دۆخی سوریا و ناڕەزایەتی سەدان هەزاری.. عوسمانی حاجی مارف
هەسەدە نەچووە ژێر باری ئەوەی دیمەشق بانگەوازی کرد، کە دەبێت خۆیان ڕادەستی ڕێکەوتن لە گەڵ حکومەتی ئەحمەد شەرعدا بکەن، واتە پێش واژۆکردنی مەرجەکانی ڕێکەوتن، هەسەدە پێداچونەوەی کرد و پاشگەز بوەوە و ڕێکەوتنەکەیان قەبوڵ نەکرد.
ئاشکرایە ڕوخانی ڕژێمی ئەسەد گۆڕانێکی جدی بەسەر سوریادا هێنا و کاریگەری لەسەر گۆڕانی دەور و پێگەی هەسەدەش کرد، نەک لەبەرئەوەی هەسەدە ڕێکەوتنێکی لەگەڵ ڕژێمی پێشووی سوریادا هەبو کە دۆخەکە رابگرن، بەڵکو لەبەر ئەوەی دوای ڕوخانی ئەسەد چۆن دەکرێ و دەتوانێ دۆخی ئێستا بەڕێوە بەرێت، بە تایبەتی دوای ئەوەی حکومەتی سوریا ڕادەستی هێزەکانی ئەحمەد شەرع کرا.
دیمان دۆخەکە وردە وردە گۆڕدرا، ململانێکانی ناوخۆی سوریا، لە پەیوەند بە دۆخی گشتی ناوچەکە و دەخالەت و هەوڵەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و نەخشەو سیاسەتەکانی، ئالوگۆڕو یاریکردنێکی تازەی بەخۆوە نیشاندا، کە هێزێکی وەک هەسەدە لەو نەخشەو سیاسەتانەدا جێگە و دەورێکی نامێنێت، دوای داعش و ڕوخانی ئەسەد، ترەمپ پێداگری لەسەر یەکگرتویی سوریا بە باڵادەست بونی شەرعەوە دەکات، بە جێگیر بونی حکومەتی ناوەندی لە دمەشق و هەڵوەشانەوەی تەواوی ئەو هێزو لایەنانەی لە ژێر هێژمۆنی دیمەشقدا نین، ئاراستەیەکە بە جێگیر بونی حکومەتێک کە سەرچاوەو پاشخانە ئاشکراکەی داعشیە.
هەر پێشنیار و بانگەشەیەک شەرع دەیکات بۆ ڕێکەوتن، جگە لە هەوڵی دامەزراندنی سیستمێکی سیاسی بۆ هەژمونی دیمەشق بەسەر ناوچەکانی تردا، هیچ نەخشەیەکی سیاسی تری لێ بەرهەم نایەت، جگە لەسەپاندنی ئیسلامی سیاسی بەسەر تەواوی سوریادا، لەم بارەشەوە ترەمپ نەک کێشەی نییە، پشتیوانی جدیش لە شەرع دەکات.
مادەی چوارەمی ڕێککەوتنی ١٠ی ئازاری ٢٠٢٥ی نێوان شەرع و مەزلوم عەبدی، ناڕون و کراوە بوو بۆ چەندین لێکدانەوە، لەداوای یەکخستنی هەموو دامەزراوە مەدەنی و سەربازیەکانی باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا بۆ ئیدارەی دەوڵەتی سوریا، هەروەها داوای بۆ هەژمونی بەسەر دەروازە سنووریەکان و فڕۆکەخانە و کێڵگە نەوتیەکان و گازیەکاندا. لەم هەلومەرجەدا حەتمی بوو، کە لە هەر ساتێکدا ئەو ململانێیە بە شەڕێک بگات، کە شەڕەکە ڕویدا.
پشتبەستنی ڕژێمی سوریا بە ئەمریکا ئەم شەرەی هەڵگیرساند، چونکە شاراوە نیە کە ئەمریکا لە ئاڵوگۆرەکانی دۆخی ئێستا، کۆتایی بە هاوپەیمانی لەگەڵ هەسەدە هێناو سوکانەکەی گۆڕی بۆ هاوپەیمانی لەگەڵ شەرعدا، لە ئێستادا بۆ ئەمریکا هاوپەیمانی بۆ شەرع زۆر گرنگترە لە هاوپەیمانیەکەی لەگەڵ هەسەدەدا.
پریشکی شەڕەکە لە ٦ی جانیوەریدا هەڵگیرسا، دوای فراوان بونەوەی شەڕەکە، کە ئامانج لێی دەرکردنی یەکجارەکی هەسەدەیە و کۆنترۆڵ کردنی ناوچەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی باکورە، پێدەچوو ئەم هەنگاوە پێشەکیەک بێت بۆ فراوانبونی زیاتری شەڕەکە بەرەو ڕۆژهەڵات بۆ پارێزگاکانی حەسەکە و دێرەزۆر.
لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا، هێڵەکانی پێشەوەی هەسەدە پاشەکشەیان کرد، دەرئەنجامەکەی سوپای سوریا دەستی گرت بەسەر کێڵگە نەوتیەکانی سۆفیان و ثورە لە نزیک شاری تەبقە لە پارێزگای ڕەقە، هەروەها گرتنی شاری تەبقە و بەنداوی فورات.
دوای کشانەوەی هێزەکانی هەسەدە لە کێڵگەی نەوتی ئەلعومەر و گرتنی کەمپی ئەلهۆڵ، ڕێکەوتنێکی نوێ لەنێوان حکومەتی سوریا و هەسەدەدا کرا، کە تیایدا یەکخستنی هێزە چەکدارەکان و هێزە ئەمنیەکانی هەسەدە بێت لە وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆدا، ڕادەستکردنی پارێزگاکانی دێرەزۆر و ڕەققە لەلایەن خۆبەڕێوەبەری خەڵکی ئەو ناوچەیە بە حکومەت، بەڵام دواتر، هەسەدە لەو ڕێکەوتنە پاشگەز بووەوە و ئیدیعای کرد کە دیمەشق دەیەوێت هەسەدە خۆی بە تەواوی ڕادەست بکات.
لەگەڵ کشانەوەی هەسەدە لەو ڕێکەوتنە، پێشهاتێکی سیاسی بەرچاو ڕوویدا، کە لە ئەمریکاوە سەرچاوەی گرتبوو، تۆم باراک، جەختی لەوە کردەوە کە “گەورەترین دەرفەت لەبەردەستی کوردەکاندایە، کە لە سوریا لە ژێر سایەی سێبەری دەسەڵاتی حکومەتی نوێدابن، ئەو سوریایەی ئەحمەد شەرع سەرۆکایەتی دەکات”، هەر لە هەمان ڕۆژدا ترەمپ، ئەحمەد شەرعی، بە “پیاوێکی بەهێز و توند و ماندوونەناس” وەسفکرد.
ئەم لێدوانانە پاڵپشتی گشتی ئەمریکایان بۆ دەوڵەتی سوریا لەسەر حیسابی هەسەدە پێکهێنا، کە هێنایانە سەر مێزی دانوستان بۆ ئاگر بەستێک کە چەند ڕۆژێک بخایەنێت، دواتر پانزە ڕۆژ دەێژکرایەوە، بەڵام لە باری عەمەلیەوە هێرشەکانی حکومەتی سوریا نەوەستاون.
بەناوی سوریایەکی بەهێز و یەکگرتوو، ترەمپ دەیەوێت ئیمتیازێکی ستراتیژی ناوچەیی و نێودەوڵەتی ببخشێتە ئەحمەد شەرع، شەرعێک کە بۆخۆی گەورەترین سەرچاوەی ناجێگیر و نا ئەمنیە بۆ دانیشتوانی سوریا.
گومانی تیا نیە ڕێگای سەقامگیری لە سوریا دەبێت لەسەر بنەمای مافی هاوڵاتیبونی یەکسان بۆ هەموان بێت.
ئەوەی شایانی باسە کاتێک ڕیزی سەدان هەزار کەسی دەڕژێنە سەر شەقام و بە دەنگی بەرز دەڵێن نا بۆ ترەمپ و جۆلانی و ئۆردگان..، ئازادی بۆ کوردستان، تەنها پەیامێک نیە پەیوست بێت بە هەوڵدان بۆ پاراستنی کوردانی دانیشتوی سوریا، پەیامێکە بۆ چارەسەری کێشەی خەڵکی کوردستان لە ناوچەکەدا، پەیامێکە دژ بە کۆنەپەرستی لە بەرامبەر زاڵمی و دڕندەیی تەواوی ئەو دەسەڵاتدارەی مافەکانی دانیشتوانی سوریا بە فەرمی ناناسێت، پەیامی ئیرادەی هاتنە مەیدانی جەماوەری ناڕازیە بۆ گەیشتن بەدەسەڵاتی خەڵک، هەوڵدانە بۆ وەلانانی ئەو هێزو لایەنانەی کە لە سەرو ئیرادەو پێگەی خەڵکیەوەیە، گوندەیی و کەڵەگایی بەسەر خەڵکیەوە دەکەن، دژ بە دەسەڵاتێکە کە بە ویست و ئارەزوی کەمایەتیەک خۆیان دادەمەزرێنن، ئەو کەمایەتیەی گۆشەگیرکردنی ئیرادەی خەڵکی و شکاندنی شکۆی خەڵک گەورەترین ئامانج و دەستکەوتی سیاسیانە، تا بتوانن قۆرخی سەروەت و سامانی وڵات کەن و داگیری کەن.
ئەم ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانە گەورە و فروانەی تەواوی کوردستان و بەشێکی جیهانی گرتۆتەوە، پەیامێکە دژ بە یاری کردن بە ژیان و گوزەرانی خەڵک، پەیامێکە لەبەرامبەر یاریکردنی چەندین ساڵە بە مەسەلەی کورد.
ئەوەی ئەمڕۆ لە تەواوی شارەکانی کوردستاندا دەبینرێت بە جیا لە خرۆشان و توڕەیی و ناڕەزایەتی، بەشداریەکی بەرفروانی جەماوەریە لە کۆکردنەوەی جۆرەها کۆمەک و ناردنی بۆ ئاوارەکانی ڕۆژئاوا، ئەمە مانۆری مرۆڤ دۆستی و ڕیفراندۆمێکی مەزنی جەماوەریە دژ بە بەربەریەتی نەخشەو سیاسەتەکانی ئەمریکا و ترەمپ لە ناوچەکەدا، ئەو ترەمپەی کە خەریکە دەوڵتی داعش لە سوریا بەهێز دەکات و ژیان و کێشەکانی خەڵکی کوردستان دەکاتە قوربانی.
ئەوەی ئەمرۆ ئامادەبونی ڕیزی سەدان هەزاری بۆ بەرگری لە رۆژئاوا نمایشکرا، سەلماندی کە هاوچارهنوسی مرۆڤەکان سنوور ناناسێت. بۆیە پێویستە ئەم توانا و وزە جەماوەریە ببێتە هەوێنی یەکڕیزی خەباتی جەماوەری بۆ گۆڕانکاری ڕیشەیی، گۆڕانکاریەک دابینی بەرژەوەندیەکانی ژیان و پێداویستی و ئاسایش و خواستەکانی خەڵک بکات، ئازادی و مافە سەرەتاییەکان بەدەست بێنێت و جێگیری کات، کۆتایی بەهێزی میلیشیای ئیسلامی و قەومی بهێنێت، شەڕی قەومی و تائیفی و نایەکسانی ژنان و پیاون لە ناوچەکەدا بسڕێتەوە.
پشتیوانیمان لە خەڵکی ڕۆژئاوا تەنها لەبەر ئەوە نییە کە کوردن، بەڵکو لەبەر ئەوەیە نوێنەرایەتی ژیانێکی ئازاد و پێشکەوتنخوازی و شارستانی دەکەن، یاساو رێسایەک بەرێوە دەچێت کە تێیدا حیجاب بەزۆر نییە، ژنان پلە دوو و کاڵا نین، جیاکاری زمان و نەتەوەو دین و تائیفی و کەمایەتی ناناسن. گومانی تیا نیە تێکەڵ بون لەگەڵ حکومەتی ئێستای سوریا، تەواوی ئەوانە دەسرێتەوە!.
عوسمانی حاجی مارف
