چەند تێبینییەك سەبارەت بەم بارودۆخەی ئێستای ڕۆژئاوا.. زاهیر باهیر
ڕۆژئاوا و سوریا و دەوڵەتانی دراوسێ بە بارودۆخێکی ئێکجار ئاڵۆزدا دەڕۆن ، بۆ ئێمە زۆر زەحمەتە کە بتوانین بە تەواوی سەری لێدەرکەین . ئەوەی کە لە ئێستادا دەیزانین و ڕوونە لامان، بوونی ئەجەندەیەکی شاراوەیە لە لایەن ئیئسرائیل و ئەمریکاوە، یاریکەرەکانی ناوچەکە بە تورکیا و حکومەتی سوریای داعیشەوە لە یارییەکی خۆێناویدا دەردەکەون و خوێنەکەش لە جەستەی ڕۆژئاوای کوردستان دەچۆڕێت .
هەموان دەزانین کە چی ڕویداوە و هەر یەکەشمان ڕەنگە پێشبینییەکی جیا و تایبەت بە خۆمانمان هەبێت دەربارەی ئەم گەمە خوێناوییە. من لێرەدا تەنها قسە لەسەر ئەو خاڵانە دەکەم کە تێبینیم کردوون .
یەك: شەپۆلی ڕایسیزم: شەپۆلێکی فراوانی ڕایسیزم و قەومچێتی تا ڕادەیەك فەزای هەموو ناڕەزایی و خۆپیشاندان و ڕووبەری میدیا و سۆشیالمیدیای گرتۆتەوە . ئەم شەپۆلەش پشکی هەرە زۆری کوردانی باشوور بە تایبەت ئەفەنییەکانی پشتی کۆمپیوتەر و کوردچییەکان، لە ناویشیاندا زیاتر خەڵکانی شارە حەیاتەکەیە ، شاری ڕۆشنبیری و یاخیی.
بە ئاشکرا ئەمە لەو ڕووبەرانەی کە لە سەرەوە باسم کردن دیارن و لە فەیسبووك و وەتساپیشدا بە دەیەها ڤیدۆ دەنێررێت لەوانەی کە چۆن مامەڵەی کوردانی ڕۆژئاوا و جەنگاوەرانیان لە لایەن خەڵکانی غەزە و شۆڤێنیسستەکانی عەرەب و داعشەکانی جۆلانییەوە دەکرێت، یاخود پارچە هەڵبەستی ڕایستیانە و فاشیانە دەنێررێت . هاوکاتیش بە دەیەها ڤیدۆی تر هەن کە لە لایەن خەڵکانی عەرەب و تورکەوە پشتگیری ڕۆژئاوا دەکەن کەچی کەمتر بایاخیان پێدەدرێت و زۆر بەدەگمەن دەستاودەستیان پێدەکرێن .
ئەمەی کە ڕوودەدات زۆر مەترسیدارە، لە کاتێکدا ئەم مەیلە ڕایسستانە لەناو خەڵکانی ڕۆژئاوا و باکوری کوردستاندا نییە ، گەر هەش بیت هەر زۆر دەگمەنن . ئەم جۆرە بە ناو چالاکییانە شتێك نییە جگە لە بەنزین کردن بە خۆشکردنی ئاگری شەڕی کورد و عەرەبدا نەبێت.
دوو: داوای لابردنی تۆم باڕاك: زۆرن ئەو کەسانەی کەوا دەزانن کە ئەوەی ڕووی داوە لە ڕۆژئاوا و سوریادا سیاسەتی خودی تۆم باڕاك، نێردەی ئەمەریکایە. ئەوانە پێیان وایە بە جێگرتنەوەی ئەو بە کەسێکی دیکە، ئەوە لە قازانجی کورد دەبێت دۆخەکە دەگۆڕێت. ئەوە راستە کە تۆم باراك بە بنەچە عەرەبی لوبنانییە و ڕەنگە مەیلێکی کەمی بەلای عەرەبدا لە پرسە بچووکەکاندا هەبێت، بەڵام ئەو تەنها نوێنەرایەتی سیاسەتی ئیدارەی ئەمەریکی لە سوریا دەکات و سیاسەتەکانی ئەمەریکا جێ بەجێدەکات و ناتوانێت سەرپێچی بکات . بەڵگەش بۆ ئەمە: بوونی فرماندە گەورە سەربازییەکانی ئەمریکییە کە لەوێن، هەروەها کەسانی گەورەی دەزگەی سیخوڕی سی ئای ئەیە، خۆ ئەگەر تۆم باڕاك سیاسەتی ئەمەریکا پێچەوانە بکاتەوە ئەوان بێ دەنگ نابن. دوای ئەوە کە بەندیخانەکانی هەسەدە کە سیخناخ بوون لە گیراوانی داعش و خێزانیان، کاتێك کە لەلایەن سوپای داعشی سوریاوە هێڕشیان کرایە سەر هەسەدە و پاسەوانانی بەندیخانەکان هێزەکانی ئەمریکایان لێ ئاگەدارکردنەوە ، بۆچی ئەو هێزە ئەمریکییە هیچ نەهاتنە دەنگ و بەداواکەی هەسەدەوە نەچوون؟
سێ: ترامپ بزنسامانە و سیاسی نییە: زۆرێک لە ڕۆشنبیران و فەیسبووکوانی کورد سەبارەت بە خراپی هەڵوێستی ترامپ بە ڕۆژئاوا و کورد دەڵێن ترامپ بزنسمانە نەك سیاسی و کەسانی سیاسی ئاوا ئیدارە بەڕیوە نابەن . ئەم کەسانە هیچ جۆرە زانیارییەکیان نە لە سیاسەت و نە لە ئابوریش نییە. ئەمان تێناگەن کە سیساسەت و سیاسەتکردن رەنگدانەوەی ئابوورییە و بۆ بەرژەوەندی ئابووریانەیە ، وەکو ئەوەی کە سەرانی پێشوی ئەمەریکا لەسەر پەنجەی بزنسمانە گەورەکان و کۆمپانیا زەبەلاحەکان نەسوڕابێتنەوە!! .
ئیدارەی سیاسی هیچ نییە جگە لە پارێزەری ئابووری و هەیمەنەی ئابووری ، گەورەیی و هەیمەنی هەر وڵاتێك بە بەهێزی ئابوورییەکەیەوەیە، هەر لەبەر ئەوەیە کە سیاسەت و بەرنامەی پەروەردە و پێگەیاندن و هەوڵی حکومەتەکان بۆ گەشەی ئابوورییە، تەنانەت سوپاکەی لە خزمەتی ئەوەدایە. ترامپ هەم سیاسییە و و هەم بزنسمانێکی گەورەیە بڕیارە سیاسییەکانی کە دەیدات ڕەنگدانەوەی دۆخی ئابوورییە و بۆ پاراستن و سوودگەیاندنی زیاتری ئابووریانەیە بە سامانداران و کۆمپانیا گەوەرکان.
چوار: کارایی ئەم ڕووداوە لەسەر بەناو پرۆوسەی ئاشتی : بێ گومان ئەمەی کە ڕوودەدات کارایی زۆر خراپی لەسەر کوردانی باکور و پەکەکە و خودی ئۆجەلان دەبێت . هەسەدە بربڕە پشتی ڕۆژئاوا و باکوری تورکیا بوو . ئەوەندەی کە هەسەدە و ئیدارەی خۆسەریی لای ئەردۆگان و ئاکەپە گرنگ بوو بە دەیەکێکی ئەوە پەکەکە نە لایان گرنگ بوو نە مەترسیشیان لیی هەبوو . پەکەکە لە ژێر ڕکێفی دەوڵەتی تورکیادایە هەموو کاتێك حکومەتی تورکیا دەیانتوانی و دەتوانن شەڕی بکەن ، وەکو کردویانە و سێ کوردستانیشیان پیوە وێران کرد . ئەردۆگان و ئاکەپە خۆیان دەیانزانی بزوتنەوەی چەکدارانەی پەکەکە لە 2015 وە گەورەترین خزمەتی بە دەوڵەتی تورکیا کردووە و بچوکترین خزمەتی بە کورد و کوردستانەکان نەکردووە.
ئەردۆگان و ئاکەپە ڕۆژئاوایان ئەوەندە بە گرنگ و مەترسیدار بۆ سەر دەوڵەتی تورکیا زانیوە گەر لەبەر هاوپەیمانی ئەمەریکا لەگەڵ هەسەدەدا نەبوایە و ئەو هاوپشتی و پشتگیرییەی کە ڕٶژئاوا هەیبوو نەك هەر لە کوردستانەکاندا، بەڵکو لە زۆر وڵات لە جیهانیش دا، ئەوە تورکیا بە هەموو شێوەیەك لێی دەدا و کۆتایی پێدەهێنا گەر چی تا ئێسا درێغی نەکردووە هەر کات هەلی بۆ ڕێکەوتبێت گورزی گەورەی لێوەشاندووە.
بە بڕوای من ڕوودانی ئەمەی کە ڕوویداو گەر ئاوا بڕوات، کۆتایی بەو بەناو پرۆسەی ئاشتییە دەهێنێت و ئۆجەلان یا فەرامۆش دەکرێت یاخود دەبێت ئەوە بکات کە ئەوان دەیانەوێت . هەسەدە هێزێکی گەورە و پاڵپشتێکی مەعنەوی زۆر گرنگ بوو بۆ ئۆجەلان ئێستاش هەر گرنگە، هەر شکستییەك بۆ هەسەدە شکستیەکی گەورەیە بۆ ئۆجەلان و پەکەکە.
پێنج: لۆمەکردنی ئەمەریکا: هەرە زۆرینەی کورد و هەندێكیش لە چەپە سیاسییەکانی ئەوروپا وعەرەب و حکومەتەکان لۆمەی ئەمریکا دەکەن کە گوایە بێ وەفا بوو لەگەڵ کورددا و کورد ئەو هەموو قوربانییەی داوە بۆ لەناوبردنی داعش و نەهێڵانی چالاکی تیرۆریستیانەیان و پاراستنی هاووڵاتیانیان لە ئەوروپا و ئەمریکا و هەندێك وڵاتانی دیکەی دونیادا.
ئەمانەی کە خاوەنی ئەم بۆچوونانەن ئەو پرسیارە ناکەن چ گرێبەستێك هەبووە لە نێوانی هەسەدە و ئەمریکادا؟ ئەوەی کە تۆزێك بە ئاگا بێت لە بارودۆخەکە دەزانێت کە ئەمریکا هەر لە سەرەتاشەوە هیچ بەڵێنێکی بە هەسەدە و کوردانی ڕۆژئاوا نەداوە. ترامپ خۆی وتی ” کورد ئازایە و شەڕکەری باشن، هاوکاری ئێمەیان لە لەناوبردنی داعش دا کردوە ، ئێمەش هەقی خۆیانمان داونەتێ ، یارمەتیمان پێداون و پارەمان داونەتێ” تۆم باراك-یش ئەوەی دووپات کردووە بەڵام بە جۆرێکی دیکە کە وتی ” ئێمە چی تر ئێشمان بە هەسەدە نەماوە و ئێستا حکومەتێك هەیە کە هاوپەیمانمانە لە شەڕ دژ بە داعش دا”
ئەمەریکا نەك هەر ئەوەی کرد بەڵکو هات کورد و بەخۆدانی کوردانی لە ڕۆژئاوای پارچە پارچە کرد . ئەو هات تەنها پەیوەندی بە هەسەدەدوە کرد و کاری لەگەڵ ئەواندا دەکرد و دوو بەشەکەی دیکەی ڕۆژئاوای ‘ئیدارەی خۆسەریی و خودی پەیەدەی ‘ فەرامۆش کرد، ئەمە لە کاتێکدا کە هەسەدە سوپای پارێزەری ئیدارە خۆسەییەکەیە و پەیەدەش پلاندانەر و نەخشە کێشێتی .
ئەمریکا هەرگیز ئەمەی نەشاردۆتەوە کە ئەوان هاوپیمانن لەگەڵ هەسەدەدا نەك لەگەڵ پەیەدە و ئیدارەی خۆسەرییدا . ئەم سیاسەتەی ئەمریکا کە هەر سێ بەشەکەی ڕٶژئاوا هەر لە سەرەتاوە قەبوڵیان کردووە گۆڵکردنێك بوو لێیان و زۆر زۆر مەترسیدار بوو بۆیە بوو بە هۆکارێك لە ڕوودانی ئەوەی کە ئێستا رووی داوە.
زۆرێك لە ئێمە ئەوەمان زانیوە و دەزانین کە پاڵدان بەئەمریکا و وڵاتانی غەربەوە هیچ جێگای متمانە نین و ئەوان نەك هەر بەدوای بەرژەوەندی خۆیانەوەن بەڵکو زۆربەیان مێژوییەکیان نییە لە ڕزگارکردنی هیچ نەتەوە و هاوکاری هیچ بزوتنەوەیەکی شۆڕشگێڕانەدا، بگرە مێژوویەکی خۆێناویشیان هەیە .
بەداخەوە ئێستا دەبینین هەمان سیناریۆی ئەفغانستان لە سوریا دووبارە دەبێتەوە . ئەو هەموو قوربانییە لە ئەفغانستان درا ، ئەو هەموو پارەیە سەرف کرا بۆ ئەوەی تالیبان لە دەسەڵات بخرێت، بەڵام ئەوە بوو هێنانیانەوە بۆ سەر حوکم ، ئەمە لە کاتێکد لە لایەن ترامپەوە لە هەڵپەی هەڵبژاردنەکەیدا بە خاڵێکی گەورەی لاوازی بایدن و ئیدارەکی دانا. ئێستاش هەمان شت لە سوریا دووبارە دەبێتەوە ، بەڵام ئەمەی سوریا زۆر زۆر مەترسیدارە کە جێنوسایدی بەدواوەیە ، ڕەنگە شەڕی عەرەب و کوردی لێبکەوێتەوە، تیشکی ئەم ئاگرە وێرانکاریەی ئەم شەڕە ڕوو لە عێراق و ڕەنگە وڵاتانی دیکەی ناوچەکەش بکات.
ئەمە ئەو پلان و ئەجەندەیە کە ئەمەریکا و هەندێك لە دەوڵەتانی غەربیش بەدەستیانەوە. کاتی ئەوە هاتووە کە وانەیەکی گەورە وەرگرین مەبەستم تەنها هەر لە ڕۆژئاوا نییە. دەبێت ڕۆڵی گڵاوی حیزبایەتی و سەرکردە پەرستی و جەنگی چەکدارانە مەگەر تەنها بۆ بەرگری لە خۆمان نەبێت ، ڕەت بکەینەوە. کاتی خۆڕێکخستنی خۆمانە لە دەرەوەی حیزب و هەژموونی سەرکردە و ڕابەر و بیرمەند ، کاتی خۆهۆشیار کردنەوەمانە. با هیتاف و دروشمی بریقەداری بژی و بڕوخێ و بیرکردنەوە لە نیگای سۆزەوە لاوەخەین و بە مێشکمان ، نەك بە سۆزەوە بیربکەینەوە، سوود لە خوێندنەوەی مێژوو سەبارەت ڕۆلی خوێناوی دەسەڵاتداران و دەسەڵاتخوازان ببینین . تەنها ئەوە ڕێگەیەکە کە دەکرێت لە ئایندەدا بیگرینە بەر . هاوکاتیش لە ئێستادا دەبێت بە هەموو جۆرێك لە جۆرەکان ڕاوەستین دژ بە زوڵم و زۆر و جێنۆسایدی نەتەوەیەك ، دژ بە هێزە تاریکەکان کە دەیانەوێت ڕەوڕەوی عەجەلەی مێژوو بەدوادا لەژێر پەردە و بە ناوی دین و پوچگەرایی و شۆڤێنێت و فاشیزمەوە بگێڕنەوە، ڕێگە ڕاستەکەمان لێ هەڵە بکەن و بەو ئاراستەیەدا بمانبەن کە خۆیان دەیانەوێت.
زاهیر باهیر
22/01/2026
