Skip to Content

ئێوارانە -٥٧.. سەردار جاف

ئێوارانە -٥٧.. سەردار جاف

Closed
by كانونی یه‌كه‌م 30, 2023 General, Poems


ئەم ئێوارە
کە هاتمەوە نە سۆراغی بەفر بکە
نە بە دووی بارانا وێڵ بە
بۆ خۆم نافورەی گڕکانم
ئاوابوون و هەڵاتنت دەدۆزمەوە
شەرم لە چرای چاو مەکە
هێڵی ئاسنين مەدۆزە
لە کنەی شارێکی ترا ئەندێشە ختوکە مەدە
لە بەرزی و نزمی شەپۆلی دەريای سەرشێتا مەگەڕێ
لە باڵا دەگەڕێمەوە
کە هاتمەوە
بە دووی گەڵا سەوزەکانی ژوان دەچم
دەنک دەنک گەڵا گەڵا وەک قەڵا کۆ دەکەمەوە
نەبا ئيتر ون بێ و نەيانبينمەوە
بە دۆراندۆری مەرقەدی پيری موغان
زيکر و تەهليلەت بۆ دەکەم
دەچمە خەڵوەت
نزا دەکەم
شەهلاوی بم
هەتا لەسەر سفرەی ماڵما دەيبينمەوە
کە هاتمەوە
کراس بە باڵا و دامانی ئاسمانی شينا دەدوورم
کراسێ لە رەنگی چاوی دايک بچێ
کراسێ لە خەندەی لێوی کچە جوانی رەحيماوا و ئێسکان بچێ
کراسێ ورشەی لە دەنگی
دەڵاڵی پاسەکان بچێ
کە هاواری ئەحمەدحاغا و تسن دەکەن
کراسێ لەرەکەی
لە لەنجەی پێی شەهلا بچێ
تا شيرينی لە رێی بەغدا بخۆمەوە
کە هاتمەوە
جارێکی تر بەرەو يادی مناڵی خۆ ناچمەوە
رێگای هەڵەت و سەختی تۆ نادۆزمەوە
بەرەو ساباتی کۆن و کۆن و
هەورە بارانی تريشقە و
مێژووی ئاڵتون
خەرمانی پێکەنينەکان دەدوورمەوە
مينا رۆژيشم لا روونە ناتبينمەوە
کە هاتمەوە
تەنها خەياڵ بۆ يەکەم ژوان دەمبا
عەلە تورکە و
سەرم گێژگێژ
چاو لە گەڕان
زار لە دووان
هەناسەيش بەرەو پياسە
کە پێت دەگەم
شەربەتی هەناری لێوت دەخۆمەوە
تۆ مەڕۆ من هەر لە دووتم
خەم بەرۆکی ئێوە نەگرێ بە ئێوەوە من هەر خاسم
خۆشمدەوێی خۆشەويسترين کەسم

٢٨ / ١٢ / ٢٠٢٣

Previous
Next
Kurdish