
شیعر؛ بیرۆکەو تییمەو تەکنیك.. سۆران محەمەد
دەستپێك
لەم وتارەدا ڕۆشنایی دەخرێتە سەر لایەنە شاردراوەکانی بەرهەمهێنانی کاری شیعریی، دوور لە باو، لەکاتێکدا چەمکی گشتی شیعر لای زۆرینە هەر بریتییە لە ڕەگەزەکانی کێش و قافیە و مۆسیقا ، لەکاتێکدا (تەوەرە، بیرۆکە، تەکنیک) ڕۆحی زیندوون لە هەموو دەقێکی شیعریدا، کە زۆرێک لە خوێنەران درکی پێ ناکەن و زۆربەی ڕەخنەگران باسی ناکەن، چونکە بابەتی تەکنیکەکانی شیعر نازانن (بە ڕووە پراکتیکییەکەیدا) ، جگە لە ڕەخنەگرێکی شاعیر یان شاعیرێکی ڕەخنەگر نەبێت کە تەواو درکیان پێدەکات، وەک چۆن لە بەرهەمەکانی تی. ئێس.ئەلیۆت و ئەحمەد شەوقی و ئەوانی تردا هەیەو باسکراون.
جا چ گەر ئەو دەقانەی باسیان دەکەین: شیعری ستوونی بن، یان شیعری ئازاد یان پەخشانە شیعر، ئەم سێ رەگەزەی ناونیشانەکە گرنگن و بێ ئەمانە بۆی هەیە دەقی شیعر گرنگی و کاریگەری لەسەر ڕۆحی وەرگر لەدەست بدات. ڕیزبەندی شاعیران لە ڕووی ماناکانەوە بە پێی بۆچوونی (قەرتاجەنی) چوارن: داهێنان و شایستە و هاوتاو دزین..داهێنان لە لوتکەدایەو شایستەش دوای ئەو دێت، سێیەمیان ئەوەیە کە هاوتای ئەوانی ترەو بێئاگاداری و چاولێکەریی نووسیویەتی، ئەمە هیچ عەیب نییە، بەڵام گەر دووەمیان لەسەر یەکەم دابمەزرێت و هاوشێوەی ئەو بێت، ئەمە عەیبەیە و دزیش هەمووی کەموکوڕییە، هەرچەندە هەندێکیان لە هەندێکی تریان ناشرینترن.
هەموو شتێکی کۆن خراپ نییە و هەموو شتێکی نوێ باش نییە و بە پێچەوانەشەوە. داهێنەر نەمرە، تەنانەت ئەگەر خۆشی بمرێت، دەقی شیعری ڕەسەن لە هەموو زمانێکدا هەر بە شیعر دەمێنێتەوە دوای پەرچەڤەکردنی، چونکە کۆڵەکە سەرەکی و سیفەتە شیعرییەکانی لە دەقی یەکەمدا پاراستووە..
ناوەڕۆك
لەم ڕۆژانەدا کەسانێك هەن شیعر و ڕەخنە و بابەتی جۆراوجۆر دەربارەی شیعرناسیی دەنووسن.. بێ گوێدانە ئەوەی کە تۆ ئەم هەوڵانە ڕەتدەکەیتەوە یان حەزت لێیە، بەڵام بە دەگمەن کتێبێك یان بابەتێك دەخوێنینەوە کە باس لە لایەنەکانی شیعر بکات و باس لە وردەکاری و نهێنییەکانی نووسینەکەی بکات، چونکە ئەوانەی کە دەتوانن ئەم کارە بکەن شاعیری ڕەخنەگرن (وەک ڕەخنەگر تی ئێس ئەلیۆت) (١) و ئەحمەد شەوقی و ئەوانی تر …
بەڵام هەموو ڕەخنەگران شەڕی ئەم مەیدانەیان نەکردووە و ئەمەش بۆ کەمکردنەوەی توانایان ناگەڕێتەوە، بەڵکو لەبەر ئەوەی (شاعیر-ڕەخنەگر)ەکان ئەو ساتە شیعرییانە دەژین و شیرینی و تاڵییەکانیان تێدەپەڕێنن. ئەوان باشتر لەوانی تر دەزانن لەمەڕ بابەتەکانی ئیلهام وەرگرتن و لەدایک بوونی شیعر، کە لە قووڵایی ڕۆحەوە چی ڕوودەدات تا دەگاتە دەوروبەر، یان تا ئەو کاتەی بە بڵاوکردنەوەی بەرهەمەکە لە دوتوێی کتێب یان ڕۆژنامەی ئەدەبی و پلاتفۆرمە کۆمەڵایەتییەکان… ڕووناکی دەبینێت. دوای بەرهەمهێنانی بەرهەمە شیعرییەکە، خوێنەران دەبنە خاوەنی ئەو شیعرە، هاوبەشی شاعیر دەکەن لە لایەنە داهێنەرانەکانیدا، لەگەڵیدا دەفڕن لە ئاسمانی ئەندێشەی شیعریدا بۆ گەیشتن بە ئامانجی شاعیر یان نزیك بوونەوە لێی، بە چاودێریکردن و خەیاڵکردنی ئەو وێنە مێتافۆریکانەی کە قەرتاجەننی لە (منهاج البلغاء و سراج الادباء)دا دەڵێت: “هۆنینەوە پیشەیەکە ئامێرەکەی تەبعی مرۆڤە”. تەبع تەواوکردنی خودە لە تێگەیشتن لە نهێنیەکانی قسەکردن، تێگەیشتن لەو ڕێچکە و مەبەستانەی کە دەبێت قسەی شیعریی، بەرەو ئەوێ ئاراستە وەرگرێت”.(٢)
بەگشتی؛ بە دەگمەن لێرە و لەوێ دەبینین کە باس لە هونەرەکانی نووسینی شیعر و لایەنە فراوان و بەربڵاوەکانی بکرێت. ڕەنگە هۆکارەکەشی بۆ گرنگی بابەتەکە بگەڕێتەوە لە بەرهەمهێنانی شیعردا کە تایبەتە بە شاعیران، بێ ئەوانی تر. هێزی ڕێنمایی بیرۆکەو خاتەرەی ناوەکیی کە شاعیران لەم بارەدا جیاوازو جۆراوجۆرن ڕۆڵێکی سەرەکی دەبینێت لەم ڕووەدا. (٣)
ئەگەر لەسەر ئەوە کۆك بین کە بەرهەمی شیعری دەوڵەمەند و داهێنەر بریتییە لە (بەکارهێنانی تایبەتمەندییەکانی مادەی سەرەتایی زمان بە باشترین شێوە)، سروشتی بەرجەستە و میتافیزیك، واتە: وشە و مانا، ئەوا ئەم دەربڕینە ئینسانییە ئەبەدییە پێویستی بە بەردەستبوونی کەرەستە سەرەتاییەکان هەیە لە هەر شیعری شاعیرێکدا بێتە دی بۆ ئەوەی قۆناغەکانی پێ تەواو بکات و ببێتە شیعرێکی باس و وەك پێویست نوێنەرایەتی شاعیرەکەی بکات لە دنیای ئەدەبیاتی بەرهەمدار و ئێمەی خوێنەرانیش بەشێك لە کاتی خۆمانی پێ بدەین و بەرەنجام ناوی بە (بەرهەمێکی ئەدەبی کاراو دڵخواز) بهێنین، سەرەتا لە بەهرە دەست پێ دەکەین و لە ڕێگەی میکانیزمەکانی بەکارهێنانەوە بە وردبینی و هۆشیارییەوە تا دەگاتە هەڵبژاردنی گونجاوی بابەتەکە و تێپەڕاندنی بەربەستەکانی تەوەری زیندوو و بیرۆکەی نوێی داهێنەرانە، یان زیادکردنی نوێ لەسەر ئەوەی لەلایەن ئەوانی پێش ئێمەوە ئافراندوویانە.
شاردراوە نییە لە خوێنەری هونەرەکانی شیعر بە فۆرم و ناوەڕۆکەوە، کە نووسینی شیعر بەهرەیە پێش ئارەزوو، شیعر سەر بە هیچ جوگرافیایەك نییە، یان سەر بە ڕەهەندە بەرتەسکەکان، بەڵکو لە پلەی یەکەمدا هی مرۆڤایەتییە. وەك ئاشکرایە مۆدێرنیتەی شیعر بە تەنیا کێش و قافیە نییە، یان چەردەیەکی وەرزیی بێت کە دەقی شیعر بە مەبەستی گەیشتن بە هەندێك پێشکەوتنی جوانکاری لەبەری بکات، بەڵکو پێکهاتەی بنەڕەتی و شاراوەی شیعرەکە ئەو بەشەیە کە دوای وەرگێڕانی بۆ زمانەکانی دیکە وەك خۆی دەمێنێتەوە. بۆیە کەسانێک هەن پێیان وایە شیعر لە دەرەوەی بازنەی وەرگێڕاندایە، بەڵام وەک کارێکی ئینسانی و ناوەڕۆکێکی ڕۆحی هەمووان لە خاڵی ئافراندندا هاوبەشیی دەکەن، بە سروشت لە دەرگای ویژدانی هەمووان دەدات، پێش ئەوەی زاراوەی زمانەوانی بێت، ئاڕاستەی دڵ و دەروون دەکات، نزیکترینە لە هەمووان بێ هیچ ئیستیسنایەك.
(سوزان بێرنارد) لەم پێوەندییەدا سەبارەت بە (پەخشانە شیعر) دەنووسێت کە چۆن سەرەتا لە ڕەوتی سەرەکی یاخی بوو و لە ئەنجامدا بە ملکەچکردنی بۆ یاساکانی تری هاوشێوەی شیعر، بازنەی شیعری بەجێنەهێشتووە، بەڵکو بە جلوبەرگی مۆدێرنیتە بە فۆرم و زمانەوە خۆی نمایش دەکاتەوە، ڕوونە کە پەخشانەشیعر لە سەربنەمای فەوزاو ڕوخاندن کاردەکات، هەندێکجاریش لەسەر تێکدانی ڕێسا ئاساییەکانی زمان، بەڵام هەر یاخیبوونێك لە یاسا هەبووەکان ناچارە لە کۆتاییدا – ئەگەر بیەوێت کارێکی ئەدەبیی باش و بەردەوام بخاتەڕوو – پێویستی بە جێگرتنەوەی ئەم یاسایانە هەیە بە یاسای تر. ترس لە تێپەراندنی ئەو شتەی کە نائۆرگانیکە و فۆڕمی نەماوە، ئەوە – لە ڕاستیدا – پێداویستییەکی تایبەتی شیعرە کە بەم کارە هەڵدەستێت.(٤)
لایەنی گرنگ و بناغەی پتەو هەیە کە هەر بەرهەمێکی شیعری لەسەر بنیات دەنرێت، بێ گوێدانە ئەوەی سەر بە چ قوتابخانەیەکی شیعرییە، بەڵام ئێمە بە دەگمەن لێکۆڵینەوە و خوێندنەوەی چڕمان هەیە؛ جارانێك وردەکاریی شاراوە هەیە لە بەرهەمێکی شیعریدا و لە نێو دێڕو کۆپلەکاندا خۆیان مەڵاسداوە، تەنیا ئەو کەسانە هەستی پێدەکەن کە بە وردی دەیخوێننەوە و بە هێمنی لێی تێدەگەن، بە تایبەت کە زۆربەی بەرهەمە ئەدەبییەکان لە سەردەمی ئێستای ئێمەدا لە لایەن خوینەرانەوە زۆر گرنگییان پێ نادرێت و دەستەبژێرو نوخبەش لەم (دنیای تەرکیزی چاو وبینینەدا لەبری هزرو رامان) ڕوو لە کەمییە. شیعری ڕەسەن بریتییە لە پارچە هونەرێک کە پیتەکانی دەتوانن تەرازووی مانا لاسەنگ بکەن. شاعیر هەیە حەزی لە بەرزکردنەوەی توانای زمانەوانیی و وشەسازی خۆیەتی لە دەقەکاندا، وەك گەمەو لایەنەکانی ڕێزمان و ئاڵوگۆڕ و ڕێنووس و هتد… ، بەڵام دەقەکە لە کۆتاییدا وەك پێویست کاریگەریی نابێت و ڕۆڵی خۆی ناگێڕێت، بگرە هیچ هەژانێك یان دڵەڕاوکێیەک لە ڕۆحدا بەرپاناکات، چونکە بەپێی ئەو بنەمایەی ئەو کارە ئاتاج و پێویستی بە بیرۆکەو تییمەی تازەو کاریگەرە تا زمان خۆی لە دووتوێیدا ببینێتەوە، بۆیە لەئەنجامدا لەگەڵیدا کارلێك ناکەین.
گومانی تێدا نییە بەو پێیەی کە پەیوەندییەکی نزیک لە نێوان وشە و بیرکردنەوەدا هەیە بۆ فۆرمولەکردنی مانا، واتا بە تەنیا لە ناو دەقێکدا بە (وشەی شیعریی) جوڵە بەرپا ناکرێت، ئەوان دوو دیوی یەک دراون. ئەگەرنا بێ بوونی هەریەکە لەم دووانە لە فەنتازیایەك یان شتێکی زیاتر لە دیکۆرات و ڕازاندنەوەی زمانەوانەی زیاتر سەیر ناکرێت، هەڵبژاردنی فەنکشنی گونجاوی زاراوە و بەکارهێنانی لە شوێنی جوگرافیای دروستی خۆی لە دەقدا تەنیا وەڵامێکە بۆ هێنانەدی پێداویستییەکانی بیرۆکە و خزمەتەکردنی.
ئیبن تەباتەبا پشتڕاستی دەکاتەوە و پێی وایە قۆناغی یەکەمی داهێنانی شیعریی: (سەرگەردانی بیرۆکەیە لە عەقڵدا) بەو پێیەی بیرۆکە مانا و ئامانجی یەکگرتووی شیعرەکەیە. بگرە کەسانێك هەن لەوە زیاتر ڕۆیشتن کاتێك دەیانگوت: هونەری ڕاستەقینە ئەو بەخشینەیە کە بیرۆکەی داهێنەر و لە هەمان کاتدا شاراوە پێشکەش دەکات، خوێنەر چێژ دەبینێت لە کەشفکردنی ئەو گەمەو تەکنیك و جوانکاریانە. بۆیە شاعیر و ڕەخنەگری ئینگلیزی (شێلی) زیاتر لایەنگری هارمۆنی لە فیکردایە نەك ملکەچکردن بۆ سیستەمێکی فۆرماڵی و زمانەوانی تایبەت، ئەو لە (لە بەرگریکردن لە شیعر)دا دەنووسێت: “لە ڕوانگەیەکی توندی فەلسەفییەوە، ناتوانرێت جەماوەر دابەش بکرێت بەسەر پەخشان و شیعردا. ناکرێت شاعیر زمانەکەی ملكەچی یاسایەکی باوی فۆرم بکات گەر مەرجی هارمۆنی لە بیرۆکەدا لەبەرچاو نەگرێت”. (٥)
بۆیە دۆزینەوەی بیرۆکەیەکی گونجاو بۆ دەقێکی شیعریی یەکەم قۆناغی تەواوکردنی کارە بەرهەمدارەکەیە، ئەمەش ئاسان نییە وجارانێك پیویستی بە هۆکارو بەهرەوەرگرتنە.
جاحیز لە (البيان والتبيين) دەڵێت: “هەموو جۆرەکانی نیشانە لەسەر مانای وشە و غەیرە وشە، پێنج شت کەم و زیاد نابن، یەکەم: وشە، پاشان نیشانە، پاشان گرێ، پاشان هێڵ، پاشان حاڵەت کە پێی دەوترێت تۆو یان نەمام، و ئەمەش حاڵەتی ئاماژەکردنە، کە بەکاری هەموو ئەو جۆرانە هەڵدەستێت. هەرەوەها ئاماژەو زاراوە هاوبەشن، بەڵکو باشترین پاڵپشتە بۆ زاراوەو باشترین تەرجومان و نومایندەیە بۆی”(٦).
لە لایەکی تریشەوە کەسانێك هەن وا دەزانن کە بیرۆکە هاوواتای ئیلهامبەخشینە، ئەوەش وەکو ناوکی ڕووەک و میوەیە، گەر بمانەوێت درەختێکی ڕازاوەمان هەبێت ناتوانرێ دەستبەرداری تۆو و یان نەمامەکە بین، بۆ نموونە دەبینین شاعیرانی ناودار هەن ئەم توخمەیان نییە بۆ درێژەدان بە کارەکانیان پێویستیان پێیەتی، بۆیە ڕەنگە ئەمە هۆکاری بێ پێزیی و نەبوونی کاریگەری دەقەکانیان بێت لە قۆناغەکانی دواتری تەمەنیان، یان دەبێتە هۆی ئەوەی بێ بەخشین بمێننەوە و ئیدی خۆیان بەدوور بگرن لە نووسینی شیعر بۆ ماوەیەک، تا مادەی خاو و وزەی مەعنەوی و هێزی ناوەکی و ڕۆحی پێویست بەدەست دەهێننەوە بۆ دۆزینەوە و پێگەیشتنی بیرۆکە و… تەقینەوەی لە شێوەی شیعرێکی نوێبەخشی داهێنەرانەدا، ئەم بیرۆکانە دەتوانن لە توخمەکانی ژیانی ڕۆژانە، ئەزموونەکان، پەیوەندییەکان، ئەزموونەکانی سەفەرەوە….تاد سەرچاوە بگرن یان بگرە دیتنێکی ڕاگوزەری دیمەنێك یان ڕووداوێك، جا کاریگەرییەکە بچووک بێت یان گەورە، نزیک بێت یان دوور گرنگ نییە.. پاشان لە تاقیگەی ناخدا شێوەیەك وەردەگرێت و دەگۆڕێت بۆ بیرۆکەی دەقێك، لە ڕێگەی بەکارهێنانی شێوازە شیعرییەکان بە بەکارهێنانی ئامرازی شیعری گونجاو بۆ پێکهێنانی دەقێك: لە دانان و ڕێکخستنی وشەکانەوە، زاراوەسازی، بڕگەو کۆپلە، ڕیتۆریک، مێتافۆر، وێنەسازی خەیاڵ و تەواوکردنی پێکهاتەی شیعریی لەگەڵ چوار توخمە سەرەکییەکەدا بەپێی پۆلێنکردنی هەندێک لە ڕەخنەگران: (ناوەڕۆك، پێکهاتە، فەرهەنگ، وێنەی شیعریی) و هەروەها بەم پێوەرانە دەتوانین هەستین بە جیاکردنەوەی شیعر لە ژانرە ئەدەبیەکانی دیکە.
ئێمە پێشتر گرنگیی دۆزینەوە و لەدایکبوونی بیرۆکەیەکی گونجاو بۆ هەر دەقێک پێشوەختە لەناخی شاعیردا ڕوونکردنەوەمان دا. پاشان ڕۆڵی تەوەرە(تییمە) دێتە ئاراوە، کە گرنگی لە خاڵی یەکەم کەمتر نییە، ئەمە خودی بابەتەکە نییە و ڕۆڵەکەی تەنیا بە یەك وشە یان ناونیشانی دەقەکە سنووردار ناکرێت، بەڵکو هەموو شتێك کە پەیوەندی هەبێت بە هەموو مانا سەرەکی و لاوەکییە بەردەستەکانەوە لە دەقێکی شیعریدا لە ژێر سەردێڕی تییمەدا پۆلێن دەکرێت، کەواتە تییمە، بابەت(موضوع) نییە و بەڵکو زۆر لەو فراوانترە، تییمەش لەسەر بنەمای بیرۆکە دادەمەزرێت، کە بە تەکنیکە کاریگەرەکانی نووسینی شیعر پشتگیری دەکرێت. کەسانێك هەن کە تەوەرە لە شیعردا بە پێگەی دڵ بۆ جەستە وەسف دەکەن، و پێناسەی دەکەن کە “هەموو وێنەیەك، ئۆبژەیەك یان بیرۆکەیەك کە بۆ دەربڕینی تایبەتمەندییەکانی دەق بەکاربێت، بە چوارچێوەی بنەڕەتی دادەنرێت کە قووڵی و دەنگدانەوە بە بەرهەمە ئەدەبییەکان دەبەخشێت، یان ئەو عەدەسەیە کە خوێنەر دەتوانێت بەهۆیەوە تەفسیری دەقی پێ بکات”. (٧)
ڕەخنەگری لێهاتوو (نادیە هینداوی) پەنجەی خستە سەر ئەم توێژینەوەیە و لە ڕوانگەی خۆیەوە تەوەرەکەی باس کرد و بە وردی ڕوونی کردەوە و ئەو تییمەی بە زەریا چوواند. واتە تییمە هەمەلایەنەتر و گەورەترە لە بابەت، کەواتە ئەگەر بابەتەکە سنووردار بێت بە یەك وشە یان دەستەواژەیەك یان ناونیشان، ئەوا تییمە هەموو پەیوەندییە لاوەکییەکانی ماناکان و ئاماژەکانیان لەخۆدەگرێت لەگەڵ هەموو بڕگەو کۆپلەکانی ناو دەق، هەر وەک چۆن (ڕۆلاند بی. تۆبیاس)سەبارەت تییمە دەڵێت: “سیستەمێکی خودکرداریی ئاراستەکردنە لەبەردەستداو لە خزمەت خوێنەردایە”.(٨)
وەک لە سەرەوە ئاماژەمان پێدا، دەقێکی جددی و سەرکەوتوو تەنیا لەم دوو توخمەدا سنووردار نییە، بەڵکو شاعیر بەدوای تەکنیکە جیاوازەکاندا دەگەڕێت بۆ داڕشتنی بیرۆکە و تەوەر لەپێناو گەیشتن بە ئامانجەکەی و تەواوکردنی کارە شیعرییەکەی بە جیاوازی و سەرکەوتوویی.
تەکنیکە شیعرییە جیاوازەکان وەک فاکتەرێکی گرنگ بۆ بەرهەمهێنانی جوانیناسی لە دەقە شیعرییەکاندا بە هەر سێ جۆرەکەیانەوە بنەڕەتێکی گرنگن: چ شیعری ستوونی بێت یان شیعری ئازاد یان پەخشانە شیعر، بە بەکارهێنانی کۆمەڵێك ئامرازی جیاوازی وەك: چڕکردنەوە، هێماسازی، فۆرمالیزە، دەربڕین، دەقئاوێزان، بەهرەوئیلهام، مێتافۆر، خەیاڵ و بەشەکانی ڕەوانبێژی وئەوانی دیکە… بەجۆرێك لێرەدا ڕۆڵی زمان و بەکارهێنانە ڕیتۆریکییەکانی و ناوەڕۆکەکەی لە هونەرەکانی داڕشتنی دەقەکە دەردەکەوێت، بە پێی ئەوەی شاعیر پێشوەختە هەڵیبژاردووە و لە خەیاڵی خۆیدا نەخشەی بۆ داناوە، پاشان لە شێوەی لافاوێکدا دەردەچێت لە سەرچاوە ڕەسەنە خاوەکەیەوە لەناو ڕۆحدا ڕێڕەوی خۆی وەردەگرێ و تادەگاتە شوێنگای تێڕژینەوە و پاشان پێداچوونەوە، لابردن و زیادکردن و ڕاستکردنەوە… تا دەگاتە لێبوونەوە لە دوا نوسخەی بەرهەمهاتووی دەقە شیعرییەکە.
هەروەها هەندێك لە تایبەتمەندانی شیعر ڕەسەنایەتی لە بەکارهێنانی ئەم تەکنیکانەدا وەک فاکتەری یارمەتیدەر زیاد دەکەن بۆ بەهێزکردنی تەوەری دەقەکە، هاوتەریب لەگەڵ هەڵبژاردنی بابەتی شیعر وەک هەڵبژاردنێکی ئایدیاڵ و ناوازە، کە ئەمە زۆر بە گرنگ دادەنرێت؛ چونکە ئەوە ئەو خاڵەیە کە هەستی یەکەمی ناوەوەی شاعیر لەخۆ دەگرێت، دەبێت شاعیرئاگاداری ئەوە بێت کە بابەتەکە بە وردی هەڵبژێرێت، دەربڕینی خودی دنیای شاعیر خۆی بێت یان نزیك بێت لە دونیای خۆی و تێڕوانین و پرەنسیپ و قەناعەتەکانی خۆی. بۆ نموونە دەوڵەمەند ناتوانێ شیعرێك لەسەر ئازارەکانی هەژار بنووسێت وەک ئەوەی هەژارێک دەینووسێت، هەروەك چۆن پیاوی ناعاشق ناتوانێت شیعرێکی غەزەل و دڵداری بنووسێت وەک چۆن عاشقێک دەینووسێت(٩).
قەرتاجەنی سەبارەت بە جۆری شاعیران سەبارەت ماناکان دەڵێت: “پلەبەندی شاعیران لە ماناکاندا چوار پشكن: : داهێنان و شایستە و هاوتاو دزین..داهێنان لە لوتکەدایەو شایستەش دوای ئەو دێت، سێیەمیان ئەوەیە کە هاوتای ئەوانی ترەو بێئاگاداری و چاولێکەریی نووسیویەتی، ئەمە هیچ نییە عەیب، بەڵام گەر دووەمیان لەسەر یەکەم دابمەزرێت و هاوشێوەی ئەو بێت، ئەمە عەیبەیە و دزیش هەمووی کەموکوڕییە، هەرچەندە هەندێکیان لە هەندێکی تریان ناشرینترن ” (١٠)
لە کۆتاییدا تەنیا ئەوە ماوە ئاماژە بە وتەیەکی سوزان بێرنارد بکەم سەبارەت بە هۆکارە سەرەکییەکانی ڕۆڵی ڕامبۆ لە مێژووی سەردەمی پێش سوریالیزمدا تا ئەمڕۆش، ئەو نووسیویەتی کە ڕامبۆ یەکەم کەس بوو شێلگیرانە جەختی لەسەر پەیوەندی توندی نێوان فۆرمولەی نوێی شیعری و گەڕان بەدوای نەزانراودا دەکردەوە، کە ئەمەش شیعری مۆدێرن دەکاتە هەوڵێکی میتافیزیکی، زیاتر لە فۆرمێکی هونەری. (١١) هەروا با مەیلی زاڵ لە سەردەمی جاهیلی شیعری عەرەبیدا لەبیر نەکەین کە ئیلهامبەخشی شیعرییان بە فاکتەرە نەبینراوەکانی وەک پەری یان ئەوەی کە هەندێك پێی دەڵێن شەیتانی شیعر لێکدەدایەوە. بەڵام لە ڕاستیدا ئەگەر لایەنە نەبینراوەکانی مرۆڤ بە سێ جۆرەکەیانەوە (دەروون، فیکر، ڕۆح) بە سەرچاوەی ڕاستەقینەی شیعری ڕەوان و پاراو هەژمار بکرێن، ئەمە حاڵەتی شاعیری لێهاتووی شکۆمەندە کە بە ئەزموونە تیۆرییە قووڵەکانی خۆی لە زانستەکانی شیعر و زمان و ئەزموونە پراکتیکییەکانی ژیاندا بەرهەمی داهێنەرانەی شیعر بەرهەم دێنێت.
بەرەنجام:
من شیعر دادەنێم بە (خود) بە هەموو پێکهاتە جۆراوجۆرەکانییەوە، واتا خودی ئاگا و نائاگا، خودی هەست و نەست، خودی ئەزموون و دنیا بینی، خودی زمان و جوانیناسی، خودی گیان و ئەندێشەکردن، خودی دەربڕین و ڕووبەڕووبوونەوە، خودی دوێنێ و ئەمرۆ و سبەینێ… بۆیە هەموو شیعرێك هەڵگری چەمکی دنیایەك لە هەمەجۆرییە، چ دەروونیی بێت یان کۆمەڵایەتی، یان دنیابینی و هەڵوێست، یان وشەسازیی و ئیستاتیك..تاد
بەشێك لەوەش کە دەبێتە زاخاودانی ئەم ئەزموونەو بەرەوپێشچوونی؛ بریتییە لە بڵاوکردنەوەو خستنەڕووی بەرهەمە شیعرییەکان، گرنگ نییە لە بڵاوکراوەی کاغەزیی وەك دیوان و ڕۆژنامەو گۆڤاردا بێت، یان بە خوێندنەوەی جەماوەریی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و پێگە ئەدەبییەکان و تاد..
بەڵام لەبەرئەوەی لەمڕۆماندا بەداخەوە زۆربەی بڵاوکراوە کاغەزییەکان قۆرخکراون و هێندەی بە دوای شوێنگەی حیزبی و مامەحەمەیی و برادەرایەتی و خۆخۆیی دا دەگەڕێن، نیو هێندەش خۆیان نادەن لە قەرەی شیعری جددی و داهێنەر، بۆیە من زۆربەی ئەو شاعیرانەی لە (تەم) دا کۆبوونەتەوە بە شاعیرانی (سەعلوك)(١٢) ناودەبەم، ئەو زاراوەیەش بەو شاعیرانەی قۆناغی شیعری جاهیلی دەگوتران کە مەحروم و بەدەربوون لە بازنەکانی دەسەڵاتی خێڵ، هاوشێوەی درەوشانەوەی یاخیبوونی ڕامبۆ شیعرەکانیشیان ناوازەو جیاواز بوو، بێ ئینتیماو یاخی بوون، ڕەفزکراو و ڕەفزکەرەوە بوون لەلایەن بازنە دۆگماکانی شیعرو کۆمەڵ و گروپە ڕەسمییەکانەوە، لەکاتێکدا زۆرینە ئەجنداو بەرژەوەندی خۆیان هەیەو ئەمانیش لەخەمی شیعرو ئەفراندندا استگۆیانە لەگەڵ شیعردا دەژین. جوانتریش لەمە ئەو شاعیرانەی لە (تەم)دا کۆبوونەتەوە هەریەکە خاوەنی شێوازێکی جیای نووسینی شیعرو دنیابینی شیعرە جیاواز لەوانی دی.
بالێرەدا کەمێك رابمێنێن و پێکەوە گوزەرێكی خێرا بکەین بە شیعرێکی بڵاوکراوەی ئەو پێگەیەدا لەژێر ناونیشانی (ماڵی سەر فەرشەکان)(١٣)ی شوان تۆفیق دا، کە من وادەزانم هەمان شاعیرە کە پێشتر بەناوی شوان سەعیدەوە هاوشێوەی تەرزی ئەم دەقەی بڵاودەکردەوە. شاعیر لەم شیعرەدا گەمەیەکی تەکنیکی جوان بە ئەوین دەکات و مانایەکی نوێی شیعریی لێ بەرجەستە دەکات، کە لێرەدا ئەم بەشەی پەیوەندی هەیە بە بابەتی ئەم وتارەوە، کە چۆن شاعیر دەتوانێت بە بیرۆکەی نوێ و تەوەر و تەکنێکی جیاوازەوە دەقێکی شیعریی داهێنەرانە وەدی بێنێت و نوێبوونەوەیەك بەو ئاراستە کلاسیکییە ببەخشێت کە زۆربەی شاعیرانی غەزەل، بە کۆن و ڕۆمانسی و مۆدێرنەکانەوە تێوەی گلاون و هەمیشە لە خولگەیەکی دووبارەدا دەسوڕێنەوە.
هەر خوێنەرێك کە ئەو شیعرە دەخوێنێتەوە لە دیدگای خۆیەوە لێکدانەوەی بۆ دەکات، کە ڕەنگە زۆرینە بە دیوە باوەکەی ڕۆمانسییەتدا بیخەنە پاڵ زۆرینەی شیعری غەزەل و چیدی خۆماندوونەکەن و وازبێنن لە لێوردبوونەوەو تێگەشتنی زیاترو جیاوازییەکانی ناوی، کە هەندێكی زۆر وردەو هەندێکیشی بەرچاوە.
زمانی دەقەکە، زمانێکی ئاڵۆز نییەو بابەتەکەشی زۆر سەیرو نامۆ نییە، بۆ نموونە ئەو بە ئاودانی باخچە دەست پێدەکات، بەڵام وشەی (پاکانە) ئاراستەیەکی تر دەدات بە کۆی دەلالەتەکانی ئاودان و وشكبوون، ئاراستەیەکی موچڕکئامێز، کە ئەمەشە وەرچەرخان و موفاجەئەی شیعر لای خوێنەر بەرپادەکات، ئاوها شاعیر لە ڕێی دۆزینەوەی تەکنیکی نوێی دەربڕین و هەڵکۆڵینی تییمەیەکی نوێ لە نێو تییمە کۆنەکەی ڕۆمانسییەتدا هێڵێکی ڕاست و چەوت دەهێنێت بەسەر بیردۆزی لێکدانەوەی زایەندی فرۆیدا(١٤)، کە فرۆید وای دەبینێت چالاکی و غەریزەی زایەند تەنیا کارێکی بایۆلۆژی نییە، بەڵکو هێزی پاڵنەری ژیانە وهەر ئەوەشە هۆکاری هەموو ئەو دڵەراوكێ و بەرزونزمییە دەروونیانەی کە مرۆڤ لە ژیاندا توشی دێت، وێڕای ئەوەی دابەشی پێنج قۆناغی دەکات و تەنانەت قۆناغی شیرخواردنی کۆرپەش بۆ ئەو پاڵنەرە دەگەڕێنێتەوە!.
شوان لەم دەقەدا بەوردیی کاری لەسەر بونیاد کردووەو لە بیرۆکەی چنینی سەر مافوورەوە وێنە ئەندێشەییەکان تێکەڵی شیعرو مەجاز دەکات و هەم دەیکاتە ناونیشان و هەم دوا کۆپلەی شیعرەکەی و خاڵی جیاوازبوون. بیرۆکەی وێنەی چنراوی سەرمافوور لە کۆپلەیەکی شیعری کوردیدا شتێکی جوان و ناوازەیە و کەم بەرچاودەکەوێت، هەر ئەو وێنە شیعرییەی سەر مافوورەکەیە کە پێچوپەناکانی تییمە ئاوەڵا دەکات، نازانم ڕەنگە لە شیعری فارسیدا بوونی هەبووێت، لێرەدا چڕکردنەوەی پنتەکانی نێودەقەکە لەو وێنەیەدا خۆی لە خۆیدا چەند ئاماژەیەك هەڵدەگرێ، کە ناکرێت لەم دەرفەتە تەسکەدا لەسەر هەموویان بوەستین.
ئەو شیعرە زۆر ڕەهەندی جیاواز و پنتی داهێنەرانەی تێدایە بۆ لەسەردووان، بۆنموونە وەك بەکارهێنانی کۆدو سیمبوڵ لە دێڕەکانی :
بەبەر چاوی (ئاسمان)ەوە،
وشک بوون
(هەورەکان)، (بایەکی دڵڕەق) لەگەڵ خۆیدا بردنی…
تەنانەت (زستانیش) جارێک بە (گەرمی) لە ئامێزی نەگرتین
لەلایەکی ترەوە دەقێکی کراوەیە بە ڕووی هەموو جێهێشتنەکاندا، کە هەر یەکەمان دەتوانێت بەشێک لە ئەزموونی خۆی تێدا ببینێتەوە، هەرچەندە لە خوێندنەوەی ڕووکەشیدا بۆ خوێنەری سادەبین وادەردەکەوێت کە ئەمە شیعرێکی باوی ئەڤینداریی و رۆمانسییە، بەڵام شاعیر تا کۆتایی توانیویەتی پارێزگاری بەو خەسڵەتی کەشفنەکردن و لەهەمان کاتدا فرە ڕەهەندییەوە بکات. ئەگەر لە شیعرەکانی (ئێدگار ئەلان پۆ)دا بۆنی کراسەکەی (لینۆر) ڕاپێچی زۆر یادگەی جیاوازمان بکات، ئەوا لای شوان (ئەو)ێکی سیماکاڵ لەپشت کۆپلەکانەوە ئاماژەمان بۆ دەکات و بەگیان لەگەڵ شاعیردا دەدوێ و بۆی دەگری وهێشتا پەیوەندییان هەر ماوە دوای دابڕان و جێهێشتن، بەڵام هەر کە لێی نزیك دەبینەوە وەکو خەوێکی دەم سەحەر زوو ون دەبێت، ئەم نیگەرانییەی شاعیر شایستەی ئەو تنۆکانەیە کە لەمۆزەخانەی شیعردا هەڵگیرێن و لە شوشە بنرێن.
فۆرمی گشتی مانا لێرەدا شێوازێك بەخۆوە دەگرێت، دەمانباتەوە سەر زۆرانی دوالیزمیەکانی نێو ناخی مرۆڤ و دەرەوەی ئەو، یان گیان و مادە، کە ئەویان وێنەی خانوویەکی چۆڵی لەخۆگرتووەو ئەمیشیان درزوسوتان و فرمێسک و برین و شکان و کاڵبوونەوە.
چەند ناخ هەژێنە وێنەیەکی پڕ جۆش و خرۆشی دەرووونی کە بەرجەستە دەبێت لە باڵای مانگدا بە شوبهاندنی بە حزوری ئەو، لە ئاوابوونی مانگدا ئاوابوونی ئەو، کەواتە ئەو ڕووناکییەی لە تاریکاییدا دەدرەوشایەوە ئاوابوو، نایەوێت بڵێت تۆ مانگ بوویت، چونکە شاعیرەکانی تر بە ڕووە باوەکەیدا زۆر بەکاریان هێناوە.
چەند خولەکێک پێش ئەوەی مانگ ئاواببێت،
تۆ لێرەبوویت
ئەم دەقە تژیە لە وێنەی شیعریی ئاوێزانی ئۆنتۆلۆژیا و دیدی قووڵی ڕۆچوون بە وجودییەتدا و شوبهاندنی بە دەریا، بەڵکو ئەو ونبوونە دەکرێت هێندەی قووڵیی دەریایەك بێت لە برین، بەڵام مرۆڤ دەسەوسانە لە بەرانبەر پرسیاری مەرگ و ناتوانێت ئەو گرێکوێرەیە بکاتەوە تا خۆی نەیچێژێت، ئیدی هەموو شتێك کۆن دەبێت لە تەمەن و ئەزموون و شتەکان، ئێمەی بەلەمی تێکشکاو کەی لەناو دەیای قەدەردا دەتوانین سەوڵ لێبدەین؟ ناتوانرێت بە ماددە، میتافیزیك بپێوین و لێی تێبگەین، ئەم کەرەسانە بەو پنتانە ناخۆن، وەك ئەوەی بە بێژنگ بمانەوێت ئاو بخۆینەوە، یان بە مقاش بمانەوێت پارچە قوماشێك ببڕین و بە مقەست بمانەوێت بزمارێك داکوتین.
برینی نەبوونی تۆ
هێندەی دەریایەک قووڵ بوو
قووڵی دەریا، کەی به ئێمە چارەسەر دەکرێت؟
بەم بەلەمە کۆنانەی تەمەنمانەوە،
کوا دەتوانین بە دەریادا بپەڕینەوە؟
ئەوەی زیاتر ئەم لێکدانەوەمان پشت ڕاست دەکاتەوە ئەو (ئەوینە)یە کە لێرەدا بە باڵا باسکراوە، واتا جیا لە باو، پیرۆزو پاكە، هەر لە کۆپلەی دوای ئەویشدا دالی ژن دەرگای ئەو کۆپلە شیعرە جوان و ناوازەیە دەکاتەوەو داشی دەخات، جیاوازیەکەش لەوەدایە هەر ئەو مانگە بوو کە لێرەدا ژنەو کچ نییە تا نەڵێین شیعرێكی دڵدارییەو ئیشق تەنیا لەو پنتەدا قەتیس نەکەین، دڵ کاتێك دەبێتە گۆزەیەکی شکاو و جێماو کە دوو وەسفی تراژیدیاو خەمناكن بە ڕادەیەك باری شڵەژان و کاریگەربوونی دەروونیی، ئان و ساتی نوووسینی شیعرەکە دەردەخات لەلایەن شاعیرەوە:
ئەوینی باڵا؛ زۆر شتت لێ دەبات و
لە بەرانبەردا هیچت پێ نادات،
*
لەدوای تۆ هیچ ژنێک لە باوەشی نەگرتم
دڵم گۆزەیەکی شکاو بوو، لەبەر باراندا،
لێم بەجێما
وەکو پێشتر گوتمان بیرۆکە هێڵێکی سەرەکی نووسینی شیعرە کە هاوکاریی شاعیر دەکات تا بزانێت دالەکان و کۆپلەکان چۆن ڕیزبەند بکات و بیانبەستێتەوە بە بونیادی سەرەکی تەوەرەوە، ئایا شاعیر توانیویەتی بیرۆکەیەکی تازە لە وێنە شیعرییەکی نوێدا بکاتە کەرەسەی دەربڕینی ئەو هەستە شیعرییەی کە جیاوازە لە هەر هەستێکی ڕاگوزەری کەسێکی ئاسایی ناشاعیر؟ لەم دەقەداو لە کۆی ئەو خەونانەی لە ژیاندا ڕابوردن، لە کۆی ئەو خۆشی و ئازارانە، کە خۆشییەکان کەمیان باسکراون و لەگەڵ جێهێشتنی ئەودا و سەرەتا دێڕدا دەرگای لەسەر دادەخرێت، جگە لە دێڕی (چنینی فەرشی سوور) کە فلاشباکی ئەو هەستەی سەرەتای پێش دەستپێکی شییعرەکەیە، لە دواکۆپلەدا حزوری هەیە، هەروا ئەمەش بەڵگەیەکی ئەو تێگەیشتنەی سەرەوەمانە، چونکە بابەتی شیعرەکە رۆمانسی باو نییە، ئەگەر ئەوەش بووایە ڕەنگە زۆر کاریگەریی و هەڵچوونی لەسەر دەروونی خوێنەر دروست نەکردایە.
جێی ئاماژەکردنە کە مەرج نییە ئەو کۆپلانەی خوێنەر لە شیعرێکدا بەریان دەکەوێت هەر واقیعی بن، بەڵکو شاعیر مامەڵە لەگەڵ میتافۆڕو مەجازدا دەکات و تواناو سەلیقەی ئەو لەوەدایە کە گیان بکات بەبەری ئەو بیرۆکانەداو خوێنەر وا لێی تێبگات هەروەکو ئەوەی ڕوویاندابێت لە گەڵیاندا بژی، لە دوماهیدا شاعیر کارامانە بەم ئەوینە گەردوونی و باڵایە، دەقەکەی بەرەو تەواوبوون دەبات و لەناو ئەو بیرۆکەی مافوورە سوورە چنراوەدا ئەوینێکی پاشەڕۆژیی نەبەکام دەنەخشێنێت، وەك خەونێکی بەدینەهاتوو (لینۆر)ئاسا کە هەرگیز ناگاتە ئەنجام و دەبێتە هەوێنی دەقەکانی تری ئێدگار پۆ. لەم وێنەیەدا ماڵی ئەو دڵۆپەی دەکردو بەرەو ڕمان و جێهێشن چوو، ماڵەکەی شاعیریش کە لەسەر مافوورەکە نەخش کرابوو بەرەو کاڵبوونەوە چوو بە فرمێسك، چەند گونجاندن و هاتنەوەیەکی تەباو ئەفرێنەرانەیە لە نێوان وێنەو ماناو واقیع و تییمەی دەقدا، هەردووکیان ناسۆر سیماکەیانی شێوان و کوژانەوە، ئەمەیە بیرۆکەی نوێ لە شیعردا کە شاعیری پڕ بەخشین سەرکەوتووانە ئەنجامی ئەدات.
جگە لەمەش دەمانباتەوە بۆ چەمکی پرسیاری فەلسەفەو بۆ خەمێکی وجودی کە چۆن مرۆڤ هەمیشە بەدوای سەرچاوەکەیەوە وێڵە، ئەو هیزەی کە سەرجاوەی بوونییەتی و دەیبەستێتەوە بە هەموو ڕەگەزەکانی دی بوونەوە:
دایکم فەرشی سووری دەچنی
جارێکیان بەدەم گۆرانی گوتنەوە لەناو فەرشێکی “سێ بەچوار”دا
ماڵێکی بچکۆلەی بۆ دروست کردین
خانووەکەی دایکم دڵۆپەی دەکرد
ماڵەکەی من و تۆ بەسەر فەرشەکەمانەوە،
کاڵ دەبووەوە
پەنجەرەکانمان لەبەر باراندا دەخووسان
بۆیاغ نەیدەتوانی دیوارەکانی ئەم ماڵە جوان بکاتەوە،
هێندە دەستی بە فرمێسکمان
پێ سڕی بوو،
هێندە بەدیار داخرانی دەرگەکانیەوە
گریابووین،
بەداخەوە ڕەنگ بەدار و
بەردیەوە نەمابوو
***.
پەراوێزو سەرچاوەکان:
The Use of Poetry and Use of Criticism، T.S. Eliot ،1986 by Harvard University Press١-
٢- القرطاجني، أبي الحسن حازم، (منهاج البلغاء و سراج الادباء)، تحقيق: ابن خوجة، محمد الحبيب. الطبعة الثالثة، دار العربي الاسلامي، السنة ١٩٨٦، بيروت. ص١٩٢
. ٣-أبي عثمان عمرو بن بحر بن محبوب، الجاحظ (البيان والتبيين)، تحقيق السندوبي، حسن ، دار أحياء العلوم،
ص٣١-٣٢.
٤-برنار، سوزان (قصيدة النثر من بودلير حتی الوقت الراهن)، ترجمة: صادق، راوية، دار شرقيات للنشر والتوزيع، السنة ٢٠٠٠، الجزء الاول ص ٣٤
٥-المصدر السابق ص ٢٩
٦- مصدر رقم ٣/ ص ٣٢-٣٣
iraqpalm.com/ar/article/-Theme٧-مفهوم الثيمة في النص الأدبي، عباس،عبد الكريم حمزة (الناقد)
hindawi.org/books/41862715/12٨-هنداوي، نادية، «الثيمة» تلك البوصلة الخفية
٩- منصور، حسن عبد الرازق، الشعر والعقل- منهج للفهم، دار أمواج للطباعة والنشر والتوزيع ،٢٠١٤، ص١٠٣.
١٠-مصدر رقم ٢، الصفحة١٧٧، ١٩٨ .
١١-مصدر رقم ٤، ص ٣٤.
١٢-پێگەی تەم ، بەرواری ١٣/٦/٢٠٢٥ دەقی (ماڵی سەر فەرشەکان)، شوان تۆفیق.
13- wikipedia.org/wiki/
14- Sexuality and the Psychology of Love by Sigmund Freud with an introduction by Philip Rieff Touchstone Books 9780684838243