ئێران.. گەلێکی هەژار و دەسەڵاتێکی ناشەرعی!.. عەبدولڕەحمان گەورکی
چاوخشانێک بەسەر بارودۆخی ئێستای ئێران و ئەرکەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی!
عەبدولڕەحمان گەورکی، نووسەر و شرۆڤەکاری سیاسی
بە پێی ئامارە فەرمییەکان، چەند ملیۆنێک ئێرانی لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێراندا دەژین و زۆربەیان خوێندەوارن و ژمارەیەکی زۆریان بە بڕوانامەی بەرز دەرچوون و زۆرینەی رەهایان دژی ئەو رێژیمە ئایینییەن کە حوکمڕانی ئێران دەکات! ئەم راستییە دیمەنێکی روون و ئاشکرای ئەو شتانە دەخاتە روو کە لە ناوخۆی ئێراندا دەگوزەرێت. وڵاتێک کە لە هەموو روویەکەوە دەوڵەمەندە. بەڵام بەهۆی دەسەڵاتێکی ناشەرعی و دواکەوتوو و ناشارستانی لەژێر ناوی “ئیسلام”دا، کەوتووەتە دۆخێکی هێندە پڕ لە ئازارە، کە خەڵکەکەی خراونەتە زیندان یان چوونەتە ریزی شەهیدانەوە یاخود خەمبارن و لە کۆڕی گریان و شیندان و بە توندی خراونەتە ژێر گوشاری سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووریداو هیچ بژاردەیەک بۆ نەماوەتەوە جگە لە ناڕەزایەتی دەربڕین و راپەڕین و شۆڕش. هەندێکیشیان توانیویانە کۆچ بکەن بۆ دەرەوەی ئێران. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دڵیان لە ناو ئێران جێهێشتووە.
هەر لەبەر ئەمەشە کە دەوترێت “ڕژێمی ئێران” هەرگیز نوێنەرایەتی خەڵکی ئێران ناکات و کارنامەکەی پڕە لە تاوانی گەورە و بچووک. نەک تەنها بەرامبەر بە خەڵکی ئێران، بەڵکو بەرامبەر بە خەڵکی ناوچەکە و جیهانیش. ئەوەی پێویستە، تۆڕدانی ئەم رێژیمەیە لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کە لە “پشتیوانیکردن لە خەباتی رەوای گەلی ئێرانەوە دەست پێدەکات!”
ئەوەی لە ئێران دەگوزەرێت دژەمرۆڤانە. بەڵام لە هەمان کاتدا ئەوەی لە پێوەندی لەگەڵ ئێراندا لە لایەن وڵاتانی ئەندامی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دەبینریت، جێگای شەرمەزارییە کە “ئەندامێتی رژێمی دیکتاتۆری مەزهەبی ئێرانیان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا قبوڵ کردووە!”
لە ئێراندا رژێم رووبەڕووی “ئابوورییەکی داڕماو” بووەتەوە. ئاماری “هەژاری” لە ئێران رۆژانە لە زیادبووندایە و ئەم دیاردە دڵتەزێنە نیوەی کۆمەڵگەی ئێرانیش گرتووەتەوە. رژێمی ویلایەتی فەقیهی چارەسەرکردنی کێشەی خەڵک بە ئەرکی خۆی نازانێت. چونکە تەنها گرنگی بە مانەوەی دەسەڵاتەکەی دەدات. رژێمی ئێران رووبەڕووی کۆمەڵگایەکی هەڵچوو بووەتەوە و دۆخەکە روو لە تەقینەوەیە. داواکارییەکانی خەڵک تا ئێستا وەڵام نەدراوەتەوە و پێدەچێت زۆر بەدوور بێت بەم دەسەڵاتە وەڵام بدرێتەوە. چونکە لەگەڵ تێپەڕبوونی “کات”، مەودای نێوان دەسەڵات و خەڵکی ئێران زۆرتر لە جاران زیادی کردووە. بەپێی خەمڵاندنەکان، نزیکەی ٢ ملیۆن کەس، هەتا زیاتر لە 10٪ی دانیشتوانی ئێران کەمئەندامن. بەپێی ئامارەکان ساڵانە ٤٠ بۆ ٦٠ هەزار کەمئەندام زیاد دەکات.
دۆخی نیشتەجێبوون بۆ ملیۆنان ئێرانی زۆر ئاڵۆز و بە ئازارە. نزیکەی ٦٠%ی داهاتی خانەوادە شارنشینەکان بۆ خانووبەرە خەرج دەکرێت. هەڵاوسان لە کەرتی نیشتەجێبووندا زیاتر لە ٧٠%ە و ئەم بابەتە ساڵانە بەشێکی زیاتری داهاتی ماڵەکان دەگرێتە خۆی. ژمارە راستەقینەکان زۆر زیاترن لەو ژمارەیەی کە دەزگاکانی رژیم بڵاویان کردۆتەوە. لە ئێران هەڵاوسانی راستەقینە تەنانەت سێ رەقەمیە. ئێستا نرخی خانووبەرە بەھۆی گرانی نرخی کەرەستەکانەوە بەرزبووەتەوە و کاتی چاوەڕوانی کڕینی خانوو بۆ چینی ھەژار و مامناوەند، نزیکە لە (100)ساڵ! لەم وڵاتەدا هەمیشە رێژەی ماڵیات و باج لە زیادبووندایە. بە پێی ئامارە فەرمییەکانی (رێکخراوی حکوومەتیی کاروباری ماڵیاتی ئێران)، ماڵیات بە بەراورد بە ساڵی پێشوو ٣٠% زیادی کردووە (ئاژانسی هەواڵی ئیرنا، ١٩ی گوڵانی 1403).
ساڵانێکی زۆر هاوپەیمانانی رژێمی ئێران بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە “گەمارۆ نێودەوڵەتییەکانی دژ بە رژێمی ئێران” بووەتە هۆی هەژاریی خەڵک. درۆیەکی گەورە بوو. لەم (3) ساڵەدا کە داهاتی رژێم لە فرۆشتنی نەوت، بە هۆی سیاسەتی سازان لەگەڵ دیکتاتۆرییەت، چەند هێندە زیادی کردووە، هەژاری، هەڵاوسان و گرانبوونی نرخ لە ئێراندا زیادی کردووە. تەنانەت خەڵکی نەدار و هەژار و بەتایبەت ژنانی ئێرانی، کۆرپەکانیان دەفرۆشن و لە زۆر حاڵەتدا کۆرپەکانیان لەسەر شەقامەکان بەجێدەهێڵن! فرۆشتنی ئەندامەکانی لەش لە ئێران بووەتە کارێکی باو. لەگەڵ زیادبوونی داهاتی ئەم رژێمە، دەزگای ستەم و هەژاری لە ئێران و شەڕفرۆشی لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێراندا بەهێزتر کراوە.
بەهای دۆلار لە ئێران لەم دواییانەدا سنووری ٦٠ هەزار تمەنی تێپەڕاندووە و گرانبوونی شتومەک سنوورەکانی بەزاندووە. لە مانگی دووەمی ساڵی نوێی ئێراندا بەڕێژەی ٣٠٪ نرخی کەلوپەلی خۆراک بەرزبووەتەوە و سفرەی خەڵک لە جاران بەتاڵتر بووە. خامنەیی و سەرانی ئەم رژێمە درۆ دەکەن و هیچ پلان و بڕیارێکیان نییە بۆ باشترکردنی ژیانی خەڵک. ئەوان بەرزبوونەوەی نرخەکان بە “درۆی بازاڕ” ناودەبەن و ویستوویانە بە “درۆ” چارەسەری کێشەی خەڵک پراکتیزە بکەن و هەوڵدەدەن بە هاندانی شەڕ لە ناوچەکەدا پەردەپۆشی بکەن.
میدیای دەوڵەتی ئاماژە بە بەرزبوونەوەی رێژەی بێکاری دەکەن. رەوتی کرێکارانی بێکار لە هەموو بوارەکاندا، (رەوتێکی نیگەرانکەر) نیشان دەدەن. گەندەڵی لە حوکمڕانیدا لە سەرەوە بۆ خوار، لە بەیتی جاڵجاڵۆکەی خامنەییەوە بۆ سەرانی ئەم رژێمە و مۆرەکانی دەسەڵات، بووەتە گشتگیر و رۆژانە بەشێک لە رەهەندەکانی ئەم دیاردەیە، لە شەڕە گورگی ناو دەسەڵاتی ئێراندا دەردەکەون. بۆ نموونە ماڵپەڕی (ئینتیخاب)ی سەر بە حکومەت نووسیویەتی: “ئێستا ئاشکرا بووە کە زیاتر لە 100 ملیار لە پەیمانگای مەساف رائیفیپور شاردراوەتەوە”. ناوبراو برازاوای (ئیبراهیم رەئیسی)یە.
لەشفرۆشی لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی رژێمی ویلایەتی فەقیهی بەربڵاوە و ئەمەش راستەوخۆ پەیوەندی بە بڵاوبوونەوەی هەژارییەوە هەیە. منداڵانی کارکەر و دیاردەی وەک کارتۆن خەوی، زبڵ کۆکردنەوە، فرۆشتنی ئەندامەکانی جەستە، خۆکوشتن، خۆسووتاندن و بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکانیش بە بەربڵاوی لە ئێران دەبینرێت. لە ئێراندا، نەدانی مووچەی فەرمانبەرانی حکوومەت، گەندەڵی، بەرتیلدان، رانتخۆری، وازهێنان لە خوێندن و تەنانەت فرۆشتنی منداڵیش بوونەتە دیاردەی کۆمەڵایەتی و ئابووریی باو، کە دەرخەری مەودای ژیانی دەسەڵاتی وەلی فەقێ و خەڵکی ئاساییە لە ئێران.
لە ئێرانی ئێستاکەدا، رۆژ نیە ژمارێکی زۆر لە خەڵکی ئێران لە ژیر ناوی کۆڵبەر و سوتەمەنیبەر لە لایەن هێزەکانی رژێمەوە لە سنووەرەکان نەکوژرێن. لە ناو ئەم توێژە هەژار و زەحمەتکێشەدا، ژمارەیەکی بەرچاو لە دەرچووانی خاوەن بڕوانامەی نایاب دەبینرێت. لە نێویاندا تەنانەت ژنانیس هەن کە روویان لەم کارە سەخت و مەترسیدارە کردووە!
لەم دواییانەدا دامەزراوەیەکی ئەمریکی بە ناوی “MPI (Migration Policy Institute)” راپۆرتێکی بەڵگەنامەیی لەسەر دۆخی کۆچبەرانی ئێرانی لە ئەمریکا بڵاوکردەوە. ئەم راپۆرتە دەڵێت: “کۆمەڵگەی بە رەچەڵەک ئێرانی باشترینە لە رووی پەروەردە، کۆمەڵایەتی، ماڵیات، و رەچاوکردنی یاسا…وە. بە پێی ئەم راپۆرتە، ژمارەی کۆچبەرانی ئێرانی لە ئەمریکا گەیشتووەتە یەک ملیۆن و نۆ سەد هەزارکەس. لەم راپۆرتەدا جەخت کراوە کە ٥١%ی ئەو کۆچبەرە ئێرانیانەی ناو ئەمریکا بڕوانامەی بەکالۆریۆسیان هەیە. یەک لە چواری ئەوان بڕوانامەی ماستەری هەیە و دکتۆرا. ئەمەش بەرزترین ئامارە لە نێوان ئەو ٦٧ نەتەوەیەی لە ئەمریکا دەژین. لەوان دوانزە هەزار “مامۆستای زانکۆ ” لە ئەمریکا وانە دەڵێنەوە و لە ئێستادا ٧٥%ی ئەم مامۆستایانە لە دوو سەد زانکۆی باڵای ئەمریکادا وانە دەڵێنەوە. لە حاڵی ئێستادا نزیکەی 15000 پزیشکی ئێڕانی لە ئەمریکا دامەزراون.
دۆخی (وەرزش)یش لە ئێران بە ئازارە. بە وتەی شارەزایانی ئەم بوارە، وەرزش لە لاوازترین دوخدایە. ژمارەیەکی زۆریان بە تاوانی پشتیوانیکردن لە راپەڕینی گەلی ئێران زیندانی یان شەهید کراون. یاخود ئێرانیان جێهێشتووە یانیا لە دۆخێکی بژێوی زۆر خراپدان. جومگە وەرزشییەکان لە ئێراندا زیاتر لە ژێر دەسەڵاتی خەڵکانی سەر بەو رژیمەن و بێ ناوەرۆکن.
لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ئاخوندان وازهێنان لە خوێندن، بۆتە شتێکی باو لە نێو قوتابیاندا. چونکە پارەی درێژەدان بە خوێندنیان نییە و ناچارن ببنە “بژێوی” بنەماڵە و بەخێوکەر. لە نێوانیاندا ژمارەیەکی بەرچاو لە “منداڵانی کار” لە شەقامەکاندا دەبینرێن. مامۆستایانی ئێران، چینێکی گەورەی کۆمەڵگای ئێرانن کە بە هۆی نەبوونی مووچە و خراپی بارودۆخی ژیان، لە بارودۆخێکی سەخت و دژواردان. ئەم دۆخە تایبەت نیە بە مامۆستایان و قوتابیان، بەڵکو هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا دەگرێتەوە، بە کرێکاران و خانەنشینەکانیشەوە.
دوا وشە!
ئەوەی لەسەرەوە ئاماژەی پێدرا، تەنها مشتێکە لە خەروار ئازار و ناخۆشی لە ئێران. لە هەموو روویەکەوە، خەڵک لە دۆخێکی دڵتەزێندان. ئێستا ئەو پرسیارە دێتە ئاراوە کە ئەندامێتی رژیمێکی لەو جۆرە لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، کە هۆکاری سەرەکیی وەها دۆخێکی دڵتەزێنە لە ئێران، ئایا رەوایە؟ یان دەبێ حکومەتەکان و کۆمەڵگای مرۆڤایەتی لە تەنیشت گەل و بەرخۆدانی خەڵکی ئێراندا هاوسوز بن و رژێمێکی ناشارستانی و دژە گەلی لەو شێوەیە لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دوور بخاتەوە و نەهێڵێت سەروەت و سامانی ئەم وڵاتە دەوڵەمەندە بۆ مانەوەی دیکتاتۆرییەتی ئایینی و بەتایبەتی شەڕخوازی و تێکدانی سەقامگیری و ئاسایش لە ناوچەکە خەرج بکریت!