مارکس و پرسی مۆڕاڵ.. ئەکرەم سەعید
( قانوون، ئەخلاق، مەزهەب لەچاو ئەوەوە کۆمەڵێک پێشداوەری بۆرژوازیین کە کۆڵێک قازانج و مەسڵەحەتی بۆرژوازی لە پشتیانەوە حەشاردراوە.)- مارکس و ئەنگڵس/ مانیفێستی کۆمۆنیست/ لاپەڕە ۲۳.
”مایکل ڕۆزن” پرسیارێک دەکات: ئایا مارکس ڕەهەندێکی ئەخلاقی یان تیۆرێکی ئەخلاقی هەیە؟. بەڕای مایکل پرسی مۆڕاڵ یەکێکە لە مشتومڕترین پرسەکانی مارکس. ئەم پرسەش بۆیە سەختە، چونکە مارکس لەلایەک لەبارەی ئەخلاقەوە بڕوای بە مافی نەرێنی هەیە (مافی نەرێنی مافی مەدەنی وسیاسی لەخۆدەگرێ: وەک ئازادی ڕادەربڕین، مافی ژیان، خاوەندارێتی تاکەکەسی، ئازادی ئایین، دادوەری دادپەروەرانە)، بەڵام لە دوای ساڵی ١٨٤٥ مارکس دووپاتی دەکاتەوە کە تیۆریەکەی؛ تیۆرێکی یۆتۆپیای یان ئەخلاقی نییە، بەڵکو “زانستێکی ئەرێنی ڕاستەقینە”یە (مافی ئەرێنی- مافە ئابووری وکۆمەڵایەتی وکولتوورییەکانە:وەک خۆراک، نیشتەجێبوون، پەروەردەی گشتی، دامەزراندن، خزمەتی تەندروستی، ئاسایشی کۆمەڵایەتی)، بەڵام لەلایەکی دیکەوە بەشێکی زۆری ئەو زمانەی کە بۆ وەسفکردنی سەرمایەداری بەکاری دەهێنێت بە ئاشکرا ئیدانەکردنە (بۆ نموونە کە دژایەتی ستەمکاری و چەوسانەوە دەکات). ئایا ئەمە نوێنەرایەتی ناتەبایی لە فکری مارکسدا ناکات؟ ئایا ئەمە لەیەک کاتدا ئەخلاق و ڕەتکردنەوەی ئەخلاق نییە؟.
نۆرمان گێراس لە نامیلکەکەیدا “مشتومڕ لەسەر مارکس و دادپەروەری” نووسیبووی:(مارکس لە کتێبی “ڕەخنە لە بەرنامەی گۆتا”دا دەڵێت:”دابەشکردنی دادپەروەرانە” چییە؟ ئایا بۆرژوازی بانگەشەی ئەوە ناکات کە دابەشکردنی ئێستا “دادپەروەرانەیە”؟وە ئایا لە ڕاستیدا تاکە دابەشکردنی”دادپەروەرانە”نییە لەسەر بنەمای شێوازی بەرهەمهێنانی ئێستا؟ ئایا بارودۆخی ئابووری بە چەمکی یاسایی ڕێکدەخرێت؟ ئایا بە پێچەوانەوە نییە کە پەیوەندییە یاساییەکان لە پەیوەندییە ئابوورییەکانەوە سەرهەڵدەدەن؟ ئایا سۆسیالیستەکانیش بیرۆکەی جیاوازیان نییە سەبارەت بە دابەشکردنی “دادپەروەرانە”؟).
بەڕای من ئەو پرسیارانە دروستن، بەڵام ئەوکات وەڵام وەردەگرێتەوە کاتێ تەواوی تیۆری مارکس لە شرۆڤەی بۆ کۆمەڵگەی سەرمایەداری دراسە بکرێ. لەو دوو کۆپلە قسانەی سەرەوە ئالۆزی باسەکان و هەڵوێستەکان لەسەر دیاردەکان لە کۆمەڵگەی سەرمایەداریدا پیشان دەدات. ئالۆزی پرسەکان دەگەڕێتەوە بۆ ئاڵۆزی کۆمەڵگەی سەرمایەداری خۆی، چونکە کۆمەڵگەێکی ڵنگەوقوچە و ناکۆکی تێدایە، بۆ نموونە:هەندێک لە چمکەکان ئەوە پیشان دەدەن کە”چاکە و دادپەروەری” تەنیا سیفەتی نەرێنین، بەڵام لە کۆمەڵگەی سەرمایەداریدا ”چاکە و دادپەروەری” لە بنەڕەتدا تەنها سیفەتی نەرێنی یان ئەرێنی نین، بەڵکە لە خزمەتی پاراستن و بەردەوامی سیستەمەکەن. هەروەها “کۆمەڵگەی یەک کەلتووری یان فرە کەلتووری” هیچکامیان لە ناوەڕۆکدا باسێک نییە لە پێشکەوتووخوازی یان ئازادی و دادپەروەری، بەڵکە هەردووک هزر و سیاسەتی بۆرژوازین، وە لە خزمەتی پاراستنی سیستەمی سەرمایەدارین. بێگومان پرسەکانی وەک:(ژینگە، ژنان، ئازادی ڕادەربڕین، مافی کەمایەتییەکان، مافی نەتەوە ژێردەستەکان، مافی کۆمەڵگەی میم) پرسێکی سەروچینایەتی و مافی ئەبستراکت نین، بەڵکە ئەم پرسانە بەرژەوەندی سیستەمی سەرمایەداری و ئەجەندای چینی بۆرژوازی لە پشتیانە.
ڕەخنەکانی مارکس لە کۆمەڵگەی بۆرژوازی بە شێوەیەکی تایبەت پەیوەستە بە نامۆیی بوونی ئینسانەکان؛ سروشتی مرۆڤ لەناو پەیوەندییە کۆمەڵایەتییە بۆرژوازییەکاندا چەقبەستووەو شێواوە. ئەمە یەکەمجار ئەوە دەگەیەنێت کە مرۆڤ سروشتی نییە و بە ناچاری بەدیهاتووەو تەنیا سروشتێکی پۆتانسێلە. مارکس سەرمایەداری بەوە لەکەدار دەکات کە ڕێ لە مرۆڤەکان دەگرێ لە بەدیهێنانی سروشتی مرۆیی خۆیان؛ مرۆڤەکان بە ڕای مارکس لە سایەی سەرمایەداریدا گەشەکردنیان وەستاوەو گرگن دەکرێن- بڕوانە کتێبی (ئیدۆلۆژیای ئەڵەمانی).
تیۆری مارکس هەم ئەزموونییە و هەم نۆرماتیڤە، کەوابێ شتێک نییە لە کۆمەڵگەی چینایەتی سەرمایەداریدا ناوی(سروشتی مرۆڤی ڕاستەقینە)بێ، بەڵکە سروشتی ڕاستەقینەی مرۆیی بە کۆتایی پێهێنانی کۆمەڵگەی سەرمایەداری دەبێ بەدی بهێنرێت، یانی بە کۆتایی پێهێنانی مێژووی درندەیی و دەستپێکردنی مێژووی ڕاستەقینەی ئینسانی لە کۆمەڵگەی سۆسیالیسمەوە بەدواوە دەتوانرێ سروشتی مرۆڤی ڕاستەقینە بناسرێ. بەم پێیە بەتایبەتی جۆرە جەدەلێک لەسەر مافی (هاوڕەگەزخوازەکان، جەندەر) بە پشتگیری یان دژی، پەیوەندی بە مافی سروشتی مرۆڤەوە نییە، بەڵکە ئەوە بۆ خۆی مافێکە لە چوارچێوەی کۆمەڵگەی بۆرژوازییەوە تاوتوێ دەکرێ. مارکس لە دراسەی بۆ کۆمەڵگەی سەرمایەداری جەخت لەسەر کارەکتەری چینایەتی ماف و ئەخلاق دەکاتەوە، ئەخلاقی بۆرژوازی؛ جەختکردنە لەسەر ڕێزگرتن لە موڵک و ماڵ، قبوڵکردنی دەسەڵات و ڕازیبوون بە نایەکسانی سامان و دەسەڵات، ئەمە خزمەت بە ئەرکی پاراستنی بارودۆخی زاڵبوون و کۆنترۆڵکردنی چینایەتی دەکات. ئەمە چۆن بەدی دێت؟ بۆرژوازەکان و کۆمەڵگەی سەرمایەداری دەیەوێت بە هەلومەرجی بابەتی یان هزر شەرعیەت بەوە بدات کە ئێمە/ واتە مرۆڤەکان جیاوازین بەڵام یەکسانین، شوناس و حەزەکان و ڕەنگمان جیاوازە بەڵام لەبەرامبەر یاسا یەکسانین. لێرەدا بەشێوەێکی ناڕاستەخۆ نایەکسانی چینایەتی شەرعیەت وەردەگرێ، ئەمە فۆرمی پاراستنی سیستەمی سەرمایەدارییە.
- ڕەخنەکانی مارکس بەرامبەر بە ”مافەکان”
ڕەخنەکانی مارکس بەرامبەر بە”مافەکان” زیاتر لە سەرنجەکانی جاڕنامەی مافەکانی مرۆڤ (١٧٩١)و هاوڵاتیدا ڕوون دەبێتەوە، کە لە وتارەکەیدا”لەبارەی پرسی جوولەکەکان”دا لە ساڵی ١٨٤٣نووسراوە. مارکس لەوێدا ڕەخنەی خۆی لە بیرۆکەی مافەکانی مرۆڤ بەگشتی دەخاتەڕوو: (ئەو مافانەی کە پێیان دەوترێت مافەکانی مرۆڤ، بەسادەیی مافی ئەندامی کۆمەڵگەی مەدەنییە، واتە مافی مرۆڤی ئیگۆیست، مافی مرۆڤی گۆشەگیر لە مرۆڤەکانی دیکە وکۆمەڵگە).
ناڕەزایەتی مارکس لێرەدا لەو ناڕەزایەتیانە دەچێت کە پێشتر لە کتێبی ڕەخنەی فەلسەفەی مافی هیگڵدا نووسیوویەتی. ئەو مافانەی کە لە کایەی سیاسیدا دابڕانی تاکەکان لە یەکتر مسۆگەر دەکەن، کە ئەوە بۆ خۆی تایبەتمەندی نامۆبوونی ئابووری سەرمایەدارییە. سەرنجەکانی مارکس لەسەر مافەکان دیسانەوە ئەوە دووپات دەکەنەوە کە ئەم جۆرە مافانە پێشگریمانە لە “ئیگۆیزم/ ئەنانیەتی”ی ئەو تاکانە دەکەن کە ئازادییان گەرەنتی دەکرێت: ( [ماف و ئازاد]ی مرۆڤ لەسەر بنەمای پەیوەندی مرۆڤ لەگەڵ مرۆڤدا نییە، بەڵکو لەسەر جیابوونەوەی مرۆڤ لە مرۆڤ دامەزراوە.). - پاڵپێوهنهری کاری چاکه و فهزیلهت
لای مرۆڤێکی خاوهن بڕوای ئایینی، پاڵپێونهری کاری چاکه و فهزیلهت ترسه له سزای خودایهک یان بۆ وهرگرتنی پاداشتێکی ئاسمانییه، واته گهمهی قامچی و گوێزهر، بۆیه پاڵپێوهنهرهکانی بڕواکهران تهواو خۆویستی (ئهنانیهتی) ڕووته. بهڵام پاڵپێوهنهری چاکه و فهزیلهت لای کهسێکی سۆشیالیست بەدیهێنان و بەرجەستەکردنی ئینسانی خودی خۆیەتی، واته ههستکردنی به مرۆڤایهتی خۆیهتی. له ههردوو حاڵهتهکهدا پاڵپێوهنهرهکان بۆته عهقیده و ههڵقوڵاوی ناخیانه، له یهکهمیان خۆویستێکی ڕووته، ئەما بۆ دووهم مرۆڤ دۆستی حهقیقهتی ڕووته. چونکه که سۆشیالیستێک چاکه دهکات و گیانی خۆی بهخت دهکات، ئهو له ترسی سزای خوایهک ئهمه ناکات و سووریش دهزانێ بهههشتێ له ئاسمان چاوهڕێی ناکات. یانی کهسی سۆشیالیست یاخییهکی ڕههایه و چوارچێوهی گهمهی”قهمچی و گوێزهر”ی تێکشکاندووهو لێی دهربازبووهو بۆته جهنگاوهرێکی سهرسهخت بۆ حهقیقهت. جهنگاوهرانێکی لەو چەشنە سیستمی سهرمایهداری لێیان دهترسێ، چونکه پراگماتیزمی و دبلۆماسی و مساوهمهچی نین، و له خهباتیان دژی سیستمهکه به کهمتر له ڕماندنی و لهنێوبردنی قایل نابن.
وتمان پاڵنەری ئەخلاقی نوخبە و کەسانی هۆشیاری سۆسیالیستی (ڕزگارکردنی چینی کرێکارانە لە چەوسانەوەی سەرمایەداری و دیفاعکردنە لە چەوساوەکان و ڕزگارکردنی ئینسانەکانە لە چەوسانەوە)، ”بەرگری لە مافی ئینسانە بەشخوراوەکان و وەستانەوە دژی چەوسانەوەی ئینسان” پرنسیپێکی مەزنی ئەخلاقی سۆسیالیستەکانە، ئەما پاڵنەری ئەخلاقی چینی کرێکاران لەسەرەتادا تەنها(داواکاری ئابووری ڕووتە/ مافی ئەرێنی ئابوورییە)، چونکە چینی کرێکاران تا ئەو کاتەی هێشتا سۆسیالیست نین؛ واتە هۆشیارو ڕێکخراو نەکراون، تەنها بیر لە مافە ئابووریەکانی خۆی دەکاتەوە، یانی پاڵنەرێکی ئەنانی/ خۆویستی هەیە وەک: داواکاری زیادکردنی کرێ یان باشترکردنی ژینگەی کارو کاتی کار.
بۆیە کاتێ ئەحزابەکان بانگەوازی چینی کرێکاران دەکەن بۆ دیفاکردن لە (مافە نەرێنیەکانی گروپەکانی کۆمەڵگە/ کە بێگومان مافە لیبڕاڵەکانن) ئەوە تەنها لایەنگرانی وەک ئەفراد لە چینی کرێکارانەوە بە دەنگیانەوە دەچێ نەک کرێکاران وەک چینێک. لێرەوە چەپەکانیش ناچار دەبن بۆ پرس و مافە نەرێنیەکان وەک پۆپۆلیست ڕووبکەنە (خەڵک، جەماوەر) بەگشتی. کەواتە بانگەوازەکە بەم جۆرەی لێدێ:(خەڵکینە وەرن با هەڵواسراوی سیاسی کوردستان چارەسەرکەین. جەماوەری پێشکەوتوخواز وەرن با دەوڵەتی سیکولار دامەزرێنین. جەماوەری ئازادیخواز با دیفاع لە: مافی ژنان، کۆمەڵگەی میم، ئازادی ڕادەربڕین وڕۆشنبیران،، هتد، بکەین.). کەی سۆسیالیستەکان و چینی کرێکاران توانیان خەباتیان بۆ(مافە نەرێنی و مافە ئەرێنیەکان بە دەربڕینێکی چڕتر: مافە مەدەنییەکان و مافە ئابوورییەکان) بەیەکەوە ببەستنەوە، بەمەرجێ ئەو خەباتە لە خزمەت ئامانجی کۆتایی پێهێنانی پێکهاتی ئابووری و سیاسی سەرمایەداری بێ، ئەوکات دەتوانین بڵێن بزووتنەوەی سۆسیالیستی و بزووتنەوەی چینی کرێکاران پەیوەست بوون بە یەکترو بوونەتە یەک بزووتنەوەی مێژووی مەزن بە ئامانجی دامەزراندنی پێکهاتی ئابووری و سیاسی سۆسیالیستی، دەنا بێ ئەو پەیوەستگرتنە بە یەکتر و بە فەرامۆشکردنی ئەو مەرجەی خەباتەی سەرەوە، ئیدی ئەوە تەنها وەهم و خۆفریودانە، و بزووتنەوەی جۆراوجۆری بۆرژوازییە بەناوی سۆسیالیستی و چینی کرێکارانەوە.
سوود لەم سەرچاوانە وەرگیراوە:
۱/ نۆرمان گێراس: مشتومڕ لەسەر مارکس و دادپەروەری.
۲ / ئی . پرێۆبراژێنسکی: ئەخلاق و نۆرمەکانی چینایەتی.
۳/ مایکل ڕۆزن: ڕەخنەی مارکسیستی لە ئەخلاق و تیۆری ئایدۆلۆژیا.
