Skip to Content

پەڕینەوە.. چیرۆک\ نووسینی:‌ ئامانج شێروانی

پەڕینەوە.. چیرۆک\ نووسینی:‌ ئامانج شێروانی

Closed
by ئایار 29, 2024 General, Literature



ماوەیەک بوو لەسەر ڕۆخی شەقامەکە دادەنیشت، سەرنجی یەک بە یەکی پیادەکانی دەدا، لەگەڵ‌ ڤڕەڤڕی هەر تڕومبێلێک موچڕکێکی پێدا دەهات، ئەو ڕۆژە تاریکەی دەهاتەوە یادی. چوار مانگ بەر لە ئێستا، لەسەر هەمان شەقام، سەر لە بەیانی زوو، ماڵاوایی لە تاقانەکەی دەکرد، نەیدەزانی کە ئەمجارەیان ماڵاوایی یەکجارەکییە، ئیتر چاوی بە چاوە گەشەکانی ئەو ناکەوێتەوە. ئەوە چوار مانگە بەسەر ئەو ڕۆژەدا تێپەڕیوە، هێشتا دەنگی سیکەی ئیستۆپی ئەو تڕومبێلە لە گویێەکانی دەزرینگێتەوە، هێشتا بۆنی تۆزوخۆڵی ژێر تایەکانی دەکات، هێشتا دەنگی هۆڕنە دوورودرێژەکەی گویێەکانی کاس دەکات. ئێستاش قیژەی جگەرگۆشەکەی گوێ لێیە.
ئێستاش وەکوو ڕۆژی ڕوون لە یادیەتی، لە شوێنی خۆی ڕەق ڕاوەستا، بۆ چەند چرکەیەک نەیدەوێرا ڕووی خۆی وەربگێڕێت، لە دڵی خۆیدا دەیگوت نا نابێت جگەرگۆشەکەم بێت، پەیمانم پێی دابوو کە ئەو ئێوارەیە کرێمەستی بۆ بکڕم، ئەو هیچ شتێک بە قوربانی کرێمەستی ناکات. نا نابێت جگەرگۆشەکەم بێت، نا خودا ئەوەندە دڵڕەق نییە کە تاکە ئاوێنەی ژیانم لێ بستێنێتەوە. قیژە و هاوارەکان بەرەبەرە بەرزتر دەبوونەوە، هەورەکان بەری ئاسمانیان دەگرت، ئەمیش لە نێوەڕاستی شەقامەکە ڕەق ڕەق ڕاوەستابوو.
پێنووسێک بەر پشتی پێی چەپی کەوت، زۆری لە خۆی کرد تا ڕووی خۆی وەرنەگێڕێت. دواتر مۆرییەکی ملوانکەیەک بەر پشتی پێیەکەی تری کەوت، وەک بڵێی کە بترسێت ڕاستییەکە بزانێت، دیسان بەرگری کرد و دوو هەنگاو بەرەو پێشەوە ڕۆیشت. ئەمجارەیان تاکە قۆندەرەیەک بەئەسپایی دەستی لە پشتی ئەو دا، وەکوو ئەوەی پێی بڵێت ئیتر ناتوانیت لە ڕاستییەکان هەڵبێیت.
هێواش هێواش سەری خۆی بەرەو دواوە هەڵسوڕاند، لاقێکی بینی، لاقێکی پێپەتی، لاقێکی ئاشنا. بە دەستەکانی چاوەکانی خۆی کوشی، دووبارە سەیری کردەوە، ئەمجارەیان ملێکی بینی، ملێکی بێ ملوانکە، ملێکی ئاشنا، دیسان چاوەکانی خۆی کوشی و سەیری دیەمەنەکەی کردەوە، ئەمجارەیان کۆمەڵێک مرۆڤی شێواوی بینی، لەسەر گۆمێک کۆ ببوونەوە، گۆمێکی سوور، گۆمێکی خوێن. پەیتا پەیتا بەرەو لایان هەنگاوی نا، بسکێکی بینی، بسکێکی ئاشنا. دیسان لەبەر خۆیەوە گوتی: نا نابێت ئەوە دڵیژگەکەم بێت، ئەو هیچ شتێک بە قوربانی کرێمەستی ناکات.
چاوەکانی خۆی کردەوە، تڕومبێلێکی سووری لەدوورەوە بینی، خێرا خێرا، وەکوو سەرشێتێک بەرەو چواڕیانەکە شۆڕ دەبووەوە. لەو سەرەوەش منداڵێکی فێرگەکەی ئەو بەری بینی کە نیازی بوو لە شەقامەکە بپەڕێتەوە. وەکوو دایکێکی جەرگ سووتاو، وەکوو شێرێک بەرەو نێوەندی شەقامەکە چوو، تابلۆیەکەی دەستی بەرز کردەوە، کە لەسەری نووسرابوو (هێواش هێواش)، لە نێوەڕاستی شەقامەکە، ڕەق ڕەق ڕاوەستا، بانگی لە منداڵەکە کرد، و خۆشی وەکوو دایکێکی ئازا بوو بە پەنای، هەنگاو هەنگاو، شەقاو شەقاو، تاوەکوو گەیاندییە ئەو ڕۆخەی تری شەقامەکە.
چوو لەسەر بەردەکەی خۆی دانیشت، وەک ئێشکگر چاوەڕێی منداڵی داهاتووی دەکرد. زۆری پێ نەچوو، تارماییەک لەبەر دەمی قووت بووەوە، دارێک و کۆتێک بە دەست، هەردوو دەستی بەستەوە و بە بیانووی ئاژاوە و هەراسان کردنی شوفێران ڕاپێچی کرد.

نووسینی:‌ ئامانج شێروانی

Previous
Next
Kurdish
Powered by TranslatePress