زارا.. برایم فەڕشی
خۆش ڕابواردن بە دڵی پاکە- ئەوەی دڵی پاکە، بێ باکە، چاکە
هەموو دەوڵەتی دنیات دەسکەوێ- خۆشی نابینی کە دڵ نەسرەوێ
زارا شیعری منداڵانەی دەخوێندەوە، وشەی کوردی جوانی بە زاردا دەهات. ئەو جیاواز بوو لە هەموو منداڵانی گەڕەک، هەر کات ئێمە وشەی ناحەزمان لە زار دەهاتە دەر، دەیگوت:
ئەگەر تۆ زانایت، نەزانێک فێرکە- گەر دەوڵەمەندی هەژارێک تێرکە
بەیەکەوە فێری کوردی نووسین و خوێندنەوە دەبووین. باوکی پێیگوتبووین، ئیجازەمان نییە لای خەڵک باسی ئەو کتێبە کوردیانە بکەین. ئێمەش لای کەس باسمان نەدەکرد. بیستبوومان ساواک خەڵک لە سەر کتێبی کوردی دەگرێ. مەلای مزگەوتی بازاڕ لە سەر کتێبی کوردی بۆ ساواک بانگ کرابوو، باوکی زارا بانگ کرابوو، هەڕەشەیان لێکردبوو، بۆچی کوردی ئەو دیو، دێنە دووکانەکەت! ئێمە فێرببووین بەیەکەوە بین و هیچ شتێک نەدرکێنین.
ئەو هاوینەی پۆلی نۆمان تەواو کردبوو، باوکی گەزیزە بە ماشێنەکەی هەموومانی برد بۆ باخی میراوا. دوای نانی نیوەڕۆ خاڵی زارا بە ئەسپ و تانجی گوێ قوتەوە، پەیدا بوو، پرسی کێ دێت بۆ ڕاوە کەوە؟ هەموو سەیری یەکتریان کرد و گوتمان ئێمە. باوکەکان لە گەڵمان هاتن و دایکەکان مانەوە، هەتا ئێمە بگەڕێینەوە. خاڵی زارا سووتێکی لێدا، دوو کەس، چوار ئەسپی تریان هێنا و هەرکام لە ئێمە لە پشت سەری باوکمان سواری ئەسپ بووین و وەڕێ کەوتین، بۆ کوێ، نەماندەزانی.
پێشتر بە ئێمەیان گوتبوو کەوشی وەرزشی لە پێ بکەین، نەیانگوتبوو دوای میراوا بۆ کوێ دەچین ! کە گەیشتینە ناو گوندی تەرەغە، زانیمان چ باسە. لەوێ ئەسپەکانیان بردە ماڵێک و خاوەن ماڵ لەگەڵمان کەوت و گوتی لە بەر منداڵەکان بە ڕێگایەکی خۆشدا دەچینە سەرێ. لە بەر قەدی کێو سەیری سەرێمان کرد، باوکی گەزیزە گوتی کڵاوەکانتان بەرنەبێتەوە. ئەوە قسەی ناو خەڵک بوو، کە دەیانگوت” هەر کەس لە خوارەوە سەیری تەرەغە بکات، کڵاو لە سەری بەردەبێتەوە. ئێمە هەموو ڕۆژێ لە پەنجەرە و سەر سەربانەوە، لوتکەی ئەو کێوە قیت و جوانەمان دەبینی و هیوامان دەخواست ڕۆژێ بگەینە سەر ئەو لوتکەیە. یەک کەیف خۆشێک بووین، نەبێتەوە. پاش ئارەق ڕژاندنی زۆر و ماندوو بوون، گەیشتینە سەر لوتکە و هەناسەیەکی قووڵمان هەڵکێشا و خۆمان دا بەعەرزدا. لە ناکاو باوکی گەزیزە تێیچریکاند:
تەرەغە خۆشی سەرت هەر بەرزە- لێک جیابوونەوەمان چەند وەرزە؟
هەر لەلاتن! دەمەوێ سەیری بکەم- سەنگەری سارمی خوێنڕێژی عەجەم
دێننەوە بیر کوڕی کورد مەرگی ئەوێ- ئەو سەرەی ناوێ بە حیزی بنەوێ
کارگ و ڕێواسە بەهارانە بەرت- وەکو جاران کوڕ و کچ دێنە سەرت!
لێرە هەموو بەیەکەوە دەیڵێنەوە: وەکو جاران کوڕ و کچ دێنە سەرت؟ کچکەکان هاوار دەکەن ودەڵێن، دێن، دێن! زارا کە فرمیسک بە لاچاویدا دەهاتە خوارێ، گوتی: نەمدەزانی ئەو وڵاتەی ئێمە هێندە جوانە! سروە قسەی ئەوی درێژە دا و گوتی: حەز دەکەم، یەک بە خۆم هاوار بکەم، گەزیزە هاتە پێش، دەستی ئێمەی گرت و دەسرەی دەرهێنا و کەوتە سەرچۆپێ کێشان و بە هەوای ڕۆینە دەستی کرد بە گۆرانی و باوکی بۆ دەگێڕایەوە:
وەکوو ڕۆژ و شەوە فەرقی گودازی شەمع و سووتانم
کە ئەو هەر شەو دەسووتێ، من هەموو دەم؛ گەرچی ئینسانم
بە تەخمین وەسفی فیردەوس و جەهەننەم بۆچ دەکا واعیز
لە سایەی وەسڵ و هیجرانت بە خۆم دیتوومە دەیزانم
لە سیڕڕی حیکمەتی چاوت گەیشتم باعیسی ڕووحە
تەبەسسوم ماوە تێناگەم لە فەهمی ڕەمزی حەیرانم
کزەی جەرگم دەخیلت بم فیراقم کرد ئەوا مردم
دەسا دەی بێرە لام ساتێ نەماوە تابی هیجرانم
گەڕی هەڵپەڕکێ گەورە بۆوە و دەنگ دەنگی دەداوە. هەڵپەڕکێ هێندێ شل بۆوە و گەزیزە دەستی ئێمەی گرت و گوتی وەرن، هەر چوارمان قوڵ لە قوڵی یەک، بە دەوری خۆماندا دەسووڕیانەوە و دەمانگوت :
وەتەن قوربانی کەژ و چیا و بەند و دەربەنددت بم- قوربانی ئاسمان و دەشت و پێدەشتت بم.
سروە: تەرەغە، کێوی لەمێژینەی کورد – کۆنە هاوڕازی «سەفین»و «هەڵگورد»
گەزیزە: کورد هەزاران و هەزاران ساڵە- سایە پەروەردە ئەژین لەو ماڵە
لە ناکاو باوکی زارا گوتی، دانیشن بێدەنگ بن. هەموو بێ ئیختیار دانیشتین. باوکی زارا بە دوربین تەماشای خوارێی دەکرد و گوتی، ماشینی ژاندارم بەرەو دێ دێت، ئاها، دوو ژاندارم و پاتۆڵ لەبەرێک دابەزین و خەریکن بەرەو سەرێ دێن، ئەها پاتۆڵ لەبەر حەمەساڵە جەوانمەردی شایە. زوو شتومەک کۆکەنەوە ، مەجبوورین لە بەری پشتەوەڕا بڕۆینە خوار، هەرچەند توزێک ناخۆشە.
خۆمان کۆکردەوە و بەرەو خوارەوە چووین، لە کاتی چوونە خوار چەند جار قاچمان هەڵخزا، جارێک سروە لاقی لە بەردێک درا، بەرد خزی و ئەگەر باوکی نەیگرتبایەوە، سروە بەردەبۆوە. لە تەختایی نزیک بووینەوە و لە پشت ماڵانەوە، خۆمان گەیاندە ماڵەکە و سواری ئەسپ بووین و بە جیا لە دێ دوور کەوتینەوە، هەتا ئەوان لە سەر شاخەکەوە بە یەکەوە نەمانبینن. خاڵی زارا هەر لە دێ لە ئێمە جیا بۆوە و لە پشتەوەڕا خۆی گواستەوە بۆ ئەو بەری کێو و بەرەو گوندەکەی خۆیان ملی ئەسپی وەرسووڕاند، ئێمەش خۆمان گەیاندەوە سەر جادە و نزیک ئێوارە گەیشتینەوە میراوا و سواری ماشێن بووین و گەڕاینەوە ماڵ.
باوکی زارا دووکاندار بوو، شوێنی کارەکەی مەکۆی هاتوچۆی کوردی ئەو دیو بوو. ئەوان بە ناوی ئاڵوێرچی لە گوندێکی بێورانەوە ئاودیوی ئەم لا دەبوون و لە ڕێگای گەورکایەتییەوە خۆیان دەگەیاندە شارەکەی ئێمە و لای باوکی زارا.
قسەکردنی زارا هەر لە منداڵییەوە پاک و خاوێنتر لە ئاخاڤتنی ئێمە بوو، لە قسەکردنی ئەودا بە دەگمەن وشەی بێگانە هەبوو، خۆی دەیگوت وشەی فارسی و عەڕەبی وشەی بێگانەن. لە ماڵێ کتێب و گۆڤاری کوردیان هەبوو، ئیزنمان نەبوو بە قەرز لێیوەرگرین، بەیەکەوە دەمانخوێندەوە. ئێمە لەو ماڵە فێریی نووسین و خوێندنی کوردی بووین. ئێمە نەماندەزانی ئەو کەسانەی شەوانی پاییز و زستان لە گەڵ باوکی زارا دەهاتنەوە ماڵێ، خەڵکی ئەو دیوی کوردستانن و لە ڕاستیشدا نە ئاڵوێرچی بوون و نە قاچاخچی، ئەوان کەسانی ناو شۆڕشی ئەو دیو بوون، لە ناو سەنندوقی چایی و تایەی پڕ لە خەنە، کتێب و گۆڤاری کوردیان دەهێنا.
ئێمە نەماندەزانی باوکی زارا بۆچی چەند جار بانگهێشتی ساواکی سابڵاخ کراوە، نەماندەزانی خاڵی زارا، پێشمەرگەی سەردەمی کۆمار بووە و خراوەتە زیندان. دواتر زانیمان باوکی گەزیزە و خاڵی زارا دۆستی نزیک بوون و زۆرجار کە باوکی شەوانە نەدەهاتەوە و ئێمە دەچووینە ماڵیان، لە ڕاستیدا خاڵی زارا و باوکی گەزیزە بە بیانووی بارهێنان بە ماشێن، دەچوونە سەردەشت بۆ دیتنی ئەو کەسانەی لەو دیوڕا دەهاتن، جا چ وەک خزم و کەس، چ وەک دۆستی خۆیان. زارا هەموو ئەو شتانەی دەزانی و مەتەقی لێوە نەدەهات و بە ئێمەی نەدەگوت، هەر بۆیە جیاواز لە ئێمە بوو.
ئەو ساڵەی لە کێوی حاجی کیمی شەڕی نێوان کورد و ژاندارم و جەوانمەردی سەر بە شا ڕووی دا، کەڵاکی ژاندارم دەهێندرایەوە شار و ئێمە لە نزیک مزگەوتی بازاڕ لە ناو ماشێنی ژاندارمەری دەمانبینی، زۆرجار بۆنیان دەهات. ئەو پێشمەرگانەی چیای حاجی کیمی، دۆستی باوکی گەلاوێژ و خاڵی زارا بوون. دوایە زانیمان کە باوک و دایکی گەزیزە، چۆن لە ناوچەی ئەردەڵانەوە گەیشتوونەتە موکریان.
ساڵی ١٩٧٥ پێشمەرگەی ئەو دیومان لە شارەکەی خۆمان دەبینی کە بەرەو شارەکانی عەجەم گوێزرانەوە. زارا لە دووکانی باوکی دیتبووی کە چۆن بەشێ لەو پێشمەرگانە قسەیان بە شا گوتبوو، چۆن بەشێکی دی، پووڵی تازە چاپکراویان بە باقە لە گیرفان دەردێنا. ئەو ساڵەی دوو پێشمەرگە لە سەر قوولە، گولەباران کران، گەزیز و زارا روخساری هەرکیان نەقاشی کردبوو. ئەو دوو برایە جلوبەرگی کوردیان لە بەر بوو. دوای چەند ساڵ زارا نووسراوەیەکی خاڵی نیشان داین کە باسی ئەو دوو برایە بوو.
تازە دیپلۆمان وەرگرتبوو، چەند کەس چووبووینە پارکی سەقز و لەوێ زارا گوتی، من بۆ خوێندن ناچمە شاری عەجەمان، یان دەچمە سنەو کرماشان یان ورمێ. دەیگوت نامەوێ لە شارەکانی ئەوان گووم و گۆڕ بم، دەمەوێ شارەکانی خۆمان بناسم و لە خەڵکی خۆمان نزیکتر ببمەوە. سروە و گەزیزە دەستیان بەچەپڵە لێدان کرد.
گەزیزە و دایکی هێشتا نەڕۆیشتبوون و خەریکی ماڵ کۆکردنەوە بوون و ئێمەش یارمەتیمان دەدان، لە پڕ زارا هاتە ژوورێ و گوتی مزگێنی مزگێنی، هەموو گوێگوڵاخ بووین، گوتی لە زانستگای کرماشان وەرگیراوم و دەبم بە هاوسای ئێوە و زوو بە زوو دێم بۆلاتان، گەزیزە خۆی هاویشتە باوەشی وگوتی، ئۆخەیش ئیتر بە تەنیا نابم. هەی لە کێمە و لە کێمە، لە گوڵە زارای خۆمە. هەموو دامان لە قاقای پێکەنین.
زارا ئەو شەوە لە ماڵی گەزیزە گوتی، ئەمشەو دەمەوێ خۆمتان پێناسێنم، گەزیز بە تەوسەوە گوتی، نەبابە! دای لە قاقای پێکەنین. زارا گوتی، بە ڕاستیمە و زۆر شت هەیە کە من باسم نەکردووە و ڕەنگە ئێوە هەستتان پێکردبێ، کێ دەزانێ ئێمە کەی یەکتر دەبینیینەوە!؟
سروە ڕوو لە زارا دەکات و دەڵێ، ئێمە هیچمان لە یەکتر نەشاردۆتەوە و لە دواڕۆژیش ئەو کارە ناکەین، زارا دەڵێ، ڕاستە. جیاوازی ئێمە ئەوە بووە کە کارەکانی ئێوە بە تایبەت سروە و هێندێک لە کارە هونەرییەکانی هەر سێکتان کاری ئاشکرا بوون و توانیوتانە بە ئاشکرا بیکەن، جگە لە کارەکانی نووسینی گەزیزە کە نەیدەتوانی ئاشکرا بیانکات. کاری من جیاواز بوو.
سەیر کەن هەر کام لە ئێمە دوازدە ساڵ لە فێرگە بووین، ئایا ڕۆژێک بەرپرسێک دەرسوێژێک لە گەڵ ئێمە بە کوردی قسەی کرد؟ ئایا هێشتیان ڕۆژێک بە جلوبەرگی خۆمانەوە بچینە حەسار و ژووری فێرگە؟ لە کاتێکدا هەموو فێرکار و ئێمە کورد بووین. فڵان ڕەییسی مەدرەسە بەرپرسی حزبی میللەتی ئێران، فڵان کەس بە شانازییەوە وانەی شاپەرەستی فێر دەکردین و ئەویتر بەرپرسی حزبی پانئیرانیست و ئەوی دی بەرپرسی حزبی ڕەستاخیز و ئەویدی بڵیندگۆی دەوڵەت بوو. کامیان وشەیەکیان لە سەر خۆمان فێرکردین، هەر ئەوان ئێمەیان بەرەو خۆتواندنەوە دەکێشا. زۆربەی هەرە زۆری ئێمە، هەستمان بەوە نەدەکرد وبنەماڵەکانیشمان بۆیان گرنگ نەبوو، یان ناحاڵی بوون، چی بە سەر منداڵەکانیان دەهێندرێ. من دەمەوێ بگەڕێمەو بۆ لای خۆم. ئێمە هەموومان دەبێ لە ڕێگای کارەکانی خۆمانەوە بگەڕێنەوە بۆلای خۆمان. دەشتوانین لە ڕێگای زانست، هونەر، ئەدەبیات و سیاسەت ئەو کارە بکەین. دەزانم ئەو کارە زۆر چەتوونترە لە چەک لە شان کردن و چوونە شاخ. ئێوە ڕێگای خۆتان هەڵبژاردووە، ڕێگای منیش زانست و سیاسەتە.
سروە ڕوو لە زارا دەڵێ، زاراگیان لەبیرتە چەند ساڵ بەر لە ئێستا بەیەکەوە کتێبێکی فەلسەفەمان بۆ یەکەمجار خوێندەوە، لە بیرتە تەقە لە سەرمانەوە دەهات و گوتمان ئەگەر لە دنیا حاڵی نەبین، ژیانی ڕۆژانەشمان نابێ، ئێستا هەر کام دەتوانین بەرەو ئەو داهاتووە بچین و خۆمان بناسین و بە جیهانی بناسێنین. گەزیزە دەڵێ، منیش ئەو باوەڕەم هەیە. لە دوای مردنی باوکم کە زۆر شتی فێرکردم، زانیم دەبێ دەرکەوم، وەک خۆم دەرکەوم، شانۆ ئەو دەرگایەی بۆ کردمەوە، ئێستا نووسین ئەو ئیمکانەی پێبەخشیوم کە دەنگ هەڵبڕم، بۆ ئەوەش یەک دنیا سپاسی تۆ و باوکت و دایکت دەکەم، کە زۆر شتتان فێری ئێمە کرد، بە تایبەت خوێندن و نووسینی زمانی دایک و خوێندنەوەی ئەو کتێبانەی کە باوکت دوور لە چاوی ساواک دەگەیاندە دەست ئێمە و تۆ بۆت دەخوێندینەوە. هەموو ئەوانە بوو بە بۆ هۆی ڕۆشەنبوونی ڕێگامان، لە ڕاستیدا ئێمە یەک گیان و یەک پەیکەر بووین، ئامێزی دەکاتەوە بۆ ئەوەی هەموو یەکتر لە باوش کەن.
زارا ڕوو لە گەزیزە، گەزیزە گیان، ئێمە لە ڕابوردوو، زۆرمان هەڵە کردووە، پێشینیانی ئێمە، سەرەڕای شانازییەکانیان، هەڵە و نەزانی زۆریان هەبووە. ئێمە نابێ ئەو هەڵانە دووبارە کەینەوە. گەزیزە لە وڵامی زارا دا دەلێ، ڕاستە، ئەوە گرنگە بزانی هەڵەت کردووە و چەقبەستوو نەمێنێ و لە ناو جەغزەکاندا نەخولێیەوە. هەڵە کردن دەتوانێ ببێتە ڕۆشنایی ڕێگا، گەر بزانین هەڵەمان کردووە. لە نەزانییدا هەڵەکان دووبارە دەبنەوە، بە هەڵا هەڵا ناگەینە ئامانج، بە ژیریی و تێگەیشتن ڕێگامان ڕوون دەبێ. شانازیش لەوە دایە مرۆڤی سەردەم بین و سەردەمیانە خۆمان ببینین و بناسێنین و سوور بین لە سەر ئامانجی ڕاستەقینەمان، وەک یەک پەیکەر و یەک دڵ و گیان.
ساڵێک و چەند مانگ دواتر، ڕۆژێک لە دەرگای ماڵی ئارژین و ئارتۆس-م دا لە شەقامی خەیامی کرماشان، ئارژین دەرگای کردەوە، دەستی کرد بە هەرا هەرا، لە ناکاو زارا دەرکەوت و هاواری کرد و هەرکیان لە ئامێزیان گرتم. من لەو هەرا و هوریایە و لەوەی زارا لەوێ چ دەکات، سەرم سووڕما بوو.
پاڵیان پێوەنام و چووینە ژوورێ، ئارتوس لە دیوەکە دەهات و دەچوو، پرسیم ئەوە چییەتی، ئارژین گوتی، دیسان لە کەلەی داوە و ئیدەی تازەی بۆ هاتووە، ڕەنگە چەند سەعاتی تر بزێ و کورپەیەکی نوێ بۆ شانۆ بکەوێتە باخەڵییەوە. وەبیر ئەو ساڵە کەوتمە کە چووە ژوورەکە و دەرگای لە سەر خۆی داخست و دوای حەوت سەعات، درگای کردەوە و گوتی خەلاس. ئەو کات شانۆنامەی ” ئەو پیاوەی…” تەواو کردبوو، ئێستاش هەمان بەزم بوو. ئەمە دوا دیداری من لە گەڵ زارا و ئارژین و ئاریۆس و کرماشان بوو.
برایم فەڕشی
پاییزی ٢٠٢٥
