هەفتەیەکی بازنەیی … غەمگین خدر
شەممەکان:
ئەوەندە لە بوونی مندا ڕووناکی
گڵۆپەکانی ژوورەکەم دەکوژێنمەوە و
ڕوخساری تۆ
لە مندا هەر پڕشنگ دەدات.
یەکشەممەکان:
دێمە ناو سەوزایی دیدەنی تۆ
باخچەکەت
سەردانی چاوم دەکات
گوڵەکانی سەر کراسەکەت
لەناو تەڕایی چاوانمدا گەشتر
گەش و
گەشبینانە دێمە ناو تۆ و
بەناو ئاسوودەیی گوڵەکانتدا پیاسە دەکەم.
دووشەممەکان:
دێمە ناو قووڵایی دڵی تۆوە
بەناو پێستتدا خۆم غلۆر دەکەمەوە
لەناو ناوکتدا ئەوەندە خۆم دەشۆم
تاکوو کەڤی سپی لەسەر مەمکت پێی دەخزێت
تاکوو ئاوی ڕوون لەسەر جەستەت خلیسک دەبات.
سێشەممەکان:
نەهاتنت دەکەمە تاریکایی پەیڤی ناوت
هەموو سێشەممەکان ناو دەنێم: نەهاتن
سێشەممەیەک،
لەناو دڵمدا خۆرێکی خۆش بوو
سێشەممەیەک،
لەناو چاوانمدا بارانێکی بە خوڕ باری
سێشەممەیەکیش لەناو پێکەنیشمدا گریام
تۆ هەر نەهاتی!
لە هەینێوە،
هەموو دوانیوەڕۆی سێشەممەکان دەخەوم!
چوارشەممەکان:
چاوم بە هەبوونتدا هەڵدەزنێت و
لەناو خڕۆکە سوورەکانی خوێنت و
لەناو لەپی دەستت و
لەناو دڵی گەرمت و
لەناو گوڵەکانی کراسەکەشتەوە
دیارە چاوم!
لە هەینێوە،
چاوم نەیتوانیوە خیانەت لە گوڵەکانی کراسەکەت بکات.
پێنجشەممەکان:
بە شاهێدی خۆری پڕ شەبەنگی ناو ئەو پەیڤانە
جارێک گەش و گەشتر
جارێکیش تەڕ و تەڕتر
دەڕژێمە ناو تاریکیتەوە.
هەینییەکان:
کە تۆ دەڕۆیتەوە
خەریکە وەک دارتەلێکی بێ کارەبا
ڕووناکیی خۆریشم تێدا بکوژێتەوە.
….
سەرچاوە:
برینەکان گۆرانیمان پێدەڵێن
شیعر
غەمگین خدر
چاپی یەکەم 2017