Skip to Content

بەبۆنەی ١٢٨ ساڵەی ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردی.. فەرەیدوون سامان*

بەبۆنەی ١٢٨ ساڵەی ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردی.. فەرەیدوون سامان*

Closed
by نیسان 26, 2026 General, Opinion, زمان

ڕۆڵی سۆشیالمیدیا لە گەشەپێدانی زمانی کوردیدا

یەکێک لە کۆڵەگە گرنگ و بنەڕەتییەکانی ڕۆژنامەگەریی کوردی زمانی کوردی بووە، چونکە هەر لە ڕێگەی ئەو زمان شیرینەوە نەتەوەی کورد پەیامی دۆزە ڕەواکەی بە دنیا گەیاند، هەر لەو ڕێبازە پیرۆزەشدا بە سەدان قور بانی بەخشی، تا دەگات بەوەی لە دەستووری عێراقدا لە ساڵی ٢٠٠٦ وەک هاوتای زمانی عەرەبی ددانی پێدانرا، لە پەرلەمانی کوردستاندا لە تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠١٤ زمانی کوردی بە زمانی فەرمی لە هەرێمی کوردستان بڕیاری لەسەردرا، هاوکات لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقیشدا لە شوباتی ٢٠١٤ لە پاڵ زمانی عەرەبی لەسەر ئاستی عیراقدا زمانی کوردی بە فەرمی ناسێنرا، زمانی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی ناڤیندا دوای زمانەکانی عەرەبی و فارسی و تورکی پلەی زمانی چوارەمینی وەرگرتووە.
ئەو قۆناغە سیاسییەی كە لە باشووری كوردستاندا هەیە، بێگومان ڕۆڵی یەكجار زۆری لە پەرەپێدانی فەرهەنگ و كەلتووری كوردی و بەتایبەت لە بواری ڕاگەیاندن و سۆشیالمیادا هەیە، وێڕای كۆمەڵێك ناوەندی حكومەتی، كەسایەتی کەلتووری، ڕۆژنامەوانی‌ و ڕاگەیاندن بەردەوام ڕۆژانە لەگەڵ پرسی زمانی کوردیدا دان، لەو کایە جیاوازانەدا كار بە زمانی کوردی دەكەن، بۆ نموونە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن دەتوانن ‌چ ڕۆڵێك بگێڕن‌ لە دروستبوونی ئەو پرۆسە زمانە نەتەوەیی‌ و زمانە یەكگرتووەدا.
زمانی كوردی تایبەتمەندی خۆی هەیە و لە زمانی نەتەوەکانی دیکە ناچێت و سەربەخۆیی خۆی هەیە، بەڵام لەهەر بەشێکی کوردستاندا کەم تا زۆر هەژموونی زمانی فەرمی دەوڵەت کاریگەری بەسەر زمانی کوردیدا هەیە، تەنانەت لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ناوچە کوردنشینەکانی قافقاسدا تا ڕادەیەکی باش ئاسمیلە کراوە، سەرباری ئەو هەموو جینۆسایدی کەلتووری و دژایەتی کردنەش، بەڵام زمانی کوردی هێشتا بە زمانێکی زیندوو و سەربەخۆ ماوەتەوە، بە پێچەوانەی ڕای هەندێک لە ڕۆژهەڵاتناس و ئێرانناس و بیانییەکان کە وای بۆ دەچن کە زمانی کوردی زمانێكە کەڤناری و دیرۆکییە، خەڵكی بیانی بە ئاسانی دەتوانن فێری ببن، لە هەمانكاتدا زمانێكە دینامیكیەتێكی بەهێزی پێشكەوتن ‌و گەشەكردنی تێدایە.
سەرباری ئەوەی کە سۆشیالمیدا دەسکەوتێکی مەزنی زانستی و تەکنەلۆژییە بۆ مرۆڤایەتی بەتایبەتیش بۆ گەلانی بێ دەوڵەت لەوانەش کورد، کەچی ئەمڕۆ دەبینین زمانی کوردی ڕووبەڕووی دوو هێرشی دەرەکی و ناوەوە بۆتەوە، بە پلەی یەکەمیش دەسەڵاتی کوردی لێی بەرپرسە لە دۆزینەوە رێگاچارەی گونجاو لەو کایە گرنگەدا بۆ ئەو ئاستەنگ و کێشانەی کە هاتوونەتەتە بەردەم نەبوونی زمانی ستانداردی کوردی. بە نەبوونی پلان و بەرنامەیەکی تۆکمە و گونجاو بۆ خزمەتکردنی زمانەکەمان، دەبینین هێشتا ڕۆژ لەدوای ڕۆژ زمانی کوردی لە ڕەوشێکی ئاڵۆز و لە پاشەکشەدایە، کە دواتر ئاماژە بەو هۆکارانە دەکەین کە بوونەتە هۆی ئاڵۆزی و پشێوی لە بەردەم گەشەکردنی زمانی کوردیدا.
بە دڵنیایی هەر نەتەوەیەك زمانەكەی لە زمانی ئاخافتنەوە گۆڕابێت‌ بە زمانی نووسین، ئەلفابیتای تایبەت بەخۆی هەڵبژاردووە، لەگەڵ سیستمی دەنگی ‌و تایبەتمەندیی زمانی خۆیان گونجاندوویانە، لەو رۆژەوە كە كورد زمانەكەی بۆتە زمانی نووسین، هەر لە سەردەمی باباتاهیری عوریانەوە، نزیكەی دە سەدەیەك پێش ئێستا ئەو ئەلفابیتایەی هەڵبژاردووە، لەبەرئەوەی ئەو كاتە كەلتووری زمانەکانی عەرەبی‌ و فارسی لە كوردستاندا زاڵ بووە، خوێندن‌و خوێندەواری، زانست بەو دوو زمانە بوو، ئەدەبییات بەو دوو زمانە بووە، كەواتە ئەم ئەلفابیتایە لە پرۆسێسی دروستبوونی زمانی ئەدەبییدا دەركەوتووە ‌و سەرجەم هزر ‌و بیركردنەوە ‌و تێڕوانین ‌و سیستمی بیركردنەوەی كوردی لە ماوەی ئەو دە سەدەیەدان، ئەم ئەلفابیتایە نووسراوە، ئەلفابیتای كوردی بە جۆرێكی جوان ‌و سەرنجڕاكێش، كە دینامیكیی زمانی كوردی دەردەخات، هەمواركراوە و گەشەی پێدراوە.
ئێستا لەکەناڵەکانی ڕاگەیاندن، لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکان چەندان ئەلفابیتای کوردی بەرچاو دەکەون، ئیتر هەوڵدان بۆ کارکردن لەسەر ئەلفابێتایەکی تر، جگە لە زیان گەیاندن بە زمانی کوردی شتێکی تر ناگەیەنێت، بۆیە گەرەکە کەناڵە میدیاییەکانی کوردستان ڕێگاچارەیەکی گونجاو بۆ ئەو کێشەیە بدۆزنەوە کە لە هەنگاوی بەراییدا بۆ داهاتوو هەوڵێکە بۆ زمانی ستانداردی کوردی .
ئاشکرایە پەیوەندییەکی ئۆرگانیک لە نێوان گەشەکردنی زمان و کایەکانی سۆشیالمیدیا هەیە، چونکی ڕەوشی زمان پەیوەستە بە ئاساییشی نەتەوەیی هەر گەلێک، هەروەها ئەو گۆڕانکارییانەی لە دیموگرافیای ئەو ناوچانە ڕوودەدەن، کە دەکەونە بەر هێژموونی سیاسەتی پاکتاوی نەژادی و ئاسمیلاسیۆنی زمان. هەر بۆیەش کەناڵەکانی سۆشیالمیدیا لەو پرسەدا دەتوانن ڕۆڵێکی کارا و ستراتیژیانە بگێڕن لە ناساندنی دۆزی نەتەوەکەمان، بەتایبەتیش لە ڕێگەی زمانێکی ستانداردا و گەیاندنی ئەو پەیامە بە هەموو تاکێکی هاووڵاتیانی کوردستان لە هەر کوێیەکی ئەو سەر زەمینەدا.
سۆشیالمیدیا دوو ڕووی هەیە، یەکیان بەڕاستی دەتوانێت لە خزمەت زمانی یەکگرتووی کوردیدا بێت، ئەویش لە ڕێگای گەیاندنی پەیامی ئەو کەناڵانە بە ئامانجی لە یەکتر نزیککردنەوەی زار و بنزارە کوردییەکان و ئەو بەرنامە پەروەردەیی و هونەری و وێژەییانەی کە بە سانایی دەگەنە ناو هەموو ماڵێک، ئەویش بە ئاشناکردنی کولتووری ناوچە جیاوازەکانی کوردستان، ئەمەشیان تا ڕادەیەک لە سێ دەیەی ڕابردوودا بە ئاشکرا هەستی پێدەکرێ کە هاووڵاتییەکی دەڤەری ئیلام یان شارەزوور بە سانایی لە زۆر وشە و زاراوەی کوردی باکوور یان ڕۆژاوای کوردستان دەگات و تا ڕادەیەکی زۆریش زانیاری گشتی لە سەر دابونەریت و کەلەپووری بەشەکانی تری کوردستان پەیدا کردووە.
بەڵام ئەمڕۆ لەسۆشیالمیدیادا کێشەیەک لەبەردەم زمانی کوردیدا هەیە، ئەویش نەبوونی زمانێکی ستانداردە بۆ سەرجەم زار و بنزاری ئیتنیکە کوردییەکان کە جوگرافیایەکی بەرفراوانی زمانی کوردییان داگیرکردووە، وێڕ أی ئەوەی کە زۆرلە نووسەران و ڕۆشنبیرانی پێکهالتەکان بە زمانە بیانییەکانی وەک عەرەبی و فارسی و تورکی دەنووسن، هێشتاش زمانێکی یەکگرتووی کوردی نەبۆتە پێوەر و هۆکاری بەیەکگرێدانی هزرو ئاوەز و یەکێتی نەتەوەییمان. چونکە سۆشیالمیدیا دەبانێکی دوو تیغەیە، لەکاتێکدا هۆکارێکیشە بۆ درووستکردنی زمانی پێوەری هەر نەتەوەیەک، بە دیوەکەی تریشدا هۆکارێکە بۆ لێکترازانی زمانەکە بۆ چەند زارو بنزار و دەڤۆکی جیاواز، لێرەدا نامەوێ باسی هۆکارە مێژوویی و سیاسییەکانی ئەو لێکترازانەی زار و بنزارە کوردییەکان بکەم، چونکە پێشتر قسەم لەسەر کردووە، بەڵام بۆچی دوای ٣٥ ساڵ لە دامەزراندنی هەرێمی کوردستان، بە فەرمی ناساندنی ئەو زمانە لە دەستووری عیراقدا، هێشتا میدیای حکوومی و ئەهلییەکان خاوەنی زمانێکی ستاندارد نین، هەر کەناڵە بە زارە لۆکاڵییەکەی خۆی دەدوێت و دەنووسێت و لۆکاڵیانە هزر و ئاوەزی دەخاتە بەرچاوی بینەران و بیسەران، کە ئەمجۆرە هزرینەش لە جوغز و چوارچێوەی ناوچەگەڕێتی تێناپەڕێت، لەکاتێکدا زمانی کوردی ڕەوتی سروشتیی گەشەسەندنی مێژوویی خۆی بڕیوە.
هەبوونی دوو ستاندارد لە میدیای کوردیدا بەکار دەهێنرێن، هیچ لە بابەتەکە ناگۆڕێت. ئەوانەی بە کوردی باکوور(کرمانجی ژووروو) دەدوێن ئەو ستانداردە بەکار دەهێنن. ئەوانەشی بە کوردیی ناوەند(کرمانجی ژێری)دەدوێن ستانداردی کوردیی ناوەند(سۆرانی)بەکار دەهێنن، تا ئێستاش هەوڵێکی جیددی نەدراوە ئەو دوو زارە هەر نەبێت لە ڕووی ڕێنووسەوە، هەمیش لە ڕووی گراماتیکەوە، ئاوێتە بە یەکتر بکرێن، یان بەلای کەم لەیەکتر نزیک بکرێنەوە.
زمانی کوردی بە بەراورد لەگەڵ ڕەوتی مێژووییدا کە بەردەوام بەربەستی خراوەتە پێشی، ماوەی سەدەیەک پترە بە زۆر شێوازی ڕەگەزپەرستانە دژایەتی دەکرێت و سیستەماتیکانە هەوڵی لەناوبردنی دەدرێت، بەشێک لەو هەوڵانەش لای خودی هەندێ بەناو زمانناس و نووسەرانی ئەو ئاخێوەرانەیە، بەتایبەت لە هەندەران ئەگەر سەیری وێبسایتەکان کوردییەکان بکەین دەبینین، زمانی کوردی بۆ چەند زارێک دابەش بووە وەک (کورمانجی، سۆرانی، هەورامی، لەکی..)، کە بەداخەوە ڕێنووسەکانیش لە یەکتر جیاوازن، ئەم دیاردەیە لەنێو هیچ گەلێکی سەر ڕووی زەویندا بەدی ناکرێت، خزمەتێکی بێ بەرامبەریشە بە ئەجیندانی دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان.
لەگەڵ ئەوەشدا زمانەکەمان بە هەوڵی بێوچانی دڵسۆزانی نەتەوە باش چۆتە پێشەوە، لە باشووری کوردستاندا خاوەنی ئارشیفێکی گەورەی زمانەوانین، خاوەنی ڕێنووسێکی پێشکەوتووین، ئەگەر هەمووان ئەو ڕێنووسە بەکار بهێنن، زمانەکەمان زووتر دەبێتە خاوەنی ڕێنووسێکی یەکگرتوو.
بەگشتی کەناڵە میدیاییەکاندا بەتایبەتیش لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکاندا زمانێکی نووسین بەکاردەهێنرێت. ئەگەر چارەسەرێکی گونجاوی بۆ نەدۆزرێتەوە لە داهاتوودا بە تێپەڕینی کات دەبێتە دوو زمان، کەوابێت لە جیهانی میدیای کوردیدا ڕەنگە تاکەکەس لەو دەزگایانەدا بە حوکمی نەشارەزاییان و نەبوونی فلتەرێکی زمانەوانی لێرە و لەوێ هەڵەی زمانی میدیایی بکەن، ئەوەش ڕاستەوخۆ باندۆری بەسەر شێواندن و لێکترازانی زمانی کوردییەوە هەیە، ئەو کەسانە بۆ خۆیان زمان نەزانن و لە ژێر هەژموونی زارە لۆکاڵییەکەی خۆیان یان زمانی نەتەوەی سەردەستی دەوڵەتەکەی خۆیانن.
ئەمڕۆ ئەو زمانە باوەی کە لە جیهانی سۆشیالمیدیادا بەکار دەهێنرێت ڕەنگدانەوەی هزری کوردە لە دەرەوەی دنیای دیجیتاڵیدا، دنیای ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە هەموو لک و پۆپەکانی، دنیایەکی ئازادە کە کەس ناتوانێت ڕێ لە کەس بگرێت و شتی خۆی بەسەر کەسی تردا بسەپێنێت، ئەوەی لەوێ دەبینرێت ئەوەیە کە زمانێکی تاکستاندارد بەکار ناهێنرێت، بەڵکوو جووتستاندارد گەشە دەستێنێت. نابێت ئەوەشمان لەبیرمان بچێت کە زارەکانی تریش لەوێ باشتر دەستیان کراوەیە بۆ گەشەسەندن، واتە خەڵک لایەنگری ئەوە نین کە تاکستانداردێک هەبێت و ئەوانی تر پەراوێز بخرێن. بۆیە باشترە ڕێز لە خواستی یەکتر بگرین و بەو ڕێزلێنانە زیاتر لە دەوری یەکتر کۆبینەوە.
نەبوونی سایتێکی تایبەت بۆ پرسەکانی زمان لەو دەزگا کولتوورییە فەرمییانەی سەر بە حکومەتن، کە بەرهەمی هزری دەبێت بە شێوەی نووسین و دەقی ئاسایی لەو سایتە دابنرێت تا مرۆڤ بتوانێت لە وێبگەڕەکاندا پشکنیان بۆ بکات، نەک بە شێوەی پیدیئێف. بە هەمان شێوە پێویستە ڕێزمانێکی بەپێز و دەوڵەمەند، دیسانەوە بە شێوەی تێکست لەسەر ئینتەرنێت دانابێت، کە جێی متمانەی هەمووان بێت و هەر کاتێکیش بیانەوێت دەستکاریی بکەن و نووژەنی بکەنەوە، هەروەها دەبوا تا ئێستا وشەنامەیەکی دەوڵەمەندی دیجیتالییان لەسەر ئینتەرنێت هەبوایە.
بۆ چوونە نێو قووڵایی ئەو هەل‌ومەرجەی ئەمڕۆ بە سەر زمانی کوردیدا زاڵە، وا باشە ڕوانینێکی تایبەتمان بەسەر نووسەرانی کوردەوە هەبێت. ئەو چاوەڕوانییەی کۆمەڵگە لە نووسەرانی خۆی هەیەتی، لە هەل‌ومەرجی ئاوادا زۆر لە قەبارەیان زیاترە. نووسەری کورد لە دەرەوەی جیهانی سۆشیالمیدیا‌دا چی بۆ کراوە، هەتا بەشێک لە توانایەکانی لە نێو جیهانی سایبەریدا تەرخانی خزمەت بە زمانی ستاندارد بکات!؟ وا باشە چاوەڕوانی مۆجیزەیەیەک نەبین لەم توێژەدا، بەتایبەت کە بەشێکیان “قسەکەری بێکردەوەن”.چونکە لە غیابی ڕۆڵی دەزگا کولتوورییەکانی حکومەتدا و هەروەها هەبوونی بەشەکانی ڕاگەیاندن لە پەیمانگە و کۆلیژەکانی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان، کە خاوەنی هەڵگری چەندان بڕوانامەی باڵای ئەکادیمین، بەڵام زۆرینەیان(ناڵێم هەموویان)ئەو مامۆستایانە لە ڕووی زمانەوە کۆڵەوارن، کە دەبوو لەو ماوەیەی ڕابردوودا بۆ چارەسەری پرسی زمان لە کایەکانی ڕاگەیاندندا بەهەماهەنگی لەگەڵ بەشە کوردییەکان پرۆژەی مەزنییان لەسەر ئاستی کۆنفرانسی زانستی نێودەوڵەتی بەرهەم هێنابووا. هەڵبەت بێ هەبوونی پلان و بەرنامەیەکی تۆکمە بۆ ئەم ئامانجە هەرچی دەکرێت مخابن بە فیرۆدانی پارەیەکی زۆر و بێنرخ کردنی کات بووە، ئەزموونی گەلان پێمان دەڵێن زمانێکی ستاندارد بۆ گەلانی بێ قەوارەی سیاسی لە جیهانی سۆسیالمیدیادا مەحاڵ نییە.
دیاردەی نووسین بە شێوەزار و دەڤۆک لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن

زارە کوردییەکان – کە لکەکانی زمانی کوردین، پەنابردنە بەر ئەو شیوەزارە نووسینە، ئەو دەربڕینەیە کە خەڵکی گشتی (ڕەشۆک) لە بازاڕدا، لە جۆرەکانی تری پەیوەندی زارەکیدا پەیوەندی و گفتوگۆی پێدەکەن، لە کاتێکدا زمانی پێوەر، زمانی زانست و خوێندن و نامەنووسی فەرمییە، زمانی ئەفراندنی دەقێکی ئەدەبی یان هزری و فەلسەفییە، مخابن هەندێ نووسەر تێینەگەیشتوون و دژ بە زمانی پێوەری کوردی بانگەشە بۆ شێوەزارە لۆکاڵییەکەی خۆیانی بۆ دەکەن.
ڕەنگە ئەم دیارەیە بۆ ڕۆژنامەنووسێک یان میدیکارێک تا ڕادەیەک ئاسایی بێت، بەڵام ئەو دیاردە نامۆیەی کە لەدەزگەکانی ڕاگەیاندن لە هەوڵی ئەوەدان بە شێوەزار، بنزار یان دەڤۆکی گوندەکەی خۆیان بئاخڤن و بنووسن، نیشانەی پرسیارە، داخۆ ئەو دەزگە میدیاییە تا چەند لە ڕێگای بەرنامەکانیان خزمەت بە زمانی پێوەر-ستاندارد دەکەن، هەڵبژاردنی ئەم ڕێبازی کارکردنە هەر چەند دەوڵەمەند بێت بە فەرهەنگێکی وشە و زاراوەی ناوچەیی و خۆماڵی، بەڵام دواجار هۆکارێکە بۆ لێکترازان و دوورخستنەوەی زار و بنزارەکان لە زمانی پێوەر و ستانداردی کوردی، چونکە شێوەزاری لۆکاڵی فۆرمێکی زمانەوانییە و تایبەتە بە ناوچەیەکی جوگرافیای دیارکراو، کە دانیشتوانەکەی میراتێکی کولتووری و کۆمەڵایەتی و مێژوویی هاوبەشیان هەیە، ئەمەش وا دەکات پەرەسەندنی زمانی دایک لە بەکارهێنانی ناوخۆییدا لە نێو ئەندامانی ئەم گرووپەدا بەرتەنگ و تا ڕادەیەک جیاواز بێت.


*سەرنووسەری گۆڤاری زمانناسی (زمان و زار)

mm

شاعیر و نووسەر فەرەیدون سامان، ساڵی 1961 لە شاری هەولێر لە دایکبووە. ساڵی 1984 بەکالۆریۆسی لە کۆلێژی کارگێڕی و ئابووری زانکۆی بەغدا بەدەستهێناوە. لە ئێستادا سەرنووسەری گۆڤاری زمانناسی زمان و زارە.

Previous
Next