خوێندنەوەیەک بۆ بزووتنەوەی شانۆی کرێکاران لە عێراق (١٩٧٠ – ١٩٨٥).. ئامادەکردن و وەرگێڕان لە عەرەبییەوە: عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)
زەمینەی سەرهەڵدانی شانۆی کرێکاران لە عێراق
عێراق وەک وڵاتێکی تازە دروستبوو، هەر لەسەرەتای سەدەی بیستەوە شێوازی بەرهەمهێنانی ئابووری سەرمایەداری تیایدا باڵادەست بووە. گەشەی پیشەسازی و مانیفاکتۆرە و کردنەوەی سەدەها کارگە و وەرشە و دامەزراندنی هەزاران کرێکار و کۆچی جووتیاران لەلادێوە بۆ شار و چەندین هۆکاری تر بوونە هۆی خەمڵین و هاتنەمەیدانی چینێکی کۆمەڵایەتی (چینی کرێکار) کە ئەمەش بەدەوری خۆی وایکرد مێژووی خەبات و تێکۆشانی چینایەتی لە عێراق پێ بخاتە نێو هەلومەرجێکی ئابووری تازە و ئاستێکی باڵاتر لەنمایشی چینایەتی. مێژووی خەباتی کرێکارانی عێراق، مێژوویەکە پڕ لە خەبات و قوربانی و فیداکاری لەپێناو ژیانێکی باشتر و داهاتوویەکی گەشتر. ئەم چینە کۆمەڵایەتییە وەکچۆن ئامڕاز و هۆکارەکانی خەباتی چینایەتی خۆی هەبووە، وەکچۆن ڕابەرانی عەمەلی خۆی هەبووە، وەکچۆن حیزبی سیاسی و نەقابەکانی خۆی هەبووە، ئاواش ئەدەب و هونەری خۆی بەدەستەوە گرتووە و وەک چەکێکی کاریگەر لەپێناو وشیارکردنەوە و بردنەسەری ئاگایی سیاسی کرێکاران بەکاری هێناوە. هونەری شانۆ یەکێک بووە لەو هونەرانەی کە کرێکاران پەنایان بۆ بردووە و ویستوویانە لەو ڕێگەیەوە کاریگەری لەسەر ژینگەی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە عێراق دابنێن. ئێمە ئەگەرچی زانیاری پێویستمان سەبارەت بە سەرەتای دروستبوون و سەرهەڵدانی شانۆی کرێکاران لە عێراق، وەک بزووتنەوەیەکی هونەری چینایەتی لەبەردەستدا نییە، بەڵام ئەو زانیارییانەی بەردەستن بریتین لە زانیاری قۆناغێکی دیاریکراوی ئەو بزووتنەوە شانۆییە کە هاوتایە لەگەڵ گرتنەدەستی دەسەڵاتی حیزبی بەعس لە عێراق. بۆیە لێرەدا سەرنجی خوێنەران ڕادەکێشم بۆ ئەوەی کەئەم نووسینە ڕەخنەییەی ئێمە تایبەتە بەو قۆناغە مێژووییە دیاریکراوە، واتە ١٩٧٠ تا ١٩٨٥. زەمینەی سەرهەڵدانی شانۆی کرێکاران لەم قۆناغە مێژووییەی عێراق دەگەڕێتەوە بۆ ئەم هۆکارانە:
یەک : سەرمایەداربوونی پرۆسەی بەرهەمهێنانی ئابووری لە عێراق کە چینێکی کۆمەڵایەتی چەوسێنەر بەرێوەی دەبرد و حیزبی بەعسی تازە هاتووی سەرکاریش نوێنەرایەتی و پشتیوانی ئەو چینە ستەمکارەی دەکرد.
دوو : بوونی مێژوو و ئەزموونێکی خەباتکارانەی چینی کرێکاری عێراق و لەمەیدانبوونی ئەو چینە کۆمەڵایەتییە و خەبات و تێکۆشانی کۆمەڵایەتی و سیاسی لەپێناو بەرگریکردن لە ئینسانییەتی خۆیان.
سێ : نەخوێندەواری و دواکەوتوویی ئابووری و کۆمەڵایەتی کرێکاران و خەڵکی ستەمدیدەی شارەکانی عێراق کە شانۆ دەیتوانی وەکو ئامڕازێکی هونەری کاریگەر ئیش لەسەر ئاگایی چینایەتی بکات.
چوار : باڵادەستی ئایدیۆلۆژی سۆشیالیستی یەکێتیی سۆڤییەت و بلۆکی ڕۆژهەڵات و کاریگەری ئەو ئایدیۆلۆژییە سۆشیالیستییە لەسەر جیهان و عێراق و هەورەها و دنە و سەپۆرتی سیاسی حیزبی بەعس لەژێر دروشمە بەناو سۆشیالیستە درۆزنەکانی و هەورەها دنەی حیزبی شیوعی عێراقی کە ئەوکات ئەو دوو حیزبە لەگۆڕەپانی سیاسی عێراق لەبەرەیەکی سیاسیدا هاوپەیمانی یەکتر بوون.
پێنج : بوونی کادیری هونەری و نووسەری بواری شانۆ و ئامادەییان لەپێناو وەرێخستنی بزووتنەوەیەکی شانۆیی کە گوزارشت بێت لە خەون و خولیای کرێکاران.
شەش : نەتوانینی گوزارشتکردن لە خەون و ئومێدیان بەشێوەیەکی باش لە کۆڕ و کۆمەڵە هونەریی و فەرهەنگییەکان و ئەو نێوەندانەی کەدەبوو ئامادەییان تیایدا هەبێت، هەروەها دەرکەوتنی نیشانەکانی ناجیددیبوون لەسەر ڕووخساری بەشێک لەو بزووتنەوەیەی کە باوەڕی قووڵی نەبوو بە ئامانجی زاڵبوون بەسەر تەنگوچەڵەمەکان.
سەرهەڵدانی شانۆی کرێکاران لە عێراق بەهۆی پێویستی خێرای گەیاندنی ئەو چەمک و پێوەرە مرۆیی و یاسا و ڕێسا نوێیانە بوو کە بۆ بەرژەوەندی چینی کرێکار دەرچوون، لەوانە مافی خانەنشینی کرێکاران، ڕێگاکانی دۆزینەوەی ئەو هۆکارانەی کە ئەرکیان پاراستنی سەلامەتی گشتی بوو، باشترکردنی ڕێگاکانی بەرهەمهێنان لەڕووی چەندایەتی و چۆنایەتی، بۆیە پێویست بوو میدیا بەگشتی و میدیای چینی کرێکار بەتایبەتی، جێگەی خۆیان بگرن لە پرۆسەی کارلێککردن لەگەڵ پێشکەوتنە مۆدێرنەکان و تەکنەلۆژیای ئامرازەکانی بەرهەمهێنان و باشترکردنیان لە ژیانی چینی کرێکار. (١) دۆخی سیاسی عێراقی سەردەمی پاشایەتی بەهەموو جۆرێک لەڕێی سەرکووتی سیاسییەوە بەهیچ جۆرێک بواری بە گەشە و ئەدەب و هونەری کرێکاران نەداوە. بەڵام لە ساڵی ١٩٥٨ بەدواوە، هەلومەرجی سیاسی گۆڕا و جۆرێک لە ئازادی و پشتیوانی ئەدەب و هونەری کرێکاریی هاتە ئاراوە. نەقابە کرێکارییەکان دامەزران و زۆربەی نەقابەکانیش لیژنەی ڕۆشنبیری و هونەرییان هەبوو و ئەو نەقابە کرێکارییانەش هانی کرێکاران و هونەرمەندانیان دەدا تیپی شانۆیی دامەزرێنن. بەمجۆرە لەنێو هەناوی ئاگایی چینایەتی کۆمەڵگەی عێراق، کرێکاران دەست دەبەن بۆ چەکێکی هونەری کاریگەر، ئەویش پێکهێنان و دروستکردنی تیپی هونەری شانۆی کرێکارییە. ئاوڕدانەوە لەم بزاڤە هونەرییە کە بەداخەوە ڕەخنەی ئەدەبی کوردی ئاگایەکی لێی نییە، جێی ڕەخنەی تووند و نیگەرانی مەعریفییە. ئاڵوگۆرەکانی دنیا و عێراق و کوردستان لەم چەند دەیەی ڕابردوو، بە کۆمەڵیک هۆکار کە ئێرە جێی باسکردنیان نییە،دۆخێکیان خولقاندووە کەوای کردووە ڕەخنەی ئەەبی کوردی نەتوانێت یان نەیەوێت ئاورێک لەم مەسەلە گرنگە بداتەوە.
شوناسی شانۆی کرێکاران چییە؟
شانۆی کرێکاران؛ بەو شانۆیە دەوترێت کە باس لە کێشە ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی کرێکاران بکات و تیشک بخاتە سەر ئەو هەلومەرجە فەلاکەتبار و پڕ لەستەمەی ژیانی کرێکاران و ستەملێکراوانی ژێر چەوسانەوەی سیستەمی سەرمایەداری. ناوەڕۆکی کۆمەڵایەتی دەقە شانۆییەکان زادەی شوناسی کارە هونەرییەکانە. ئەوە جیهەتگیری چینایەتی دەقە شانۆییەکانە دەبێتە شوناسی چینایەتی دەق، نەک پێودانگ و پێوانە شکڵییەکانی تری وەکو ناو و تایتلی کرێکاری یان ئەوەی هونەرمەندەکان خۆیان کرێکار بن. لەفەرهەنگی زاراوەی دراما و شانۆدا، شانۆی کرێکاران بریتییە لە چالاکی شانۆیی کە گوزارشت لە کێشەکانی چینی کرێکار دەکات لە کۆمەڵگەی سەرمایەداری.(٢) ئەو دەقە شانۆییە کرێکارییانەی کە بەزمانی عەرەبی دەنووسران و نمایش دەکران، لەسەر چەند تەوەرەیەک ئیشیان کردووە وەکو خەبات دژی ئیمپریالیزم و بەرجەستەکردنەوەی خەباتی گەلی فەلەستین و ڤێتنام تا دەگات بە کێشە کۆمەڵایەتی و ئابورییەکانی کرێکارانی عێراق کە هەندێکجار بەشێوازی کۆمیدی پێشکەشکراون. سەرجەم ئەو تەوەرانەی کارە شانۆییەکان وەک ناوەڕۆکێکی سیاسی لەچوارچێوەی ئایدیۆلۆژیای سۆشیالیستیدا پۆلینکراون بەڵام بێئەوەی سۆشیالیستیی بن. یان وردتر بڵێم بێئەوەی نزیکایەتییان لەگەڵ مارکسیزمی شۆڕشگێردا هەبێت. لێرەوە شوناسی شانۆی کرێکاری فۆرمێکی تر وەردەگرێت و دەکەوێتە بەر خوێندنەوەیەکی ڕەخنەگرانەی ترەوە. ڕەخنەی ئەدەبی و هونەری مارکسیستیی دەتوانێت پەیگیرانە گرفتی شوناسی شانۆی کرێکاران لە عێراق زانستییانە و بابەتییانە ببینێت و وهەڵسەنگاندنی خۆی لەبارەوە بکات. بەواتایەکی تر پەیامی هونەری شانۆی کرێکاران لەعێراق زیاتر ئابووری بووە و لەدەوری کێشەکانی نەقابە و خانەنەشینی و هەندێکجاریش یەکی ئایار و مەسەلە کۆـەڵایەتییەکانی وەک ژنان، خوولاوەتەوە. دەسەڵاتی سەرکووتگەری بەعس لەعێراق ڕێگەی نەداوە بابەتە سیاسییە هەستیارەکان ببنە ناوەڕۆکی کارە شانۆییەکان.
کاروانی شانۆی کرێکاران لە عێراق
بەر لە سەرەتا و دەستپێکی ئەو قۆناغە تایبەتییەی بزووتنەوەی شانۆی کرێکاران ١٩٧٠ – ١٩٨٥، هەندێک چالاکیی هونەری لە ئاهەنگە گشتییەکانی نەقابە و لە باخچەی یانەی هەندێک لەو نەقابانە، وەک نەقابەی میکانیک و نەقابەی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان و نەقابەی خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان دەرکەوتن و هەندێک داهێنانی هونەری کرێکاران لە ڕێپێوان و کەرنەڤاڵەکاندا بینران وەک داهێنان لە دیزاین و دیکۆرات و پەیکەری جوان و نیشاندانیان لەسەر ئۆتۆمبێلی بارهەڵگری درێژدا، کە دەستڕەنگینی هونەرمەندە نەقابەکانیان نیشان دەدا، ئەمەجگە لەو دیمەنە شانۆیانەی کە لەسەر پشتی فلاتی بارهەڵگرەکان نمایش دەکران و هەروەها دەنگی تەپڵ لێدان و ڕیتمەکانی سەما و شمشاڵ لێدان و جووڵە کاریکاتێرییەکان کە لەلایەن هەندێک کرێکاری بەهرەمەندەوە ئەنجام دەدران کە لەئاهەنگی یەکی ئایار بەناوی چینی کرێکارەوە دروشمیان دەوتەوە و لەسەر شاشەی تەلەفزیۆنەکانەوە پەخش دەکران تا جەماوەرەی لە هەردوو دیوی شەقامەکانی بەغدا لەلایەک و خەڵکی عێراقیش لە قاوەخانە و ماڵەکانیاندا لەلایەکی ترەوە بیانبینن.(٣) بەڵام ئەمە بە سەرەتای کاروانی شانۆی کرێکاران نایەتە ئەژمار. سەرەتای ئەو کاروانە لەوێوە دەست پێدەکات کە کاتێک هەریەک لە جەلال ئیبراهیم و جاسم عەبودی لەکۆتایی دەیەی شەستەکانی سەدەی ڕابردوو، کە (معهد بغداد التجریبي للفنون المسرحیة) لەشاری بەغدا ماڵی شانۆی کرێکاران دادەمەزرێنن، ئیتر لەوێڕا بیرۆکەی دامەزراندنی شانۆی کرێکاریی لەلایەن ئیبراهیم جەلالەوە پێشنیار دەکرێت دواتریش دەچێتە بواری جێبەجیکردنەوە.
بیرۆکەی دروستکردنی ماڵی شانۆی کرێکاران و ئاستەنگەکانی
لە ناوەڕاستی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا تیپێکی شانۆیی کرێکاریی پێکهێنرا کە ناوی (ماڵی شانۆی کرێکاران) بوو. ئەم تیپە وەک یەکەم تیپی شانۆیی کرێکاران و یەکەم ئەزموون لە عێراق و جیهانی عەرەبیدا کە سەرجەم ئەندامەکانی کرێکار بوون و هونەرمەندی کۆچکردوو غازی مەجدی لەدەستەی دامەزرێنەرانی بوو و هەرخۆیشی سەرپەرشتی دەکرد. زۆرێک لە هونەرمەندە بەهرەمەند و بەتواناکانی کرێکاران، ئەوانەی کە خاوەنی توانا و بەهرەی هونەری بوون لە بوارەکانی نواندن و لە تەکنیکە شانۆییە جیاوازەکاندا وەک ڕووناکی یان هونەری دیکۆر و دزاین یان دەنگ و مۆسیقا، پەیوەست بوون بەم ماڵە هونەرییەوە.

بیرۆکەی دامەزراندنی شانۆی کرێکاران سەرەتا لەڕێگەی ئەو دۆستایەتییەی کە لەنێوان دەرهێنەری گەورەی شانۆ ئیبراهیم جەلال و غازی مەجدیدا هەبوو، هاتە ئاراوە. ئیبراهیم جەلال بەئامادەبوونی مامۆستا حەمید حەسانی بیرۆکەی دامەزراندنی شانۆی کرێکاران بۆ غازی مەجدی پێشنیار دەکات و غازی مەجدیش بیرۆکەکە پەسند دەکات. واتە خاوەنی بیرۆکەکە دەرهێنەر ئیبراهیم جەلال بوو. بۆ تۆمارکردنی ئەکتەرەکان داوایان لە نەقابەکان کرد کە ئەکتەرەکان بنێرن بۆ کۆمیتەی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن لە یەکێتیی نەقابەکانی کرێکاران و یەکخستنیان لەیەک گروپ بە ناوی ماڵی شانۆی کرێکاران کە هەردوو ڕەگەزی نێر و مێ لەخۆبگرێت. غازی مەجدی داوای لە ئەندامانی ماڵی شانۆی کرێکاران کرد کە ئەکتەری مێینەیان بۆ پەیدا بکەن، هەندێک خوشکەکانیان و هەندێکیش هاوسەرەکانیان و هەندێکیش کەسوکاریان هێنا. غازی مەجدی دەیویست خێزانێک پێکبهێنێت کە بەڕاستی بتوانرێت ناوی شانۆ بێت. دەستی کرد بە ئامادەکردنی هونەرمەندان بۆ ڕاهێنانی نواندن.(٤) بەڵام نابێت ئەوەشمان بیر بچێت کۆمەڵێ ئاستەنگ لەبەردەم بزووتنەوەی شانۆی کرێکاران لە عێراق هەبوون وەک :
یەک : ئاستی گەشەی فەرهەنگی کۆمەڵگەی عێراق لەو سەردەمە هێندە لەخوار بوو کە کە کۆمەڵگە ناو و ناتۆرەی ناشیرینیان لە ئەکتەر و هونەرمەندەکان دەنا وەکو شایەر و دومبگچی.
دوو : نەبوونی ئەکتەری مێ و کەمی ئامادەیی ژنان لەسەر تەختەی شانۆ بەهۆی دواکەوتوویی بارودۆخی کۆمەڵایەتی ئەو سەردەمەی کۆمەڵگەی عێراق.
سێ : نەبوونی هۆڵی پێویست و پەنا بردن بۆ باخچەی یانەی نەقابە کرێکارییەکان بۆ نمایشی شانۆگەرییەکان.
چوار : نەبوونی دیدگایەکی مارکسیستی شۆڕشگێرانە لەجەرگەی ئەو بزووتنەوەیە و زاڵبوونی تێڕوانینی چینە غەیرە کرێکارییەکان بەسەر ئەو بزووتنەوەیەدا.
پێنج : فراوانتربوونەوەی هەژموونی حیزبی بەعسی فاشیست بەسەر کار و چالاکی نەقابەکان و هەڵسوڕانیان. ئەم هەژموونە لەساڵی ١٩٧٩ بەدواوە تۆختر دەرکەوت.
بەرهەمە هونەرییەکانی بزووتنەوەی شانۆی کرێکاران
قۆناغی یەکەم
قۆناغی یەکەمی بزووتنەوەی شانۆی کرێکاران بە شانۆنامەی (ایام العطالة) دەست پێدەکات کە لە نووسینی نووسەری عێراقی ئەدمۆن سەبری و دەرهێنانی جۆزیف فارس و نواندنی هونەرمەندان مریەم فارس و سەناء سەلیم و سوبحی عەزاوی و عیماد بەدەن و ئەوانی تر. هەورەها یەکەمین بەرهەمی ماڵی شانۆی کرێکارانیش، شانۆنامەی (البوابة) بوو کە لەنووسینی غازی مەجدی و دەرهێنانی هونەرمەند موحسین عەزاوی بوو و لەسەر شانۆی دامەزراوەی گشتی سینەما و شانۆ لە ١٢ی کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٧٤ نمایشکرا. پاشان شانۆگەری (رصیف الغضب) نووسینی سەباح عەتوان و دەرهێنانی وەجیە عەبدولغەنی و پێشکەشکردنی نەقابەی کرێکارانی میکانیک لەسەر تەختەی شانۆی نەتەوەیی لە کەرادە مریەم نمایشکرا. هەروەها شانۆگەری (الدغش) نووسینی هەمزە زوبەیدی درهێنانی قاسم سوبحی و پێشکەشکردنی نەقابەی کرێکارانی خزمەتگوزارییەکان. ئینجا شانۆگەری (الاهثون) نووسینی سەباح عەتوان و دەرهێنانی عەبدوڵا جەواد و پێشکەشکردنی نەقابەی کرێکارانی کارەبا. دواتریش شانۆگەری (خان جغان) نووسین و دەرهێنانی جۆزیف فارس و پێشکەشکردنی نەقابەی کرێکارانی پۆست و چاپخانەکان و لەسەر تەختەی شانۆی نەتەوەیی لە کەرادە مریەم نمایشکرا. پاشانیش شانۆگەری (جوکر طایف) نووسینی عەبدولمونعیم جابر و دەرهێنانی وەجیە عەبدولغەنی و لەسەر تەختەی شانۆی نەتەوەیی لە کەرادە مریەم نمایشکرا.
قۆناغی دووەم
لەم قۆناغەدا چەند کارێکی شانۆیی هاتنە نمایشکردن، کە ئەمانەن :
شانۆگەری (الغریب) ساڵی ١٩٧٧ نووسینی مالەللا فەرەج و دەرهێنای جۆزیف فارس لەسەر تەختەی شانۆی گەڕۆک نمایشکرا.
شانۆگەری (محاورات عمالیة) ساڵی ١٩٧٨ نووسین و دەرهێنانی جۆزیف فارس لەسەر تەختەی شانۆی پەیمانگای نەوتی حارسییە نمایشکرا.
شانۆگەری (درس اضافي) ساڵی ١٩٧٩ لە نووسین و دەرهێنای تالیب ڕەبیعی.
شانۆگەری (لاتنظر من ثقب الباب) ساڵی ١٩٧٩ نووسینی بورهان بولبول و دەرهێنانی دکتۆر عەونی کەرومی
شانۆگەری (رصیف الغضب) ساڵی ١٩٧٩ دوای دووبارە داڕشتنەوە و زیادکردنی دوو بەش بۆی وەک بەرنامەی هاوبەشی یەکێتیی نەقابەکانی کرێکارانی عێراق و یەکێتیی نەقابەکانی کرێکارانی سوریا نمایشکرا. لە نووسینی سەباح عەتوان و دەرهێنانی وەجیە عەبدولغەنی و پێشکەشکردنی نەقابەی کرێکارانی میکانیک لەسەر تەختەی شانۆی نەتەوەیی لە کەرادە مریەم نمایشکرا.()
هەروەها یەکەمین میهرەجانی شانۆی کرێکاران کە سەرجەم تیپە شانۆییەکانی نەقابەی کرێکارانی پارێزگاکانی بابل و دیالە و نەجەف و کەربەلا و کەرکووک و قادسیە و موسەنا و ئەنبار و هەولێر و موسڵ و بەسرە و بەغدا تیایدا بەشدار بوون کە لە پێنجی ئایاری ١٩٧٩ تا ٢٢ ی ئایاری هەمان ساڵ بەردەوام بوو.(٥)

شانۆی کرێکاران لە سەردەمی جەنگی عێراق و ئێران(١٩٨١ – ١٩٨٥)
دەیەی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو، دەیەی زێڕینی شانۆی کرێکاران بوو لە عێراق. هونەرمەندە کرێکارییەکان توانیان لەڕێگەی کۆمەڵێ ئیش و بەرهەمی هونەرییەوە، بەشێک لە ژیان و خەون و ئومێدی کرێکاران بخەنە سەرشانۆ. بەڵام لە دەیەی هەشتاکاندا، واتە لە سەردەمی جەنگی عێراق و ئێران ئەو پەیوەندییە بەتەواوەتی کوێر دەبێتەوە و هونەرمەندە کرێکارییەکان یان دەبنە سەرباز و دەنێردرێنە بەرەکانی جەنگ و یانیش دەکرێنە (جەیشی شەعبی) و یانیش خەریکی کاروباری حیزبی بەعس دەبن. جەنگی عێراق و ئێران جەنگی کاولکاری و ماڵوێرانی بوو بۆ چینی کرێکاری عێراق. شانۆی کرێکاران لەسەرەتای جەنگی نەگریسی عێراق و ئێران تووشی پاشەکشە و بێئومێد بوو تا لە لە ساڵی ١٩٨١ بەبڕیاری یەکێتیی نەقابەکانی کرێکارانی عێراق لەشاری بەغدا میهرەجانی دووەمی شانۆی کرێکارانی لە دوو تا حەوتی ئایاری ١٩٨١ سازکرا، خشتەی نمایشەکانی ئەم میهرەجانە بەمجۆرە بوو:
ڕۆژی یەکەم : شانۆگەری ( السواعد)، لەلایەن یەکێتیی نەقابەکانی کرێکارانی شاری بەسرە، ئامادەکردنی عەلی ڕەحیمە و دەرهێنانی محەمەد وەهیب.
ڕۆژی دووەم : شانۆگەری (حکایە من مجالس الآیات)، لەلایەن یەکێتیی نەقابەکانی کرێکارانی شاری ئەنبار ، ئامادەکردن و دەرهێنانی حامد خەڵەف ئەلخاتر.
ڕۆژی سێیەم : شانۆگەری (اللعبة)، لەلایەن یەکێتیی نەقابەکانی کرێکارانی شاری بەغدا، نووسین و دەرهێنانی جۆزیف فارس.
ڕۆژی چوارەم : شانۆگەری (الکرسي المتحرک)، لەلایەن یەکێتیی نەقابەکانی کرێکارانی شاری سەلاحەدین، نووسین و دەرهێنانی جەواد موتشەر.
ڕۆژی پێنجەم : شانۆگەری (ایار الدامي)، لەلایەن یەکێتیی نەقابەکانی کرێکارانی شاری سلێمانی، نووسینی تاهیر مەجید عەبدوڵا.
ڕۆژی شەشەم : شانۆگەری (الغارقون)، لەلایەن یەکێتیی نەقابەکانی کرێکاران، نووسینی سەباح عەتوان و دەرهێنانی جۆزیف فارس.(٦)
ئیتر دوای ئەم میهرەجانە، بزووتنەوەی بەناو شانۆی کرێکاران لەعێراق تووشی متبوون و ساردبوونەوە دێت. ئەم کاروانەی بەناو شانۆی کرێکارانەش بە نمایشی شانۆگەری (رحلة نعمان مع طج الخرسان) کە لەنووسینی مەهدی جەبار حەسەن و دەرهێنانی جۆزیف فارس بوو، کۆتایی بە تەمەنی ئەم بزووتنەوەیە هات کە هەر لەسەرەتاوە حیزبی بەعسی فاشیست دەستی نابووە بیناقاقای و سەرەنجام بەتەواوی خنکاندی.(٧)
پوختەی باس
شانۆی کرێکاران لە عێراق زۆر لەپێش ئەو مێژووەوە لەدایکبووە کە هونەرمەندان و مێژوونووسان ئاماژەی پێدەدەن. ئەگەر هەنگاوە سەرەتاکانی ئەو کاروانەشمان لا ڕوون نەبێت، ئەوا لەدوای ساڵی ١٩٥٨ کە دۆخی سیاسی عێراق ئاڵوگۆڕی بەسەردا هات، سەرەتاکانی شانۆی کرێکاریی لەڕێگەی کەرنەڤاڵ و میهرەجانەکانەوە دەرکەوتن. بەڵام بیرۆکەی بنیادنانی شانۆی کرێکاران لە عێراقی دوای ساڵی ١٩٥٨ دەگەڕێتەوە بۆ کۆتایی دەیەی شەستەکان و سەرەتای حەفتاکان لەسەر دەستی نووسەر و دەرهێنەری شانۆیی ئیبراهیم جەلال پێشنیار کرا. ئەم بزووتنەوە شانۆییە لەڕێگەی نەقابەکانی کرێکاران و پێشکەشکردنی دەیان بەرهەمی شانۆیی کرێکاریی توانی تا ئاستێکی باش گەشە بکات و ببێتە جێی ڕەزامەندی بینەران و کرێکاران. مێژووی شانۆی کرێکاران، مێژووی نەقابەکانی کرێکارانی ژێر هەژموونی حیزبی بەعسی عێراقە، نەک ڕێکخراوە جەماوەری و پیشەییە سەربەخۆ و شۆڕشگێڕەکانی عێراق. ئامانجی سەرەکیش بردنەسەری ئاگایی کرێکاران نەبوو وەکو بانگەشەیان بۆ دەکرد، بەڵکو ئامانجی سیاسی بەعس لەم بزووتنەوەیە لەلایەکەوە خاڵیکردنەوەی بزووتنەوەی کرێکاری بوو لەهەر کارێکی شۆڕشگێرانە و لەلایەکی تریشەوە کەمڕەنگکردنەوەی کاریگەی حزبی شیوعی عێراق و ڕازیکردنی دڵی یەکێتیی سۆڤییەتی جاران بوو.
ئامادەکردن و وەرگێران لە عەرەبییەوە: عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)
کەنەدا / کۆتایی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥
سەرچاوە و پەراوێزەکان :
(١)جوزیف فارس، اضواء علی تجربة المسرح العمالي العراقي، موقع مجلة الفنون المسرحیة، https://theaterars.blogspot.com/2020/09/blog-post_30.html
(٢)یاسر غریب، المسرح العمالي ،، ساحة المصنع خشبتە، موقع العربي الجدید، ١ ایار، ٢٠١٥ https://www.alaraby.co.uk/
(٣)جوزیف فارس، اضواء علی تجربة المسرح العمالي العراقي، موقع مجلة الفنون المسرحیة، https://theaterars.blogspot.com/2020/09/blog-post_30.html
(٤) بشار طعمة، من ذاکرة المسرح العراقي، قصة المسرح العمالي،صفحة التواصل الاجتماعي فیسبوک. ١-١٠-٢٠١٢ https://www.facebook.com/story.php/?story_fbid=3458755660905395&id=78235770187
(٥)رسول سبهان،موقع مجلة الصدی الفصول، ادبیة ثقافیة، رئیس التحریر بتول الدلیمي، شباط ٢٠١٤ http://saddaalf9ool.blogspot.com/2014/02/blog-post_3146.html
(٦)جوزیف فارس، اضواء علی تجربة المسرح العمالي العراقي، موقع مجلة الفنون المسرحیة، https://theaterars.blogspot.com/2020/09/blog-post_30.html
(٧)ئەم باسە زیاتر سەبارەت بەشانۆی کرێکارانی عێراقە، لەم نێوەشدا شانۆی کرێکاران لە کوردستانی عێراق دەبێتە بەشێکی دانەبراو لەو مێژووە. ئێمە دەزانین لەم ماوەیەدا(١٩٧٠ – ١٩٨٥)لەنێو بزووتنەوەی شانۆی کوردیدا، شانۆی کرێکاران بوونی هەبووە و کەم تا زۆر ڕۆڵی مێژوویی خۆی گێراوە. شانۆگەری مانگرتن نموونەیەکی دیاری ئەو بزاوتە شانۆییە کوردییەیە. بەڵام لەبەر لەبەردەستدا نەبوونی سەرچاوەی پێویست، بەداخەوە نەمتوانی وەک پێویست ئاوڕێک لەو بزاوتە شانۆییە بدەمەوە.
