به‌ختی ڕه‌ش یـا كـۆمه‌ڵی چه‌وت*.. -1-.. نه‌ژاد عزیز سورمێ
چه‌ند وێستگه‌یه‌كی كورت له ڕۆژگاره‌كانی
دوای كۆربوونه‌وه‌ی (ئاگردان)ێـكی دی
نه‌ژاد عزیز سورمێ
به‌شی یه‌كه‌م
ڕوونـكردنه‌وه
ویستم خوێنه‌ر له‌وه باخه‌به‌ر بكه‌م كه ئه‌م نووسینه نه بیره‌وه‌ریه و نه یادداشتنامه،
به‌و مانایه‌ی ده‌خوازێ له‌م دوو ژانره‌دا هه‌بن ..
ته‌نیا نووسینێكه به داوا و جه‌ختی چه‌ند جاره‌ی هه‌ر دوو دۆستم (نیعمه‌ت عه‌بدوڵا و تاریق جامباز)وه بۆ پرۆژه‌یه‌ك نووسراوه تایبه‌ت به تۆماركردن و دیكۆمێنتـكردنی نه‌فیكراوانی كوردستان دوای نسكۆی ساڵی 1975 كه له دووتوێی كتێبێـكدا به‌م دواییه به‌شی یه‌كه‌مییان لێ بڵاو كرده‌وه. هیوادارم له‌م قاوخه‌دا بخوێنرێته‌وه.
له‌باره‌ی تایتڵی سه‌ره‌كی نووسینه‌كه‌یشه‌وه(به‌ختی ڕه‌ش یا كۆمه‌ڵی چه‌وت)
وه‌ك له په‌راوێزیشدا ئاماژه‌ی پێدراوه، ئه‌وه ناوونیشانی یادداشتنامه‌ی
باوكم بووكه نزیكه‌ی 900 و قسوور لاپه‌ڕه‌ی فۆڵسكابی ده‌ستنووس ده‌بوو
به داخه‌وه به هۆی بۆمبابارانی خانوو و ماڵمان(ناوه‌ڕاستی ساڵی 1974 )
به فڕۆكه‌كانی سوپای عیراق له گه‌ڵاڵه تیاچوو .
ناوچه‌ی باڵه‌كایه‌تی كه سه‌ركردایه‌تی (شۆڕش)ی لێ بوو كه زێدی خۆشمه له چاو ده‌شتی هه‌ولێرێ به‌هاری دره‌نگ ده‌گاتێ .
ئه‌و ده‌مه‌ی له نه‌زانی و به‌دبه‌ختی خۆمان بێ یا گه‌له‌كۆمه‌كی به‌رژه‌وه‌ندیخوازانی هێزه ئێقلیمی و جیهانگیره‌كانه‌وه ، ڕێككه‌وتنی (جه‌زاییر)ی لێ كه‌وته‌وه كه به ڕێككه‌وتنی دوو نه‌یاری مێژوویی و دوو دۆستی مێژوویی دژ به كورد ( عێراق – ئێران ) ی له 6 ی ئاداری جه‌زاییری 1975 ناسراوه.
ئه‌و ڕێككه‌وتنه له پاشاندا مه‌ینه‌تی و ماڵوێرانی و خانه‌گه‌ردانییه‌كی وای به دوای خۆیدا هێنا به كتێبان بگێڕدرێته‌وه كه چ كاره‌سات و كوێره‌وه‌ری و ماڵ و گوند و شاروێرانی به‌دوادا هات ئێستایش شوێنه‌واری ڕه‌ش نه‌بووه‌ته‌وه و باوه‌ڕیش ناكه‌م به‌و ساڵ و زه‌مانانه ڕه‌ش ببنه‌وه .
ئه‌وسا من له (ئیستگه‌ی ده‌نگی كوردستان) كارم ده‌كرد ، یه‌كه‌مین په‌یامنێری جه‌نگ بووم سه‌ردانی به‌ره‌ی هێزه‌كانم له زۆربه‌ی سه‌نگه‌ره‌كانی پێشه‌وه‌دا له چیاكانی كۆڕه‌ك و هه‌ندرێن و زۆزك و سه‌رتیز و ڕواندز و گه‌لی مێـگر و گه‌لی شێخ سه‌ید و كه‌پكی ئارمووشین و (چنێراوه) له بناری چیای هه‌ندرێن كه باره‌گای سه‌ره‌كی هێزی لێ بوو هه‌میشه ڕۆژانه به ژماره‌یه‌ك ڕاپۆرتی ڕۆژنامه‌نووسی تۆماركراوه‌وه ده‌گه‌ڕامه‌وه ..
ئه‌وان ڕۆژان ئێمه‌مانان به هێزی هیوا و خه‌ونی ئومێدێـكی زۆر له ئاسۆی بیناییمان فراوانتر ، لێبڕاوانه كارمان ده‌كرد ، به دڵێكی ساف و سه‌رگه‌رمییه‌ك قابیل به ته‌مه‌نمان ، ته‌مه‌نی ده‌سپێكی گه‌نجایه‌تی و سه‌ره‌تای هه‌ڕه‌تی به‌جێهێشتنی قۆناخی هه‌رزه‌یی كه له دوایدا ڕۆژگاری نه‌فره‌تی وێنه‌ی ئۆقیانووسێكی بێ بن لێی هه‌ڵلووشین ، نه‌یهێشت وه‌ك ئاده‌مزاد بیبینین و به كامی دڵ هه‌ستی پێ بكه‌ین ، ئێستاش وه‌ختێ له هه‌ڵسووكه‌وتێكی نامۆی له چه‌شنێك هه‌ڵده‌نگوین به جۆرێكی دی لێكده‌درێته‌وه و مۆری دواكه‌وتوویی و نه‌دیدكه‌یمان پێوه ده‌نرێ .
با سه‌رتان نه‌یه‌شێنم .. كه ئه‌و كاره‌ساته ڕوویدا من ته‌نیا بووم ، ماڵه‌وه‌مان له دیوی ئێرانێ له ئوردووگای په‌نابه‌ران بوون ، ماڵ و خانوومان زووتر به بۆردوومانی فڕۆكه‌كانی عیراق وێران ببوو و هیچمان نه‌مابوو ، ( له هه‌مووی سه‌یرتر بۆیان گێڕامه‌وه كه پاش بۆردوومان ئه‌وه‌ی مابوو له پاشماوه‌ی شڕ و شیتاڵی ماڵێمان كه‌س به كه‌س ڕانه‌ده‌گه‌یشت له به تاڵان بردنی !! )
من به خۆم كه له به‌ره‌كانی شه‌ر ده‌گه‌ڕامه‌وه ، باره‌گایه‌كمان له ده‌وروبه‌ری ده‌ربه‌ندی ڕایه‌تێ (كانیی گۆرینان) له دۆڵێكدا هه‌بوو ، من و حه‌مه‌ڕه‌شید هه‌ره‌س و مه‌هدی ئومێد و ڕه‌وانشاد ڕه‌حمان فه‌رهاد كه بێژه‌ری به‌شی ئینگلیزی ئیستگه بوو له خیوه‌تێكدا بووین ، براده‌رانی تریش به‌و لا و به‌م لا ، سه‌ر و خواری ئێمه له خیوه‌تی دیكه ، له‌وانه ڕه‌وانشاد بارزانی مه‌لا خالید بێژه‌ری سه‌ره‌كی هه‌واڵ ، هه‌روه‌ها حافز ئه‌نوه‌ر مایی و ڕه‌وانشاد ده‌نسا هه‌ریری بێژه‌ری به‌شی سریانی و خه‌ڵه‌ف زێباری و زۆربه‌ی بێژه‌ر و هه‌ندێ له نووسه‌رانی به‌شی عه‌ره‌بی و توركمانی و ئینگلیزی له‌وانه دارا سه‌دیق نۆرجان بێژه‌ری به‌توانای عه‌ره‌بی گه‌لێكی دی كه به داخه‌وه هه‌موو ناوه‌كانم له‌بیر نه‌ماون ، جاروباریش له بنكه‌ی ئیستگه له مه‌میخه‌لان كه به‌ڕێوه‌به‌رانی ته‌كنیكی و ئه‌ندازیاره‌كانی لێ بوون له‌پێش هه‌مووانه‌وه شه‌هید عبدولخالق مه‌عرووف ، هه‌روه‌ها له ئه‌میندارییه‌تی گشتیی ڕاگه‌یاندن كه له گردمه‌یدان (ئازادی)ی به‌رامبه‌ر گوندی زینوێی شێخی لای له‌تیف هه‌ڵمه‌ت و ڕه‌وانشاد جه‌لالی میرزا كه‌ریم و فه‌رهاد (ئه‌نوه‌ر) شاكه‌لی و سه‌لاح شوان و ئه‌نوه‌ر قادر محه‌مه‌د و ڕه‌وانشاد عومه‌ر عه‌لی ئه‌مین و خاتوو گه‌زیزه‌ی كچی كه به‌رنامه‌ی له ئیستگه هه‌بوو ڕێكده‌كه‌وت ده‌مامه‌وه..
دوای ڕێككه‌وتنی 6 ی ئادار له جه‌زاییر ڕاسته‌وخۆ ده‌مانبینی ، به‌به‌ر چاوی ئێمه‌وه چی چه‌كی قورسی وه‌ك تۆپ و دژه فڕۆكه به‌ره‌و ئێران ده‌كشانه‌وه .
سه‌ره‌تا هه‌وڵێك به‌و ڕووكاره هه‌بوو له شێوه‌ی سه‌رپشككردن بۆ به‌رده‌وامی دان به شۆڕش ، پاشان ده‌ركه‌وت پیلانه‌كه له‌وه زۆر گه‌وره‌تره بیرمان لێ ده‌كرده‌وه..
ئه‌وه بوو هه‌ر له دوادواكانی ناوه‌ڕاستی مانگی ئادار ورده ورده له پێشدا خه‌ڵكی مه‌ده‌نی پاشان پێشمه‌رگه ڕوویان له سنوور كرد ، هه‌ر چه‌نده له هه‌ندێ به‌ره شه‌ڕێكی مه‌ردانه كرا و عیراق ئه‌وسا به بۆمبای فسفۆر لێی دابوون تا به پێشمه‌رگه ڕاده‌گا زۆر له خه‌ڵكی مه‌ده‌نیشی شه‌هید و بریندار كردبوو ، كه هه‌ندێ له برینداره‌كان هێنرابوونه نه‌خۆشخانه‌ی خانێ ، من دوایی كه په‌ڕیمه‌وه ئه‌و دیو له سۆراخی براده‌رێكمدا چوومه نه‌خۆشخانه هه‌ندێ له‌و بریندارانه‌م بینی زۆربه‌یان به فسفۆر سووتابوون ، به‌داخه‌وه ئه‌و براده‌ره‌ی من ( م . سه‌ردار ) كه پێشتر وتیان برینداره له نه‌خۆشخانه شه‌هید ببوو .
به‌ینی 18-20 مانگ بوو، به‌خۆ و خه‌می هه‌موو دونیا (ئاوه‌هام خۆ ده‌هاته به‌رچاو) وه‌كو ئه‌و خه‌ڵكه به‌پیاده ڕێم گرته‌به‌ر به‌ره‌و سنووری ئێران.
ڕێگه‌ی هاملتۆن جاده‌یه‌كی به‌رین و ڕاستان نه‌بوو ئه‌وسا ( ئێستاش شێوه‌ی جارانی ون نه‌كردووه) ئه‌و هه‌رای ڕاكه ڕاكه و دۆخی بێئومێدبوونه‌ش ته‌واوی خه‌لكی له‌لایه‌ك سه‌رسڕما و له‌لایه‌كی دی سه‌رلێشواو كردبوو .. نه‌یانده‌زانی چی بكه‌ن و به‌ری خۆیان له‌كوێ بكه‌ن..
پرسیار ده‌هاته به‌رابه‌ر پرسیار، وه‌ڵامیش هه‌ر پرسیار بوو… (بۆ؟)
زۆر له‌وانه‌ی چه‌كیان پێ بوو هه‌ڵیان ده‌دایه ڕووباری شێخی (ئێمه به‌و ڕووباره‌ی هاوته‌ریبی ڕێی هاملتۆن ده‌ڵێین – ڕووباری شێخی-)، هه‌رچه‌نده گیرفانپووڵییه‌كی وام پێ نه‌بوو به‌شی حه‌فته‌یه‌كم بكا، به‌ڵام چونكه ته‌نیا بووم له‌زۆربه‌ی ئه‌و خه‌ڵكه باشتر بووم ، كه ماڵ و منداڵی وردیان پێ بوو… وه‌ك عاده‌تیش له‌چاوترووكانێكدا ئازووقه نه‌ما ، هه‌ر ماڵێك بوو چه‌رده‌یه‌كی گل ده‌دایه‌وه..
بڕۆ … بڕۆ نه‌ژاد، به‌هاره به‌وه‌خت ، ڕاسته، به‌ڵام هێشتا سووی ساردی هه‌ر هه‌ستی پێ ده‌كرێ و تا به‌ره‌و ژووریش ده‌بووینه‌وه ساردتر ده‌بوو، من كۆڵه‌پێشتێـكم له‌شێوه‌ی جانتایێكدا پێ بوو، كه هه‌ندێك بجگوڕ و چه‌ند كتێبێك و وه‌رده‌واڵه‌ی وه‌ك تاخمی ڕیش تاشینی تێدا بوو…
بڕۆ .. بڕۆ نه‌ژاد! به‌ڵام بۆ كوێ؟بۆ چاره‌نووسێكی نادیار ، كه به‌ڕاستیش نه‌ماده‌زانی چی ده‌گوزه‌رێ و بۆچی ، هه‌واڵی ناخۆشیش وه‌ك ئاگری ناو پووش وابوو تێكه‌ڵی سترێسی ده‌روونمان ده‌بوو ، هه‌ندێ جار بۆ هه‌ندێك گه‌یشتبووه ڕاده‌ی كۆتایی به‌ژیان هێنان نه‌ك ته‌سلیم بوون به‌قه‌ده‌رێكی نادیار…
له‌ڕێگه‌دا زۆر له‌براده‌ر و ناسیاو و خزمم دیتن ، بێ ئه‌وه‌ی ورته‌یه‌كمان لێوه بێ، ته‌نیا سه‌یرێكی یه‌كمان ده‌كرد و حه‌په‌ساو لێك تێده‌په‌ڕین.. هه‌ر له‌ڕێگادا ، له‌هه‌ندێ شوێن خه‌ڵكانێكم ده‌بینی ، له‌په‌نا به‌ردێك ، له‌جاده لایان داوه ئاگریان كردووه‌ته‌وه تا گه‌یشتمه سنوور، له‌چوار پێنج جێی ئاوا لام دا به‌بۆنه‌ی ده‌ست و قاچ گه‌رم كردنه‌وه ، هه‌رواش بوو به‌ڕاستی ده‌ست و قاچم سڕ ببوون ، به‌ڵام من ئه‌وسا تازه ته‌مه‌نی هه‌رزه‌یم به‌ته‌واوی تێنه‌په‌ڕاندبوو، زیاتر به‌رگه‌ی سه‌رمام ده‌گرت و به‌پێ ڕۆیشتنی ئه‌و هه‌موو ڕێگایه‌ش، ئه‌گه‌ر ماندووشی كردبم. گوڕی به‌ر قاچ و ده‌ستم دابوو..
سه‌یر له‌وه‌دابوو ، ئه‌و خه‌ڵك و خوایه‌ش ، هه‌ندێكیان به‌ماڵ و خێزان بوون ، كه ده‌چوومه لایان ، قسه‌یه‌كی ئه‌وتۆیان نه‌ده‌كرد ، له‌وه‌ی به‌ده‌ر هه‌ندێكیان ، هه‌موویان نا ، چایه‌كیان له‌قۆغه‌یه‌كی فافۆن یان په‌رداخێك بێده‌نگ له‌پێش داده‌نام. بێ ئه‌وه‌ی قسه‌یه‌ك بكه‌ن ، به‌ڵام هه‌زاران پرسیارم له‌چاویاندا ده‌خوێنده‌وه ، بۆ وای لێهات ئه‌وه چ قه‌ده‌رێكی شووم بوو ، بۆچی كه‌س ته‌نیا ورته‌یه‌كیشی له‌سه‌ر ئێمه لێوه نایێ ، كورد بۆچی به درێژایی مێژوو ئه‌ونده مه‌زڵووم و خۆشباوه‌ڕ و ساویلكه‌یه و چ نه‌زانه باوه‌ڕ به دژمنانی ده‌كا و …تاد ..؟
سه‌رتان نه‌یه‌شێنم هه‌رچی چۆنێكه پێش خۆر ئاوابوون گه‌یشتمه حاجی ئۆمه‌ران.
ئه‌و ده‌مه‌ی باسی ده‌كه‌م حاجی ئۆمه‌ران جمه‌ی ده‌هات له‌خه‌ڵك و پێشمه‌رگه ، كه زۆریان چه‌كداریش بوون.
لاونیو پرسیارم ده‌كرد ، چی بكه‌ین؟ هه‌مدیس وه‌ڵامم به‌پرسیاری تر وه‌رده‌گرته‌وه.. جێگا و شوێنێكی دیاریكراو نه‌بوو شه‌وی تێدا به‌ڕێ بكه‌ین ، هه‌رچه‌نده من وه‌ك خۆم زۆر دۆست و ناسیاوی نزیكیشم له خه‌ڵكی حاجی ئۆمه‌ران هه‌بوو ، به‌ڵام دۆخه‌كه به‌جۆرێك شێواو بوو له‌ئاپۆڕه و قه‌ره‌باڵغی و كه‌س به‌كه‌س نه‌بووی ئه‌و ساته حاجی ئۆمه‌رانم لێ ببووه به‌غدا كه‌سم نه‌دۆزیه‌وه ناچار هه‌ر وا له‌په‌نا و په‌سیوان ، هه‌بوو له‌بن سوانده‌ی ماڵان ، له‌سه‌ر بانان ، كه زۆر ساردیش بوو و حه‌وانه‌وه‌ی تێدا ئه‌سته‌م بوو ، شه‌ومان به‌كوتكه‌خه‌و یان به‌بێداری یا به‌دواداچوونی هه‌واڵان به‌ڕێ كرد.
له‌گه‌ڵ كازیوه و ورده ورده لێچوونه‌وه‌ی ڕه‌شایی شه‌و خه‌ڵك تێكڕا خۆیان ته‌یاركردبوو به‌ره‌و گوندی (شیوه‌ڕه‌ش) دوا گوندی سنووری عێراق و پاشان سنوور به ئیستڵاحی ئێرانیان مه‌رزی ئێرانێ.
له‌و لاشه‌وه هه‌واڵه‌كان و پێوه‌نانی هه‌ندێكیش وه‌ك عاده‌تی هه‌رده‌می كۆمه‌ڵگه‌ی دواكه‌وتوو له‌باره‌ی پێشڕه‌وی هێزه‌كانی سوپا و فڕۆكه جه‌نگییه‌كانی عیڕاق دونیای لێ كردبووینه چه‌رمی كێژووله (چۆله‌كه).
ڕێچكه به‌ستنی ئه‌و حه‌شاماته له‌گه‌ڵ به‌یانی دا تا ده‌هات زیاتر ده‌بوو… له‌ناو ئاپۆڕای ئه‌و هه‌موو خه‌ڵكه و فشاری به‌رپرسانی سنووری ئێران له‌پاڵنان و پشكـنین و چه‌ككردنی ئه‌وانه‌ی چه‌كیان پێ بوو (من به خۆم تفه‌نگه‌كه‌م له‌گه‌ڵاڵه به‌ته‌مای خزمێك به‌جێهێشت ، ده‌مانچه‌یه‌كم هه‌بوو پێشتر باوكم به‌دیاری بۆی هاتبوو دابووی به‌من، دڵم نه‌ده‌هات بیده‌م به‌كه‌س به‌ئاگاداری باپیرم له له‌ده‌وروبه‌ری زه‌وییه‌ك ئێمه پێمان ده‌گوت زه‌وی(دۆڵاوه گه‌رمێ) له‌بن پارده‌یه‌ك شارده‌وه به‌هیوای ئه‌وه‌ی وه‌ختێـك دێ ده‌ریده‌هێنمه‌وه ، دیاره ئه‌و وه‌خته ئێستاش نه‌هات .. واته من له‌كۆڵه پشتێكی سووك زیاترم پێ نه‌بوو، كه سێ چوار كتێب و هه‌ندێ گه‌لوپه‌لی پێویستی ڕۆژانه و چه‌رده‌یه‌كی كه‌م له‌نان و خواردنی قووتووكراو، كه هه‌میشه پێم ده‌بوو به‌تایبه‌تی، كه بۆ ڕووماڵی هه‌واڵ و ڕاپۆرت بۆ ئیستگه‌ی ده‌نگی كوردستان سه‌ردانی به‌ره‌كانی شه‌ڕم ده‌كرد ، به‌ڵام كێشه له‌وه‌دابوو له‌ناو ئه‌و ئاپۆڕایه و ئه‌و پاڵه‌په‌ستۆیه ئاسان نه‌بوو بگه‌یته لای كابرای مه‌رز ، به‌هه‌ر حاڵ من له‌گه‌ڵ كازیوه‌دا وه‌ڕێ كه‌وتبووم، ئینجا به‌هه‌زار حاڵ پێش داخستنی مه‌رز ، كه له‌گه‌ڵ بوولێڵدا داده‌خرا په‌ڕێمه‌وه ئه‌و دیو.. له‌وبه‌ر به‌ده‌یان ئۆتۆمبێل و پاس وه‌ستابوون نه‌فه‌ریان ده‌بردنه خانێ (پیرانشه‌هر)، جێی خۆم له‌پاسێكدا كرده‌وه ، هه‌رزانتر بوو، ڕاستی من پاره‌یه‌كی له‌و ڕه‌نگه‌م پێ نه‌بوو ، پێشمه‌رگه ئه‌وسا مووچه ، وه‌ك مووچه‌ی نه‌بوو ، ناوه ناوه گیرفانپووڵییه‌كیان به‌ناوی (یارمه‌تی) ده‌داینێ ، من مانگانه چوار دینارم وه‌رده‌گرت ، به‌حیساب په‌یامنێری جه‌نگ بووم و هاتووچووم زۆر بوو ، جاروبار ڕه‌گه‌ڵ ڕۆژنامه‌نووسی بیانیش ده‌كه‌وتم ، ئه‌گه‌ر تاك و ته‌را هاتبان و بیانویستبایه بچنه به‌ره‌كانی شه‌ڕ ، ناڵێم چوار دینار كه‌م بوو ، به‌ڵام بۆ گه‌نجێكی تازه وێڕاگه‌یشتووی وه‌ك من به‌حاڵ ده‌یگه‌یاندمه‌وه یارمه‌تییه‌كی دی، به‌تایبه‌تی زۆربه‌ی جاران نان و خواردنم یا له‌باره‌گاكانی پێشمه‌رگه ده‌بوو ، یان له‌باره‌گای ئیستگه به‌تایبه‌تیش له‌باره‌گای هه‌میشه‌یی خۆمان ، تیمی كارمه‌ندانی ئیستگه له (كانی گۆڕینان) نزیك ده‌ربه‌ندی ڕایاتێ كه له‌پێشدا باسم كرد…
به‌ینی سنووری ئێراق-ئێران دانراوه (كه له‌ڕاستیدا نه عێراقه و نه ئێران).
تا خانێ كه ئه‌وسا ئه‌گه‌ر له‌بیرم نه‌چووبێ ( ناحییه) بوو ، نه‌ده‌گه‌یشته سه‌عاتێك، به‌ڵام به‌هۆی ئاپۆڕای په‌نابه‌ران كه هه‌موو به‌پێ ڕێیان گرتبوو و ئه‌و ژماره زۆره‌ی ئۆتۆمبێل و پاسان ، ده‌تگوت له‌سه‌ر هێلكان ده‌ڕۆین به نزیكه‌ی چوار سه‌عات زیاتریش گه‌یشتینه شاری خانێ ، خه‌ڵكی خانێ ده‌تگوت خۆڵ و دۆیان به‌سه‌ردا كراوه ، ماته‌مینیێـكی ڕانه‌گه‌ینراو له‌چاوی كوردی ڕۆژهه‌ڵاتێشدا ده‌خوێندرایه‌وه.
ماڵی ئێمه له ئۆردوگای ئاواران له‌شنۆیێ (نه‌لێوان)ێ بوو، شه‌ویش بوو به‌و حاڵ و وه‌زعه و دڵشكان و نیگه‌رانی و خه‌م و بێهیوایی و چاره‌نووسی نادیار وه‌كو ماری ئه‌فسانان له‌زۆربه‌ی هه‌ره زۆرمان ئاڵا بوو نه پێوه‌ی ده‌داین نه به‌ریشی ده‌داین ، كه ڕه‌نگه ئه‌گه‌ر پێوه‌ی بدابوواین زۆرمانی ئاسووده ده‌كرد.
ماڵی خاڵێكم له‌خانێ بوو، ئه‌و شه‌وه‌م له‌وێ به‌ڕێكرد ، به‌ڵام چ به‌ڕێكردنێـك، به‌چه‌ندان كابووسی تۆقێنه‌ر.
خانێ به‌ئاپۆڕای په‌نابه‌رانی كوردی گه‌رمێنێ(كوردی باشوور) چواربه‌رابه‌ری خۆی خه‌ڵكی تێ ڕژابوو و به‌رده‌وامیش بوو.. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی ئه‌وێ میواندۆست و میهره‌بان بوون یارمه‌تیان ده‌داین ، ئێ دیسان هه‌ندێ له‌ئاواره‌كان به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی ماڵ و حاڵیان نه‌بوو یان ئه‌گه‌ر هه‌یشیان بووبێ له‌ئۆردووگا دووره ده‌سته‌كان بوون كارێكی ئاسان نه‌بوو له‌و كاته‌دا جێیان ده‌سكه‌وێ ..
بۆ ڕۆژی دوایی هه‌رچی چۆنێك بوو خۆم گه‌یانده ئۆردووگای نه‌لیوان له‌شنۆیێ ، به‌ڵام گوتیان گواستراونه‌ته‌وه ئۆردووگای(ڕه‌به‌ت) نزیك شاری سه‌رده‌شتێ ، گه‌یشتمه ئه‌وێ ، ئۆردووگایش له‌خانێ پشێوتر و قه‌ره‌باڵغتر بوو، به‌حاڵ ماڵی خۆمانم دۆزیه‌وه ، دایكم كه منی بینی یه‌كسه‌ر دایه پڕمه‌ی گریان ، ئیدی نازانم له‌خۆشی ئه‌وه بوو جارێكی دی منی بینیوه‌ته‌وه ، كه ئه‌وسا پاگه‌نده و ده‌مگۆی هه‌مه‌جۆر كرابوو ، له‌بۆردوومانی باڵه‌فڕه‌كانی حكوومه‌تی به‌غدا كوژران و بریندار بوونی خه‌ڵكێكی زۆر به‌تایبه‌تی له‌ئیستگه‌ی ده‌نگی كوردستان ، یاخود بۆ حاڵی خۆمان بوو، كه ماڵ و خانوومان له‌گه‌لاڵه به‌بۆردوومانی فڕۆكه ته‌خت بوو بوو …( دایكم تا وه‌فاتی كرد چه‌ندین جار ماڵی وێران بووه دواجاری له‌شه‌ڕی نه‌وه‌ده‌كانی سه‌ده‌ی ڕابردووی برایان بوو )
له‌و ئان و ساته‌دا حكوومه‌تی به‌غدا عه‌فووی دا له‌پاڵیشیدا چه‌ندان وه‌فدی حكوومه‌ت سه‌ردانی ئۆردووگای په‌نابه‌رانیان ده‌كرد و هانیان ده‌داین بۆ گه‌ڕانه‌وه ، ئیتر به‌كورتی چه‌ند ڕۆژێكی نه‌برد چ به‌هۆی فشاری به‌ردوامی ئێران بێ یاخود نیازی گه‌ڕانه‌وه‌ی خه‌ڵك ئۆردووگاكان به‌ره‌به‌ره چۆل ده‌بوون ، كۆچی پێچه‌وانه و گه‌ڕانه‌وه بۆ دیوی عێراقێ ده‌ستی پێكرد ..
ڕاستی من بڕیاری خۆمم دابوو ، نه‌گه‌ڕێمه‌وه ، به‌و جۆره ئه‌وان به‌ره‌و گه‌ڵاڵه، منیش دوای ئه‌وه‌ی هه‌ندێ له‌براده‌رانی هاوپۆلم دۆزینه‌وه پاش مانه‌وه‌ی ماوه‌یه‌ك له شنۆ و نه‌غه‌ده و خانێ و مهاباد، چوومه ئۆردووگای (زێوێ) له‌ده‌ڤه‌ری مه‌رگه‌وه‌ڕ، له‌وێ به‌حیساب به‌پێی پرۆگرامی په‌روه‌رده‌یی عێراق ده‌خوێندرا قوتابخانه‌مان بۆ كرایه‌وه، ( دواناوه‌ندی زمناكۆ) من ئه‌وسا له‌پۆلی پێنجی ئاماده‌یی ده‌ستم به‌خوێندن كرده‌وه، ژماره‌یه‌ك له‌هاوپۆلانی دواناوه‌ندی گه‌ڵاڵه‌یشم له‌وێدا بینینه‌وه ، به‌ڵام داخه‌كه‌م ئێران ئه‌و قوتابخانه‌شی پاش چه‌ند مانگێك داخست ، قبووڵی نه‌بوو به‌پرۆگرام و به‌رنامه‌ی په‌روه‌رده‌یی له عێراق په‌یڕه‌و ده‌كرا به‌رده‌وام بێ.
( له لایه‌كی دی هه‌ر له‌و كاودانه‌دا كه نه‌مانده‌زانی چاره‌نووسمان به چی ده‌گا ، بێده‌ستی خۆم به‌داوی خۆشه‌ویستییه‌كه‌وه بووم ، یه‌كه‌مین خۆشه‌ویستی .. كاژێك له كاژه به‌ژن بڵنده‌كانی ڕۆژهه‌ڵات..
به داخه‌وه دوای گواستنه‌وه‌مان به زۆری بۆ شارێـكی دووره‌ده‌ستی باكووری ئێران لێی دابڕام ، هه‌ر ئه‌و دابڕانه بوو تا ئه‌مڕۆ ، به‌م جۆره ئه‌و زامه‌یش هاته پاڵ زامه‌كانی دی ئه‌وسا و ئێستا .. ڕاستیی ئه‌و داوه له خۆیدا چیرۆكێكه كه پێم وا نییه ئێره جێی گێڕانه‌وه‌ی بێ ..)
پاشان من گه‌ڕامه‌وه شاری مهاباد له‌وێ هه‌ندێ له‌براده‌ر و ناسیاوه‌كانی نووسه‌ر و ڕۆژنامه‌نووسم بینینه‌وه، له‌وانه ڕه‌وانشاد جه‌لالی میرزا كه‌ریم ، سه‌ڵاح شوان ، هه‌روه‌ها مامۆستا ئه‌حمه‌د هه‌ردی و ژماره‌یه‌كی دی…
كه‌س له‌كه‌سی نه‌ده‌پرسیه‌وه ڕۆژگارێك بوو وه‌ك چوو نه‌یه‌ته‌وه، هه‌رچه‌نده به‌داخه‌وه به‌شێوه‌یه‌كی دی هاته‌وه ، وه‌ك بڵێی ئه‌مه قه‌ده‌ری كورد بێ ، به‌دبه‌ختی بیداته ده‌ست به‌دبه‌ختیه‌وه… ئه‌مه‌شم به‌و بۆنه‌یه‌وه‌یه ده‌گێڕمه‌وه ئێمه ناوه ناوه سه‌ردانی نه‌غه‌ده‌مان ده‌كرد كه له‌و كاتیدا تاڕاده‌یه‌ك هه‌موو سه‌ركردایه‌تی شۆڕشی لێ گیرسابوونه‌وه.
له‌یه‌كێك له‌و سه‌فه‌رانه ، له‌گه‌ڕانه‌وه‌م بۆ مهاباد به پاسێكی 18نه‌فه‌ری له‌ڕێگادا وه‌رگه‌ڕا ، هه‌ندێ سه‌رنشینی تێدا بریندار بوون ، یه‌كێكیان من بووم كه پیلم شكا ، پاش ئه‌وه‌ی له‌هۆشی خۆم چوو بووم كه به‌خه‌به‌رهاتم وا دیار بوو نه‌شته‌رگه‌ریان بۆ كردبووم ، خۆم بینی به‌ته‌نیا له‌سووچێك له‌سه‌ر قه‌له‌وێره‌یه‌كی سه‌فه‌ری له‌نه‌خۆشخانه‌ی مهابادێ فڕێ دراوم ، هه‌رچی چۆنێك بوو ئێستاش بیرم نه‌ماوه چۆن كاك جه‌لالی میرزا كه‌ریم زانیبووی له‌نه‌خۆشخانه هاته لام ، من ئه‌وسا به‌قه‌رزی كه‌ی خوا ده‌روویه‌كی كرده‌وه له ئوتێلی (پارس) ده‌نووستم، هه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ش نانم له چێشتخانه‌ی (پارس) كه به‌ته‌ك ئۆتێلكه‌وه بوو ده‌خوارد…
(هه‌رگیز له‌بیرم ناچێ به هۆی ئه‌وه‌ی قه‌رزێكی زۆرم له‌سه‌ر كه‌ڵه‌كه ببوو ، كابرای شاگردی چێشتخانه له ئوتێل ، كه به پاڵ چێشتخانه‌وه بوو هاته لام و وتی: ئاغا خوایشت ده‌كه‌م به‌ڵام ئاغام ده‌ڵێ ناتوانین چیدی به قه‌رز بده‌ین ، منیش هه‌ر ئه‌وه‌نده‌م پێ گوترا به‌و مانایه پێم وت با ئاغات خاترجه‌م بێ پاره‌كه‌ی ناخورێ و به دڵنیاییه‌وه به‌م زووانه به‌خۆم بۆی دێنم )
ئه‌و شان شكانه‌ی من لێم بوو به‌به‌ڵایه‌كی گه‌وره هه‌موو ئاماژه پزیشكییه‌كان وایان ده‌رده‌خست سه‌قه‌ت ده‌بم ، وا دیار بوو نه‌شته‌رگه‌رییه‌كه‌یان هه‌روایی بۆ كردبووم، به قه‌رز بێ یا به یارمه‌تی هه‌ندێ له خزم و دۆستان زۆر دكتۆرم له‌نه‌غه‌ده و مهاباد و ورمێ و ته‌ورێزێ كرد بێ سوود بوو ، تا ئه‌و ڕۆژه‌ی له‌گه‌ڵ مامۆستا ئه‌حمه‌د هه‌ردی و كاك جه‌لالی میزرا كه‌ریم له‌چێشتخانه‌ی پارس له مهاباد دانیشتبووین پیاوێك هاته لامان ، كه پێیان ناساندم ده‌رچوو مامۆستا نه‌جمه‌دینی ئه‌نیسی بوو به‌ڕێوه‌به‌ری ئیستگه‌ی ڕادیۆی مهاباد، كه سه‌ربرده‌ی پیل شكاندنه‌كه‌ی من هاته‌وه گۆڕێ وتی ئه‌گه‌ر فڵان (واته من) ڕازی بێ چاكی ده‌كه‌مه‌وه ، به‌هه‌ر حاڵ منی برده گوندێكی نزیك مهاباد(شۆڕاوا) بۆ ماڵی به‌یتارێكی میللی به‌ناوی (عه‌لی شۆڕاوایی)، ئه‌و پیاوه زۆری ئه‌زیه‌ت دام تا ڕاده‌یی له‌هۆش چوون ، به‌ڵام چاكی كردمه‌وه…
دوای ماوه‌یه‌ك خولێكی تایبه‌تی بۆ قوتابییه ئاواره‌كان بۆ فێربوونی زمانی فارسی كرایه‌وه ، به‌و هیوایه‌ی ساڵی دادێ له‌قوتابخانه‌كانی ئێران درێژه به‌خوێندن بده‌ن.، (كه خۆشم یه‌كێك بووم له‌و قوتابیانه).
تازه ده‌وره‌كه‌مان ته‌واو كردبوو ژماره‌یه‌ك ناو به‌هۆی دیواری مزگه‌وت و سینه‌ما و شوێنه گشتییه‌كان ڕاگه‌یێنرا ، ئه‌گه‌ر ئه‌و ناوانه له‌ماوه‌ی 48 سه‌عات خۆیان به پۆلیس و كه‌لانته‌ری به‌قه‌ولی ئه‌وان مه‌عره‌فی نه‌كه‌ن ته‌سلیمی عێراقێ ده‌كرێنه‌وه، ناوی من یه‌كێك بوو له‌و ناوانه ، به‌كورتی دوای ئه‌وه‌ی خۆمان ناساند له‌ترسی ئه‌وه‌ی ڕاده‌ستی عێراقمان نه‌كه‌نه‌وه ، ئێمه كۆمه‌ڵێك بووین چووین خۆمان ناساند و كاتێكی دیاریكراویان بۆ داناین كه نه‌ده‌گه‌یشته هه‌فته‌یه‌ك، ئێمه‌یان له‌گه‌راجێكی شاری نه‌غه‌ده كۆكرده‌وه و سواری پاسیان كردین(پاسی هه‌ژده نه‌فه‌ری) هه‌ر پاسه و به ئاراسته‌یه‌ك و كه‌سیش نه‌یده‌زانی بۆ كوێمان ده‌به‌ن و چیمان لێ ده‌كه‌ن ، هه‌ر له‌گه‌راج هه‌ر یه‌كه‌و هه‌زار تمه‌نیان پێ داین ، كه ئه‌وسا ده‌یكرده په‌نجا دیناری عێراقی.
پاسه‌كه‌ی ئێمه ڕێگه‌ی ورمێی گرته‌به‌ر ، ئه‌وسا به (ورمێ)یان ده‌گوت (ڕه‌زاییه)، ئێمه ده‌وری سه‌عات 10ی به‌یانی به‌ڕێ كه‌وتین ، هه‌ر له‌ڕێگا شه‌ومان به‌سه‌رداهات، به ته‌ورێز و ئه‌رده‌بیل و چه‌ندان شار و شارۆچكه‌دا تێپه‌ڕێن تا دره‌نگانی شه‌و گه‌یشتینه شاری (ڕه‌شت) ، دوایی زانیمان له‌شاری (ڕه‌شت)ین ، ئێمه‌یان له‌نزیك كارگه‌یه‌ك دانا له‌شوێنێك نزیكی ڕه‌شت ناوی (سوومعه سه‌را) بوو.
له‌وێدا هه‌ر دوو سێ ڕۆژ ماینه‌وه و پێیان وتین ده‌توانن بچنه شار و له‌وێ له ئوتێل بن ، ئێمه چوار پێنج كه‌س بووین ، ئه‌وه‌ی به‌بیرم مابێ خۆم و ملازم شوان ، كه دوایی به‌ملازم شوانی پاسۆك ناسرا ، هه‌روه‌ها خوالێخۆشبووان د.سه‌عه‌دی غه‌ریب، ڕاگری كۆلیژی كشتوكاڵی زانكۆی سلێمانی و مارف ژاژڵه‌یی چووینه ئوتێلێك ناوی (بین المللی) بوو ( ئوتێلێكی بێ پله و پایه بوو ناوه‌كه‌ی لێ خه‌سار بوو) ، دیاره كه خه‌رجی ئوتێل و خواردن له‌سه‌ر حسابی خۆمان بوو ، ئێمه‌ش ئه‌وانه‌ی كه ناومان هێنان پێكه‌وه بووین ، به‌تایبه‌تی من پاره‌یه‌كی ئه‌وتۆم نه‌بوو ، زۆر جار براده‌ران هه‌قی خواردنێكی هاكه‌زاییان بۆ ده‌دام .
شاری (ڕه‌شت) شارێكی جوان و خۆش و شارستانی بوو و له‌به‌نده‌ری په‌هله‌وی ئه‌وسا (ئه‌نزه‌لی ئێستا)نزیك بوو ، كه به‌تایبه‌تی كه‌شتی سۆڤیه‌تی ئه‌وسا له‌نگه‌ریان لێ ده‌گرت.
برنجێكی ده‌رجه یه‌كیان له‌ته‌واوی ئێرانێ‌دا هه‌بوو ، ده‌ڤه‌رێك بوو به‌برنج به‌ناوبانگ بوو ، هه‌میشه بارانێكی نه‌رمی هه‌بوو ، به‌ڵام به ئێمه چی كه شه‌شده‌رمان لێ گیرا بوو و نه خه‌رجیمان هه‌بوو نه كه‌س خۆی لێ ده‌كردین به ساحێب و لای لێ ده‌كردینه‌وه …
ده‌زگایه‌ك سه‌روكاری په‌نابه‌رانی له‌ده‌ستدا بوو ، هه‌ر ڕۆژه‌ی به‌بیانوویه‌ك خۆیان لێ ده‌دزینه‌وه و هیچیان بۆ نه‌ده‌كردین ته‌نیا قه‌ولیان پێ ده‌داین و به‌قسان ڕایانگرتبووین و كه‌سیش كارێكی پێ نه‌ده‌داین ، ڕێككه‌وتنی جه‌زاییر له‌گه‌رمیدا بوو، ئێران نه‌یده‌ویست عێراق وا تێ بگا هانی په‌نابه‌ران ده‌دا نه‌چنه‌وه ، ئه‌وه مایه‌وه تا وای لێهات زۆری نه‌ما بوو بگه‌ینه قۆناخی سواڵی سه‌رجاده ، له‌هه‌مووشی وێرانتر پاره‌ی ئوتێلمان زۆر هاتبووه سه‌ر… به‌و جۆره ئێمه ، من و ملازم شوان و خوالێخۆشبووان د.سه‌عدی غه‌ریب و مارف ژاژڵه‌یی به‌ناچاری بڕیاری هاتنه‌وه‌مان دا ته‌نانه‌ت من كه پاره‌ی ئوتێلم نه‌بوو ، جانتاكه‌م به‌پشتێنێ له‌باڵه‌كۆنه‌كه‌وه شۆڕ كرده‌وه خوارێ ده‌نا كابرای خاوه‌نی ئوتێل ڕه‌نگ بوو به‌گرتنی بدا بووام ..
به‌هه‌ر حاڵ پێش ئه‌وه‌ی بێینه‌وه ده‌رگا نه‌ما لێی نه‌ده‌ین ، من كه هیچ وه‌رقه‌یه‌كم نه‌بوو دوو جار به‌دزی چوومه تارانێ ، سه‌فاره‌ت نه‌ما ئه‌وه‌ی ده‌ستم پێ ڕاگه‌یشتبێ نه‌چم بێ سوود بوو ، كه‌س پاره‌ی به‌قه‌رزیش پێ نه‌ده‌داین ، ده‌نا هه‌ر له‌هه‌مان ئوتێل خه‌ڵك و خوایه‌كی لێ بوو هه‌بوون بوون ، وه‌كو ئێمه‌ش ئاواره بوون ، (مه‌به‌ستم له‌گه‌ڵ ئێمه‌دا هاتبوون)… ئینجا به‌من چی؟
ئیمه هه‌ر چوارمان چووینه شوێنی مه‌به‌ست ، كه وا بزانم ئه‌گه‌ر له‌بیرم بێ باره‌گای (شیر و خورشید) بوو ، كه هه‌ر ئه‌وانیش قه‌ولی زۆریان پێ دابووین و هیچیان جێبه‌جێ نه‌كرد بوو ، وا دیار بوو خه‌ڵكی دیشی لێ بوو ، ناویان نووسین ، دوای چه‌ند سه‌عاتێك چاوه‌روانی ئێمه كۆمه‌ڵێك سواری پاسێكی (هه‌ژده نه‌فه‌ریان) كردین به‌ره‌و سنوور ، له ڕێگای -كرماشان قه‌سری شیرین-خوسره‌وی خانه‌قییه‌وه.
پاس كه‌وته ڕێ ، ئاخر به‌ینی ڕه‌شت و سنووری عێراق به‌و ڕێیه‌دا ماوه‌یه‌كه ، له‌ڕێگادا شه‌ومان به‌سه‌ردا هات ، وه‌ك ئێستام له‌بیره كه گه‌یشتینه تاق بۆستان د.سه‌عدی ڕه‌حمه‌تی كه نه‌ختیكی له‌ڕێگادا خواردبووه‌وه ده‌ستی كرد به‌گریان به‌ده‌م ئا‌هه‌وه به ده‌نگێكی به‌رزیش هاواری ده‌كرد ئه‌وه تاق بوستانه ، ئه‌وه كوردستانه ، ناوی كوردستانی زۆر دووباره ده‌كرده‌وه و ده‌گریا ، گه‌یشته ئه‌وه‌ی زۆر له سه‌رنشینانی هه‌ژده‌نه‌فه‌رییه‌كه‌یشی هێنایه گریان …
سه‌عات دوازده و قسوری شه‌و بوو گه‌یشتینه سنوور له‌دیوی ئێرانێ ، خاو و خێزانێكی زۆری لێ بوو ئه‌ودیویش دیار بوو ، ژماره‌یه‌كی زۆری له بارهه‌ڵگره درێژه‌كان (ترێله) وه‌ستا بوون ، ئێمه ئه‌و شه‌وه كه ناوه‌ڕاستی پاییز بوو له‌و بیابانه ماینه‌وه، ته‌نانه‌ت من چه‌ند كتێبێكم له‌جانتاكه‌مدا بوو ، كه هه‌ر ئه‌و جانتایه‌شم پێ بوو له‌سه‌رمان سووتاندمان ، به‌یانی له‌گه‌ڵ ڕۆژهه‌ڵات سنوور كرایه‌وه ، ڕاستی زۆربه‌مان په‌شیمان بووینه‌وه هه‌رچه‌نده له‌ناچاریش بووبێ ، به‌ڵام كه بینیمان به‌چ ئیهانه و لێخوڕینی ئاژه‌ڵئاسا له‌و دیوو ده‌مان به‌ن بۆ دیوی عێراقێ ، سه‌ربازه‌كان ئه‌و خه‌ڵكه‌یان سواری ترێله ده‌كرد ، وایكرد به ته‌واوی په‌شیمان ببینه‌وه ، هه‌ر چه‌نده له دیوی ئێرانێش به‌وپه‌ڕی ناچاری بڕیاری هاتنه‌وه‌مان دابوو به‌ڵام تازه چارێـكی دیمان له‌به‌ر ده‌م نه‌مابوو و وه‌ك ده‌ڵێن تازه تیر له‌كه‌وانێ ده‌رچوو بوو .. تازه ڕوویشتبوو به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ڕێگه‌ی گه‌رانه‌وه‌مان له‌پێشدا نه‌مابوو.
تا په‌ڕینه‌وه دیوی ئه‌و سنووره‌ی كردوویانه به‌سنووری عێراق به‌هۆی قه‌ره‌باڵغی چه‌ند سه‌عاتێكی دیكه‌ی پێ چوو ، هه‌ر له‌گه‌ڵ په‌ڕینه‌وه‌مان سه‌ربازێكی زۆری لێ بوو، یه‌كسه‌ر سه‌ری ترێڵه‌كانیان ئاواڵاكرد وه‌ك ئاژه‌ڵ سواریان كردین ، به‌په‌ستان له‌دواوه‌ی ترێڵه‌كانیان ده‌په‌ستاین ، ژن و منداڵی ساوا و پیر و گه‌نج ، كه به‌زه‌حمه‌ت جێی دانیشتمان ده‌بووه‌وه ، نزیكه‌ی سه‌عات و نیوێك ئاوا ماینه‌وه تا زۆربه‌ی ترێله‌كان پڕ كران ، ئینجا ورده ورده وه‌جووله كه‌وتن ، یه‌كه‌م شار پێیدا ڕۆیشتین خانه‌قی بوو، خه‌ڵكێكی زۆر له‌و به‌ر و ئه‌و به‌ری جاده بوون ، وا دیار بوو حكوومه‌ت هێنابوونی، هه‌ندێكیش ڕه‌نگه به‌عسی بووبن ، په‌لكه شووتیان تێده‌گرتین ، ئێستاش له‌گوێمدا ده‌زرنگێته‌وه ، كه به‌ده‌نگی به‌رز له‌گه‌ڵ هاوێشتنی توێكڵه شووتی ده‌یانگوت (حوكمه زاتییه‌كه هاوردتان)، وا دیار بوو ده‌زگا حزبی و ئه‌منییه‌كانی حزبی به‌عس ئاماده‌كاریان بۆ ئه‌وه كردبوو ، ده‌نا ئێمه دوور و نزیك خه‌ڵكمان ده‌دی ده‌م و چاویان وێك هاتبووه‌وه و به خه‌مبارییه‌وه وه‌ستابوون ، وا دیار بوو زۆربه‌یان به‌زۆر هێنرابوون.
ترێله‌كان خۆشبه‌ز نه‌بوون له‌سه‌رخۆ ده‌ڕۆیشتن ، كه نه‌مان ده‌زانی بۆ كوێمان ده‌به‌ن، هه‌رچه‌نده ئێمه به‌حیسابی (عه‌فووی عام) گه‌ڕابووینه‌وه و قه‌ولی ئه‌وه‌یان پێدابووین هه‌ر كه‌س ده‌چێته‌وه شار و شوێنی خۆی ، پاشان وا ده‌رنه‌چوو….
ئێستا ترێله‌كان به‌خێراییه‌كی مامناوه‌ندی ده‌ڕێیێدان ، ئێمه‌ش جگه له‌تۆز و غوباری ڕێ، نه تیكه نانێك نه قومه ئاوێكیان پێداین.
ترێله‌كان به‌رێوه‌ن .. خانه‌قییمان به‌جێ هێشت تا گه‌یشتینه به‌غدا به‌ژماره‌یه‌ك شار و شارۆچكه‌دا تێپه‌ڕین ، كه گه‌یشتینه به‌غدا ، ده‌مێك بوو شه‌ومان به‌سه‌ردا هاتبوو، دیاره به‌غدا وه‌ك شارێكی دیار و هه‌ڵكه‌وتوو سه‌رده‌مگه‌لێكی به‌خۆیه‌وه بینووه تا گه‌یشتووه‌ته ئه‌مڕۆ ، نه‌ته‌وه و ڕه‌گه‌زی جیاجیا به درێژایی مێژووی حوكمیان تێدا كردووه ، زۆر جاریش كه‌وتووه‌ته به‌ر شاڵاوی شه‌ڕ و داگیركاریی و وێران بوون ، ئه‌وه‌تا ئێستاش به‌و ڕه‌نگه‌یه كه عه‌ره‌ب به پایه‌ته‌ختی به‌نازی خۆیانی ده‌زانن ..
ئێمه له‌پشتی ترێله‌كان ئاخنرابووین، چه‌ندان سه‌عات بوو بێ نان و ئاو ، به‌رمان به‌جوانی و ڕووناكی شه‌قامه‌كانی به‌غداوه نه‌بوو ، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ڕه‌ونه‌قی ساختمان و شه‌قامه‌كان ، سه‌ره‌ڕایی برسیه‌تی و تینوویه‌تی و ژاوه‌ژاوی قه‌ره‌باڵغی ، زۆربه‌مان له‌پشتی ترێله‌وه جار به‌جار بۆ ته‌ماشا سه‌رمان هه‌ڵده‌بڕی ، سه‌یری جاده و به‌ری ڕووناك و دره‌وشاوه‌ی به‌غدا و گڵۆپه دره‌وشاوه‌كانمان ده‌كرد.
لێ خوا شاهیده گڵۆپه‌كانی به‌غدا له برینه هه‌میشه خوێن له‌به‌ر ڕۆییه‌كانی ئێمه گه‌شتر نه‌بوون ، به‌ڵام برینه‌كانی ئێمه كه ده‌یان ساڵه هه‌ر چه‌ند ساڵ جارێك ده‌كولێندرێنه‌وه. ئه‌وه‌تا ئێستاش به‌خۆ و به‌برینه گه‌شه كوولێنراوه‌كانمان له ترێلان ئاخنراوین، كه تا ئه‌م ساته‌ش به‌به‌غدا تێده‌په‌ڕین نازانین بۆ كوێمان ده‌به‌ن و به‌ته‌مان چیمان لێ بكه‌ن.
نازانین له‌كوێدا وه‌ك كۆمه‌ڵه بوونه‌وه‌ری تێكه‌ڵه له‌كوێدا هه‌ڵمانده‌ڕێژن چۆن له‌سنووردا تێ‌یان هاوێشتین وه‌ك ئه‌وه‌ی ئاژه‌ڵگه‌لێك له‌پشته‌وه‌ی تڕێله‌كان باركه‌ن وابوو..
ماوه‌یه‌ك تاڕاده‌یه‌ك زۆری پێ چوو هێشتا به‌غدامان به‌جێ نه‌هێشتبوو، دیاره من وه‌ك خۆم كه‌م تا كورتێك شاره‌زای به‌غدا بووم ، به‌ڵام به‌غدا شارێكی گه‌وره‌یه و به ڕووباری دیجله‌وه بووه به‌دوو به‌ر، به‌ری ڕه‌سافه و به‌ری كه‌رخ، من هه‌ر ئه‌وه‌م له‌بیره ئێمه له‌گه‌ڕه‌كی (الشعب)ـه‌وه له به‌ری ڕه‌سافه هاتینه ناو به‌غدا ئه‌وه‌ی دی به‌هۆی شلۆغی و قه‌ره‌باڵغی شه‌قامه‌كان ، ماوه‌یه‌كی زۆرمان پێ چوو تا بازگه‌ی به‌ری باشووری به‌غدامان بڕی و له‌شاری ده‌رچووین و هاتینه‌وه سه‌ر ڕاسته ڕێی شه‌قامی ده‌ره‌وه‌ی به‌غدا به‌ره‌و باشوور…
ترێله‌كان به‌خێراییه‌كی مامناوه‌ندی ده‌ڕۆیشتن به‌مه‌زه‌نده نزیكه‌ی سه‌عاتێك و هه‌ندێكی پێچوو ڕووناكایی شارۆچه‌كه‌یه‌كمان لێ ده‌ركه‌وت ، هه‌ر له‌دوورڕاش هه‌ندێكمان له‌پشتی ترێله‌كه‌ماندا له‌گه‌ڵدا بوو هێشتا نه‌گه‌یشتبووینه بازگه‌ی شاره‌كه وتیان ئێره (مه‌حموودیه)یه…
چه‌ندی له‌مه‌حموودییه نزیك ده‌بووینه‌وه ترێله‌كان خێراییان كه‌متر ده‌بووه‌وه تا ئه‌وه‌ی هه‌ر دوای ده‌ربازبوونمان له‌بازگه‌ی پێشه‌وه‌ی شاره‌كه به‌ماوه‌یه‌كی كورت ترێله‌كان وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌ر ترێله‌یه‌ك فارغۆنی شه‌مه‌نده‌فه‌رێك بێ یه‌ك به‌دوای یه‌ك له‌جاده‌یان لادا و وه‌ستان ، له‌و ده‌مه‌دا ئێمه بیرمان بۆ ئه‌وه چوو ده‌بێ به‌ته‌مای چی بن… هه‌ندێكمان بیری بۆ شتی خراپ چوو تا ڕاده‌ی كوشتن…زۆرینه‌ش منیش هه‌ر له‌گه‌ڵ زۆرینه‌دا بووم ، وتم ڕه‌نگه نان و ئاوێـكمان بده‌نێ ، كه نزیكه‌ی شانزده سه‌عات بوو به‌ڕێوه بووین هیچیان پێ نه‌دابووین ، منداڵان له‌پشتی ترێله به‌خۆیاندا كردبوو ، ئه‌وه جگه له‌سه‌رما و تۆزی ڕێـگا له‌پشتی ترێله‌ی سه‌ركراوه‌دا هه‌راسانی كردبووین، كه‌چی ده‌رچوو بۆ پاسه‌وان و شوفێری ترێله‌كانه پشوویه‌ك بده‌ن و نان و چا له‌و چه‌ند چێشتخانه‌یه بخۆن ، كه‌وا پێ ده‌چوو پێشه‌كی بۆیان ئاماده‌كرابێ ، به‌وه‌ی ترێله به‌ترێله هاتن ئاگاداریان كردینه‌وه كه‌س دانه‌به‌زێ و له‌جێی خۆی نه‌جوولێته‌وه، هه‌رچه‌نده هه‌ندێ له‌و به‌ساڵاچووانه‌ی ناو ترێله‌كان ئاوا شه‌فاعه‌تێـكیان بۆ ژن و منداڵه‌كان كرد كه برسیانه و تێنوویانه و هه‌یه پێویستی به‌سه‌ر ئاوه… دادی نه‌دا .
سه‌عات و نیوێـكی زیاتری پێ چوو تا شوفێر و پاسه‌وانه‌كانی له‌گه‌ڵیان بوون ، هه‌ر ترێله‌یه‌ك دوو پاسه‌وانی چه‌كداری له‌گه‌ڵدا بوو ، كه له‌پێشه‌وه‌ی ترێله سوار بوو بوون نان و چایان خوارد ئێمه‌ش له‌ناو ترێله‌دا ئه‌ژنۆمان له‌باوه‌ش گرتووه ، ئه‌وه‌ی ده‌بۆرژێ ، ئه‌وه‌ی بیر له‌چاره‌نووسی نادیاری خۆی ده‌كاته‌وه، تێشمان دابوو له‌ماوه‌ی وه‌ستانی ترێله‌كان به‌هه‌ر جۆرێك بووه په‌نایه‌كی دروست ده‌كرد میزێك له‌ناو بۆدی ترێله‌دا به‌ناو درزی بۆدی به‌سه‌ر تایه‌كاندا شۆڕ ده‌كرده‌وه كه هه‌ندێـكیان نیوه‌ی هه‌ڵده‌به‌زییه‌وه و به‌خۆی ده‌كه‌وته‌وه ، یه‌كیان من بووم له‌گۆشه‌یه‌كی ترێـله‌دا ئه‌و قاره‌مانیه‌تیه‌م نواند و زۆربه‌یشی هه‌لبه‌زییه‌وه و به‌خۆم كه‌وته‌وه، كار له‌وه ترازا بوو چیتر خۆمان ڕابگرین ، ئه‌وه‌ی باش بوو من دوو سێ پاكه‌تی جگه‌ره‌م پێ بوو، كه هه‌ندێ جار جگه‌ره جگه‌ره وێریشم ده‌كرد بۆ جگه‌ره‌كێشانی ناو ترێله ، هه‌ندێكی پێ چوو غه‌ڵبه غه‌ڵبی ده‌نگی شوفێر و پاسه‌وانه‌كان په‌یدا بووه‌وه كه تێریه‌تی و ئینته‌للایی ئه‌وان له‌به‌رامبه‌ر برسیه‌تی و تینوویه‌تی ئێمه هاوكێشه‌یه‌كی لاسه‌نگی پێكهێنابوو ، هه‌ندێ جاریش له‌گه‌ڵ جووله‌ی ترێله‌كان جۆرێك له‌كۆمیدیایه‌كی مرۆییانه‌ی به‌رپا ده‌كرد ، هه‌ندێ دانیشتووانی پشتی ترێله‌ی ده‌خسته پێكه‌نین.
بۆ یه‌كه‌م جار بوو له‌و ڕێیه دوور و درێژه پێبكه‌نین ، به‌هه‌ندێ له‌نووكته‌ی ماوه به‌سه‌رچوو كه زۆر جار له‌ساته‌وه‌ختی ده‌ست له‌خۆ شۆردندا ده‌گێڕدرێنه‌وه…
ترێله‌كان كه‌وتنه‌وه ڕێ ، كات له‌نێوه‌ی شه‌و نزیك ده‌بووه‌وه ماوه‌یه‌كی زۆری نه‌برد ژماره‌یه‌كیان به‌ره‌و ڕێـیه‌كی دی له‌زنجیره‌ی ترێلان جیا بوونه‌وه ، ئێمه به‌لایته‌كانیانه‌وه زانیمان لایاندا ، ئه‌وانی دی به‌ترێله‌ی ئێمه‌وه به‌رده‌وام بوون له ڕۆیشتن..
كات بۆ دووی شه‌و ده‌چوو، ڕێگا تا ڕاده‌یه‌ك چۆل بوو ، ئه‌و ترێلانه‌ی به‌ر ڕێڕه‌وی ئێمه كه‌وتن ، پاش ئه‌وه‌ی هه‌ندێكیان له‌گه‌ڵ ده‌رچوونمان له‌قه‌زای مه‌حموودییه به‌مه‌زنده نه‌ده‌گه‌یشتنه ده ترێله ، كه‌متر بوون ، نزیكه‌ی سه‌عات و چاره‌گێك بڵێ سه‌عاتێك و نیو ده‌ڕیێدا بووین ، تا گه‌یشتینه شوێنێك نه‌مان ده‌زانی كوێیه باكوور و باشوور و ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژئاوامان لێ تێك چوو بوو ، به‌و شه‌وه شوێنێك بوو له‌دێیه‌ك ده‌چوو، دیار بوو زۆربه‌ی خانووه‌كانی قوڕ بوون ، ترێله‌كان له‌چۆله‌وانییه‌كدا وه‌ستان، پاسه‌وانه‌كان هاتن و ئێمه‌یان هێنا خواره‌وه و به‌سه‌ر ئه‌و خانووه قوڕانه‌یان دابه‌ش كردین ، ئێمه هه‌ر چوارمان كه سه‌ڵت بووین و پێكه‌وه‌ش له‌شاری (ڕه‌شت)ی ئێرانه‌وه گه‌ڕابووینه‌وه ، پاش بگره و به‌رده و حه‌فت و هه‌شتێـكی زۆر تا سه‌لماندمان ئێمه پێكه‌وه‌ین و خانوویه‌ك له‌و خانووه قوڕانه‌یان داینێ ، من و ملازم شوان و هه‌ردوو ڕه‌وانشاد د.سه‌عدی غه‌ریب كه ڕاگری كۆلیژی كشتوكاڵی زانكۆی سلێمانی بوو. هه‌روه‌ها مارف ژاژڵه‌یی كه له‌ڕاستیدا من له (ڕه‌شت)ـه‌وه ناسیبووم ، ئه‌وه‌ی ده‌یڵێم و تا وه‌رگرتنی خانووه‌كه سه‌عات خۆی له‌چواری به‌ره‌به‌یان ده‌دا ، ئێمه تا ئه‌و ساته ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به‌ژیانی بایۆلۆژیمانه‌وه هه‌بێ نه‌مان كردبوو له نان و ئاو و …تاد. نان و ئاو دابه‌شكردن تا به‌ر ئێمه كه‌وت كازیوه‌ی دا و سپیایی به‌ره‌به‌یان له‌ده‌ركه‌وتندا بوو ، هه‌ر یه‌كه‌و ده‌به‌یه‌كی ئه‌وه‌ی جاران نه‌فتیان تێ ده‌كرد ئاو و (چونكه ئه‌و شوێنه‌ی لێیان دانا بووین ئاوی لێ نه‌بوو) سێ تا چوار ئه‌ستوورك و هه‌ندێ ماست و یه‌ك دوو هێلكه و یه‌ك دوو سه‌ركه پیازیان پێداین .
وه‌ك شێت و هار (له‌پرۆسه‌یه‌كی كه‌س نه‌دیده‌دا) هه‌موویمانم ته‌خت كرد ، شتێكی چه‌ند خۆش بوو هه‌ست به‌تێر بوون ، خۆڕایی نییه پێشینان وتوویانه (برسیه‌تی ڕه‌گێـكی هاری تێدایه)، ئا له‌بیرم چوو یه‌كه‌و دوو به‌تانی عه‌سكه‌ریشیان پێداین، هه‌ندێكمان دوای خواردن به‌تانییه‌كه‌مان ڕاخست و پاڵمان به‌دیواری ژووره‌كه دا، من دوو جگه‌ره‌شم كرد به‌سه‌را ، خه‌وه‌كوتكه ده‌یبردینه‌وه، به‌ڵام خه‌وی ناچاری بوو وه‌ك ده‌ڵێی ( خه‌و سوڵتانه) ده‌نا هێشتا تا ئه‌و كاتیش له‌خۆمان دڵنیا نه‌بووین چیمان لێ ده‌كه‌ن تا ئه‌وه‌ی ورده ورده ترێله‌كان سوڕانه‌وه و خۆیان ئاماده ده‌كرد و ڕێیان گرته به‌ر و گه‌ڕانه‌وه ، بۆ كوێ چوون ، ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێ نازانم..
به‌یانیدا ، خۆرهه‌ڵات ، له‌و ناوه تاك تاك خه‌ڵكی گوندمان ، كه دوایی ده‌رچوو (ناحییه‌یه) و گوند نییه بینی زۆربه‌یان ده‌ستووری عاره‌بیان له‌به‌ر بوو له‌عه‌گال و چه‌فیه و دیشداشه و نه‌علی پێ… به‌ڵام خوا هه‌ڵناگرێ به‌ڕێز بوون له‌گه‌ڵمان ته‌نانه‌ت هه‌ندێكیان پێیان ده‌وتین (تحاتجون شی) هیچتان پێویست نییه ، لێمان پرسین ئێره كوێیه ، وتیان ئێره (عتێیشی)یه ، به‌ڵام ناوی ڕه‌سمی (ناحیة الحسینیة)یه ، وتیان سه‌ر به‌كه‌ربه‌لایه ، كه‌ربه‌لا لێره نزیكه ، كه دوای ده‌رچوو ناونانی (عتێشی) كه له عه‌تشانی عه‌ره‌بییه‌وه هاتووه ، گوایه له‌م جێیه‌دا ئێمامی حسێن و ئێمام عه‌باسی برای و هاوه‌ڵانی سه‌ریان بڕاوه.
نێوان ئه‌وێ و كه‌ربه‌لا ، هه‌ر به‌قه‌د نێوانی هه‌ولێر و عه‌نكاوه نه‌ختێك زیاتر ده‌بوو، له‌و به‌ینه‌دا پاسی (تێمس)ی بچووك كاریان ده‌كرد و نه‌فه‌ریان ده‌هێنا و ده‌بردن.
عتێشی وه‌كو ناحییه بوو به‌ڵام خه‌ڵكێكی هه‌ژاری لێ ده‌ژیا و زۆربه‌یان وا پێ ده‌چوو به‌كشتوكێڵ و ماڵات به‌خێوكردنه‌وه خه‌ریك بوون ، باغ و بێستان و دار و دره‌ختێكی له‌خۆ زیاتری لێ بوو ، زۆربه‌ی ژنان له‌چكدار و عه‌باپۆش بوون ، سوێندی كه‌م تا كورتێك ناخۆم كه پێ ده‌چوو خوێندكاری قوتابخانه بن له‌ناحییه‌كه‌وه هه‌ندێكیان هاتوچووی كه‌ربه‌لایان ده‌كرد ، ته‌نیا له‌چكدار بوون ، به‌ڵام عه‌بایان نه‌ده‌پۆشی… حه‌فته‌یه‌كی برد به‌و حاڵه ماینه‌وه ، له‌و ماوه‌یه‌دا هه‌ندێك قاپ و قازان و شتومه‌كی پێویستی خواردن و ته‌باخێكی بچووكمان (چووله) له‌حسابی خۆمان به‌كۆمه‌كی هه‌موومان په‌یدا كرد ئه‌ویش به‌هه‌زار حاڵ ، چونكه زۆربه‌مان نه‌مان ده‌زانی چاره‌نووسمان چی ده‌بێ ، تا ئه‌وه‌ی ڕۆژێ دوای ده ڕۆژ له‌هاتنمان پێیان وتین ده‌توانن بچنه شار (واته كه‌ربه‌لا) ئێمه وه‌ك ئه‌وه‌ی پێیان وتبین هه‌ر كه‌س بچێته‌وه شار و ماڵی خۆی ئاوامان لێ خۆش هات و چووین ، ئه‌و ناحییه‌یه ته‌نیا یه‌ك چایخانه و كه‌بابخانه‌یه‌كی بچووك زیاتری لێ نه‌بوو ، وه‌ڕس بوو بووین له‌چایخانه و ئه‌و چوار دیواره قوڕه‌ی تێیدا بووین… بنیاده‌م سه‌یره به‌رگه‌ی چه‌ندین سه‌ختیی ده‌گرێ كه‌چی چاوی به‌هیچیش لێ هه‌ڵنایێ ، به‌هه‌ر حاڵ ئێمه هه‌ر چوارمان بڕیارماندا بچینه كه‌ربه‌لا.
بۆ چوون بۆ كه‌ربه‌لا، گه‌راجێك هه‌بوو پێیان ده‌وت گه‌راجی كه‌ربه‌لا ، ژماره‌یه‌ك (تێمیس) پاسه هه‌ره بچووكه‌كانی لێ ده‌وه‌ستان كه ده‌وری دوازده كه‌سی هه‌ڵده‌گرت ، به‌نرخێكی ڕه‌مزی له‌به‌ینی كه‌ربه‌لا و عتێشی نه‌فه‌ری ده‌گواسته‌وه، ئه‌و ڕۆژه كه‌یفمان زۆر ساز بوو به‌تایبه‌تی كه پێیان وتبووین چه‌ند ڕۆژێكی تر داتانده‌مه‌زرێنین.
هه‌ر چوارمان سواری تێمس بووین به‌ره‌و كه‌ربه‌لا، زۆری پێنه‌چوو ئاوا چاره‌گێك یان زیاتر یا كه‌متر گه‌یشتینه شوێنی وه‌ستانی تێمسه‌كان له‌گه‌راجی كه‌ربه‌لا كه له‌ناوه‌ڕاستی شار بوو…
كه‌ربه‌لا دیاره شارێكی پیرۆزه لای شیعه‌كان به‌وه‌ی مه‌رقه‌دی ئیمامی حسێن و ئیمام عه‌باسی برای لێیه و هه‌میشه زیاره‌تكاری بۆ دێن بێجگه له‌عاشوورا كه سێ هێنده‌ی شاره‌كه خۆی زیاره‌تكاری تێ ده‌ڕژێن زۆرجار له‌عاشوورایێ ئه‌وه‌نده قه‌ره‌باڵغ ده‌بوو ده‌رزیت هاوێشتبا نه‌ده‌كه‌وته ئه‌رزی ، جگه له‌وه‌ش كه‌ربه‌لا له‌چاو خۆی و هه‌ندێ شاری تری باشوور شارێكی خاوێن بوو ، ته‌ناته‌ت زۆر له‌نه‌جه‌ف خاوێنتر بوو كه مه‌رقه‌دی ئیمامی عه‌لی لێیه. جگه له‌وه‌ش كه‌ربه‌لا به باغ و بێستانه‌كانی ده‌وروبه‌ری به‌ناوبانگ بوو… زۆربه‌ی خه‌ڵكی به‌تایبه‌تی دوكانداره‌كان كه سه‌روكارمان له‌گه‌ڵ ده‌بوون ، زمانی فارسیان ده‌زانی ، له‌جوانی و سه‌رنجڕاكێشی كچ و ژنانیشیان هه‌ر گه‌ڕێ كه ئایه‌تێـك بوون له‌جوانی جیاواز مه‌سه‌لا ئه‌سمه‌ری چاو كاڵ. یان سپی چاو ڕه‌ش و سه‌وز ، یاخود غه‌مزه‌داری شیرین .. هه‌موو ئه‌وه‌ی ئێستا كچ و ژنان به‌جوانكاریش نایگه‌نێ ، له‌كه‌ربه‌لا به‌سرووشتی خۆیان هه‌بوون ، هه‌ندێ وایان لێكده‌دایه‌وه ئه‌وه به‌كاریگه‌ری تێكه‌ڵاوی ڕه‌گه‌زی فارس و عه‌ره‌به، من به‌خۆم ئه‌وه‌نده‌ی دیومه له‌جوانانی كه‌ربه‌لام جوانتر نه‌دیوون.
له‌لایه‌كی دی كه‌ربه‌لا وه‌ك شارێكی پیرۆز باڕ و مه‌لها و جێی له‌شفرۆشی و قومارخانه‌ی به‌ڕه‌سمی تێدا نه‌بوو و هه‌ر به‌دوایی قه‌ده‌غه بوون ، ئه‌وه‌ی ویستبای بخواته‌وه ده‌بووایه بچێته ناحییه‌ی (توێریج) كه نیو سه‌عاتێك له‌كه‌ربه‌لا دوور بوو، ڕه‌نگه ئێستا قه‌زا بێ.
هه‌ردوو مه‌رقه‌دی ئیمامی حسێن و ئیمام عه‌باسی برای هه‌ر یه‌كێكیان له‌شه‌قامێكی سه‌ربه‌خۆ بوون….
ئێمه هه‌ر دابه‌زین ، به‌پیاسه به‌ناو شاردا سووڕاینه‌وه، ئه‌و شه‌قام بۆ ئه‌و.. باڵه‌خانه‌شمان زۆر دیتن ، كه زۆربه‌یان یان ئوتێل بوون یان شووقه‌ی ئاماده‌كراو بۆ زیاره‌تكاران…. جگه له‌وه‌ش زۆر چایخانه‌شمان له‌ڕێڕه‌وی پیاسه‌ماندا بینی… تا ئه‌وه‌ی له‌چایخانه‌یه‌كی ئاوا نه‌ختێك گه‌وره‌تر له‌وانی دی له‌ده‌وروبه‌ری مه‌رقه‌دی ئیمام عه‌باس دی و بڕیارماندا پشوویه‌ك بده‌ین و هه‌ر دانیشتین و دانه‌نیشتین من له‌دوورڕا نیعمه‌ت عه‌بدوڵڵام بینی له‌گه‌ڵ سێ چوار كه‌س له‌سه‌ر قه‌نه‌فه‌یه‌كی داری كۆن ، له وێنه‌ی قه‌نه‌فه‌ی چایخانه‌كانی هه‌ولێر به نموونه چایخانه‌ی مه‌چكۆ دانیشتبوو.
وتم براینه ئه‌وانه‌ی ئه‌وسه‌ر هه‌موو كوردن ، من یه‌كێكیان به‌ناسین ده‌ناسم ئه‌وانی دیشم دیووه، به‌ڵام نایان ناسم ده‌چمه لایان، ئه‌وان دانیشتن من به‌ره‌و ڕووی نیعمه‌ت چووم، ئه‌ویش كه لێی نزیك بوومه‌وه منی ناسییه‌وه، ئاخر ئێمه له ناوه‌ڕاستی حه‌فتاكانه‌وه یه‌كترمان ده‌ناسی ، جگه له‌وه‌ی ساڵی 1974یش زۆر جار ته‌سادوفم ده‌كرد… ئه‌و له‌من ، من له ئه‌و نزیك بووینه‌وه باوه‌شمان به‌یه‌كدا كرد، كه حاڵه‌تێـكی ئینسانییه دوو غه‌ریب له‌شوێنێـكی وا یه‌كتر ببیننه‌وه( وكل غریب للغریب نسیب) ، وتی وه‌ره ئه‌وه براده‌رانن ، كه چووم حاكم تۆفیق كه وه‌ختی خۆی مدیر ناحیه‌ی گه‌ڵاڵه بوو ناسیمه‌وه ، هه‌روا براده‌رێكی تر صادق كه له هه‌ولێر له چاپخانه‌دا كاری ده‌كرد، خوای لێی خۆش بێ كۆچی دوایی كرد، ئه‌ویشم ناسیه‌وه ، یه‌كێكی دیكه كه ناوی شێرزاد جبرائیل ئه‌وم نه‌ده‌ناسی، هه‌روه‌ها براده‌رێكی تر، به‌هه‌ر حاڵ منیش ئه‌وانم برده لای براده‌رانی تر كه پێكه‌وه بووین، ئیتر بازنه‌كه فراوانتر بوو و ده‌رده دڵ زۆرتر تا دره‌نگانی عه‌سر، دوای ئه‌وه‌ی هه‌ر له‌ته‌ك ئه‌و چایخانه‌یه چێشتخانه‌یه‌ك هه‌بوو نانی نیوه‌ڕۆمان لێ خوارد. پاشان نیعمه‌ت و ئه‌وان وا دیار بوو له‌شووقه‌یه‌ك ده‌ژیان ، ئێمه دره‌نگمان به‌سه‌ردا هاتبوو چوینه‌وه گه‌راج و گه‌ڕاینه‌وه جێی خۆمان له خانووه قوڕه‌كانی (عتێیشی).
هه‌فته‌یه‌كی نه‌برد پارێزگاری كه‌ربه‌لا (محمد حسین حسن الشامی) كه پاش چه‌ندین ساڵ زانیمان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی چوو بووه پرسه‌ی سه‌ركرده‌یه‌كی خزمی كه سه‌دام حسێن ئیعدامی كردبوو، 6 ساڵیان حوكم دابوو و له‌زیندان بووه، به‌هه‌ر حاڵ پارێزگار وه‌ك چۆن چووه لای نه‌فیكراوه‌كانی تر هاته لای ئێمه‌ش.
له‌گه‌ڵ نزیكبوونه‌وه‌ی له‌و حه‌ساره‌ی ژووره‌كه‌ی ئێمه‌ی لێ بوو ، ده‌م و ده‌ست ڕاوانشاد د،سه‌عدی غه‌ریبی ناسیه‌وه كه‌وا دیاره له‌قۆناغی زانكۆدا ده‌رسی پێ وتووه، ئیتر له‌گه‌ڵ بینینی د. سه‌عدی ئوستاز وه ئوستازی ده‌كه‌وته‌وه ، وا باوه مامۆستا قوتابی خۆی ناناسێته‌وه به‌پێچیه‌وانه‌وه قوتابی مامۆستای ده‌ناسێته‌وه ، ناسینه‌وه‌ی د.سه‌عدی غه‌ریب له‌لایه‌ن پارێزگاره‌وه خێری بۆ ئێمه‌ش پێوه بوو، یه‌كسه‌ر بۆ به‌یانی به ئه‌مری پارێزگار ئێمه‌یان له‌بینایه‌كی حكوومی كه بیرم نه‌ماوه قوتابخانه بوو یاخود بۆ فه‌رمانگه‌یه‌ك دروستكرا بوو گواسته‌وه ، ئیتر له‌كۆڵ مێش و كێچ و پێشكه بووینه‌وه، بیناكه بۆ ئێمه له‌كۆشكی پاشایان خۆشتر بوو ، به‌تایبه‌تی كه شه‌ش یان هه‌شت حه‌مام و ئاوده‌ستی تێدا بوو ، حه‌وشه‌یه‌كی گه‌وره.. هه‌ر له‌وكاته‌شه‌وه پارێزگار هه‌رێی ئه‌وه‌ی پێداین وا بكه‌ن په‌له بكرێت له‌دامه‌زراندمان له‌ناو شار وه‌ك د.سه‌عدی داوای لێ كرد ،
(*) ( به‌ختی ڕه‌ش یـا كـۆمه‌ڵی چه‌وت) له ئه‌سڵدا ئه‌مه ناوونیشانی یادداشته‌كانی باوكم بوو كه نزیكه‌ی نۆ سه‌ت و قسوور لاپه‌ڕه‌ی فۆڵسكاب (A4)ی ده‌ستخه‌ت بوو ، بێجگه له چه‌ندان وێنه و دیكۆمێنتی گرینگ كه به داخێكی زۆره‌وه به بۆردمانی فڕۆكه له‌گه‌ڵ خانوو و ماڵێمان ساڵی 1974 له گه‌ڵاڵه تـیاچوو .
