ده‌نگه‌کان به‌رده‌وامه و تێده‌په‌ڕێنێت
ماوه‌یه‌ک بوو ده‌نگه‌کان به هۆی هه‌ندێک گرفتی ته‌کنیکییه‌وه به سستی کارەکانی دەچووە ڕێوە،دیارە تا ئێستاش سێرڤەرەکەی ترمان کێشەکەی چارەسەر نەبووەو بەردەوامین بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە، به‌ڵام بۆ ئەوەی لە ڕوداوەکان دوانەکەوین و جێ متمانەی قەڵەمە جدێکان بین، ئه‌وه‌تا جارێکی دیکه دەنگەکان به هێزێکی گه‌وره‌تر و شێوازێکی نوێتره‌وه بۆ ڕه‌وتی خۆی ده‌گه‌ڕێته‌وه، بگره مه‌به‌ستیه‌تی هه‌نگاوه‌کانی له جاران خێراتر بکات. ده‌نگه‌کان وه‌ک که‌ناڵێکی سه‌ربه‌خۆ هه‌میشه هه‌وڵی داوه ئازادیی ده‌ربڕین بڕه‌خسێنێت، که ئه‌و هه‌وڵه له‌مه‌ودوایش هه‌ر به‌رده‌وام ده‌بێت. ده‌نگه‌کان هه‌رگیز نه که‌ناڵێکی مژده‌به‌خش بووه، تاکوو له کاتی هه‌ڵچوونی جه‌ماوه‌ر و ده‌رکه‌وتنی حزب و ڕێکخڕاوی نوێ‌دا مژده‌ی سه‌رکه‌وتن، خۆشگوزه‌رانی و هاتنی به‌هه‌شتی دابێت و نه شیوه‌نیشی کردووه، کاتێ هه‌ڵچوونی هه‌مان جه‌ماوه‌ر نیشتووه‌ته‌وه و حزبه نوێیه‌کان به هه‌مان شێوازی حزبه کۆنه‌کان له دژی ئازادی و مافه سه‌ره‌تاییه‌کانی مرۆڤی ئێمه‌دا وه‌ستاونه‌ته‌وه. ده‌کرێت بگوترێت ئه‌مه یه‌کێکه له‌و خاڵانه‌ی ده‌نگه‌کان له زۆربه‌ی که‌ناڵه ته‌قلیدییه‌کانی ڕاگه‌یاندن جودا ده‌کاته‌وه، به‌وه‌ی له‌پێناوی مه‌به‌ستێکی تایبه‌ت و کاتی دانه‌مه‌زراوه، به‌ڵکوو ڕاسته‌وخۆ پێوه‌ندیی به ئازاری ناوه‌وه هه‌یه و هه‌ر ئه‌و ئازاره‌یشه بووه‌ته موتیڤی به‌رده‌وامی و تێپه‌ڕاندن. به مانایه‌کی دیکه تێڕوانینی ده‌نگه‌کان هه‌میشه له‌گه‌ڵ تێڕوانینه باوه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌دا ناڕێکه، بۆیه نه‌ک هیچ کاتێ بۆ ئه‌و ئاسته دانابه‌زێت، به‌ڵکوو شه‌ڕی گه‌وره له‌پێناو تێپه‌ڕاندنیشیدا ده‌کات. ئه‌و ده‌مه‌ی ده‌نگه‌کان ده‌ستی پێ کرد، زمانی باوی ڕۆژنامه‌گه‌ریی کوردی، به تایبه‌تی هیی ڕۆژنامه‌ی ئەلکترۆنی، زمانی ڕۆژانه، یاخود زمانی شه‌قام بوو، ئه‌و زمانه‌ی به ئاسانی شتێک ده‌سڕێته‌وه و شتێکی دیکه به‌رز ده‌کاته‌وه، به‌ڵام ده‌نگه‌کان به پله‌ی یه‌که‌م هه‌وڵی دا نه‌ک هه‌ر خۆی له‌و زمانه دوور بگرێت، به‌ڵکو ویستی په‌ره به جۆرێکی دیکه‌ی جیاوازی زمانیش بدات، ئه‌و زمانه‌ی توانای به‌رهه‌مهێنانی پرسیاری نوێ و کاریگه‌ری هه‌یه. له ماوه‌ی ئه‌و چواردە ساڵه‌ی ڕابوردووی ده‌نگه‌کان دا بێ‌ژمار ڕۆژنامه و گۆڤار ده‌رچوون و مژده‌ی گۆڕینی دنیایان به خوێنه‌ر دا، به‌تایبه‌تی له کاتی هه‌ڵچوونی جه‌ماوه‌ردا، که‌چی به‌شێکی زۆریان دوای ماوه‌یه‌کی کورت وه‌ستان و به‌شێکیشیان درێژه‌یان به هه‌مان میتۆد دا، به‌ڵام ده‌نگه‌کان چونکه تێڕوانینی جیاوازی بۆ ڕووداو هه‌یه، واته چونکه پێی وایه ئه‌وه ڕووداوه ده‌بێت بکه‌وێته ژێر ده‌سته‌ڵاتی زمانه‌وه، نه‌وه‌ک به پێچه‌وانه‌وه، بۆیه هه‌رگیز ئه‌و ڕووداوه زه‌قانه نه‌یانتوانیوه ئه‌و تێڕوانینه‌ی بگۆڕن و تۆزقاڵێک له ئاستی ئه‌و زمانه‌ی داببه‌زێنن. دیاره ئه‌مه مانای ئه‌وه نییه به‌رگری له مافی ئه‌و تاک و گروپانه نه‌کردووه، که به‌رده‌وام که‌وتوونه‌ته به‌ر شاڵاوی هێزه کۆنسه‌رڤاتیڤه‌کان چ له فۆرمی حزبی سیاسی، چ له فۆرمی دینی، چ له فۆرمی کۆمه‌ڵایه‌تی و چ له فۆرمی سومبولیدا. لێره‌دا به ڕوونی تێڕوانینی ده‌نگه‌کان بۆ ده‌سته‌ڵات ده‌رده‌که‌وێت، که پێی وایه ده‌سته‌ڵات فۆرمێکی دیاریکراوی نییه، دروستتر ئه‌و فۆرمه‌ی نییه، که ته‌نیا له حزبی سیاسی‌دا به‌رجه‌سته بووه، به‌ڵکو له‌وه قوڵتر ده‌ڕوانێت و تێده‌گات ده‌سه‌ڵات هه‌ر شتێکه، که به‌رگری له مانه‌وه‌ی دۆخی کۆمه‌ڵگه ده‌کات. هه‌ر هێزێکه ده‌ست به (ئێستا)وه ده‌گرێت و ویستی تێپه‌ڕاندنی نییه. به‌م شێوه‌یه ده‌سه‌ڵات له هه‌موو شوێنێکدایه، له‌ناو خێزان، له قوتابخانه، له په‌رستگه، له‌سه‌ر شه‌قام و له هه‌ر کونوکه‌له‌به‌رێکی دیکه‌دا. مافی ژن، مافی منداڵ، مافی ده‌ربڕین، جیاکردنه‌وه‌ی ئاین له سه‌رجه‌م داموده‌ستگه‌کانی ده‌وڵه‌ت و زۆری دیکه ئه‌و بابه‌تانه‌ن، که ده‌نگه‌کان به‌رده‌وام وروژاندونی و بە یەقینەوە به‌رگریی لێ کردون. شتێکی سه‌یر نییه ئه‌گه‌ر ده‌نگه‌کان بووبێته که‌ناڵی به‌شێکی زۆری ئه‌و ڕۆشنبیرانه‌ی به هۆی بوونی تێڕوانینی جیاوازیانه‌وه ده‌رگای که‌ناڵی ڕاگه‌یاندنی حزبه‌کانیان لێ داخراوه و له میدیای ئه‌واندا که‌مترین بایه‌خیان پێ نادرێت. به‌م شێوه‌یه ده‌نگه‌کان وه‌ک که‌ناڵێکی گرنگی ڕاگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆ و ئازاد هه‌میشه فەوکەسی یه‌که‌می له‌سه‌ر ڕۆشنبیر بووه و بووه‌ته که‌ناڵی گرنگی ئه‌وانه‌ی ڕه‌خنه له‌و تایپه ڕۆشنبیره ده‌گرن، که دژی فۆرمێکی ده‌سه‌ڵات ده‌وه‌ستن و به‌رگری له کۆمه‌ڵێکی دیکه‌ی ده‌که‌ن. ده‌رگای ده‌نگه‌کان له‌مه‌ودوا زیاتر بۆ هه‌ر ده‌نگێکی ئازاد، یاخی و سه‌ربه‌خۆ کراوه‌یه، که خه‌ونی تێپه‌ڕاندنی به‌رده‌وام و داهێنانی بێسنوری هه‌یه.
گۆران عه‌بدولڵا
• به‌ڕێوه‌به‌ری ماڵپەڕی ده‌نگه‌کان
16/9/2016