Skip to Content

تەراتێنی نارسیستەکان لە دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمدا.. ڕۆمان ئامینە

تەراتێنی نارسیستەکان لە دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمدا.. ڕۆمان ئامینە

Closed
by ئاب 6, 2025 General

نارسیست ئەو کەسەیە کە ماسکێکی بەستووە و لەناخەوە وێرانە و لە ڕوواڵەتدا هەوڵدەدات باش و بەهێز بنوێنێت. ئەو کەسەیە کە بە دوای هێز و دەسەڵاتەوەیە، ئەو کەسەیە کە تا کەسێک لە داو دەخات هەموو هەوڵێک دەدات و مانیپلاسیۆنەی دەکات، بەڵام کە بە دەستی هێنا لێی سارد دەبێتەوە. ئەو کەسەیە کە ئازیزەکانی دەڕەنجێنێ و دەشکێنێ و نرخیان ناداتێ و هەمیشە ڕەخنەیان لێ دەگرێت، هەروابێتەوە ئەو کەسەیە هیچ کات دان بەهەڵەی خۆیدا نانێت و هەموو هەڵەکانی دەخاتە ئەستۆی بەرامبەرەکەی. لەناو کۆمەڵدا هەوڵدەدات خۆی بکاتە جێی سەرنج و لەهەمووان زیرەکتر دەرکەوێ بەهەر نرخێک بێت، وە ئامادەیە هەموو شتێک بکات تاکو بێخەوش و گەورە دەرکەوێ بەڵام لە ژیانی تایبەتیدا هیچ پێشکەشی ئازیزەکانی ناکات. تا ئێرە باس لە کەسایەتی نارسیستە لە ژیانی تایبەتیدا، داخۆ کاریگەری قەبە و ترسناکی ئەم کەسایەتیە ناتەواوە لە ژیانی گشتیدا چی بێت؟!

نارسیستەکان هەمیشە هەوڵەدەن لە لوتکەکەدا بن. بۆیە لات سەیر نەبێت لەو فەزا سیخناخە بە شکست وبێسەرەوبەرەیی کە سی و ئەوەندە ساڵە هەرێمی کوردستان بەڕێوە دەبات، بووەتە مۆڵگەی نارسیستەکان، و لەوێدا لە ئەوجی دەسەڵاتەکاندان و خەریکی خۆتەیارکردنن.

نارسیست لە منداڵیەکی خراپ و گرنگیپێنەدان و فەرامۆشکردنەوە درووست دەبێت، هیچ ئەستەم نیە بڵێین کەتوار (واقیع) ی کوردی و هەلومەرجی سیاسی کۆمەڵایەتی کوردی، ژینگەیەکی لەبارە بۆ هێنانەدنیای دەرزەنێک نارسیست.
نارسیستەکان لە پێگەکانی دەسەڵاتی هەرێم و بەتایبەت دامودەزکا حکومی و ڕێکخراوە مەدەنیەکاندا لە لوتکەی هەڕەمەکەدان. هیچ دامودەزگایەکی دنیا بە ئەندازەی دامودەزگاکانی ئەو هەرێمه سێ شاریە تەژی نیە لە نارسیست! بنیام هەر چاوێک بە ماهیەتی کار و چالاکی دامودەزگاکانی هەرێمەکەدا بگێڕێ، دەزانێ کاریگەی نارسیستەکان چۆن ئەو دەزگایانەی ئیفلیج کردووە و کردوونی بە مەیدانێک بۆ ساڕێژکردنی خواستی دەسەڵاتداری و هەیبەتی چەند نارسیستێکی قەڵەو و قەبە.

بۆیە لە ڕاستیدا ماهیەتی سەرجەم دامودەزگاکان چووەتە ژێر پرسیارەوە، سی و ئەوەندە ساڵە لەوپەڕی چەقبەستووییدایە لە سایەی دەروونی بیماری نارسیستەکان، بۆیە سەیر نییە کە بە هەر سێ شارەکە ناتوانرێت فیلمێکی ئاسایی بەرهەم بهێنرێت، سی و ئەوەندە ساڵە کۆمەڵێ دەموچاوی سواو و بێبەهرە خەریکی بەرهەمهێنانی فیلم و گۆرانی و کاری هونەری و سیاسین.

هاڵاو و سیگناڵی تێکشکان، لەو نارسێستانەوە پەڕیوەتەوە بۆ فەزای گشتی، بۆیە ئەو نائومێدیە کوشندەیە لە هەموو ئاستێکدا درکی پێدەکرێ. چونکە نارسێستەکان لە هەر فەزایەکدا بن ئەو فەزایە دەخنکێنن، کێ لە دەوریان بێت وێرانی دەکەن و پڕی دەکەن لە تۆوی نادڵنیایی و شکست و دەستەپاچەیی..

ڕۆمان ئامینە

mm

دەنگەکان وەک رۆژنامەیەکی ئەلکترۆنی لەپێناوی فەراهەمکردنی سەکۆیەکی ئازاد بۆ دەنگە جیاوازەکان لە ١ی حوزەیرانی ٢٠٠٢ دەستی بەکارکردن کردووە لە شاری تۆرنتۆ. دەنگەکان بە رۆژنامەی خۆتان بزانن و لەرێی ناردنی بابەتەکانتانەوە بەرەو پێشی بەرن لەپێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و ئازاد و یەکساندا.

Previous
Next
Kurdish
Powered by TranslatePress