سه‌لاح ماندوو، شاعیرێكی ئاشق و ئاشقێكی ماندوو.. یاسین برایم
ماندوو كێیه؟
سه‌ڵاح ڕه‌فیق به‌كر ڕواندزییه، له بنه‌ماڵه‌ی زێڕینگره‌كانی ئه‌و شاره‌یه، له 12/9/1942 له ڕواندز له‌دایكبووه. تا پۆلی دووه‌می سه‌ره‌تایی له ڕواندز ده‌خوێنێت، دواتر ماڵیان دێته هه‌ولێر. له هه‌ولێر خوێندوویه‌تی، له ساڵی 1963 له پارێزگای هه‌ولێر (متصرفیه اربیل) ده‌بێته فه‌رمانبه‌ر. له ساڵی 1971 ده‌گوازرێته‌وه قه‌زای چۆمان. له ساڵی 1975 ئاواره‌ی ئێران بووه و له ساڵی 1976 ناگه‌ڕێته‌وه ژێر ده‌ستهه‌ڵاتی ڕژێمی به‌عس، ڕوو ده‌كاته ده‌ره‌وه‌ی وڵات و له (كه‌نه‌دا) نیشته‌جێ ده‌بێت، په‌یمانگه‌ی بزنسمانی له‌و وڵاته ته‌واو ده‌كات و زمانی ئینگلیزی باش ده‌زانێت(1). ئه‌و له ته‌مه‌نی لاوی و هێشتا ته‌مه‌نێكی بچووكی هه‌بووه، ده‌توانێت بوونی خۆی بسه‌لمێنێت. ساڵی 1961_1963 له په‌خشنامه‌ی هه‌ولێر() له لایه‌ن شاره‌وانی هه‌ولێر به زمانی كوردی و عه‌ره‌بی ده‌رچووه. شیعری خۆی بڵاوده‌كاته‌وه و له‌گه‌ڵ شاعیران و نووسه‌رانی ڕواندز (محه‌مه‌د مه‌نگوری و یوسف ده‌رگه‌ڵه‌یی و سامی ڕواندزی)، وه‌كو شاعیر ده‌ناسرێت به قه‌ڵه‌مه‌كانیان خزمه‌تی بواری ئه‌ده‌بی و ڕۆشنبیری ده‌كه‌ن. به‌ڵام سه‌ڵاحی ماندوو، هه‌ر زوو تێكه‌ڵ به كاری سیاسه‌ت ده‌بێت و ده‌چێته نێو شۆڕش و خۆی و خێزانه‌كه‌ی ژیانی ئاواره‌ی و ده‌ربه‌ده‌ری هه‌ڵده‌بژێرن و ئاماده نابن بگه‌رێنه‌وه. بۆیه له‌و كاروانه ئه‌ده‌بییه، داده‌بڕێت تا ڕووخانی ڕژێمی سه‌دام، ده‌گه‌ڕێته‌وه هه‌ولێر و به نیشتیمان شاد ده‌بێته‌وه، جارێكی دیكه خۆی و شیعره‌كانی دێته‌وه نێو كۆڕی ئه‌ده‌ب. ئه‌گه‌رچی شیعری زۆره، به‌ڵام تا ئێستاكه‌ش، شیعره‌كانی خۆی چاپ نه‌كردوون و له‌م ماوه‌ییه خه‌ریكبوو، گوڵبژێرێك له شیعره‌كانی خۆی پێشكه‌ش به خوێنه‌رانی بكات. شیعره‌كانی زیاتر له‌سه‌ر ئه‌شق و خۆشه‌ویستی و نیشتمان و كورد و سروشته. له ڕۆژی 16/5/2012 له سه‌نته‌ری ڕۆشنبیری ڕواندز، ئێواره كۆڕێكی شیعر خوێندنه‌وه‌ی به ناوی (شیعره ونبووه‌كانی ڕواندز) پێشكه‌ش كرد. تێیدا باس له ئه‌زموونی شیعری خۆی كرد. ئه‌و نزیكه‌ی 36 ساڵ زیاتر له وڵاتی كه‌ندا ده‌ژێت. بابی ئه‌و شه‌ش ژنی هێناوه و ته‌نها ئه‌و كوڕه‌ی هه‌بووه، دوو كچی هه‌بوو. خۆشی چوار كچی هه‌یه. خێزانه‌كه‌ی یه‌كێك بوو له بنه‌ماڵه زێڕینگره‌كانی ڕواندز به ناوی (مامۆستا ساجیده ڕواندزی (1947_14/3/2020) خزمه‌تێكی زۆری بواری په‌روه‌رده‌ی كردووه، به‌تایبه‌تی له شاری هه‌ولێر، به‌هۆی نه‌خۆشیه‌وه كۆچی دوایكردووه و ئه‌و كۆچه‌ی شاعیری زیاتر ماندوو كردووه. ئه‌گه‌ر سه‌یری ئه‌و بڵاوكراوه‌یه بكه‌ین، ئه‌و ژمارانه‌ی بڵاوكراونه‌ته‌وه و نزیكه‌ی 14 ژماره‌ش تێدانییه، پێده‌چێت له‌و ژمارانه‌ش شیعری تێدابێت، ئێمه ده‌ستمان نه‌كه‌وتووه، ئه‌وه شاعیر خۆی ده‌یزانێت. له‌و 62 ژماره‌یه، كه له‌م دووایه دووباره چاپكراونه‌ته‌وه(*). حه‌وت شیعری شاعیر به‌رچاو ده‌كه‌ون به ناوی ( نامه‌وێ بمرم، جه‌ژنی به‌هار، ئه‌ی شه‌و، جوانی ژنێك، دایه گیان، نامه و سڵاو، یاری ژێرخاك). به‌ده‌ر له شیعری دایه گیان ئه‌وانی دیكه، له‌سه‌ر ئه‌شق و دڵداری و حه‌زی هه‌رزه‌كارانه‌ی شاعیره، واته قۆناغی هه‌رزه‌كاری شاعیر و ده‌سپێكی شیعری ئه‌وه، له‌و ته‌مه‌نه‌ش، مرۆڤ ده‌كه‌وێته نێو داوی ئه‌شق و خۆشه‌ویستی ڕه‌گه‌زی به‌رانبه‌ر. ئه‌مه‌ش ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه له نێو شیعره‌كان. ته‌نانه‌ت ناوی یاری (په‌یمان) دوو جار و (یاسه‌مین) ناوێك، له‌نێو دێڕی شیعره‌كان ده‌بیندرێت. ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌مان بۆده‌رده‌خات بۆ یاری خۆی نووسیوه. له یه‌كه‌م شیعری ( نامه‌وێ بمرم)، حه‌زده‌كات به دیداری بگات و هێشتا خونچه‌یه و خه‌ریكه به ژیان پێده‌كه‌نێت. خۆی ده‌ڵێت: (نامه‌وێ بمرم تازه من لاووم)، ئه‌و خه‌ون به گه‌یشتن و ژوان یار ده‌بینێ، به‌ڵام ده‌بینێت هه‌موو یاران دڵشادن و ئه‌ویش له نێو خه‌م و خه‌فه‌ت و بێوه‌فایی یار دا ده‌ژیت. جارێكی تر له شیعری (جه‌ژنی به‌هار) هه‌مان ئه‌و هیوایه‌ی هه‌یه، به‌ڵام ئیدی نه خۆشی به‌هار و نه‌گه‌یشتنی یار، چ هیوایێكی پێ نابه‌خشێت: (ئه‌ی كوا گوڵی من بۆچی نایبینم؟/ منیش تا جارێك دڵی بستێنم !!!). له شیعری (شه‌و) جوانیێكی تر له‌م شیعره ده‌بینی. پێنچ كۆپله‌یه و له‌سه‌ر شێوه‌ی پێنجخشتهكیی، تێدا هه‌ست و سۆزی خۆی ده‌رده‌برێت:
شه‌وگار كورت به‌وه، هێزم نه‌ماوه
ئاو له گلێنه‌ی چاووم بـــــــــــراوه
وه‌ك كه‌وان داری به‌ژنم چه‌ماوه
بارخانه‌ی دڵا ســــهرپاك ڕوخاوه
بۆچی كورت نابێ، شه‌وی دڵداران ؟!
ئهوهههنده ڕه‌شبین و بێهیوا، هه‌ست و سۆز و ته‌مه‌نی لاوی خۆی، سپاردووه، به پیری و چه‌مانه‌وه و داڕووخانی ده‌ڕوونی و نه‌مانی ئه‌شكی چاو و هێز و شیان. له كۆپله‌یه‌كی تر، تێیدا نزا له خوای گه‌وره ده‌كات، خۆری هیوای لێههڵێت و نه‌مامێكی تازه بچێنێت و ژیانێكی نوێ دروستبكات.( ئه‌مه‌وێ خۆری جوانی ببینم ! / نه‌مامی ژینی تازه بچینم !)
ئه‌م شاعیره، ئاشقه، ئاشقێكی ماندووه، ئازارده‌كێشێت، خه‌م ده‌خوات، خه‌وی نییه، ته‌نیایه، ڕه‌شپۆش و داماوه، فه‌رهادانه تێده‌كۆشێت، به دوای شیرینه یار. ئه‌و ده‌یه‌وێت په‌یمان وه‌ربگرێت، به ئه‌شقی بگات، ماڵێك بۆ ئه‌م ئه‌ڤیندارییه ساز بكات. له نێو دێڕه‌كان، پاڕانه‌وه و كڕووزانه‌وه‌ی زۆری تێدایه، به‌رده‌وام له خه‌می یاردایه و خه‌می یاریش، ئازاری ده‌روونی پێده‌به‌خشێت و وه‌كوو گه‌نجێكی تازه پێگه‌یشتوو، تێنووه به گه‌یشتنی كانیاوی ئه‌وین. بۆیه شیعره‌كانی، بارانی خۆشه‌ویستی و سۆز و پاكی و وه‌فا، به سه‌ر ئه‌و كێڵگه ئه‌وینه ده‌بارێنێت. ئه‌و له‌و ئه‌شقه، كۆل نادات و ماندوو نابێت، ڕه‌نگه هه‌رئه‌مه‌ش وایكردبێت ئه‌م نازناوه‌ی كربێته نازناوی هه‌ڵبه‌سته‌كانی و پێی بناسرێت. ئه‌م شیعرانه، وشه‌ی جوان و ناسكن، به كوردییه‌كی پاك و ڕه‌وان پێشكێش كراون. بۆ ته‌مه‌نێكی ئه‌وكاته كه شیعره‌كه‌ی تێدا بڵاوكراونه‌ته‌وه، كارێكی باش بووه، شاعیر توانیوویه‌تی بوونی خۆی بسه‌لمێنێ و په‌ره به توانا و به‌هره‌كانی خۆی بدات. هه‌ست به كه‌موكورتی ده‌كه‌ین له ڕووی بڕگه و كێش و سه‌روا و بوونی وشه و به‌كارهێنانی ئاخاوتنی ڕۆژانه و وشه‌ی دووباره. ڕه‌نگه له شیعری دایه گیان، له ڕووی نووسینه‌وه له ئه‌وانی دیكه كه‌مێك جیاوازتر بێت. ئه‌م هه‌وڵدانه و به‌رده‌وامبوونه، ئه‌وه ده‌رده‌خات، شاعیر خۆی ماندوو كردووه و ویستوویه‌تی جیاوازتر ده‌ربكه‌وێت، و خه‌یاڵی به‌رفره‌تر بكات و وێنه‌ی شیعری دروست بكات:
به به‌رگی ره‌شم زۆر به داماوی
وا له‌سه‌ر گوررت وه‌ستاوم یاره
بۆ له‌ژێر خاكا تۆ په‌شێو ماوی
كه‌چی ناحه‌زت له من…دیاره !
یان: سه‌یر كوی ی ئه‌كه‌ی ئه‌لی ی هه‌تاوه
نه‌ختێ بۆنی كه‌ی سه‌رتاپ گوڵاوه
ئه‌گه‌ر ئه‌و ماوه زۆره شاعیر به‌رده‌وام بوایه و ڕه‌نگه ئاسۆیه‌كی گه‌شی هه‌بوایه, شاعیر تا نهۆش، شیعر ده‌هۆنێته‌وه. به‌ڵام له ڕووی ڕووخسار و ناوه‌ڕۆكه‌وه، هه‌نگاوی باشی نه‌ناوه. ئه‌گه‌ر به‌رواردی بكه‌ین به‌و زه‌مه‌نه‌ی كه شاعیر، شیعر ده‌نووسێت. شیعره‌كانی وه‌كوو جاران پڕن له خۆشه‌ویستی و په‌یڤی ڕۆمانسی و ئه‌وینی یار و شه‌هوه‌ت و جوانی و پاكی و خه‌می نیشتیمان و شار. ئه‌و تا له نیشتمان ده‌بێت، خه‌می یار و ئه‌وین ده‌خوات، كه وڵاتیش جێدێلێت و سه‌ری ڕه‌شی له تاراوگه سپی ده‌كات، ئه‌مجاره خه‌می نیشتیمان، ده‌بێته كیژوڵهیهكی ئاشق و ده‌ێته‌وه باوه‌شی شاعیر. شاعیرێك ماندوو به ئه‌شق و نیشتمان، شاعیرێك، ئاشق به شیعر و ئه‌وینی یار.
نامه‌وێ بمرم (2)
كوانێ به‌ڵێنی به‌رزی ژیانت
بۆچی نابینم خه‌نده‌ی جارانت؟
گیانه‌كه‌م قژخاو، تۆ بۆ گۆراوی
بۆ له‌سه‌ر به‌ڵێن توخوا نه‌ماوی؟
گه‌ر یارم نه‌بی چیم له ژیانه
بۆچی بمكوژێ مه‌ی و مه‌یخانه
نامه‌وێ بمرم تازه من لاووم
دووباره گیانه دڵ په‌شۆكاوم
تۆ چرای شه‌وی تاریكی زه‌نگی
تۆ بۆدڵهكهم هه‌رده‌مێ ده‌نگی
گوناهم نیه گه‌ر لێم ئه‌پرسی
تۆ له دڵداری بۆچی ئه‌ترسی؟
یاران ببینه چه‌ند به‌ختیارن
وه‌كو گوڵ گه‌شن به‌بێ ئازارن
ئه‌تۆش له‌گه‌ڵ من هه‌رده‌م زویری
كه‌سه‌یرت ئه‌كه‌م به‌خه‌م داگیری !
وا بۆمن ده‌ركه‌وت كه‌یاری من نی
گه‌ر یارم نه‌بی توخوا ئه‌تو چی !!؟
جه‌ژنی به‌هار(3)
یاران مژده بێ مژده‌ی به‌رزی دڵا
ئه‌مرۆكه من دیم پێ ئه‌كه‌نی دڵا !
زانیم به‌هاره دل ده‌نگی كه‌م بو !
زه‌ردی لێوهكهم به‌خه‌نده‌ی گوڵ چو
زه‌وی وه‌كو بوك خۆی رازاندبووه
………………………………… ئه‌م دێره له ڕۆژنامه‌كه له بیركراوه و نه‌نوسراوه.
شه‌به‌قی ئه‌دا دورشمی به‌هار
سڵاووت لێ بێ ئه‌ی به‌هار سه‌دجار
لێم گه‌ررێ نه‌ختێ بۆنی گوڵت كه‌م
گیانه ئه‌مجاره‌ش سه‌یری چڵت كه‌م
بینم یاران دڵ خۆش‌و شادن
به‌موژده‌ی به‌رزت گشتی ئازادن
داخه‌كه‌ی زستان نه‌ما له دڵیان
گشت پێكه‌نین پهكهی گولیان
ئه‌ی كوا گوڵی من بۆچی نایبینم ؟
منیش تا جارێك دڵی بستێنم !!!
ئه‌ی شه‌و..! (4)
شه‌وگار كورت به‌وه، هێزم نه‌ماوه
ئاو له گلێنه‌ی چاووم براوه
وه‌ك كه‌وان داری به‌ژنم چه‌ماوه
بارخانه‌ی دڵا سه‌رپاك ڕوخاوه
بۆچی كورت نابێ، شه‌وی دڵداران ؟!
ئه‌زانی چه‌نده، داخت له دڵم ،
گوێ بگره ئاهو ناڵه‌م بۆ گوڵم ،
شه‌و پاسه‌وانی خنچه‌ی سه‌ر چڵم ،
رۆژ تا ئێواره له ژین لاملم ،
ده‌ستم دامێنت لانه‌ی بیماران !
كه‌وتومه ده‌رگات ئه‌زیه‌تم ئه‌ده‌ی
خۆشی و گۆشادیم ناهێلی ئه‌ی به‌ی
پایه‌ی ژیانم تێك ئه‌ده‌ی ئه‌ی خه‌ی
جاری له په‌نات ، من نهم گۆت ئۆخه‌ی !
په‌نام بۆ تۆیه ، كۆستی هه‌ژاران !
ئه‌ی خوای گۆشادی ، داد بۆ تۆ دینم ،
په‌رده‌ی شه‌وگاری تاریك ئه‌درینم ،
ئه‌مه‌وێ خۆری جوانی ببینم !
نه‌مامی ژینی تازه بچینم !
به‌خوێنی چاوی لات و غه‌مباران !!
ئه‌گه‌رچی دوور بم له خه‌نده‌ی یارم ،
بێ چاو داهێنان ، هه‌ڵ ده‌گرم بارم ،
ئه‌ژیم له یاد و كرده‌وه‌ی پارم
ئه‌مه‌یه رێگای دڵسۆز ، بیمارم
بهكوێری چاوی، ناحه‌ز، به‌دكاران !
جوانی ژنێك (5)
به‌راستی هۆشم له لا نه‌ماوه
بۆ ئه‌م جوانه‌ی باڵا لاولاوه
ناتوانێ پێ نووس بی نووسیته‌وه
زوبان لال ئه‌بی بی گیریته‌وه !
سه‌یر كوی ی ئه‌كه‌ی ئه‌لی ی هه‌تاوه
نه‌ختێ بۆنی كه‌ی سه‌رتاپ گوڵاوه
ووشه‌و ووته‌كه‌ی ئه‌لی ی شه‌كراوه
لیوو ئهبرۆكهی نه‌خش كراوه
چاوه‌كه‌ی مانگه خه‌رمانه‌ی داوه
برژانگی ره‌شی ده‌وره‌یان داوه
هیچ كه‌ش نه‌یبینی تیری ئه‌م چاوه
جاری بیبینی هه‌رده‌م كوژراوه
ویستم پێ ی بلێم خودای دڵداران
بلیسه‌ی ئیشی دڵه‌ی بیماران
وێنه به‌رزه‌كه‌ی گشت كاتی ژیان
ئه‌ی ئه‌م شه‌ماڵه‌ی له به‌ری به‌یان
فریشته‌ی جوانی تاریكه شه‌وان
جوانترین نیگار تۆی له ئاوواتان
په‌ری به‌هه‌شتی ئه‌فری له ئاسمان
ئه‌به‌ی و ئه‌رۆی ئه‌دزی دڵمان
چۆن بێ دڵ بژیم گیانه‌كه‌م په‌یمان
وازبینه له دڵ دڵی بێ زوبان …
دایه‌گیان (6)
چه‌ند به‌داخه‌وه سه‌یرم ئه‌كردی
كاتی ئه‌توم دی به‌م نه‌خۆشیه
بۆ یه‌زدان دایه نامه‌م ئه‌بردی
كه‌چی نامه‌كه‌م دوور له خۆشیه !
ڕۆلهكهت هه‌ست و دڵی به‌خوینه
دایه ، دایه‌گیان….
نامه‌كه‌ت به‌ڕاست دایه زێرینه
مه‌لبه‌ندی ژیان….
چی به تۆ ئه‌كا چه‌ن پزیشك‌و ده‌رمان
چهكاتی سودی بۆتۆیه دایه!
وا كۆبونه‌وه هه‌ر وه‌كو خه‌رمان
ژه‌هراوی گشتی له‌بیرم مایه
رۆله‌كه‌ت هه‌ست وبیری به‌تینه
دایه ، دایه‌گیان….
شه‌به‌قی نامه‌ت به‌راست زێرینه
مه‌لبه‌ندی ژیان…
ئێستاش ئه‌تبینم هه‌ناسه ته‌نگی
بێ هێزو داماوو….؟
بۆخۆشی دایه له‌به‌رچی جه‌نگی ؟!!!
دایكی به‌ند كرا‌و…
رۆله‌كه‌ت هه‌ست و یادی به‌خوینه
دایه ، دایه‌گیان….
نامه‌كه‌ت به‌راست دایه زێرینه
بنچینه‌ی ژیان…
لێم گه‌رێی نه‌ختێ من بدووینم
تۆ دڵ به‌ده‌رده‌وه دایه نه‌خۆشی
سرودێك له سه‌ر گیانت بخوینم
بۆ چاك بونه‌وه چه‌ندی په‌رۆشی
رۆله‌كه‌ت له‌سه‌ر به‌مینی ژینه (ره‌نگه ئه‌و به‌مینی، زه‌مینی بێت ، ره‌نگه هه‌ڵه‌ی چاپ بێ!)
دایه ، دایه‌گیان….
شه‌به‌قی نامه‌ت به‌راستی زێرینه
رون كه‌روه‌ی ژیان….
نامه و سڵاو (7)
سڵاو له كانگای ده‌رونی به‌كۆڵا
سڵاو له شاخا له ته‌لان و چۆل
له فرمێسكی چاو له داخ‌و نالین
له هه‌ست و بیرم تاكو له ئاین !
له خۆروشهماڵا گیانه له نزار
له گوری دڵم له سهرپهلكی دار
له‌ده‌نگی بلوێر له ئاوازی كه‌مان
له‌سه‌ر خوناوا له گوری خه‌مان
به‌مانه هه‌مووی بۆت دێ سلاوم
ده‌مێكه (په‌یمان) بۆتۆ داماوم !
هه‌رده‌م ئه‌نالم كه‌ی من پێت ئه‌گه‌م ؟
یاره پێم بلێ پرسیارێ ئه‌كه‌م ؟!
توخوا وه‌ك جاران له‌سه‌ر به‌لێنی ؟
كاتێ به‌توم وت : به‌لێن شكێنی !
ووتت : یاره‌كه‌م تاكو من ماووم
ئه‌بێ نیگاربی وێنه‌ت له چاووم
به‌ختیار ئه‌بین ئه‌ی(ماندو) له ژین
ئێمه نابینین له ژیانا قین !!!!
كه‌چی ئێستاكه‌ش دڵ په‌ست و مه‌لول
بۆ تۆ كه‌وتومه نێو زیندانی قوڵا
كزرریش هات و ره‌نگ زه‌رد و خه‌مبار
هه‌ناسه سوار و مایه‌وه بیمار
هه‌موو تاو جارێ خه‌نده‌ت ببینم
به‌لكو پێم نه‌كرێ دلت بسێنم
رزگاریم ئه‌بی له‌م ژینه سه‌خته
سه‌یره دڵه‌كه‌م گه‌لێ بێ به‌خته
له پۆلی كچان روی بۆ لای تۆ كرد
ئه‌تۆش به‌جارێ هێزی دڵمت برد
تاكو وه‌ت لێ كرد بتهكینی خوین
خه‌مت بۆ ئه‌نارد شه‌وان چین به‌چین
لات وابێ دڵی یارت ناسینه
وا ئازارت دام قژ زه‌رد له ژینه
ئێستاش به‌نامه كۆتایی دینم
بۆ تۆم نوسیوه گیانه به‌خوینم
یاری ژێرخاك (8)
فریشته‌م شه‌ووم ، ئه‌ی خوای جوانیم !
ئاوێنه‌ی ڕاستی، تاكه یاره‌كه‌م
په‌رده‌ی دڵ دروین ، هه‌ستی به‌یانم
شاڵاوی خۆشی، گوڵی پاره‌كه‌م
ئه‌ڵێن كۆچت كرد ، گیانه (یاسه‌مین)
چرای هیواكه‌ت زوو كوژایه‌وه
به‌راست نه‌ماوی ئه‌ی هێوینی خوین؟!!
برینم دیسان بۆت برژایه‌وه
ئه‌ی كوا چاوه‌كه‌ی نه‌خشاویت به‌تیر.
بۆچی نابینم له لات … نه‌ماوه؟
قژه خاوه‌كه‌ی ، پێی ئه‌شێوا بیر
بۆ كه‌ل كه‌ل نیه وا تێ كه‌ڵاوه ؟!!
كوا وه‌كو جاران ووشه‌ی نیانت
تۆ له یادت چو ههلپهرركێ ی زێرین ؟!
بۆ زوو درراندت نامه‌ی ژیانت ؟
یاری كۆچ كردوم ، ئه‌ی دوژمنی ژین!
به‌به‌رگی ره‌شم زۆر به داماوی
وا له‌سه‌ر گۆڕت وه‌ستاوم یاره
بۆ له‌ژێر خاكا تۆ په‌شێو ماوی
كه‌چی ناحه‌زت له من…دیاره !
هه‌لسه‌وه توخوا وا ده‌ستم هینا
هه‌ر وه‌كو جاران به به‌ختیاری !
به‌ڵام ده‌سته‌كه‌م سه‌رتاب به خوینا
خو نییه كه تۆ بۆچ له كۆلم باری ؟
لێم گه‌ری سه‌یری نه‌ختێ گورری كه‌م
پرر ده‌م بۆی بلێم ئاوازی خه‌مگین !
سه‌یری بزهكهو ره‌نگی بۆری كه‌م !
جا لێم تاریك بێ نه‌بینم زه‌مین
به‌ڵكو له ژێر خاك به‌یه‌كتر ئه‌گه‌ین
وه‌كو رابردو و به‌به‌زم و شادی
پێكران په‌یامان بۆ یه‌زدان ئه‌به‌ین
خۆزیا وه‌ها با چه‌ند خۆش بۆ یادی!
به‌ڵام بێ سوده گرین و شینم
تۆ له تاریكی زیندانی یه‌زدان
منیش كه‌ساس و داماو له ژینم
بویمه خۆراكی دوررنده‌و ده‌ردان
یادت له خوێنم ئه‌جولێته‌وه
به هه‌مو كاتا به‌شه‌وی تاریم
ناوی ئازیزت ئههونێتهوه
له رۆژی ره‌شم ، له رۆژی ناچاریم !!!(***)
سه‌رچاوه و په‌ڕاوێز:
- ژیاننامه‌ی شاعیر له لایه‌ن خودی شاعیر و به‌ختیار عیزه‌ت سلێمان به‌گ، زاوای شاعیر له ڕێگه‌ی فه‌یسبووك، هاوینی 2020 وه‌رگیراوه.
- هه‌ولێر(1961-1963) پهخشنامهییكی هه‌فته‌ییه به‌زمانی كوردی و عه‌ره‌بی شاره‌وانی هه‌ولێر ده‌ری ده‌كا. ئاماده‌كار: تاریق جامباز، 2019 ، هه‌ولێر.
** وه‌ك له كۆتایی كتێبه‌كه هاتووه: ئه‌م په‌خشنامه‌یه (76) ژماره‌ی لێده‌رچووه، به‌ڵام (62) ژماره‌ی دۆزراوه‌ته‌وه(14) ژماره‌ی له‌م كتێبه‌دا نییه. ئه‌مانیش ژماره (48، 51، 52، 54، 56، 59، 60، 62، 65، 69، 71، 73، 74، 75).
- ژماره (29)، ساڵی یه‌كه‌م، سێشه‌ممه 20/3/ 1962، ل 3.
- ژماره (30)، ساڵی یه‌كه‌م، شه‌ممه 31/3/1962، ل 3.
- ژماره (34)، چوارشه‌مه/ 2ئایاری 1962، ل 2.
- ژماره(41)، سێشه‌ممه، 3ی تهمووز 1962، ل2 .
- ژماره(43)، 21 ی تهمووز 1962، ل3.
- ژماره (47)، 28ی ئابی 1962، ل3.
- ژماره (57)، چوارشه‌ممه/ 7ی تشرینی دووه‌می 1962، ل3.
(***) شیعره‌كان به‌ڕێنووسی ئه‌وكات نووسراون و ده‌سكاری نه‌كراون.