شیعر باران نییە، بەڵکوو تەمە.. فەریق عوسمان
کاروان عومەر کاکە سوور لە وتاری (تێپەڕاندنی خود و واقیعی باو لە ڕێی وێنەی شیعرییەوە)(١) ئاوەها دەنووسێت: ” شیعر باران نییە، بەڵکوو تەمە، کە یەکەمیان لە دڵۆپە ئاوی گەورەی قورس پێک دێت و دەکەوێتە خوارێ، بەڵام دووەمیان پێکهاتەیەکی جیاوازی هەیە، دڵۆپەکانی وردن و کێشیان سووکە، بۆیە بە هەڵواسراوی دەمێننەوە. ناگەنە خاڵی کۆتایی و بە شێوازێك دەڕەونەوە، کە ناکرێت بە ڕوونی بیانبینیت. نە سەر بە ئاسمانن و نە سەر بە زەوییش، بەڵکوو خۆیان لە بۆشاییدا شوێنی تایبەتی خۆیان پێکهێناوە. لەگەڵ ئەوەیشدا شیعر تەمێکی جیاوازە و لە خەوندا ڕوو دەدات. ناهێڵێت ئاڕاستەکەی دیاری بکەیت، بەڵکوو کۆمەڵێک ئاڕاستەی هەن و هەمیشە دەتوانیت لێکیان بدەیتەوە. تەمی شیعر بۆ ئەوە دەڕەوێتەوە، تا دیسان و بە شێوازی دی پێكبێتەوە، کە ڕەوینەوە و پێکهێنانەوە دەبنە یەك کردەی بەردەوام و بە دۆخی جیاوازجیاوازدا تێدەپەڕێت”.
ئەو وتارە کە لە ٧٢٠٩ وشە پێکهاتووە، بەشێوەیەکی ورد لایەنە جۆراوجۆرەکانی شیعری هاوچەرخی کوردی دوای (ڕاپەڕین) تاووتوێ دەکات، کە چەند هێڵێکی گشتی و سیمای ئەو نەوەیە دەخاتە ڕوو، وەك دەستپێشخەرییەك بۆ هەوڵێکی نایاب و ناوازەی تری نووسین کە لێکۆڵینەوەیە لەسەر ژمارەیەکی زۆری شاعیرانی ئەو نەوەیە، کە لە داهاتوودا دەکەونە بەر دیدی خوێنەران.
لە لایەکی ترەوە وتارێکی سەرپێیی دەربارەی ئەم هەوڵە لە لایەن (ئارام کۆشکی)(٢) لە رۆژنامەی هەولێری ژمارەی ١٥/٣/٢٠٢٦ نووسراوە، کە تەنیا لە ٥٦٨ وشە پێکهاتووەو بێ ئەوەی وتوێژی هیچ لە بیروبۆچوونەکانی کاروان کاکە سوور بکات دەربارەی شیعر، هێڵێکی ڕەش بەسەر ئەو وتارەدا دەهێنێت و بگرە بڕیاری پێشوەختە بەسەر ئەو هەوڵ ڕەخنەییەدا دەدات و تاوانباری دەکات بە درێژدادڕی بێ مانایی و کۆکردنەوەی شاعیران لە دەوری خۆی.
جا بۆ ئەوەی هەردوو بۆچوونەکە لە دیدێکی بێلایەنەی زانستیەوە لێك بدەینەوە و چەند نموونەیەك لە وتارەکان بهێنینەوە، با بەم پێشەکییە دەست پێ بکەین، تا بەرچاوڕوونی پێشکەشی تازە خوێنەران بکەین، چونکە دڵنیام خوێنەرانی شارەزا خۆیان سەرپشكن و ڕاستییەکان لایان ڕوونە.
لای ئێمە بە حوكمی درێژبوونەوەی دۆخی شپرزەیی بەڕێوەبردن، زۆر لە بوارە جۆراوجۆرەکانی ژیان ڕووبەرووی ساختەکردن بوونەتەوە، دیارە ئەمەش مۆرکی لەسەر زۆربەی سێکتەرو تەنانەت عەقڵییەت و مامەڵەی مرۆڤەکان و زانکۆ و میدیا…. جێهێشتووە، بۆ نموونە لامان سەیر نییە لە وڵاتێکدا بەرپرسی نامۆڕاڵ کە دەرمانی ئێکسپایەرو ساختە هاوردە دەکات و بەسەر نەخۆشی داماودا ساغی دەکاتەوە لە ڕێی پزیشکی بێویژدانەوە، کەس لیپرسینەوەی لەگەڵدا نەکات و ئەو بێدەنگییەش ببێتە زیاتر هاندانی ئەم کارە وێرانکەرانە.
هەر بە هەمان شێوەش، لە سیستەمی گەندەڵدا، زۆر لە ڕۆشنبیری تەزویرو ساختە سەرهەڵدەدەن و دەبنە تەواوکاری چوارچێوەی ئەو سیستەمە تۆتالیتاریایەی کە هیچ شتێك تیایدا ماناکەی لە شوێنی خۆیدا نەماوە، پێناسەی ئەو جۆرەش لە بەناو خامەبەدەست و ڕۆشنبیر؛ بەو کەسە دەگوترێ کە کەوتۆتە داوی دەستە جەمعەوەو لافوگەزافی ڕوناکبیرێتی و شارەزایی و مەعریفە لێدەدات و هیچی ئەوتۆیان لە باردا نییەو لە هیچ بوارێکی فەرهەنگیدا شارەزاییەکی تەواویان نییە، ڕۆڵیان وەکو بازرگانییەك بەکاردێنن بۆ دەسخستنی بەرژەوەندی تاکەکەسی، ژمارەیان زۆرەو پشتیوانی دەکرێن لەلایەنی سێکتەری زاڵەوەو هەر ئەوانیش بە داخەوە زاڵ بوون بەسەر گۆڕەپانی وێژەو هونەرو چاپەمەنیدا، دوور لە ئاگایی و هۆش ڕاکانیان فڕێ دەدەن، ڕاکانیان زۆرجار دوور لە راستییەو پشت بە هیچ بنەمایەکی زانستی و ئەکادیمی نابەستێت، چونکە هەمیشە بە چەواشەکاری هەڵدەستن، لە کۆتاییشدا هاوتەریبییەك دەبینرێت لە گوتاری ئەوان و دەسەڵاتەکاندا، وتەکانیان بێ بنەماو دوور لە ڕاستییە، چونکە لە ئاوی لێڵدا مەلە دەکەن، بەم شێوەیەش دەبنە هۆکاری داپۆشینی راستی و بەلاڕیدابردنی خوێنەرانی سادەبین، هەندێكجار بە هۆی ڕۆڵی نهێنییانەوەیە لە دەزگاکاندا دەبنە هەڵگری بۆچوونی هەمان لایەنی سیاسی مەبەست و ناڕاستەوخۆ بەرەنجامی کارەکانیان بەو ئاقارەدا دەشكێتەوە، ژێربەژێر کار بۆ ئەملاوئەولا دەکەن و ئەوانیش لە بەرامبەردا پشتیوانیان دەکەن لە کردنەوەی ناوەندی بە ناو ڕۆشنبیری و دەزگای چاپ و پرۆژە وەهمییەکانیاندا، ئەو جۆرە لە ڕۆشنبیری ساختە سەرێکیان هەیەو هەزار سەودا، سەریان لە چەندان کونەوە دەردەچێت، هەر لە پێناوی دەرکەوتندا ئامادەن قوربانی بە هەموو پیرۆزیەکان بدەن.
ناموێت بچمە سەر ڕۆڵی ئەو ڕۆژنامەیەی کە ئەو خامەبەدەستە بە ناوی (ئارام کۆشکی)تیایدا زوو زوو دەنووسێت و بڵاودەکاتەوە، ئەوە بەسە بڵێین کە بەپێی زانیاریەکانی وڵات_میدیا، ڕۆژنامەی هەولێر وەك دەزگایەکی ڕۆژنامەوانی هەواڵگری کاردەکەن.(٣)هەر بەڵگەشمان بۆ ئەم وتەیە ئەوەیە کە حیزبی سپۆنسەر ڕۆژنامەیەکی تری هەیە کە زمانحاڵی حیزبەکەیەتی و خۆی ناخاتە ئەو ئاستی گوتارە نزمانەی لەوێدا دەنووسرێن و بڵاودەکرێنەوەولە لایەن دەزگایەکی هەواڵگرییەوە بەڕێوە دەبرێت.
پێش ئەوەی پوختەی ڕاکانی کاروان کاکە سوور لە وتارەکەیدا بخەمە ڕوو، بزانین ئارام کۆشکی چۆن دەربارەی دەنووسێت و ئایا کە بە وڕێنەو درێژە دادڕیی لە قەڵەمی دەدات و دەڵێت هیچی نەگوتەوە وایە یان کێشەکە لە نزمی ئاستی تێگەشتنی ئارام و ڕق و کەم تواناییدایە؟ چونکە رەخنەگرتنیش تواناو لێهاتوویی و شارەزایی گەرەکە و گەر کەسێك سەلیقەی شیعری نەبێت و لێی تێنەگات چۆن دەتوانێت دەربارەی بنووسێت، بۆیە بەهرە بۆ ڕەخنەگریش خاڵێکی بنەڕەتییە. دەکرێت بپرسین: ئایا ئەو رەفزکردنەوە بێ بنەمایەی ئارام کۆشکی دەریدەبڕێت لە ئیرەیی و بێتوانایی خۆیدایە کە هەرگیز نەیتوانیوە هیچ ڕەخنەیەکی موعتەبەرو پرۆفیشناڵ بنووسێت؟ بەوەی ئێستاش ئەدەب وەك سیاسەت تەماشا دەکات و بۆیە بە ڕادیکاڵ ناوی ڕەخنەکانی خۆی دەبات، یان ئەویش وەك دیارە گا بە گونان دەناسێتەوەو ئەوشیعرەی دروشمی زەقی تێدا بێت لای ئەو گرنگەو هەمیشە سەروبنی زمانی شێرکۆ بێکەس و بەختیار عەلی ن، تا خۆی بە هەستی دەستەجەمعدا هەڵبواسێت و نەکەوێتەخوارو لەو لێشاوە پۆپۆلیزمی و جەماوەرییە دانەبڕێت، کە لە ڕاستیدا نەك ڕۆژنامەنووسیش ئەو ڕا نێگەتیڤ و نازانستیانەی نییە، بەڵکو خوێنەرێکی خراپیش ئەو بۆچوونانەی لە خوێندنەوەی نووسینەکەی کارواندا لا دروست نابێت.
ڕاکانی ئارام سەبارەت ئەو وتارەی کاروان لەم خاڵانەدا کۆ دەبێتەوە:
١- نەسیحەتنامەیەکە بۆ ئەو (شاعیران)ـە.
٢. (بێگومان بەشێکی زۆری ئەوانەی لەو لیستەدان شاعیر نین، بۆیە من شاعیران خستە نێو کەوانەوە.)
٣- دەشێ بپرسین ئەم نووسەرە ئەوروپانشینە ئامانجی چییە لە نووسینی نەسیحەتنامەیەکی لەم چەشنە بۆ ئەو لێشاوە بەناوشاعیرە، ئایا ئامانجی ئەدەبی و فیکریی هەیە و لەپێناو دۆخی شیعردایە، یان دەیەوێت گەمەیەك بکات و خۆی بەو لێشاوە شاعیرە بناسێنێت؟
٤- یەکەم سەرنج پاش خوێندنەوەی وتارەکە بۆم دروست بوو ئەوەبوو، کە وتارەکەی لەپێناو شیعر و تیۆری شیعرییدا نەنووسیوە، چونکە وتارەکە جگە لە لێشاوێك وشەی ڕیزکراو هیچ مانایەك بەرهەم ناهێنن.
٥- ئامانجێکی سەرەکی لەم وڕێنەنامەیە ئەوەیە، کە خۆی بەلێشاوێك لە بەناوشاعیری نوێ بناسێنێت و بڵێ ئەوە منم ئێوە دەخوێنمەوە و ئێوەش ئەرك بکێشن بمخوێنەوە و بەرگریشم لێبکەن، چونکە شەیداییەکی زۆری بۆدانپێدانان و گرووپگەرایی هەیە و ئامادەیی تێدایە بە سەعاتان بدوێ بەبێ ئەوەی هیچ بڵێ!
٦- هێندەی من لەم نووسەرە درێژنووسە ئەوروپانشینە تێگەیشتووم ئەو ئامانجی لە دیالۆگ سەپاندنی ڕا و زاڵکردنی هەیمەنەی خۆیەتی بەسەر ئەویتردا، نەك دۆزینەوەی خاڵی هاوبەش لەگەڵ بەرامبەردا، یان ئامانجی فراوانکردنی پێڕی خۆیەتی دژ بە نەیارەکانی، کە ئەمەش جگە لە عەقڵیەتی خێڵگەرایی سەدەکانی ناوەڕاست هیچی دیکەمان بەبیر ناهێنێتەوە.
٧- لانیکەم دە ساڵ لەمەوبەر چرای داهێنانی ئەم نووسەرە کوژاوەتەوە و ئێستا دەیەوێت ئامادەیی خۆی لەڕێی لێشاوێك لە نووسینی وتار و ڕۆمانەوە بسەلمێنێت، هەر چۆن لە “ئیستیقالەنامەکەیدا” دەیویست سەرنجی هەمووان بۆی خۆی ڕاکێشێت.
هەروەها پوختەی نووسینەکەی کاروانیش لەم خاڵانەدا کورت دەکەینەوەو بەراوردکردنی هەردوو بۆچوونەکە بۆ خوێنەرانی شەیدای ئیستاتیك و داهێنان جێ دەهێڵین و بزانن ئاستی ئەو دوو چوونە لە کوێی زەمین و ئاسمانی شیعردایەو ئەوجا خوێنەر دەبێت هەڵوێست بنوێنێت دەربارەی نووسەری ساختەو هەر دەبێت بایکۆت بکرێن تا چی دی جوانییەکانی ئەدەب ناشرین نەکرێن و نەوەیەکی خوار بەو بیروبۆچوونە سەقەتانە دروست نەبێت.
- کاروان هەندێک خاڵی گرنگ و جەوهەریی دەربارەی شیعری ئەو نەوەیەو توخمەکانی پێکهاتەی شیعر ئاوها دەنووسێت، کە کارێکی زۆر گرنگەو ماندووبوونێکی زۆری لە پشتەو هیوای سەرکەوتنی بۆ دەخوازم:
١- شیعری نوێی ئەم نەوەیە ڕووبەڕووی ئەو حەپەسانە دەبێتەوە. ئامانجی ڕووبەڕووبوونەوەکە ڕەواندنەوەی ئەو حەپەسانە نییە، بەڵکوو دەیەوێت قووڵتری بکاتەوە. (ژان لۆک نانسی)ی فیلۆسۆف و ڕەخنەدۆزی فرانسی لە کتێبی (بەرگریی شیعردا) پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت، کە شیعر خەسڵەتی نەگەتیڤانەی هەیە، بگرە پێی وایە هەر خۆی نەگەتیڤە، چونکێ خاوەنی هێزی ڕەتکردنەوەیە و ناهێڵێت بگاتە مانا، کە هەر شتێکی وەک ڕێگە، ڕێڕەو و هی دیکە بە لاوە دەنێت، بۆیە مێژووی شیعر مێژووی ڕەتکردنەوەی بەردەوامە لەوەی بە هەر ژانرێکی ترەوە پێوەست بکرێت. شیعر دەگاتە قەراغی مانا، نەوەک مانا خۆی.
٢- بەگشتی شاعیرانی نەوەی ڕاپەڕین بایەخێکی گەورە بە خود دەدەن، بەو مانایەی خود دەکرێتە چەق و هەموو شتەکانی بە دەوردا دەخولێنەوە، ئەگەر شیعری ئەم نەوەیە وەک هیی نەوەی ڕاپەڕین هێندەی بایەخ پێ نادرێت، ئەوە بەشێکی پێوەندیی بەوەوە هەیە، کە لە ئاماژە پێکهاتووە و ڕەخنەی میلـلی لە ئاست خوێندنەوەیدا دەستەوستانە.
٣- توخمی ڕازاندنەوە لە شیعری ئەم نەوەیەدا گوم دەبێت و مێتافۆر شوێنی دەگرێتەوە، کە ئەو توخمە لە بەردەم ڕاڤە جیاوازەکاندا کراوەیە. لای نەوەی ڕاپەڕین دەق ڕووبەرێکی سنووردارە و هی نووسەرە، کە لە ڕێی زمانێکی ڕوونەوە خوێنەر بانگهێشتی ئەو شوێنە دەکرێت، بۆیە لەو چوارچێوەیەدا ماناکان وەردەگرێت، بەڵام لەم نەوە نوێیەدا دەق نەک ڕووبەرێکی بێلایەنە، بەڵکوو لە ڕێی دایەڵۆگەوە پێک دەهێنرێت، کە ئەو دایەڵۆگە هەم لەگەڵ شاعیر، هەم لەگەڵ دەق و هەم لەگەڵ خوێنەریشە، بگرە دایەڵۆگ هەرسێکیان لە ڕووبەرێکی نافیزیکی دا پێک دەگەیەنێت.
٤- هیچ سەردەمێکی ترمان نییە هێندەی سەردەمی نەوەی ڕاپەڕین تێیدا نووسەران بە گشتی هەوڵی بەدەستهێنانی ڕەزامەندیی جەماوەریان دابێت، بۆیە سنووری زمانی ڕۆژانە و هی نووسین سڕاوەتەوە، بەو مانایەی نووسین نەک هەر هەوڵی بەرهەمهێنانی جیاوازیی نەداوە، وەک ئەوەی (دێریدا) پێی لەسەر دادەگرێت، بەڵکوو ویستوویەتی ئەو جیاوازییانەیش نەهێڵێت، کە بە سروشتی خۆیان هەن و پێوەندییان بە خەسڵەتی کردەی نووسینەوە هەیە.
٥- گەشەکردنی هەر دەنگێکی ئەم نەوەیە پێوەستە بە هێزی دایەڵۆگەوە. دایەلۆگ خوێندنەوەیە، وەک چۆن ڕوانین و ڕاڤەیشە. کردەی سووتاندنی هۆشیاری و داڕشتنەوەیەتی لە ئاستێکی تردا، پشکنینی خود و هەموو ئەوانەیشە، کە پێکیان هێناوە، بۆیە هاوکات تێپەڕاندنی ئاستی تێگەیشتنی باوی کۆمەڵگەیە.
٦- لە شاعیرانی نەوەی ڕاپەڕینەوە هەیە، دروستتر ئەو هەرەمەی هەڵچنراوە و لووتکەکەی بە شاعیرێک دراوە، تا ئەوانەی دی بخرێنە بنکەکەیەوە، وای کردووە دەنگی نوێ ڕێی دەرکەوتنی لێ بگیرێت، یان لە چاکترین حاڵدا بخرێتە پەراوێزەوە. ئەو هەرەمە دەوری بە ڕەخنەگری میلـلی تەنراوە و کەناڵەکانی ڕاگەیاندنی بۆ خراونەتە گەڕ، بۆ ئەوەی بەرگری لە مانەوەی شێوازەکەی بکرێت، دەستیان بەسەر چاپ و بڵاوکردنەوەدا گرتوون، کە بە ئاسانی بەرهەمیان دەخەنە بازاڕەوە، لە کاتێکدا شاعیرانی ئەم نەوەیە بەوەدا خاوەنی ئەو سەرمایە کۆمەڵایەتی و سیمبۆڵییە نین، ئەوە بە زەحمەت دەنگیان دەگاتە خوێنەر.
سەرچاوەکان:
wllatmedia.com/2023/04/8417/١-
hawlerweb.net/adab/2026/03/133426/٢-
jineftin.krd/2026/02/14/٣- تێپەڕاندنی-خود-و-واقیعی-باو-لە-ڕێی-وێنە
