
تیرۆری ڕۆژنامەنوسێک قەیرانێکی سیاسی گشتی دروست دەکات!.. جەمال کۆشش
سەرەک وەزیزانی سلۆڤاکیا و بەشێک لە کابینەکەی دەستدەکێشنەوە لە حکومەت! ئەی لە کوردستان چی؟
ژنە ژورنالیستی ماڵتایی
Daphne Carune Galizia ( jan Kuciak und Matina Kusnirova )ژورنالیستی سلۆڤاکای ودەزگیرانەکەی
ئێوارەیەکی درەنگی سارد، سەعات هەشت و بیست دەقەی ڕۆژی (٢١)ی مانگی دوو (شوبات)ی ساڵی (٢٠١٨)، لە گوندێکی ڕۆژئاوای (براستیڤیلا)ی پایتەختی سلۆڤاکیا، لە ماڵەکەی خۆیاندا، (یان کوچیاک)ی ڕۆژنامەنوس و دەزگیرانەکەی بە دەمانچەیەکی (٩) ملیمەتر سارد دەکەنەوە. لەپێشدا کچە دەزگیرانەکەی لەچێشتخانەکەدا یەک گولـلە لە سەری دەدەن، دواتر لە ژێرزەمینی ماڵەکەیدا دوو گولـلە دەنێن بەسەر دڵی (یان کوچیاک)ەوە.
ئەم کردەوە تیرۆریستیـیە، گەورەترین و پڕخرۆشترین خۆپیشاندانی جەماوەری بەرپاکرد، شەپۆلی گوشارەکانـی ئەم بزووتنەوەیە لەپێشدا چەندین بەرپرس؛ لە سیاسیـیە باڵاکان، لە وەزیران و بەڕێوەبەری پۆلیس و دادوەرانی باڵای ڕاماڵی، تا بە دەستکێشانەوەی سەرۆک وەزیرانی ئەوکات . لە ئەنجامیشدا (ماریان کۆچنەر) ئەو سەرمایەدارەی کە لەپشتی ئەو تاوانەوە بوو، لەگەڵ ئەو دوو کەسەی تیرۆرەکەیان ئەنجامدا، ڕاکێشرانە زیندان. (یان کوچیاک) بنکۆڵییە ڕۆژنامەوانیەکانی لەسەر گەندەڵیەکانی ساختەچێتیەکانی ئەڵقەی یەکەمی سەرمایەدارە دەسەڵاتدارەکان بوو.
(داڤینە کارونا گالیزا)، ژنە ژورنالیستی وڵاتی ماڵتا و دایکی (٣) مناڵ، بەیانیـیەکی زووی ڕۆژی (١٦)ی ئۆکتۆبەری (٢٠١٧)، بەئۆتۆمبیلەکەی کە ماوەیەک لە ماڵ دووردەکەوێتەوە، بۆمبێکی چێنراوی لە ڕێگای تەلەفۆنەوە پێدا دەتەقێنەوە و هەلا بەهەلای دەکات، هەر لەوێدا گیان لەدەست دەدات، ئەو ژنە (٥٣) ساڵیـیە، یەکێک لە ڕەخنەگرە سەرسەختەکانی دژی گەندەڵی و پارەسپیکردنەوە و بەهەدەردانی سامانی گشتی بوو. لە شیکارییە ڕۆژنامەوانیەکانیدا، دەربارەی(( پەڕەکانی پەنەما))، گەندەڵیەکی گەورەی دەسەڵاتدارانی ماڵتای ئاشکرا کرد، بەرتیلەکانی ژنی سەرۆک وەزیرانی خستەڕوو، کڕینی مافی هاوڵاتیبوونی ماڵتای ئاشکراکرد.
ماڵتا ئەو دورگە خنجیلانەیەی کە دانیشتوانەکەی نیو ملیۆنە و تازە وەک ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا وەرگیرابوو، ئەم تیرۆرە بارودۆخی سیاسی ئەو وڵاتەی قڵپ ی کردەوە و قەیرانێکی سیاسی گەورەی دروست کرد، لە نۆڤەمبەری (٢٠١٩)، وەزیری گەشتوگوزار، کارگێڕی سەرۆکوەزیزان و سەرۆک وەزیران و وەزیری ئابووری دەستیان لەکار کێشاوە، پاش ئەوەی کە دەرکەوت یەکێک لە گەورە بەپرسانی سەرەوەی دەسەڵات، لە پشتی ئەم تیرۆرەوەیە. مکوڕی لەسەر سزادانی تاوانباران لەلایەنە نێوخویی و نێونەتەوەییەکان لە سەندیکا کرێکارییەکان و یەکیتی ئەوروپا و نوسەرانەوە گەیشت بەزیندانیکردنی دووبرا بە چل ساڵ و دوو کەسی تر ١٥ ساڵ.
بەڵێ : پێویستە ئێمەش لە هەرێمی کوردستان ماندوو نەبین، تا قەیرانێکی سیاسی لە ئاستی هەرێمدا دەخوڵقێنین!
بەڵێ :پێویستە تاوانبارانی تێروریستانی ڕۆژنامەنوسان، تێروریستەکانی ئازادیخوازان و کۆمۆنیستەکان، بدۆزرێنەوە، دادگایی بکرێن و سزا بدرێن!
“ڕێکخراوی ئازادی دەربڕین” سەرەتای مانگی نۆ (سێپتێمبەری ٢٠٢٥)، ئاگاداریـیەکی لەمەڕ مەترسیدار بوونی ئاستی ئازادی ڕادەربڕین بڵاوکردەوە؛ (شیروان شێروانی) چوارساڵ و نیو زیندانی بەسەردا سەپێنرایەوە، (هێمن مامەند)ی ڕۆژنامەنوس لەهەوڵێکی تیرۆرکردنیدا، بەئاستەم لە مەرگ ڕزگاری بوو، هێرشێکی تۆقێنەرانە بۆ سەر (دیاری محمەد)ی بەڕێوەبەری (سەنتەری میترۆ) هەیە. ناوەندی (ئۆفیسی درەو) دەربارەی مژاری ئازادی ڕۆژنامەنوسی کۆڕێک ڕێکدەخات..
لەم زەنگی ئاگادارکردنەوانە جددی تر، نوسینێکی هاوڕێ (بەکر عوسمان) بوو (برای سەردەشت عوسمانی جوانەمەرگ)، کە لە یادی ١٧ ساڵەی تیرۆری ڕۆژنامەنووس (سۆرانی مامە حەمە) کە لە کۆتایی مانگی حەوتی ئەمساڵدا بڵاویکردەوە. لە تیرۆری ڕۆژنامەنوسان و ئازادیخوازان و کۆمۆنیستەکانـی هەرێمی کوردستان، تا ئێستا یەک کەسی تاوانباری سەرەکی
دەستگیرنەکراوە، تا ئێستا یەک کەس دادگایی نەکراوە. نەک هەر ئەوە بەڵکو هەندێک سیناریۆی قێزەونـيش بۆ داپۆشینی تاوانەکە و شاردنەوەی تاوانباران داڕێژراون
وەک لە ڕاپۆرتی (ڕۆژنامەنوسانی بێسنور)یشدا ئاماژەی پێکراوە، لە سەدا هەشتا و پێنج (٨٥٪)ی ئەو تاوانانە ی بکەرەکان و پلاندانەرانی نادۆزرێنەوە، ئەوانەن کە لە هەرەمی دەسەڵات و لەبازنەی سەرەوەی حوکمڕانیدان.
ئازادی ڕۆژنامەگەری لە کوردستان پاشەکشەی پێکراوە و ڕۆژنامەنوسان ئازادیـیان لێزەوتکراوە. گەندەڵی و ڕاوڕووت، بەکارهێنانی پێگەی سیاسی بۆ بزنس و سپیکردنەوەی پارە، ناڕوونی لە داهات و لە کەرتەکانی بەرهەمهێناندا، هەژاری و لێکەوتەکانی لەسەر ژیانی کۆمەڵایەتی … ئەمانە و گەلێک باڵەخانەی تر هەیە هێشتا ڕووناکی بنکۆڵکاری ڕۆژنامەوانی لە هەرێمی کوردستان پەی پێنەبردوون و ناوچەی قەدەغەیە.
(یان کوچیاک)، لەلایەن سەرمایەدارە تاوانبارەکەوە کە نیمچە ئیمارەتێکی لە میدیا و دەسەڵات و دادەور و سیاسی پێکهێنابوو، پێشترهەڕەشەی پاکتاوکردنی لێکراوە، بەتەلەفۆن جوێن بەدایک و خوشکی دراوە، وە داوای دەستبەردان لەو بەدواداچوونە ڕۆژنامەوانیانەیان لێکردووە تا گەندەڵییەکانیان نەخاتەڕوو..
ئەم چیرۆکە لەگەڵ چیرۆکی ژنە ژورنالیستە ماڵتاییەکەش (داڤینە کارونا گالیزا) هەروابووە و ماوەیەک بەر لە تیرۆرکردنەکەی زیندانی کراوە. دووبارەبونەوەی بەجۆرێک هەمان فیلمە بۆ هەموو ئەو ژورنالیستانەی بنکۆڵکارییان کردووە لەسەر بازاڕە نهێنییەکانی کۆکردنەوەی سەرمایەوفێڵ وتەڵەکەبازییەکان وقۆرخکارییەکان وچاوچنۆکیەکان. ئەم تیرۆرانە بە بەرنامە و بەتاکتیک و بەشێوازێکی پلان-بۆداڕێژراو ئەنجامدەدرێن و سڕینەوەی شوێنەواریشیان هەروا.
بەرگریکردن لە ئازادیی ڕادەربڕین و ئازادیـیە سیاسیەکان، خاوەنداریکردنە لە گیانبەختکردوانت. هەروەک (یان کۆجیاک) و (داڤینا)، ژورنالیستەکانی ئێمەش؛ بۆ بەرگریکردن لە مافی گشتی، نوسین و ڕاپۆرتەکانیان لەسەر گەندەڵی و دزی دەسەڵاتداران ئامادەکردبوو، بۆیە تیرۆرکران.
لیستی تیرۆرەکانی لای ئێمەش یەکجار دورودرێژە و ئەم خوێنە هەر لەبەری دەڕوات. ئەو توانا و بەهرە ئینسانیانەی کە لە هەرەتی لاویدا ڕوناکیان دەبەخشیەوە، ژیان و سیاسەت و فەرهەنگیان، پڕ ماریفەت و هۆشیاری دەکرد. لە (نەزیر عومەر) و (ڕەئوف ئاکرەیی) و (سەلاح هەورامی) و (فەرهاد فەرەج) و (سەردەشت عوسمان) و (کاوە گەرمیانی) و (وەدات حسێن) و دەیانی تر هەمویان لەمانگە جیاوازەکانی ساڵەکانی دەسەڵاتدارەتی حکومەتی هەرێمدا، خوێنساردانە گولـلەباران کران و فڕێندران و تەرمەکانیان لە قەراخ جادەکان فڕێدران. ئەم دۆسیانە، پێویستە و زۆر پێویستە بەکردەوە و بەزیندوویی و لە دڵە نەسرەوەتەی عەتدالەتخوازیدا هەمیشە کڵپە بکات.
ئەم دۆسیەیە، دۆسیـیەیەکی یەکجار گرنگ و هەستیارە و پەیوەندیـیەکی بنەڕەتی هەیە بەو گۆڕانکارییانەی کە لە کۆمەڵگای کوردستاندا ڕوودەدەن. نابێت ببێتە سەرمایەی سیاسی، و هەلپەرستانە بەکاربهێنرێت بۆ بەشداری لە سیستەمی حوکمڕانی و بەدەستهێنانی کورسی پەرلەمانی و خۆکردن بە شەریکە دز.
گوشارەکان بۆیە لە وڵاتان سەرکەوتوبوون بەتایبەت لە حاڵەتی (یان کوچیاک)دا، بزوتنەوەی ئازادیخوازی ماندوو نەبوون و سەرسەختانە و بەبێ هیچ بێنەوبەردەیەک داوای ڕاستی ڕوداوەکەیان دەکرد. بزوتنەوەی ئازادیخوازی هەموو دانوستان و ناوبژیوانێکی لەسەر ئەم دۆسیەیە ڕەد دەکردەوە. لەلایەکی ترەوە میدیاکار و دەزگا میدیا گەورە جیهانیەکانی وەک گاردیان و نێۆرک تایمزوئەڵمانی زمانەکان ببونە تیمی بەرگریکار و ڕووهەڵماڵراوی دەسەڵاتداران.
لێرەوە بەڕای من پێویستە کەسوکار و هاوڕێـیانی گیانبەختکردوانی کردەوە تیرۆریستیـیەکان، ژورنالیستەکان و ئازادیخوازان و کۆمۆنیستەکان و زوڵملێکراوانی دەستی تیرۆر، سەرسەختانە و بە پلان و ئاگاهانە بۆ دۆزینەوە و لێپرسینەوە و دادگایی و سزای تاوانباران،کۆڵنەدەن وسوربن لەسەری.