
(ڕیمۆند ئارۆن) لە نێوان قێزەوەنی شەڕەکان و مەحاڵبوونی ئاشتی لە نێوان دەوڵەتاندا.. و. لە عەرەبیەوە ( یاسین لەتیف )
د . زهیر الخویلدي
پێشەکی
”ڕەنگە گەورەترین فەزیلەتی سەدەی ئێمە ئەوە بێت کە ڕووبەڕووی نامرۆڤایەتی ببینەوە بەبێ ئەوەی باوەڕ بە مرۆڤەکان لەدەست بدەین.”
ڕیمۆند ئارۆن (١٩٠٥-١٩٨٣) بە یەکێک لە ناڕوونترین بیرمەندانی فەرەنسی لە سەدەی بیستەم دادەنرێت. بە بەشدارییە فیکرییە قووڵەکانی لە کۆمەڵناسی و فەلسەفەی سیاسی و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان جیا دەکرێتەوە . جێوازی کارەکانی ئارۆن بە هەوڵی تێگەیشتن لە دینامیکی کۆمەڵایەتی و سیاسی کۆمەڵگا پیشەسازییە مۆدێرنەکان دەناسرێتەوە، لەگەڵ جەختکردنەوەی لەسەر ململانێی نێوان سیستەمە سیاسیەکان وەک بزوێنەرێکی بنەڕەتی مێژوو . ئەوەش لە بری ململانی چینایەتی کە فەلسەفەی مارکسیزم تەرکیزی دەخستە سەری . هەروەها ئارۆن لە نووسینەکانیدا باسی لە پرسەکانی هۆشیاری مێژوویی کردووە، هەوڵی هەڵوەشاندنەوەی ئەو وەهمانەی پێشکەوتنی داوە کە لە سەردەمی ئەودا زاڵ بوون و بە توندی ڕەخنەی لە ئایدۆلۆژییە تۆتالیتارییەکانی وەک نازیزم و ستالینیزم گردووە . ئەو ئایدۆلۆژیانەی بەو شێوەیە دەبینی جیهانیان خستۆتە ناو شەڕە وێرانکەرەکانەوە. هاو کات ئارۆن ئەو پرسیارەی وروژاند لەبارەی ئەگەری گەیشتن بە ئاشتییەکی بەردەوام لە نێوان وڵاتان ، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە کێبڕکێی سیاسی و ئایدیۆلۆژی ئەم ئامانجە نیمچە مەحاڵە . ئامانجی ئەم نووسینە ئاشکرا کردنی بیرۆکەکانی ئارۆنە سەبارەت بە قۆناغەکانی بیری کۆمەڵایەتی و ڕەهەندەکانی هۆشیاری مێژوویی و هەڵوێستی خۆی بەرامبەر شەڕەکان و مەحاڵبوونی ئاشتی ، لەسەر بنەمای گرنگترین بەرهەمەکانی و تیشک خستنە سەر بەشدارییە فیکرییەکانی .
(قۆناغەکانی بیری کۆمەڵایەتی لای ڕیمۆند ئارۆن)لانی کەم ناکرێت هیچ عەقیدەیەکی ئەخلاقی و ئایینی لە ناوەڕۆکی بیرۆکەکانیدا قبوڵ بکرێت ، ئەگەر لە بەڕامبەر ڕەخنەی زانستیدا نەوەستێتەوە . ڕیمۆند ئارۆن لە پەرتوکی (قۆناغەکانی بیری کۆمەڵناسی)دا، تیشکی خستە سەر شوێنپێهەڵگرتنی گەشەسەندنی بیری کۆمەڵایەتی لە مۆنتسکیۆوە تا ماکس ڤێبەر، بەناو کارل مارکس و ئەلێکسیس دی تۆکڤیلدا تێپەڕی . ئارۆن پێی وایە کۆمەڵناسی هەوڵدەدات بە شێوەیەکی هەمەلایەنە لە واقیعی کۆمەڵایەتی تێبگات، بەبێ ئەوەی هیچ لایەنێک لە لایەنەکانی ئابووری، سیاسی، یان ئایینی پشتگوێ بخات . لەم چوارچێوەیەدا ئارۆن جەخت لەوە دەکاتەوە کە بزووتنەوەی کۆمەڵگاکان تەنیا لە ململانێی چینایەتیدا قەدیس نابێت وەکو ئەوەی کارل مارکس بانگەشەی بۆ کردووە، بەڵکو ململانێی نێوان سیستەمە سیاسیەکان زیاتر بە دیهێنری هێزی بوزوێنەرو کارێگەرن . ئارۆن لە پەرتوکی هەژدە وانە لە کۆمەڵگەی پیشەسازیدا باسی لە لایەنە ئابوورییەکانی کۆمەڵگە پیشەسازییەکان کردووە. بەڵام لە ململانێی چینایەتیدا تەرکیز دەخاتە سەر لایەنە کۆمەڵایەتیەکان ، له دیمۆکراسی و پاوەنخوازیدا تیشک دەخاتە سەر لایەنی سیاسی . ئەم سێگۆشەیە ڕەنگدانەوەی میتۆدی ئارۆنە بۆ لێکۆڵینەوەی تەواوی کۆمەڵگا بەگشتی . وەک چۆن ناتوانرێت هیچ دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی تێبگەین بەبێ لەبەرچاوگرتنی کارلێکەکانی نێوان ڕەهەندە جیاوازەکان.هەروەها ئارۆن لە ژێر کاریگەری ماکس ڤێبەردا بوو، بەتایبەتی لە چەمکی “جۆرە ئایدیاڵەکان”دا، کە بەکاری دەهێنا بۆ شیکردنەوەی مێژوو و کۆمەڵگا لە دەرەوەی لێکدانەوە ڕەقەکانی پۆزەتیڤیستی. ئارۆن لە ڕێبازی خۆیدا بۆ هزری کۆمەڵایەتی، داوای داماڵینی ئایدۆلۆژی لە زانست کردووە ، بەو پێیەی ئایدۆلۆژیاکانی وەکو مارکسیزم تێگەیشتنی دۆخی کۆمەڵایەتیان شێواندووە لە ڕێی سەپاندنی لێکۆڵینەوەی پێشوەختەوە . ئەم هەڵوێستە وای لێکرد کە ڕەخنە لەو ڕۆشنبیرانە بگرێت کە مارکسیزمیان وەک “تلیاک” وەرگرتووە ، کە نابینایانی کردووە لە بینینی ڕاستییەکان، وەک لە پەرتوکە بەناوبانگەکەیدا لەساڵی ١٩٥٥ بڵاوی کردەوە بە ناوی “تلیاکی ڕۆشنبیران” .
ڕەهەندەکانی هۆشیاریی مێژوویی
” مرۆڤ مێژوو دروست دەکات، بەڵام ئەو مێژووە نازانێت کە دروستی دەکات”.
ئارۆن لە ڕوانگەی ڕەخنەییەوە هۆشیاری مێژوویی وەردەگرێت ، بیرۆکەی پێشکەوتنی هێڵی ڕەتکردەوە کە لە ماوەی سەدەی هەژدە و نۆزدە زاڵ بوو بە سەر بیری ئەوروپادا . ئارۆن لە کتێبەکەیدا، ڕزگاربوون لە وەهمی پێشکەوتن، باس لەوە دەکات کە باوەڕبوون بە پێشکەوتنی بەردەوام و ئۆتۆماتیکی وەهمی مرۆڤە ، بەتایبەتی لەبەر ڕۆشنایی کارەساتەکانی سەدەی بیستەم، وەک نازیزم و ستالینیزم. ئارۆن جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەم ڕژێمە تۆتالیتاریانە نیشانیان داوە کە سەرکردەیەکی دیماگۆژیک دەتوانێت بە درۆ و دروشمی شۆڤێنی ملیۆنان کەس کۆبکاتەوە و شەڕی وێرانکەری بەرپا بکات . لە چوارچێوەی هۆشیاری مێژووییدا ئارۆن پێیوایە مێژوو بە تەنها گۆڕانکاری نییە ، بەڵکو بریتیە لە “هێشتنەوەی” ڕابردوو و کەڵەکەبوونی مەعریفە و ئەزموونەکان . ئارۆن لە دەقەکەیدا لەسەر چەمکی مێژوو و پێشکەوتن ئاماژە بەوە دەکات کە پێشکەوتن کاتێک بەدی دێت کە نەوەیەک وەڵامی کارەکانی نەوەی پێشوو بداتەوە، لە گەڵ زیاد کردنی ڕەگەزە نوێیەکان ، ڕێگە بە کەڵەکەبوونی ئەرێنی زانست و دەستکەوتەکان دەدات . لەگەڵ ئەوەشدا ئارۆن هۆشداری دەدات لەوەی باوەڕی بەوە هەبێت کە پێشکەوتنی زانستی یان تەکنەلۆژی بە مانای پێویستی پێشکەوتنی ئەخلاقی یان سیاسی دێت ، وەک چۆن مرۆڤایەتی تاکو ئێستا بەهۆی ململانێی ئایدیۆلۆژی و سیاسییەوە بەرەوڕووی پاشەکشەو شکست دەبێتەوە .
پیسی و قێزەوەنی شەڕەکان و مەحاڵبوونی ئاشتی
”هەڵبژاردن لە سیاسەتدا لە نێوان چاکە و خراپەدا نییە، بەڵکو لە نێوان باشتر و خراپتردایە” ئارۆن ڕەخنەگرێکی توندی شەڕ و ڕژێمە تۆتالیتارییەکان بوو کە بوونە هۆی لەناوچوونی جیهان لە سەدەی بیستەمدا. لە کتێبەکەیدا بیرکردنەوە لە جەنگ ئارۆن شیکاری بۆ سروشتی تێکدەرانەی شەڕەکان دەکات و تیشک دەخاتە سەر ئەوەی کە چۆن ئایدۆلۆژیا توندڕەوەکانی وەکو نازیزم و ستالینیزم، ڕیمۆن دروشمی توندوتیژ دەقۆزنەوە بۆ پاساوهێنانەوە بۆ ململانێکان. هەروەها ئارۆن ئەو بیرۆکەیەی کە دەڵێت شەڕەکان دەتوانن ببێتە هۆی چارەسەری یەکلاکەرەوە بۆ ململانێکان، موناقەشەی کرد و ئاماژەی بەوەدا کە زۆرجار توندوتیژی و ڕق و کینەیەکی زیاتر دروست دەکەن نەک ئاشتی . سەبارەت بە ئاشتی ئارۆن بە لەبەرچاوگرتنی کێبڕکێی بەردەوامی نێوان سیستەمی سیاسی و ئایدۆلۆژیاکان، گومانی هەبوو لە ئەگەری بەدەستهێنانی ئاشتییەکی بەردەوام لە نێوان گەلاندا.لە کتێبەکەیدا باس لەوە دەکات ڕزگاربوون لە وەهمەکانی پێشکەوتن لە ململانێی ئایدیۆلۆژییەکان، وەک ئەوەی لە نێوان سەرمایەداری و سۆسیالیزمدا هەیە ئەستەمە ئامانجی ئاشتی بە دەست بهێنرێت . بەڵام لە گەڵ ئەوەشدا ئارۆن داوای بەهێزکردنی دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانی کرد وەک میکانیزمێک بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان سەرەڕای سنووردارکردنی کاریگەرییەکانیان. هەڵوێستی ئارۆن سەبارەت بە سەربەخۆیی جەزائیر، کە پشتگیری لە ئاشتیخوازی دەکرد و ڕەخنەی لە کۆلۆنیالیزمی فەرەنسی گرت،ڕەنگدانەوەی ئەو باوەڕەیە کە توندوتیژی کۆلۆنیالیزم ناتوانێت ببێتە هۆی چارەسەری بەردەوام.ئێمە هەست دەکەین هەموو شتێک کە لە دەرەوەی خۆمانچ وەک کۆیلەیە، مەحکومین بە بەدەستهێنانی تەنها بەشێک لەوەی کە دەتوانین بین، مەحکومین کە تەواوی بوونی خۆمان لە پیشەیەکی سنوورداردا بژین و هیچ هیوایەکی گەورەییمان نییە جگە لە قبوڵکردنی ئەم سنووردارکردنە.دەسەڵات لە سیستەمی نێوان دەوڵەتەکاندا ئەوەندەی بەندە بە ئیرادە، ئەوەندەش بەندە بە سەرچاوەکانەوە؛ ئەگەر سەیری ئەوروپای ڕۆژئاوا بکەین وەک یەک یەکە ، سەرچاوەی هەیە نەک ئیرادە.
ئەنجام
”یەکسانی عەقیدەیی بێهودە بەدوای سنووردارکردنی سروشت و بایۆلۆژی و کۆمەڵایەتیدا دەگەڕێت ، نەک یەکسانی بەڵکو ستەمکاری دەستەبەر دەکات .”
ڕیمۆند ئارۆن نوێنەرایەتی مۆدێلی بیرمەندێکی پابەند دەکات کە شیکاری زانستی لەگەڵ ڕەخنەی فەلسەفی تێکەڵ دەکات. لە ڕێگەی بەرهەمەکانییەوە لەسەر قۆناغەکانی بیری کۆمەڵایەتی ، ئارۆن دیدێکی گشتگیری پێشکەش کرد بۆ تێگەیشتن لە کۆمەڵگا پیشەسازییەکان، کە تیایدا سەرنجی لەسەر ململانێ سیاسییەکان بوو وەک بزوێنەری سەرەکی مێژوو.هەروەها بەشداری کردووە لە هەڵوەشاندنەوەی وەهمەکانی پێشکەوتن لە ڕێگەی شیکارییەکانی بۆ هۆشیاری مێژوویی، هۆشداریدا لە مەترسییە ئایدیۆلۆژییەکان کە هەڕەشە لە مرۆڤایەتی دەکەن. سەبارەت بە شەڕەکان ئارۆن “قێزەوەنی” ئەوانی ئاشکرا کرد، جەختی لەوە کردەوە کە کێبڕکێی ئایدیۆلۆژی و سیاسی نێوان دەوڵەتان ئامانجی بە دیهێنانی ئاشتی قورس دەکات. بەڵام لە گەڵ ئەوەشدا بانگەوازەکەی بۆ بەهێزکردنی دیالۆگ و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان هیوای پێ دەبەخشێت بۆ کەمکردنەوەی ململانێکان ، تەنانەت ئەگەر ئاشتییەکی ڕەهاش نەتوانرێت بهێنرێتە دی . میراتی ئارۆن لە توانای ڕووبەڕووبوونەوەی بیرۆکەی هەڵەدایە، وەک کلۆد لیڤی شتراوس ناوی لێنابوو “پاک و خاوێنی کولتووری”توانی لە نەیارە فکریەکانی تێبگات پێش ئەوەی وڵامیان بداتەوە ، هەر ئەوەش وایکرد دەنگێکی عەقڵانی بێت لە سەردەمێکدا کە ئایدۆلۆژی توندڕەوی زاڵ بوو . بەڵام بۆ چی ڕیمۆن ئارۆن وێنەیەکی شاراوە بوو لە مەشهەدی سۆسۆلۆژی سەرباری ئەو بەشداریە ڕەخنە کارێگەرو گەورانەی کە پێشکەشی کردن ؟
سەرچاوە:
د . زهیر الخویلدي — انفاس نت – ٤ – اكتوبر ۲۰۲٥