Skip to Content

نەخوێنەوار.. پشکۆ ناکام

نەخوێنەوار.. پشکۆ ناکام

Closed
by تەممووز 31, 2025 General

[ خەڵک کۆمەڵێک گەمژە ئەکەن بە سەرکردایەتی
خۆیان ، دوایی ئەڵێن چۆن ماڵوێران بووین.. ؟..
وینستن چێرچڵ ]

لە کۆتایی شەست و حەفتاکانا سلێمانی لە سەد هەزار کەس زیاتر نەئەبوو بەڵام دوو کارگەی لێبوو [ چیمەنتۆ و جگەرەکە } کە بە سەدان خێزان سوودیان لێوەرگرتبوو جگە لەوەی خانوو و گەڕەکی تایبەت بە کرێکارەکانیان دروست کرابوو ، ئێستا سلێمانی خۆی ئەیا لە ملێون و نیوێ کەچی یەک دانە کارگەی تیا نیە ..بازاڕی ئەو سەردەمە پڕ بوولە شت و مەکی ئینگلیزی و عێڕاقی و ووڵاتی تریش بە کوالیتی بەرزەوە ، ئەمڕۆ کاڵای سەقەت و دەرەجە سفری ئێرانی و تورکی وامان لێ ئەکا وا بزانین لە ئەنکەرە یان لە تارانین.. لەو سەردەمەیا بەو ژمارە کەمەی دانیشتوانەوە چەن هۆڵێکی شانۆیی: مەکتەبی خالدیە ، اعدادییەی سلێمانی ، هۆڵی نەقابە . زانکۆ و چەن مەکتەبێکیش هۆڵی بچووکی تایبەت بە خۆیان هەبوو ، ئەمڕۆ لە پایتەختی ڕۆشنبیری !! هۆڵێکی مۆدێرنی تایبەت بە شانۆ نیە جگە لەوەی ئەو تیپە هونەرییانەی لەو کاتەیا هەبوون سەرتاپا لەبەر نەبوونی داخراوون یان لە عەمارەیەکا هەڵگیراون ” گوایە حکومەت پارەی نیە ” واتا حسابی مەسرەفی مانگێکی ئەسپێکی کوڕی سەرۆکی بە ناو حکومەتەکەی و شەوێکی “باشماخ:” بۆ ئەو تیپانە ناکرێ ..لەو سەردەمەیا هەمووشارەکە سێ چوا مەکتەبەی لێبوو لەوانە: مەکتەبەی گەلاوێژ ، مەکتەبەی گشتی ، و یەک دوانێکی تر و لەگەڵ ئەوەشا خوێنەوار لە شارەکەیا لە ئێستا زۆر زیاتر بوو سەرەڕای ئەوەی بەدەیان مەکتەبە هەن ..لە حەفتاکانا بە ڕاداری فەزائیش موحەجەبەیەکت نە ئەبینی کەچی ئەمڕۆ بە مامۆستای زانکۆکەشەوە ! مەگەر تاق و تەرا سفورێک ببینی بە مەرجێ ئەوسا و ئێستاش خەڵک هەر موسڵمان بوە ،، لەو ڕۆژگارەیا عەرەبی نەزانین جۆرێک لە عەیبە بوو ، کەچی لەم سەردەمەیا بەشێکی زۆری شارەکە بە” پاشا ” شەوە عەرەبی نازانن !! تەلەبەی متەوەسطەی ئەو سەردەمە مێشکیان پڕ بوو لە ئینگلیزی ، کیمیا، جوگرافیا ،ڕیازیات، مێژوو ….هتد ، بەڵام ئەمڕۆ تەلەبەکانی هەمان قۆناغ هەر لە خەیاڵی ئایفۆن و سامسۆنگ و نێرگەلە و دۆلار و تمەن بەچەنە و کامیان تەپڵەکەی ،ببورن کەپڵەکەی گۆڕی و ئەم جۆرە بابەتانەن .. لە حەفتاکانا تا کەسێک دکتۆرای بەدەست ئەهێنا زۆری ئەخایان بۆیە تەنانەت لەسەر ئاستی زانکۆش کەم بوون ، بەڵام ئەمڕۆ لەسایەی قبول خاصەی حیزب و دال نوقتەی چوار سەد دۆلاری ژمارەی دکتۆرەکانی هەر کۆلیجێک لە دۆمینە چییەکانی چآخانەی حەمە ڕەقی جاران زۆرترن ئەمە جگە لەوەی دال نوقتە هەیە عەرەبی نازانێ !!..ئەو زەمانە یەکێک مفوەز بوایە ئەیانووت : واو فڵان کەس مفەوەزە ، ئەمڕۆ کاکم نەبوە بە سی ساڵ نەقیب یان لوایە دیارە ئەو لە دەساڵییەوە زابت بوە ، تەنانەت مەسئولەکان وەک مونافەسە پلەی حیمایەکانی خۆیان ئەگۆڕن …..لەسەردەمی حەفتاکانا لەسەر سیسەمی بەریتانی هەر گەڕەکێک عیادە شەعبیەکی هەبوو و دەرمانیش بەلاش بوو ، ئەمڕۆ خەستەخانەی حکومی نەماوە لەوانی تریش هەقی هەڵمژینی ئۆکسجینیشت لێئەسەنن کە مردیشت سەیارەی تایبەتی گواستنەوەی تەرم !! بە پارە ئەتگەیەنێتە دوا مەنزڵگات ، بە مانای لەم شارەیا .لە دایک بوونت تا قەبرەکەشت هەر بە پارەیە….حەفتاکان لە شارەکانی ترەوە ئەهاتن بۆ بینینی سەرچنار کەچی ئێستا سەرچنار فرۆشراوە و و ئەکرێ بە ” سەرشوققە”!!… لەزەمانی حەفتاکانا خەڵک دەیان ساڵ خەباتی ئەکرد تا پێی بووترێ نیشتمان پەروەر، بەڵام ئەمڕۆ بازرگانێک بە هەفتەیەک ئەبێ بە سەرمایەداری نیشتمانی !!
جا بەراوردێکی بچووک بکەین ئەزانین ئێمە ئەمڕۆ لە چاو دوێنێ یا چەن هەنگاوی گەورە و خێرامان ناوە بۆ دواوەوە و سەلماننی ئەو ڕاستییەیە کە : دیکتاتۆرێکی خوێنەوار باشترە لە بە حیساب ” نیشتمان پەرەوەر” ێکی نەخوێنەوار..

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish
Powered by TranslatePress