ئێدگار ئالان پۆ… نووسین لە لێواری شێتی‌دا!.. نووسینی /هاشم ساڵح.. وه‌رگێڕانی/ ئاكۆ عه‌بدوڵڵا
ئێدگار ئالان پۆ یەکێک بوو لەگەورەترین نووسەره ئەمریکییه‌كانی سەدەی نۆزدە و ڕەنگە هی هەموو سەردەمێکیش. بەنووسینی کورتە چیرۆکی نائاسایی، ناوبانگی دەرکردووە. یەکەم کەسیش بوو لەئەدەبی ئەمریکی و نێودەوڵەتیدا ڕۆمانی پۆلیسی نووسیبێ، ڕۆمانی ترسناک و ته‌شویق و وروژاندنیانه. شاعیرێکی ناوازە و دیار ڕەخنەگرێکی ئەدەبی بەرزیش بوو. تیۆرداڕێژه‌ری شیعر و په‌خشانیش بوو. ئەو بەدبەختە کێیە، کە دواتر بوو بەئەفسانە؟
ئێدگار ئالان پۆ ساڵی 1809 لەشاری بۆستن هاته‌دونیا. ساڵی 1849 لەشاری بالتیمۆر کۆچی دوایی کردووە. تەمەنی تەنها چل ساڵ بووه. كه‌چی جیهانی پڕ کرد و خەڵکیشی سه‌رقاڵکرد. وه‌ك زانراویشە بۆدلێری شاعیری بەناوبانگی فەرەنسی بەیەکێک لەگەورەترین نووسەران دانابوو، تەنیاش سوێندی بەناوی ئه‌و ده‌خوارد، ژیانیشی بەوەرگێڕانی بەرهەمەکانی بۆ زمانی فەرەنسی بەسەر بردووە. تا ئێستاش وەرگێڕانەکەی بەکاردێت و پشتی پێده‌به‌سترێت كه یەکێکە لەجوانترین و گەورەترین وەرگێڕانە ئەدەبییه‌كان. شاعیرێکی بلیمه‌ت شاعیرێکی بلیمه‌تی دیكه وەرده‌گێڕێ! بۆدلێر لای سه‌یربوو و به‌دڵی نه‌بوو، تەنانەت ناڕازیش بوو له‌وه‌ی زۆربەی ڕۆشنبیرانی فەرەنسی ئێدگاریان نه‌ده‌ناسی یان ناویان نه‌بیستبوو. کاتێک دەچووە ناو کافێیەک له‌کەسێکی دەیپرسی: ڕات چییە لەسەر ئێدگار ئالان پۆ؟ ئەویش وەڵامی دەداوە: “ئەو کەسە کێیە؟ لەژیانمدا ناویم نەبیستووە”. بەهۆیه‌وە توڕە دەبوو و هێنده‌ی نه‌ده‌ما هەڕەشەی لێبکات یان بەدارێک لێیبدات.
ئێدگار پۆ ساڵێک یان دوو ساڵ دوای هاتنه‌دونیا، دایکی و باوکی لەدەستدا. بۆیە هەتیوی دایک و باوک بوو و هیچیشی لەخێزانەکەی به‌بیرنه‌ده‌هات. لەو ڕووەوە به جان جینێه دەچێت، کە ئه‌ویش هەموو ژیانی بەگەڕان بەدوای دایکە خزمەتکارە سادەکەیدا بەسەر برد، کە له‌و كاته‌ی لەنەخۆشخانەیەکدا داینا لەژیاندا ون بوو. چیرۆکێکی نایابی ئەفسانەییه. بیهێنە بەرچاوت ئەگەر تەنها جارێکیش دایکی بینیبا! تەنانەت پێنج خولەک پێش مردنی كه چاوەڕێی دەکرد. هه‌رچی باوكیشی بوو بۆ یەک ساتیش بەدوایدا نەگەڕا، نە لەنزیکەوە و نە لەدوورەوەش به‌لایه‌وه گرنگی نه‌بوو. بەڵام ئەوەیان شتێکی دیكه‌یه.
با بگەڕێینەوە بۆ لای هاوڕێکەمان. لەلایەن خێزانێکی دەوڵەمەندی ئەمه‌ریکی بەخێوکرا، کە بەزەییان پێدا هاتەوە و له‌نزیک شەقامەکە هەڵیانگرته‌وه. لەباشترین قوتابخانەکانی ئەمه‌ریکا خوێندی، و وەک دەوترێت هەر لە منداڵیشه‌وه گرنگی به‌ئەدەب دا. بەڵام باوکی (بەخێوکەرەکەی) بەهۆی ئه‌وه‌ی شانازی به‌خۆی و كه‌سایه‌تییه بەهێزەکەی ده‌كرد، ده‌هات لێی بێزارده‌بێ. جگە لەوەش دەیویست بیکات به‌بازرگان، كه‌چی ئه‌و تەنها بیری لەشیعر و ئەدەب دەکردەوە. بەو شێوەیە ناکۆکی لەنێوانیاندا سه‌ریهه‌ڵدا. لەلوتکەی ده‌مه‌قاڵێدا پێی وت: “بەخوا دەستبەرداری پیشەی ئەدەب نابم تەنانەت ئەگەر هەموو ئاڵتونەکانی کالیفۆرنیاشم پێ بدەن! دەستبەرداری بەرزترین و به‌شەرەفترین پیشەی جیهان نابم. پەیوەندی نێوان بزنس و ئەدەب چییە؟ جیاوازی نێوان ئاسمان و زەوییه”. عەرەبه‌كان دەیانگوت ده‌ركی به‌پیشەی ئەدەب كرد: واتە كۆتایی هات و بووه هەژار و برسی. جا ئایا ئەدەب نان دابین دەکات؟ ئەو گه‌وجییه چییە؟ ئەبو حەیان ته‌وحیدی له‌كوێیه کە لەکۆتایی تەمەنیدا کتێبەکانی دڕاند، چونکە لەبرسێتی مرد؟ یەکێک لەگەورەترین په‌خشان نووسانی عەرەبی هەموو سەردەمه‌كان، پاروویه‌ك نانی نه‌دۆزیەوە. جیهانێکی گزیكه‌رانه. جیهانى دێوانه. کەینێ دونیا لەتاریکییەوە ده‌رده‌چێ بۆ ڕووناکی؟ لەو ساتانەشدا جیهان خەریکە شێت دەبێت. بەڵام با بگەڕێینەوە بۆ هاوڕێ داماوه‌كه‌مان. ئه‌و هەر لەمنداڵییەوە دووچاری بەدبەختی و بەڵا ببوو. براکەی مرد و خوشکەکەشی په‌كیكه‌وت. هەموو ئه‌وانه‌ی له‌دەوروبەریشی بوون دەڕوخان و داده‌ڕمان… هەژاری و برسێتی… لەهەمان کاتیش‌دا دەزگیرانەکەی ڕەتیکردەوە، دوای ئەوەی باوکی قەناعەتی پێ‌کرد هاوسەرگیری لەگەڵ پیاوێکی دەوڵەمەند بکات نەک سەرگەردانێکی هەژار کە هیچ داهاتوویەکی نەبێ. به‌و جۆره پێی گوت: “بەخوا تۆ شێتی! کێ شوو بەشاعیر دەکات؟ مانای شیعر چییە؟ ئەو هەموو قسە بێ‌مانا و گاڵته‌جاریانه واتایان چییە؟” بەو شێوەیە دەرگاکان به‌ڕوویدا داخران و بەدبەختییەکان لەهەموو لایه‌كه‌وه بەسەر سەری نووسەری گەورەی داهاتوومان هه‌ڵیانكرد. هه‌ر ئه‌وه‌شه کە دەیکاتە گەورەترین نووسەری سەردەمه‌كه‌ی خۆی.
سوپاس بۆ بەدبەختی و به‌ڵایه‌كان! خه‌ریکە بڵێم سوپاس بۆ بەڵا و کارەساته‌کان! ئەوان نه‌بان نووسراوه بلیمه‌ته‌كان نه‌ده‌بوون و ئه‌وان غه‌مباریش نەدەبوو. ئەمە نەک تەنها تاکەکان، له‌سه‌ر گەلانیش پیاده ده‌بێت. ئەو گەلانەی کە زیاتر لەگه‌لانی دیكه ئازار و مه‌ینه‌تی ده‌چێژن، دەگۆڕێن بۆ زه‌بربه‌ده‌ست و هەر ئەوانیشن مێژوو دروست ده‌كه‌ن و دواتریش سەرکردایەتی جیهان دەکەن. هاوشێوەی وتاری شاخ (عظة الجبل) () ی بەناوبانگی عیسا مەسیح، دەتوانین بڵێین: “به‌خته‌وه‌رن چەوساوە غەمبارەکان ئەوانەی پارچە پارچە بوون، چونکە مه‌له‌كوتی ئاسمانه‌كان هی ئەوانە”. ساڵی 1827 یەکەم کۆمەڵە شیعره‌كانی بڵاوکردەوە. ئەو کاتە تەمەنی تەنها هەژدە ساڵ بوو. بەڵام تەنها پەنجا دانەی چاپ کرا. بەناوی تایبەتی خۆشی بڵاوینەکردەوە، بەڵکو بەناوێکی نه‌ناسراو (کەسێکی خەڵکی بۆستن). کەسیش گرنگی به‌وه نەدا. ئەمەش لەواقیعدا بەسەر زۆرێک لەبلیمه‌ته‌كاندا دادێت. لەسەرەتاوە خه‌ڵكی بەدەگمەن په‌ی بەهای ئه‌وانه ده‌به‌ن. ئه‌وان به‌ر له‌كاتی خۆیان دێن. دوای مردنیشیان فیستیڤاڵیان بۆ سازده‌كه‌ین و كۆته‌ڵیان بۆ دادەڕێژین. تەنانەت تابلۆکانیشیان بەسەدان ملیۆن دۆلار دەکڕین، وەک ئەوەی بۆ ئەو شێتە گەورەیەی دیكه‌دا ده‌بینرێ: ڤینسێنت ڤان كۆخ! ئایا دەزانن ئەو یەکەم کۆمەڵە شیعرەی ئێدگار ئالان پۆ بەو دواییانە لەنیویۆرک بە 662 هەزار دۆلار فرۆشرا؟ ئەی شیعره بەناوبانگتره‌كه‌ی (قه‌ڵه‌ڕه‌ش)؟ ئەی دەقە بلیمه‌تییه‌كانی دیكه‌ی؟ ئەگەر لەژیانیدا پێی بدرابا، بەدرێژایی تەمەنی لەو په‌ڕی لێواری هەژاریی نەدەژیا. ئێدگار ئالان پۆ بۆته سیمبوڵی شاعیری نەفرەت لێکراو، یاخود شاعیری نه‌گبه‌ت، یان دۆزراوه، چۆنت ده‌وێ وه‌ها ناوی لێبنێ… هەر بۆیە بۆدلێر زۆر سەرسام بوو پێی، چونکە خۆی لەناویدا دەبینی. ئاشكراشه بۆدلێریش یەکێک بووە لەگەورەترین پەراوێزخراوەکانی سه‌رگه‌ردانی شەقامەکانی پاریس. لەو سەرگەردانییە بێکۆتاییانەشدا گەورەترین شیعری فەرەنسی سەریهەڵدا. ئەویش لەلێواری هه‌ڵدێر دەژیا. پاشان ئێدگار ئالان پۆ وتارێکی زۆر گرنگی لەباره‌ی (بنەمای شیعر) یان (هونەری شیعر) ی پێشکەش کرد. لەبەردەم ئامادەبووانێکی گه‌وره کە هەزار کەس ده‌بوو! ئه‌وسا بلیمه‌تییه‌كه‌ی ده‌ركه‌وت و درەوشاوە. له‌و كاره‌یدا تیۆرییه گشتییه‌كه‌ی خۆی سەبارەت بەشیعر چڕكردۆته‌وه. ئاشكراشه ئەویش وەک هەموو شاعیرێکی گەورە، ڕەخنەگرێکی گەورەش بووە، واتە فەیلەسوفێک (فەلسەفەی شیعر، كڕۆكی شیعر!). سەیری بۆدلێر، ریلکە، ڕامبۆ، ڕێنیه شار و ئه‌وانی دیكه بکە. به‌و جۆره دەیگوت: “ئامۆژگاری ئەخلاقی شتێکە و داهێنانی شیعریش شتێکی دیكه‌ی تەواو جیاواز. ئەمەش ئه‌وه‌یه کە الاصعمی سەدان ساڵ پێش تر وتوویه‌تی: “الشعر نكد بابه الشر، فإذا دخل في باب الخير فسد”. ئه‌وه ده‌سته‌واژه‌یه‌كی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌یه و ناتوانرێت گفتوگۆی له‌سه‌ر بکرێت و ڕەت بکرێتەوە. عەرەب سەرچاوەی ڕەخنەی ئەدەبی و بلیمه‌تی شیعری و هزرییه. دواتر شاعیره گه‌وره‌كه‌ی ئەمریکی ئەو وشە گرنگانەی وت:
“هەموو گەردوون بریتییه له‌چامه‌یه‌كی خوداوه‌ندی بەدەستڕەنگی و جوانی دروستكراوه. بەڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی مرۆڤ نابینایه له‌بینینی دروستکراوی سەرسوڕهێنەری خودا، بۆیه شاعیر بەژیرییه به‌هێزه‌كه‌ی و خەیاڵی داهێنەرانەی خۆی، بەرپرسیارە لەناساندنی مرۆڤایەتی بەجوانییەکانی ئەو چامه گەردوونییە”. یەکێک لەو شتانەی کە به‌ڵگه‌یه بۆ گەورەیی ئێدگار ئالان پۆ ئەوەیە کە بەکۆچی دوایی هاوسەرەکەی (ڤێرجینیا) کە تەمەنی تەنها بیست و چوار ساڵ بوو، زۆر غه‌مباربوو. زیاتر لەجارێک گرتیان کە دوای نیوەشەو لە تەنیشت گۆڕەکەی دانیشتبوو. هیچ شتێک نەبوو بۆ مردنی ئه‌و دڵنەوایی بدات. ده‌یپرسی: “ئایا لەجیهانه‌كه‌ی دیكه پێیده‌گاته‌وه؟ دوای مردن ژیانێکی دیكه هەیە؟ بۆ پوری نووسی (بەرگەی خەمی ئه‌و ناگرم. ئەوە لەتوانای من به‌ده‌ره. نامەوێت دوای ئەو کاتژمێرێکی دیكه بژیم). لەوانەیە بڵێن: لەوەدا چی سەیرە؟ کەسێک ماتەمینی بۆ ژنەکەی دەگێڕێت. منیش وەڵامیان دەدەمەوە: کەسانێک دەناسم لەڕادەبەدەر دڵخۆش بوون (بێگومان لەناخه‌وه) ئه‌و کاته‌ی ژنەکانیان ده‌مرد، تاكو بتوانن دواتر به‌په‌له هاوسەرگیری بکەنه‌وه. لەکۆتاییدا کاریگەریی ئێدگار ئالان پۆ لەسەر ئەدەبی جیهانی زۆر بوو، بەتایبەتی لەسەر ئەدەبی فەرەنسی و ڕووسی، باسی ئەدەبی ئەمریکی و ئینگلیزی ناکەم. بۆدلێر و مالارمێ دانیان بەکاریگەربوونیاندا ناوه، هەروەک چۆن دۆستۆیڤسکی و زۆر کەسی دیکەش. واهاش دیار بوو لەلێواری هه‌ڵدێر، لەلێواری شێتی‌دا دەینووسی. جا ئایا جیاوازی هەیە لەنێوان بلیمه‌تی و شێتی؟ ئایا هەموو دونیا شێت نییە؟ ئێستا کێ دەتوانێ دەقێکی سرووشتبه‌زێن بنووسێت كه بەرزبێتەوە بۆ ئاستی شێتی جیهانی؟! () به‌واتای The Sermon on the Mount دێت كه كۆمه‌ڵێك قسه‌یه ده‌درێنه پاڵ مه‌سیح (سڵاوی خودای لێبێت) كه له‌سه‌ر شاخێك بۆ ئاماده‌بووانی خوێندۆته‌وه. (وه‌رگێڕ)
سه‌رچاوه:
https://aawsat.com/
13/11/2023
