گه‌مژه‌یه‌ك له دیداری تیرۆرستێكدا!.. سه‌دیق سه‌عید ڕواندزی
گه‌ر به مێژووی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌مه‌ریكا دابچینه‌وه، ده‌بینین له هیچ سه‌رده‌مێكدا، ئه‌م وڵاته، سه‌ڕۆكێكی گه‌مژه و هه‌رزه‌ی سیاسی و ڕه‌فتار منداڵانه‌ی وه‌ك تره‌مپی به خۆوه نه‌بینیوه، بۆیه كاتێ جارێكی دیكه هه‌ڵبژێردرایه‌وه، هاورێی هێژام كاك گۆران هه‌ڵه‌بجه‌یی، له وتارێكی جوان‌دا نووسبیبووی ( گه‌مژه‌كانی ئه‌مه‌ریكا، سه‌رۆكه گه‌مژه‌كه‌یان سه‌رخست) كه‌سانێك، كه هیچ شاره‌زایه‌كیان له مێژووی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و سیسته‌می ئه‌و وڵاته نییه، كه‌وتنه ڕه‌خنه و توانج له هاوڕێ گۆران كه چۆن ده‌نگده‌ره ئه‌مه‌ریكییه‌كان به گه‌مژه ناو ده‌بات؟ به‌ڵام له ڕاستیدا، ئه‌م ناساندنه نه‌ك له جێی خۆیه‌تی، به‌ڵكو نیشانه‌ی قووڵبوونه‌وه‌ی نووسه‌ری وتاره‌كه و تێگه‌یشتنیه‌تی، له ڕه‌هه‌ندی مێژووی سیاسه‌ت و هه‌ڵبژاردن له ئه‌مه‌ریكا. تۆڵستۆی ده‌ڵێت: (گه‌مژه‌كان هه‌میشه براوه‌ن، چونكه زۆرینه‌ن) . بۆیه من هه‌ر له ساڵی دوو هه‌زار و شانزه، كه تره‌مپ بووه سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا، ئه‌و كات له‌وتارێكمدا، كه له كوردستانی نوێ بڵاوم كرده‌وه، باسم له‌وه كرد كه ئه‌م پیاوه، نه‌ك شیاوی ئه‌وه نییه ببێته سه‌رۆكی زلهێزترین وڵاتی دنیا، به‌ڵكو گه‌مژه و كاڵًفامێكی سیاسییه و نازانێت پڕۆتۆكۆڵ و ڕێسای كارپێكراوی سه‌رۆكه‌كانی پێشووتری ئه‌مه‌ریكا چین و چۆن بوونه؟! گه‌ر به‌راوردی هه‌ر چه‌نده شایه‌ن به به‌راورد نییه، ئۆباما و كلنتۆن، بۆش و كه‌نه‌دی به تره‌مپ بكه‌ین، ئه‌و كات ده‌زانین ئه‌م پیاوه شیاوی ئه‌وه‌یه سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا بێت یاخود نا؟
به داخه‌وه تره‌مپ چانسێكی باشی هه‌بوو، كه له هه‌ردوو خولی هه‌ڵبژاردندا، كێبڕكێكی سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی ژنێك بوو، له مێژووی ئه‌مه‌ریكاش، كه به‌راورد به ئینگلیز و فه‌ره‌نسی و و سوێدییه‌كان گه‌لێكی هوشیار و ڕۆشنبیر نینه، هیچ ژنێك نه بۆته سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا، ئیدی ئه‌مه ده‌رفه‌تی له به‌رده‌م ئه‌و سه‌رمایه‌دار و بازرگانه ڕه‌خساند، كه سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مه‌ریكا بباته‌وه. ڕه‌فتار و ههلًَسوكهوت و زمان و ده‌ربڕینه‌كانی تڕه‌مپ، زیانی زۆریان به ناوبانگ و مێژووی سیاسی ئه‌مه‌ریكا گه‌یاند ! ئه‌م پیاوه، جارێك په‌نابه‌ران به‌گه‌مژه ناوده‌بات، جارێك باسی لكاندنه‌وه‌ی كه‌نه‌دا به ئه‌مه‌ریكا ده‌كات، دواتریش جوێن به‌گه‌لی مه‌كسیك ده‌دات ! جارێك به سه‌رۆكی مۆریتانیا ده‌ڵێت قسه‌كانت كه‌مبكه‌وه، ته‌نها ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌ت هه‌یه، ناوی خۆت و وڵاته‌كه‌ت بڵێی، وه‌ك مامۆستایه‌ك له به‌رانبه‌ر خوێندكاره‌كانی ده‌رده‌كه‌وێت، كه‌چی ده‌ست به ڕیشی ناموباڕه‌كی شه‌رع دادێنێت ! ئه‌م گه‌مژه‌یه، جارێك ڕۆژنامه‌نووسان ده‌رده‌كات، جارێكی دیكه‌ش به وته‌بێژه جوانه‌كه‌ی خۆی ده‌ڵێت ناچیت له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی هه‌نگاریا كار بكه‌یت؟ ئه‌مانه و ده‌یان ڕه‌فتاری هه‌رزانه‌ی تر و به‌داخه‌وه دوایین كاری گه‌مژانه‌شی ، پێشوازیكردنی بوو، له سه‌رۆكێكی تیرۆرست، كه خۆی و به ره ئیسلامی و تیرۆرستییه‌كه‌ی ده‌ستیان سووره به كوشتنی هه‌زاران كه‌سی سڤیل و كوردیش، كه ئه‌ویش ئه‌حمه‌د شه‌رعی سه‌رۆكی سوریایه. شه‌رع، به داخه‌وه سه‌ركه‌وتوو بوو له‌وه‌ی كه له‌و دیوگوتاره ئیسلامی و تیرۆرستییه‌كه‌ی، جۆرێك له سیناریۆی به ناو كرانه‌وه نماییش بكات و له‌و په‌راوێزه‌وه، ده‌رگای گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ نێو جیهانی عه‌ره‌بی و كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی به سه‌ر دا كرایه‌وه. ئه‌م به ناو سه‌رۆكه‌ی ئه‌مڕۆ و داعشه‌كه‌ی دوێنێ، له كاتێكدا ده‌یه‌وێت گوایا سوریا وه‌ك وڵاتێكی كراوه و نوێ و دیموكراسی پیشان بدات، كه‌چی به‌و دیودا هێزه ئیسلامییه‌كانی سه‌رقاڵی ئه‌تككردنی ژنانی كورد و دورز و كریستیان و تیرۆكردنی هه‌موو ئه‌و ده‌نگه جیاواز و ئازادی خوازانه‌یه، كه له ده‌ره‌وه‌ی ناسنامه‌ی شۆفێنی عه‌ره‌بی و داعشی و ئیسلامین.
ده‌ستووری نوێی سوریا، ئاڕم و لۆگۆكانی، به ناو كۆنگره ئاشته‌وایی و هه‌وڵدان بۆ دانانی یاسایه‌ك كه سه‌رچاوه‌كه‌ی شه‌ریعه‌تی ئیسلامییه، ده‌رخه‌ری ئه‌و ڕاستییه‌ن كه سوریای نوێ، ده‌سه‌ڵاتێكی ئایینی و ئیسلامی و شۆفێنی عه‌ره‌بی ده‌بێت و هه‌ر ئه‌وه‌نده پایه‌كانی ده‌سه‌ڵات پته‌و كران، ئیدی به گژ هه‌موو پێكهاتێكی ئه‌تنیكی و نه‌ته‌وه‌یی و ئایینی جیاواز داده‌چێته‌وه و هه‌موو ده‌نگێكی ئازاد و سه‌ربه‌ستیش له نێو ده‌بات. بۆیه بڕوام وایه گه‌ر تره‌مپ نه‌بووایه، هه‌ر كه‌سێكی دیكه سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا بووایه، ئاماده نه‌بوو پێشوازی له شه‌رع بكات، كه هێشتا ساڵێك به سه‌ر ده‌سه‌ڵاته ئیسلامییه‌كی تێنه‌په‌ڕیوه، كه‌چی ئه‌و وڵاته‌ی كردۆته زیندانێك بۆ ئه‌و نه‌ته‌وه‌وه‌و ئایینانه‌ی عه‌ره‌ب و ئیسلام نین. بۆیه كۆمه‌ڵگه‌ی نێو ده‌وڵه‌تی، ده‌بێ به ئاگا بێته‌وه‌وه ئه‌و ڕاستییه له بیر نه‌كات كه شه‌رع، سه‌رۆكی به‌ره‌ی ئه‌حرار شامی ئیسلامی و تیرۆرستین.
