Skip to Content

“”مه‌رگ چاوی شینە خه‌ڵكی ئەڵمانیایە””.. ئازاد حەمە

“”مه‌رگ چاوی شینە خه‌ڵكی ئەڵمانیایە””.. ئازاد حەمە

Closed
by ئازار 23, 2026 General, Literature

دەربڕینی””مه‌رگ چاوی شینە خه‌ڵكی ئەڵمانیایە”” بێچووی ئەو دەربڕینە شیعرییەی پۆل سێلانە کە بەمجۆرەیە:””مه‌رگ وەستایەکە خه‌ڵكی ئەڵمانیایە””. گوزارەی””مه‌رگ وەستایەکە خه‌ڵكی ئەڵمانیایە”” گوزارەیەکی هۆنراوەی Todesfuge ی سێلانە، کە نوێنەرایەتی مەرگ دەکات. ئەڵبەتە مەرگێک، کە بەچاوانی خۆت بیبینیت، کە بەدەست چاوشینە ئەڵمانییەکانەوە (نازییەکان) چیی بەسەردێت. مەرگهێنەرەکە بۆ سێلان ئەڵمانییە و چاویشی شین شینە. ئەم لەگەڵ ئەم چاوشینە وەستایە لە کوشتن دیرۆکێکی بریناویی هەیە.
هۆنراوەی ناوبراو هۆنراوەیەکی ئەڵمانی زمانە، بە پڕ قوڵترین و بەرچاوترین هۆنراوەی پۆل سێلان دەناسرێت. لێرەوە سێلان دەستکاری زمانی شیعری ئەڵمانی/رۆژئاوایی پاش جەنگیی کرد. زمانی شیعریی پێش قەتڵوعامی جوولەکەکان(هۆلۆکۆست) و زمانی شیعریی پاش قەتڵوعامەکە دوو ناسنامەی شیعریی جودایان هەیە.
ئەم کۆپلە شیعرییە و باقی هۆنراوەکانی تری سێلان برینی لێدەتکێ. بۆیە گەر بمانەوێ لە پەیوەندی نێوان برین و شیعر تێبگەین باشترە بچینە برینستان، بۆ لای هۆنراوە برینئامێزەکانی پۆل سێلان، ئەو شاعیرە ئەڵمانینووسە هاوچەرخەی، کە هۆنراوەکانی، بۆ بیریارانی ڕۆژئاوا (بادیۆ، دێریدا، بلانشۆ، گادامێر و….) بەهەق ئازارپرژێنبوونە. بۆ زۆربەی فەیلەسوفانیش پۆل سێلان “”بە شیعرە چڕ و ڕاڤەئامێزەکانی ناسراوە، کە زۆرجار بەدواداچوون بۆ بابەتەکانی زەبر و زەنگ و یادەوەری و پاشهاتەکانی هۆلۆکۆستی کردووە””.
تاڵیی ئەم دێڕە هۆنراوەیەی سێلان(“تانگۆی مەرگ”)لەوەدایە کە لە سەردەمی نازییەکان، لە زۆربەی کەمپەکانی ئەشکەنجەدان و لەسێدارەدان، بەندکراوەکان ناچارکراون موزیک بژەنن لە کاتێکدا هەندێکی تر گۆڕ هەڵدەکەنن. ئەم دۆخە مۆسیقای مەرگاویی لەگەڵ خۆی دێنێت؛ مۆسیقاکە بەدەم مەرگەوە دەژەنرێت و ڕیتمی ئەو ژینگە مەرگاوییە لەخۆیدا بەرجەستەدەکات نازییەکان ئوستازەکەین(ماستەر master)، کە بنەما شیعرییەکەی ئەم گوزارەیە یاخییانە و بێکۆتایە. بێکۆتایبوون لە گەرووی سێلان بە هەق بێکۆتایە و توخمی ئازارچەشتنەکەیەتی. گەرووی وی جێی یاریی مەجازی تیانابێتەوە و تاپێشیکرابێت لەناو شیعرا ژیانی دۆزیوەتەوە و ڕەش ڕەشیش ڕوانیویەتە شتەکان. ناڕوونی لە شیعرەکانی سێلان، بەم گوزارەیەشەوە(مه‌رگ وەستایەکە خه‌ڵكی ئەڵمانیایە)، جوانییەکی بە شیعرەکان بەخشیوە کە خۆیانن، بەرهەمی گەروویەکی ڕاستەقینەی تەنگەتاو و بیمارن. دۆزەخی هۆلۆکۆست بۆ سێلان شیعرهێنەربووە، منداڵدانی راستگۆیی بووە لە شیعرا.
لەم گوزارە سێلانیەدا کە””مه‌رگ وەستایەکە خه‌ڵكی ئەڵمانیایە””،ئەوەش تێدەگەین چاوشین، کە ئەڵمانییە داهێنان لە مەرگی ئەوی تری جوولەکەدا دەکات. ئەم دێڕە شیعرییە لە دەقەکەدا چوارجار دووبارەدەبێتەوە. بەواتایەکی دیکە،ئەو چاو شینەی خه‌ڵكی ئەڵمانیایە، بۆ سێلان، لە مەرگ بەرپرسیارە؛ مەرگ بەسەر بەندکراوەکانا وەک نان دابەشدەکات.
لە هۆنراوەی ناوبراودا، دوانەیی زمان/هزر، شیعر/ هزر کاری خۆی بەهێمنییەکی ڕەشهەڵگەڕاو دەکات. هەر ئەو پێکەوەجووتبوونەشە کە دواتر وادەکات زمان/هزر، شیعر/هزر لای سێلان ئەو شێوازە شیعرییە پڕپڕ ڕەشاییانە وەرگرێت، کە ئاقاری شیعریی پاش هۆلۆکۆستی گۆڕی. ئەمە وایکرد سێلان بە ڕوانگە شیعرییە ئازاراوییەکانی ئەو تێگەیشتنە بۆ شیعر لە مێشکیی فەلسەفیی بیریارانی رۆژئاوایی بسڕێتەوە کە گوایە پاش هۆلۆکۆست شیعر ئاوابووە:”دوای ئاوشڤیتز Auschwitz ناتوانرێت شیعر هەبێت”،گوتنە ناسراوەکەی ئادۆرنۆیە، بیرمەندە دیارەکەی قوتابخانەی فرانکفۆرت،کە رۆژئاواییەکانی تا ساڵانێ ماتکرد. باشە بۆ واگوترا؟چونکە بیرمەندانی رۆژئاوا پێیانوابوو مێتافۆری شیعریی ناکارێت ئەو کوشتار و مەینەتیانە بگوازێتەوە ملیۆنەها لە ئۆردوگاکانی نازیەکان ڕووبەڕوویی ببوونەوە. کەچی وانەبوو، سێلان توانی بە هۆنراوە وەرچەرخێنەرە ڕاڤەئاساکانی بکەوێتەوێزەی زمانی شیعریی پاش هۆلۆکۆست. هۆنراوەی Todesfugeی سێلان و هۆنراوەکانی دواتریشی شایەتحاڵی ئەو وەرچەرخانە شیعریەن، کە قاسەی نهێنی بەختەوەرییە ڕەشەکان واڵادەکات؛ ئەو بەختەوەریانەی دوور ڕۆشتن و ئیدی نەگەڕانەوە. کەواتە هۆنراوەکانی سێلان بەڵگەن لەسەر هاتنی “چاخی شیعر”ی پاش مەحاڵبوون.
سەرئەنجام ئەوەش دەڵێین کە یاری زارەکیی لە شیعری نوێی کوردیمان دەبێت بگۆڕدرێت. چونکە ئێمەش هۆلۆکۆست و چاو قاوەیی و چاو ڕەشیی خۆمانمان هەیە و برینستانی پاش ئەو هۆلۆکۆستەش تا چەندین سەدە لە ویژدانمانا دەنگدەداتەوە. بۆئەوەی ئەم ویژدانە ڕاچڵەکاندنی شیعریی/ جوانکاریی/ زمانەوانیی دروستکات پێموایە، شیعری هەنووکەی کوردی پێویستی بەوەیە خۆی بخاتە بەردەم چارەنووسی نادیاریی زمانەوە و هاوکێشەی زمان/هزر و شیعر/هزر باڵ بکێشێت بەسەر ئەو چارەنووسەدا. ئەگەر شیعری تازەمان ئەوەی پێنەکرێت ئەوا بەتەنها دەمێنێتەوە لە دوورگەی یاریی بە وشە؛ دوورگەیەک بۆ ئەوانە داڵدەیە کە لەسەر شیعری هزرهەژار دەژین؛ کە ئەوەش ڕاچڵەکان لە وێنە و جوانیسازیدا دروستناکا. ئیدی ئەمەش وادەکات شیعر پەکیبکەوێت، لەگەڵ کاتیشا وامانلێدێت بێ شیعرییمان پێوەدیاربێت.
دڵشكاوانە دەڵێم: لە سەرووی هەمووشیانەوە، لە وەها ڕۆژگارێكدا، کە تاسەر ئێسک تاکی کورد لێوانلێوە لە گشت جۆرەکانی گرفت ناکرێ شیعر بە مێتافۆری سادە و بێتام خۆیپەروەردەکا، ڕۆچێتە ناو شتی بینراو و باسکراوەوە؛ دەقی شیعریی بێئاگا بشعرێنرێت و داواشمانلێکات بیخوێنینەوە/ گوێیلێگرین. ئێمە هەروەک پۆل سێلان خەڵکی برینستانین، بەم شیعرە ساکار و سەرپێیانە ساڕێژنابین؛ لە وشەسازییەکانی ئەم شیعرەدا هیوایەک بۆ خۆتیمارکردن لە بەدبەختییە بووناوییەکانمان نابینینەوە.
بۆ زۆرتر ڕوونکردنەوەی ئەوەی لای سەرەوە گوترا، لێرەدا بە پەژارەییەوە دەڵێم: هەوادارانی شیعری کوردی لە کەمبوونەوەیەکی زۆردان، نەک لەبەر گۆڕانکارییە بووناوییەکانی ژێرسایەی تەکنەلۆژیای زانیاریی بەڵکو لەبەر بێ سەلیقەیی و ناروناکبیریی زۆرێک لە دەقە شیعرییەکان. لەڕاستیدا واپێویستیدەکرد دەقە شیعرییەکان، لەبەر جۆراوجۆربوونی قەیرانە کەسییەکانی تاکی کورد کار لەسەر گەڕانەوەی لەبیرکراو و ونبووەکان بکا کەچی سەرقاڵە بە یاری بە وێنەی شیعریی بێ چێژ و ناپێویستەوە. بۆئەوەی ئەمە نەکرێت شاعیری نوێی ئێستامان پێویستی بە بیرتیژی و قوڵبیرکردنەوەیە. جا ئەمە ئێستا شیاوە؟
سەرنج:
ئەم گوزارە شیعرییە دێڕێکی هۆنراوەی Todesfuge ی شاعیری فەرەنسی پۆل سێلان Paul Celan ە ، کە بەمجۆرەیە: “”مه‌رگ وەستایەکە خه‌ڵكی ئەڵمانیایە””.
Death is a master from Germany
der Tod ist ein Meister aus Deutschland
هۆنراوەی Todesfuge لە دوو وشە پێکدێت، Tod واتە مەرگ و Fuge. لە زۆربەی زمانەکان وشەی fuge هەروەک دەقە ئەلمانییەکە وەک خۆی دانراوە و تەنها وشەی مەرگ وەرگێڕدراوە. سێلان بەڕەچەڵەک رۆمانیەکی جوولەکەی ئەڵمانی زمان بووە، وشەی fuge ڕۆمانییە، لە زمانی رۆمانی بە (هەڵاتن) دێت، وەکیتر بە وشەی (ئاواز)یش دێت. شایانی باسە، سێلان هۆنراوەکەی بە ئەڵمانی لە 1945 دا نووسیوە و ناوی Todesfugeی لێناوە، دواتر هاوڕێیەکی بەناوی Petre Solomon وەریگێڕاوەتە سەر زمانی رۆمانی و ناویناوە “”تانگۆی مەرگ”” و لە 2 ی ئایاری 1947 لە گۆڤارێکی رۆمانی بڵاوکراوەتەوە .دواتر سێلان لە 1948 دا بە زمانی ئەڵمانی و بە هەمان ناوە ئەڵمانیەکە Todesfuge بڵاویکردوەتەوە.
لەبەر جوولەکەبوون خێزانی سێلان لە دەمی نازیەکان دەکەونە ئۆردوگا زۆرەملێکان و پاش ماوەیەک باوکی دەمرێ و دواتر دایکی بەدەستڕێژی گوولە لەلایەن نازییەکانەوە دەکوژرێت. دوایئەوەی ئۆردوگاکە دەکەوێتە دەستی لەشکری سووری سۆڤیەتی جارانەوە سێلان دەربازی دەبێت و لەگەڵ کات بەرەو پاریس دەڕوا بۆ ژیانکردن و کاری نووسین. برینی ئەو ڕۆژانە لەگەڵ سێلان دەژی تا لە 21 ی نیسانی 1970 ، کە لەسەر پردی میرابۆ Mirabeau خۆی هەڵدەداتە ناو دەریای سێن Seine لە پاریس و کۆتای بە برینەکانی دێنێ.

ئازاد حەمە
پرۆفیسۆر لە فەلسەفە لە زانکۆی سلێمانی

mm

دکتۆر ئازاد حەمە وانەبێژ بە بڕوانامەی دکتۆرا لە فەلسەفە( فەلسەفەی کۆمەڵایەتی و فەلسەفەی مێژوویی)، وانەوتنەوە لە قوتابخانەی پەروەردەی بنەڕەتی لە زانکۆی سلێمانی.

Previous
Next