
منداڵ و ئینتەرنێت.. محەمەد بەرزی
لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا ئینتەرنێت لایەنی زۆر باش و بە سوود و کارای هەیە وەک : بەردەوامبوونی پەیوەندی لەگەڵ هاوڕیی و ئە ندامانی خێزان . ئامرازێکی زۆر بێ هاوتایە بۆ پەروردە و کات بەسەربردن ، پڕە لە یاری و بابەتی هەمەچەشنە و زانیاری بێ ئەندازەی جیاواز ، بەڵام هەرگیز بۆ منداڵان جێگایەکی باش و سەلامەت و ئەرێنی نییە ، چونکە ڕێگا بۆ توندوتیژی خۆش دەکات ، لێوان لێوە لە دیاردەی دزێو و بابەتی ڕووت و سێکسی . ڕێگا لە خەوتن دەگرێت و کات بە فیڕۆ دەدات . پڕیشە لە کەسانی نیازخراپی درۆزن و دەم لووس و فێڵباز ، کە بۆ منداڵان جێگای مەترسین و دەتوانن بە ئاسانی لە خشتەیان بەرن و مێشکیان پڕکەن لە ژەنگ و ژار . هەر بۆیە پێویستە منداڵان لە زیانەکانی دووربخرێنەوە و بپارێزرێن و یارمەتیان بدرێن بە چ شێوازێک بەکاری بهێنن ، تا تووشی ئاستەنگ و مەترسی نەبن و گەورەترین سود لە لایەنە باشەکانی وەربگرن ، کە لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا ئەو تەکنەلۆژیا ئەلکتۆنییە پێشکەوتووە پیشکەشی جیهانی دەکات .
ئەوەی شایانی باسە دایکان و باوکان دەبێ چاک ئەو ڕاستییە بزانن ، منداڵانی ئەمڕۆ لە جیهانی ئینتەرنێتدا دەژین و گەورە دەبن ، زۆر جار لە دایک و باوک و گەورەکان زیاتر ئاشنای بەرنامە و بابەتە نویێ کانن ، لە وانیش زیاتر بەکاری دەهێنن ، هەر بۆیە مەحاڵە لە ئینتەرنێت دووربخرێنەوە . بەڵام دەکرێت سەلامەتییان بپارێزن و لە مەترسییەکانیش دووربخرێنەوە . بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە پەیوەندی باشیان لەگەڵ منداڵدا هەبێ و بە جوانی باسی مەترسییەکانییان بۆ بکەن ، چونکە سەلامەتی بەکارهێنانی کۆمپیتەر ، پەیوەندی بە زمانی شیرین و هێمنی و دانانی یاسا و ڕێنماییەکانەوە هەیە ، هەر بۆیە لێرەدا بە کورتی ئاماژە بۆ چەند ئامۆژگارییەک دەکەین ، کە بۆ دایکان و باوکان و گەورەکان گرنگن :
١ – دڵنیابن تەمەنی منداڵەکەتان گەیشتۆتە ئاستێک کە دەتوانێ بچێتە سەر ئینتەرنێت . ئاشکرایە منداڵانی ئەمڕۆ بە بەراورد بە ڕابوردوو زیاتر دەستییان بە تەکنەلۆژیا و ئینتەرنێت دەگات ، خۆ بڵاوبوونەوەی مۆبایلە زیرەکەکان ، کە ئینتەرنیتییان لەگەڵدایە پڕن لە یاری و بابەتی سەرنج ڕاکێش ، کارێک دەکەن منداڵان بتوانن لەگەڵ کەسانی سەرتاسەری جیهاندا چەند کاتێک بەسەربەرن . هەر بۆیە زۆر پێویستە دایکان و باوکان تەمەنی ڕێگاپێدراوی بەکارهێنانی ئینتەرنێت بزانن و لە هەندێک ماڵپەڕی وەک ئێنستگرام و تیکتۆک دووریان بخەنەوە . بێگومان ئەمڕۆ لە وڵاتێکی وەک ئەمریکادا ، کەمترین تەمەنی منداڵ بۆ بەکارهێنانی ئینتەرنێت بریتییە لە ( ١٣ ) ساڵ . زۆرجار منداڵ و خێزانەکان ئەو تەمەنە یاساییە پشتگویێ دەخەن . بۆیە گرنگە دایکان و باوکان و مامۆستاکان پابەندی تەمەن بن و ئەو بەرنامانە بەکارنەهێنن ، کە مەرجی تەمەن ناگرنە خۆیان .
٢ – ئینتەرنێت لایەنی زۆر چاکی بۆ منداڵان هەیە ، دەتوانن بەکاری بهێنن بۆ ڕاپۆرتەکانی قوتابخانە و پەیوەندی کردن لەگەڵ مامۆستا و هاوڕێ و خێزانەکانیان . بەڵام بەکارهێنانیشی مەترسیی لەگەڵدایە . وەک بابەتی نەگونجاو و کەسانی خراپ ، کە خۆیان وەک منداڵ ، یان هەرزەکارێک نیشاندەدەن و بە فیڵ و درۆ بە دوای هاوڕێی نوێدا دەگەڕێن . لەوانەیە داوای زانیاری کەسیی لە منداڵەکە بکەن ، وەک ناونیشان و ژمارەی تەلەفون . هانییان بدەن پەیوەندییان پێوە بکەن و سواری ئەقڵیان بن . هەر بۆیە پێویستە دایک و باوک ئاگاداری ئەوەبن منداڵەکانیان لە ڕێگای ئۆن لاینەوە چی دەبینن و چی دەبیستن ، کێ دەناسن و چیش لە بارەی خۆیانەوە باس دەکەن . لەم حاڵەتانەدا پێویستە ئامرازەکانی پاراستنیان بۆ بەکاربهێنرێن ، چاکتریش وایە بەردەوام چاوکراوە و چاودێری چالاکییەکانیان بن .
٣ – بەرنامەی بۆ دابنێن سەبارەت بە کات و چۆنییەتی بەکارهێنانی ئامێرەکان . پاشان بە دەم و لەبزی شیرینەوە ڕاستەوخۆ گفتوگۆی لەگەڵدا بکەن و بزانن لەگەڵ کێدا پەیوەندی دەکات و باسی چی دەکەن و چ جۆرە بابەتێک بڵاودەکەنەوە .
٤ – هاوکاری بکەن چۆن زانیارییە تایبەتییەکانی خۆی بە چاکی بپارێزێت ، چونکە ئەگەر نەتوانێ بیپارێزێت ، لە لایەن کەسانی ترەوە دەبینرێن و لەوانەیە خراپ بەکاربهێنرێن و بە گران لەسەریان بکەوێتەوە .
٥ – کات و کەشێکی لەبار بۆ منداڵەکەتان دروست بکەن ، تا تەنها پەیوەندی لەگەڵ هاوڕیێ و ئەندامانی خێزان و خۆتاندا هەبێت . یارمەتی بدەن زانیارییە خراپەکان بناسێتەوە و لێیان دووربکەوێتەوە . ئاشنای یارییەکان و سایت و زانیارییە متمانەپێکراوەکانی بن ، پاشان کاتی خۆتانی بۆ تەرخان بکەن بۆ دەستنیشانکردنی ئەو ماڵپەڕە خراپ و زیانبەخشانەی منداڵ بە لاڕێدا دەبەن .
٦ – ئەرکی دایکان و باوکانە ڕێگای گونجاو بۆ پاراستنی منداڵ بگرنەبەر ، وەک سڕ ( بلۆک ) کردنی ئەو بەرنامانەی بۆ منداڵ ناگونجێن و هیچ بەرهەمێکی باشیان لێ هەڵناوەرێ ، پاشان دانانی وشەی نهێنێ بۆ کڵومکردن و نەکردنەوەیان . بەمەش خێزان و ئامێرەکان پارێزراودەبن و بە دووریش دەبن لە ڤایرۆس و بەرنامەی زیانبەخشی نەگونجاو .
٧ – کاتێک منداڵەکەتان دەستدەکات بە بەکارهێنانی ئینتەرنێت ، قسەی لەگەڵدا بکەن دەربارەی ئەو بابەتانەی دەیخوێنێتەوە و تەماشایان دەکات . بزانن بە پێی تەمەنی و لە ڕێگای ئینتەرنێتەوە لەگەڵ کێدا بە بەردەوامی پەیوەندی هەیە و لەگەڵ کیشدا گفتوگۆ دەکات . لێی بپرسن سەردانی چ ماڵپەڕێک دەکات . پاشان لیستێکی بۆ دروست بکەن و پێکەوە سەیری بکەن . گویێ لە منداڵكەکەتان بگرن و بگەنە ڕێککەوتن لەسەرئەوەی چ بەرنامە و بابەتێک بۆ خێزانەکەتان گونجاوە . ئاگاداریشی بکەنەوە وریا بێت لە چۆنییەتی مامەڵەکردن لەگەڵ خەڵکیدا و شوێنی خۆی بە نهێنی بهێڵێتەوە . پێویستیشە بەردەوام ئەوەشی بۆ دووبارەبکرێتەوە ، کە ئینتەرنێت گشتییە و تایبەت نییە تەنها بۆ خێزانەکەیان .
٨ – پێویستە شاشەی ئامێرەکان لەبەرچاو بێت ، تا بتوانن چاودێری بەکارهێنانی ئینتەرنێتی منداڵەکەتان بن ، بە تایبەتیش منداڵی بچووک . پاشان زۆر پێویستە کۆمپیتەرەکەی لە ناوەندێکی کراوەی ماڵەکەدابێت ، وەک هۆڵی دانیشتن ، تا بە ئاسانی چاودێری منداڵەکەتان بکەن سەیری چ شتێک دەکات . پاشان بۆ ئەوەی نەشتوانێ موبایلەکەی بە ئینتەرنێتەوە ببەستێتەوە ، کارێک بکەن ژمارەی نهێنی تۆڕی ئینتەرنێتەکە نەزانێت . تا نەتوانێ بێ ئاگاداریتان پەیوەندی بە ئینتەرنێتەوە بکات . سەرباری ئەمانەش ڕێگا مەدەن ئامێرەکان لە ژووری نووستنی منداڵدا دابنرێت .
٩ – لە ماڵپەڕەکانی یاری و سۆشیال میدیادا ، هەندێک کەس تەنها بۆ هەراسانکردن و گاڵتەپێکردنی کەسانی تر دەچنە سەرئینتەرنێت . پێویستە ڕێگری لەو کەسانە بکرێن کە بێزاریان دەکەن و ئەو هێرشبەرانەش سڕبکرێن . منداڵەکەشتان فێربکەن لەو جۆرە کەسانە ئاگادارتان بکەنەوە و هەموو پەیوەندییەکی نەخوازراویش کڵۆم بکات ، تا تووشی زیان نەبێ .
١٠– ئینتەرنێت ڕێگا دەدا منداڵان ئاشنای بابەتەکانی گەورە ساڵان بن . پێویستە ڕێگریی لەمە بکرێت . دەکرێت هەندێک بەرنامە بەکاربێت بۆ ڕێگرتن لە چوونە ژوورەوەی منداڵ بۆ ئەو جۆرە ماڵپەڕانە .
١١ – فێڵبازەکان وەک ماری سڕ خۆیان مەڵاس داوە ، دەزانن منداڵان بە دوای یاری و گۆرانی و مۆسیقای بێ بەرامبەدا دەگەڕێن . جا ئەگەر منداڵەکەت کلیک لەسەر یەکێک لەو بەستەرانە بکات ، لەوانەیە ڤایرۆسێک دابەزنێت و توانای کۆمپیتەرەکە ڕووبەڕووی مەترسی بکاتەوە . باشترین چارەسەریش بۆ ئەم دۆخانە بەکارهێنانی دژە ڤایرۆسە ، کە ڕێگا لە بەرنامە زیانبەخشەکان دەگرێت .
١٢ – لەگەڵ ئەوەشدا ئینتەرنێت هۆکارێکی زۆر باشە بۆ کۆکردنەوەی زانیاری و پەروردە و کات بەسەربردن ، بەڵام سایتە مەترسیدارەکان ، مەترسی لەسەر منداڵ دروستدەکەن . بۆیە پێویستە ڕێگاکانی سەلامەتی بگرنەبەر وەک : ڕێگانەدان بە بەکارهێنانی ئەو ماڵپەڕانەی دایک و باوک و گەورەکان بەکاریان دەهێنن . چاودێریکردنی ئەو ماڵپەڕانەشی منداڵەکە بەکاریان دەهێنێ . پاشان بە پێی تەمەنی منداڵەکە ماوەی بەکارهێنانی ئینتەرنێتی بۆ دیاری بکەن . ئەمڕۆ شارەزایان پێشنیاری ئەوە دەکەن منداڵانی تەمەنی ( ٥ بۆ ١٧ ) ساڵ ، نابێت لە ڕۆژێکدا دوو کاژمێر زیاتر لەسەر شاشەکان بن . هەربۆیە زۆر گرنگە چاودێریان بکرێن تا خوویان خراپ نەبێ ، بە تایبەتی منداڵانی پچکۆلە . گرنگیشە منداڵەکەتان ڕازی بکەن پابەندی کاتی بەکارهێنانی ئینتەرنێت بێ . بۆ نموونە هەرجارێک تەنها نیوکاژمێر لەسەر شاشەکان بێ و کاتی کوژاندنەوەشییان بـۆ دیاری بـکەن . پاشان زۆر پێویستە لە کاتی دیاریکراودا و پێش نووستن ( وای فای ) ماڵەکەتان بکوژێننەوە ، تا هەمووان پشووبدەن و کەسیش نەتوانێ ئینتەرنێت بەکاربهێنێ . سەرباری ئەمانەش دەکرێت هەندێک ڕۆژ بۆ پشوو دیاری بکرێت و ئینتەرنێتی تێدا بەکارنەهێنرێت ، هەمووان کاتەکانی خۆیان بە شتی ترەوە خەریک بکەن . ئاگاداریش بن دەهری و تووڕە نەبن و نیگەرانی و ترس و دڵەڕاوکێ نەخەنە دڵیانەوە و ڕێگریی لە بەها زۆرەکان و لایەنە باشەکانی ئینتەرنێت نەکەن ، کە ئەمڕۆ پێشکەشی منداڵانی دەکات .
١٣– ئاگاداری منداڵەکەتان بکەنەوە لە مەترسی و زیانەکانی بڵاوکردنەوەی وێنە و زانیارییە کەسییەکانی وەک : ( ناو ، ژمارەی تەلەفون ، ناونیشانی ماڵ ، ئیمێڵ و ناوی قوتابخانەکەی ) . خۆ ئەگەر منداڵەکە ویستی وێنەیەک ، یان زانیارییەک بڵاوبکاتەوە ، وا باشترە پیش بڵاوکردنەوەی ئێوەی لێ ئاگاداربکاتەوە . فێری بکەن تەنها پەیوەندی لەگەڵ ئەو کەسانەشدا بکات ، کە ناسیاون و متمانەتان پێیانە . ئاگاداری بکەرەوە ئەوەی لە ئینتەرنێتدا بڵاودەکرێتەوە هەمیشە دەمێنێتەوە ( هەندێکجار دەکرێت پیش ئەوەی کەسانێک بیبینن بسڕێتەوە ، بەڵام زۆرجار پیش سڕینەوەیان بینراون ) . هەر بۆیە پێویستە منداڵ بۆ پاراستنی وێنەو زانیارییەکانیان بەردەوام وریابکرێنەوە . پاشان بۆ ئەوەی بزانن منداڵەکەتان لەلایەن کەسانی فێڵبازەوە کراوە بە ئامانج ، ئەوا پێویستە ئاگاداری ئەم خاڵانە بن :
١ – بەسەربردنی کاتی زۆری منداڵەکە لەسەر ئینتەرنێت ، بە تایبەتی لە شەودا .
٢ – تەلەفوونکردنی کەسانی نەناسراو بۆی .
٣ – دیاری نەخوازراو لە ڕێگای پۆستەوە .
لە دواجاردا ئەوەماوە بڵێم : زۆر پێویستە دایکان و باوکان بە باشی گویێ لە منداڵەکانیان بگرن و نیشانیان بدەن دڵسۆزن بۆیان و گرنگی بە هەموولایەکی ژیانیان دەدەن . کارێک بکەن لەهەموو کێشە و گرفتێکدا بگەڕێنەوە بۆ لاتان . تا بزانن هەرچییەک ڕووبدات پەناوپشتن بۆیان . ئەوەی زۆریش گرنگە : پێویستە خۆشتان نموونەیەکی جوان و پاک و بێگەردبن و بەباشی ئینتەرنێت بەکاربهێنن ، لا لە وێنە و ڤیدیۆی ڕووت و ماڵپەڕە سێکسییەکان و زمانی پیس و کوشتن و توندوتیژی و ماددەی هۆشبەر و کحولییەکان نەکەنەوە ، تا منداڵەکانتان چاوتان لێ نەکەن .
تێبینی : بۆ ئەم بابەتە سوود لە چەند سایتێکی ئینگلیزیی وەرگیراوە .