتییەکان لە چیرۆکی منداڵان … رەزا شوان

پاڵەوان و کەسایەتییەکان لە چیرۆکی منداڵان … رەزا شوان

Closed
by ئایار 19, 2018 General, Kids Literature

پاڵەوان و کەسایەتییەکان (کارەکتەرەکان) رەگەزێکی گرنگە لە رەگەزەکانی نووسینی هونەری چیرۆک، تەوەرێکی سەرەکیشە لە چیرۆکی منـداڵان. کەسایەتی سەرەکی لە چیرۆکدا، کە پاڵەوانی چیرۆکەکەیە، رۆڵێکی گرنگی هەیە لە رووداوەکانی چیرۆکەکەدا. چەند کەسایەتییەکی لاوەکیش، یارمەتی پاڵەوانەکە دەدەن لە رووداوەکانی چیرۆکەکەدا، پێکەوە کار بۆ دەرخستنی ئەو بیرۆکەیە دەکەن کە لە پێناویدا چیرۆکەکە نووسراوە.
پاڵەوان لە چیرۆکدا، پێویستە گەلی جیوازی ئەرێنی هەبێت، وەکو (ئازایەتی، گەشبینی، هیواخوازی، رووخۆش، جوان، چاکەخواز، یارمەتیدەر، خۆنەپەرست، دڵسۆز، نیشتمان پەروەر، راستگۆ، بڕوابەخۆ،.. هتد) پێویستە چیرۆکنووسی منداڵان، وشەگەلێکی لەم جۆرانەش نەکات بە نازناوی پاڵەوانی چیرۆکەکانی، وەکو (پشیلە چڵێسەکە، بووکـێکی ناشرین، نازی بلیمەت، پیاوە چاوچنۆکەکە، رێوییە دزەکە، باوکێکی بێبەزەیی، منداڵێکی چەتوون، چۆلەکەیەکی خۆپەرست، کەوێکی ناپاک، قوتابییەکی تەمبەڵ، .. هتد) بەڵام نووسەر دەتوانێت کەسایەتییەکانی چیرۆکەکەی لە هەمان هەڵوێستدا دابنێنت، وا لە منداڵان بکات کە خۆیان بەراود لە نێوان کەسایەتییەکان بکەن و خۆیان هەست بکەن و کاردانەوەیان هەبێت و هەر خۆشیان سیمای کەسایەتییەکان دیاری بکەن.. بەرانبەر بەو هەڵوێستانەی کە هەیانە.. ئەمەش یارمەتی منداڵان دەدات، کە لە خەسڵەتی پەسەند و ناپەسەندی پاڵەوان و کەسایەتییەکان بگەن.

بێگومان ئەو مەبەستەی کە لە بیرۆکەی چیرۆکنووسی منداڵان دا هەیە و دەیەوێت لە میانەی رۆڵی پاڵەوانی چیرۆکەکانیەوە بە منداڵانی بگەیەنێت، لەوانەش چاندنی بەهای ئەرێنی، وەکو: (دڵسۆزی، نیشـتمان پەروەری، ژینگەپـارێزی، رێزگـرتن لە یاسا، تێکۆشان و کۆڵنەدان، هـاوڕێتی، پیاوەتی، بـڕوابەخۆبوون، پێشکەوتنخواز، داهێنەر، مرۆڤدۆست، دادپەروەر،.. هتد) یا دوورخستنەوەی منداڵان لە هەموو جۆرە رەفتار و هەڵس و کەوتێکی بەد و نەرێنی و زیانبەخش.
سەرچاوەی ئیلهامی نووسەریش بۆ داهێنانی پاڵەوان و کەسایەتییەکانی چیرۆکەکانی بۆ منداڵان، یا لە نموونەی منداڵانی راستەقینەوە وەریان دەگرێت و دەیانکات بە هـەوێنی چیرۆکەکانی یا بە پێی بیرۆکەی چیرۆکەکانی بە خەیاڵی خۆی پاڵەوان و کەسایەتییەکانی چیرۆکەکانی دروست دەکات، کە لە پاڵەوان و کەسایەتییە راستەقینەکان بچن.

گەر پاڵەوان و کەسایەتییەکانی چیرۆکەکـان مرۆڤبن، منداڵان خۆیان بن، پێویستە پاڵەوانەکان لای منداڵان ناسراوبن، ناوەکانیشیان ساکاربن و ناوی باوی کوردی بن و نامۆ نەبن.. تا زیاتر لە تێگەیشتنی منداڵانی کوردەوە نزیکبن، بۆ ماوەیەکی زیاتریش
لە یادیاندا بمێننەوە.. گرنگیش ئەوەیە کەسایەتییەکانی چیرۆکەکان لە بەردەم منداڵاندا زیندووبن، خەسڵەتەکانیان جیاوازبن کاتێ دەبزوێن و دەدوێن و کاردەکەن. پێویستیشە کەسایەتییەکان سروشتی بن، قسەکانیان، کـردارەکانیان، گوزارشت لە راستییان بکەن و بە پێچەوانەی راستییەوە نەبن.. بۆ نموونە کەسایەتی پاشا، پێویستە لۆژیکی بێت و وەکو پاشایەک دەرکەوێت، کەسایەتی مامۆستا پێویستە وەکو کەسایەتییەکی سروشتی مامۆستایەک دەرکەوێت.. کەسایەتییەکی دایک وەکو دایکێکی راستی دەرکەوێت.
لە زۆر چیرۆکی منداڵاندا، پاڵەوان یا کەسایەتی سەرەکی چیرۆکەکان، دایک، باوک، مامۆستان، چونکە ئەم کەسایەتییانە نزیکترین کەسن لە منداڵانەوە، بە زۆریش بۆ ئامۆژگاریکردن و رێنمایی منداڵانە.
پێویستە نووسەری چیرۆکی منداڵان، گەر پاڵەوان و کارەکتەرەکانی چیرۆکەکانی مرۆڤ بن، بە تایبەتیش گەر خودی منداڵان بن، چونکە دڵپاکن و بێتاوانن و سادەن و هەڵس و کەوتیشیان سروشتین، پێویستە لە دەستپێکی چیرۆکەکانییەوە، بە شێوازێکی ساکار سیمای پاڵەوان و کەسایەتییەکانی چیرۆکەکانی لە رووی جەستەیی ودەروونییەوە بە خوێنەری منداڵان بیان ناسێنێت. وەکو منداڵێکی (قـژ درێـژ، چاو گەش، رووخـۆش، دەروونپاک، خوێـن شیرین، لێو بەخەنةدە، پاک، سەنگین، خاکی،.. هتد)
ئەو چیرۆکانەی کە پاڵەوانەکانیان منداڵانن، زیاتر سەرنجی منداڵان رادەکێشن لەوانەیە کەسایەتی خۆیان لە بە پاڵەوانە ئەرێنییەکانی چیرۆکەکاندا بدۆزنەوە یا نزیکبن لێیانەوە.
چیرۆکیش هەیە پاڵەوان و کارەکتەرەکانی: ئاژەڵـن، باڵـندەن، مێروو و خشۆکن، دار و درەختن، شاخ و دەشت و بەردن، ئەستێرە و خۆرنن، یا دەربارەی سروشتی بینراو یا نەبینراون، یا پاڵەوانی خەیاڵی و ئەفسانەیین.. یا مرۆڤی گەورەن، باپیرە و داپیرەن.

لە چیرۆکی منداڵاندا ئەستەم نییە، ئەوان لە قۆناغی خەیاڵی تەمەنیاندا، بڕوایان بەوە هەیە کە، کە هەموو پاڵەوان و کەسایەتییەکان، گەر مرۆڤیش نەبن، گەر بێگیانیشبن، دەتوانن بە زمانی ئەوان بدوێـن. دار، بەرد، شاخ، شێر، ئاسکە، بەرخۆلە، رەشەبا، خۆر، مانگ، ئەستێرەکان، کەو، چۆلەکە، پەپوولە، کەروێشک، دێـو، پەری، روبـار، داربەڕوو، هەنار، ئاگر،.. هتد، هەموویان دەتوانن بە زمانی کوردی بدوێن.. دەشتوانن پێبکەنن، خۆشی خۆیان دەربڕن، تۆڕەبن، زویربن، چاکە بکەن، یارمەتی بدەن، بنوون، ببن بە هـاوڕێ، ببەخشن، بـژین، بمـرن، بفـڕن، کاری لە توانابەدەریش ئەنجام بدەن.

پێویستە چیرۆکنووس لە پێدانی رۆڵی پاڵەوانێتی و رۆڵی کەسایەتییەکانی چیرۆکەکانی بۆ منداڵان، بە گوێرەی قۆناغەکانی منداڵی بن.. ئەو چیرۆکانەی کە بۆ تەمەنی باخچەی منداڵان دەنووسرێن، پێویستە لە رووی بیرۆکە و خەیاڵ و داڕشتن و رۆڵی پاڵەوانەکان و کەسایەتییەکان و شێواز و زمانیشـەوە، لە ئاستی توانـا و تێگەیشتنی منـداڵانی ئەو قۆناغەدابن.. جیاوازییان هەیە لەگەڵ ئەو چیرۆکانەی کە بۆ منداڵانی هەراشی قۆناغی قوتابخانەی بنەڕەتی دەنووسرێن.
لە چیرۆکی منـداڵاندا، ناشبێت کەسایەتییەکان زۆربـن، چونکە بیری منـداڵان دابەش و ئاڵوزدەکەن و لیان تێکدەچن، لێشیان بێزاردەبن و زووش لە بیریان دەچنەوە.
لە هەندێ چیرۆکی چاپکراوی کوردیمان دا بۆ منداڵان، هەندێ چیرۆکنووسی کوردمان هەنـدێ قسەی زل و قەوییان بە ناوی منداڵانەوە نووسیون، کە لەگەڵ تەمەن و ئاستی رۆشنبیری و تێگەیشتنی ئەو منداڵە پاڵەوانانی چیرۆکەکانیاندا ناگونجـێن، ئەوە قسەی نووسەرەکان خۆیانن نەک قسەی ئەو منداڵانە.

کەسایەتیش لە چیرۆکی منـداڵاندا، دوو جـۆرن:

یەکەم ـ کەسایەتی پێشکەوتوو: کەسایەتییەکە کە لەگەڵ هەڵوێستەکانی چیرۆکەکاندا، گەشەدەکات و پایە بە پایەش پێشدەکەوێت، بە پێی رووداوەکانی چیرۆکەکان بە ئەرێنی یا نەرێنی دەگۆڕێت.. تا کۆتایی چیرۆکەکە لە پێشکەوتن ناوەستێت، هەڵس و کەوتیشی لە هەڵوێستەکانیدا دەردەکەوێت، بە (کەسایەتی خولێن) یش ناودەبرێت، واتە جێگیرنییە و دەخـولێتەوە.. زۆرترین پاڵەوان و کەسایەتییەکان لە چیرۆکی منـداڵاندا، لەم چەشنە کەسایەتییە پێشکەوتووانەن، کە لە بیر و هـۆش و لە ویـژداندا، بە نەمری دەمێننەوە.
دووەم ـ کەسایەتی نەگۆڕ: ئەو کەسایەتییەیە، کە گوڕانکاری لە پێکهاتنی روونادات، نە گەشەدەکات و نە دەگۆڕێت. وەکو ئەوەی کە لە ماوەیەکی دیاریکراو لە ژیانیدا بێ گیان بێت. لە سەرەتای چیرۆکەکەوە تا کۆتایی چیرۆکەکە هەر بەو شێوەیە دەمێنێتەوە، هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نایات.. هەمان خەسڵەت و هەمان رەفتار و بیرۆکە و هەمان هەستی هەیە.. لایەنە جیاوازەکانی ئەم کەسایەتییە و تایبەتمەدییەکانی دیاریکراو و سنووردارن. بە (کەسایەتی رووکەشی) یش ناودەبرێت.
زۆر لە نووسەرانی چیرۆکی منداڵان، زیادەڕۆیی لە رۆڵی پاڵەوان و کەسایەتییەکانی چیرۆکی منداڵان دەکەن، کاری لە توانەبەدەر بە منداڵانی پاڵەوانانی چیرۆکەکانیان ئەنجام دەدەن، کە لە توانای ئەو تەمەنەدا نین.. بۆ نموونە منداڵێکی تەمەن هەشت ساڵان بە شاخێکی سەخت و بەرزدا سەردەخەن. یا لە رووبارێکی پاندا بەبێ کێشە بە مەلەوانی دەپەڕێتەوە بۆ ئەوبەری رووبارەکە. یان کـردوویانە بە پاڵەوانێکی نموونەی و هـیچ هەڵەیەک ناکـات، ئەمەش بە پێچەوانەی ئاستی راستەقینەی منداڵانەوەیە.
پێویستە چیرۆکەکانی منداڵان، بە کۆتاییەکی خۆش و سەرکەوتوو کۆتاییان بێت. ئەگینا منداڵان دووچاری بێ هیـوای دەبن، گەر پاڵەوانەکانی چیرۆکەکانیان شتێکی خـراپیان بەسەربێت و شکستبێنن و سەرکەوتوو نەبن.. زۆریش هەڵەیە کە کۆتایی چیرۆکەکانیان تراژیـدی بن و بە کوشتن و مردن و بە کارەسات کۆتاییان پێبهێنن. چونکە ئم ئەنجامانە نەرێنییانە و کارتێکردن و رەنگدانەوەیەکی نەرێنی و خراپیان لەسەر ژیـانی ئەمـڕۆ و داهاتووی منداڵان دەبێت.
پێویستە چیرۆکنووسانی چیرۆکی منداڵان، کاتێ کە چیرۆکەکانیان بۆ منداڵان دەنووسن، ئەم خاڵانە لەبەرچاو بگرن:

١ـ پێویستە کەسایەتییەکان چیرۆکەکانیان، لە رۆڵەکانیاندا وا دەرنـەکەون کە لە ئاستی خۆیان بەرزتر و توانابەدەرترن، یا چیرۆکنووس بە شێوەیەکی نموونەیی دەریان بخات، کە هیچ هەڵە و کەموکوڕییەکیان نییە.. ئەگینا منـداڵان لە سەر ئەم نموونە تـەواو و بێ هەڵانـە بە جیهانی چیرۆک رادێن و ئاشنا دەبن.

٢ـ پێویستە نووسەرانی چیرۆکی منداڵان، شێوەی پێکهاتەی جەستەیی و سیمای پاڵەوان و کەسایەتییەکان لەبەرچاوبگرن.. بە شێوەیەک هەروەکـو بەرجەستە و راستیبن، بە رەنگ و دەنگ و شێوە و سیماکانی تریانەوە لە بەردەم مـنداڵاندابن.
٣ـ پێویستی باری دەروونی منداڵانیش لەبەرچاوبگرن. کۆتایی چیرۆکەکان تراژیدی نەبن، و دووربن لە مردن و کوشتن و دزی و گزی و فێل و فەرجە و هەڵخەڵەتاندن.
٤ـ پێویستە کەسایەتییەکان بە شێوەیەکی سروشتی دەرکەون، قسەکانیشیان بەپێی تەمەن و ئاستی رۆشنبیری و بەگـراوندی کۆمەڵایەتی و جوگـرافیای بن.
٥ـ پێویستە پاڵەوان و کەسایەتی لە چیرۆکەکانیاندا بۆ منداڵان، هەر یەکە یەک رۆڵیان بدرێتی، ئەوە ناشی و گونجاو نییە، کە پاڵەوانی چیرۆکی منداڵان، ئازا و دلێر بێت لە هەمان کاتیشدا ترسنۆک و بەزیو بێت، چاکەخواز بێت، لە هەمان کاتیشدا بەدکار بێت، بەرچاوتێربێت، لە هەمان کاتیشدا چاوچنۆک بێت، نیشـتمان پەروەر بێت، لە هەمان کاتیشدا ناپاک بێت.. زیرەک بێت، لە هەمان کاتیشدا تەمەڵ بێت. ئەم دوو رووییە، بەدگومانی و بێ باوەڕی و رامان و دڵەڕاوکێی لە لای منداڵان دروست دەکات.
٦ـ پێویستە ناوەکان و خەسڵەتەکانی کەسایەتییەکان لە یەکەوە نزیک نەبن، تا لە هۆشی منداڵان تێکەڵ نەبن و تێکەڵیان نەکەن.
٧ـ پێویستە چیرۆکنووسانی منداڵان، ئەو کەسایەتییانە هەڵبژێـرن، کە منداڵان حەزیان پێدەکەن. ئەو کەسایەتییانەش، مرۆڤ بن، ئـاژەڵ بن، رووەکبن، یا پاڵەوانی ئەفسانەیی بن، کەسانێکی ناسراو و خۆشەویستبن لە جیهانی منداڵانـدا. بۆ نموونە: پێشـمەرگە، ئاڵای کوردستان، سەرکردە نەمرەکانی کوردستان، بابا نوئـێل، پەپوولە، چۆلەکە، گوڵ، ئەستێرە،پەرتوک، بووکە شوشە، کەو، کانی، ..هتد.
٨ـ چیرۆکنووسانی منداڵان دەبێت بە چاوێکی یەکسانییەوە، پاڵەوان و کەسایەتییەکانی چیرۆکەکانیان، بە سەر منداڵانی کچان و کوڕان دا دابەش بکەن، کوڕسالاری یا کچ سالاری نەبێت بە دیاردەی چیرۆکەکانیان.
٩ـ پێویستە چیرۆکنووسانی منداڵان، منداڵانی خاوەن پێداویستییە تایبەتییەکان فەرامۆش نەکەن و هەروەکو منداڵانی ئاسایی لێیان بـڕوانن، بە پێی تواناکانیان رۆڵ و جێگایان لە چیرۆکەکانیاندا هەبن.. بە چاوێکی بەزەییشەوە لێیان نەڕوانن، بەڵکو پێویستە ئەوە لە بەرچاوبگرن، کە مافی خۆیانە وەکو پێویست ئاوڕیان لێبدنەوە و لە منداڵانی تر جیایان نەکەنەوە.

رەزا شوان
نۆروێـژ: ١٨ی/ئایار/ ٢٠١٨

Previous
Next
Kurdish