
شۆڵان.. نووسینی: ئامانج شێروانی
لە زۆرینەی شارەکانی جیهان، بەتایبەتی ئەم شارانەی کە بۆ مرۆڤەکان دروست کراون، شەقام هەیە. شەقامەکان بەردی بناغەی شارەکانن. ڕێگە دوورەکان نزیک دەکەنەوە، شارەکان بە یەکتری دەبەستنەوە. شەقامەکان خوێنبەر و خوێنهێنەری شارەکانن. تڕێڵە و بارهەڵگرەکان خۆراک و شتومەکەکان لە ڕێگەی شەقامەکانەوە دەگەینن بە شارەکان. شەقامەکان لە دەرەوەی شارن، شەقامەکان بشیان کوژیت نایەنە نێوجەرگەی شارەکان.
شارەکان، جگە لە شەقام، کۆڵانیشیان هەیە، کۆڵانەکان لەنێو گەڕەکەکانن، لەنێو جەرگەی شارن، لەنێو بازاڕ و باخچە و پاڕکەکانن. کۆڵانەکان گەڕەکەکان بە یەکتر دەبەستنەوە، ماڵی ئێمە بە نانەواخانەی گەڕەکەکەمان دەبەستێتەوە، ماڵی باپیریشم بە نەخۆشخانەی گەڕەک. پیادەکان خاوەنی کۆڵانەکانن. کۆڵانەکان بۆ مرۆڤەکان دروستکراون، نەوەک بۆ تڕومبێل و بارهەڵگرەکان.
لە کۆڵانەکان تڕافیکلایت و پۆلیسی هاتوچۆ نابیندرێن. لە کۆڵانەکان تڕومبێلەکان لەسەرخۆنە، سی کیلۆمەترێک لە کاژێرێک دەبڕن. لە کۆڵانەکان، کاتێک مرۆڤێک دەپەڕێتەوە، تڕومبێلەکان لەسەری ڕادەوەستن و هیچ هەڕەشەی لێ ناکەن. شەقامەکان ئاوا نین، تڕافیکلایتیان تێدایە، پۆلیسی هاتوچۆیان تێدایە، تڕومبێلەکانیش تیژڕەون.
بەداخەوە، هەولێرەکەی خۆمان، جگە لەم دووانە، شتێکی تری هەیە، کە نە کۆڵانە و نە شەقام، بەڵکوو دەتوانین پێی بڵێین شۆڵان، نە کۆڵانییەتی خۆی بەتەواوی دەکات، نە شەقامیەتی خۆی. نموونەیەکی زەقی ئەم شۆڵانانە بریتییە لە شۆڵانی شێست مەتری. ئەم شۆڵانە پان و بەرینە، لەنێو جەرگەی شارە، لەنێو گەڕەکەکانە، گەڕەکی ئیسکان لە کۆڵانی ئیسکان جیا دەکاتەوە، گەڕەکی ئازادی لە زانیاری جیا دەکاتەوە، تەیراوەش لە مستەوفی. بەڵام، بە پانوپۆڕییەکەی ڕێک وەک شەقامێک وایە، تڕومبێلەکان تێیدا تیژڕەون.
بیهێنە پێش چاوی خۆت، منداڵەکەت ئەگەر بییەوێت لە مزگەوتی حەیدەراغا لە گەڕەکی مستەوفی بپەڕێتەوە ئەوبەری شۆڵانی شێستی تا دەسکە توورێک بکڕێت، دەبێت ئەم شۆڵانە ببڕێت! ڕێگەی مەرگیش ئاوا ترسناک نییە. دایک ناچارە، بۆ ئەم بستە ڕێیە سواری تڕومبێلەکەی ببێت و لەم شۆڵانە بپەڕێتەوە!
جارێکیان لە ئیسکانی نوێوە دەمویست لە شۆڵانی شێستی بپەڕمەوە تا دوو لەتە سەموونی بکڕم. سەموونخانە سەد مەتر لە من دوور نەبوو. بەڵام، چ سەد مەترێک، دەتگوت ڕێی مەرگە. تڕومبێل لە دوای تڕومبێل، بە خێرایی بروسک ئەم شۆڵانەیان لەت لەت دەکرد. دوای ئەوەی دە خولەک لەسەر شوێنی پەڕینەوە ڕاوەستام و بستێک چییە لە شوێنی خۆم نەموێرا بچمە پێشەوە، ناچار کیلۆمەترێک بەرەو ئەولاتر چووم هەتا بگەمە چوارڕیانی ڕووناکی، تاوەکوو بپەڕمەوە ئەوبەری و دیسان کیلۆمەترێک بڕۆم تا بگەمە سەموونخانەکە، لەگەڕانەوەش کیلۆمەترێک ئەمسەر و کیلۆمەترێکیتریش ئەوسەر. واتە لەباتیی دوو سەد مەتران، چوار کیلۆمەتر و دوو سەد مەترم بڕی. لەباتیی پێنج خولەکان نیو کاژێرم پێچوو!.
نووسینی: ئامانج شێروانی