Skip to Content

چاکە.. نەوزاد بەندی

چاکە.. نەوزاد بەندی

Closed
by ئایار 4, 2026 General

چاکە وشەیەکە لە هەموو فەرهەنگ و کولتوورەکانی کۆن و نوێدا، هەبووە و هەیە و ئەبێ.. ڕەنگە بڵێم ووشەیەکی هێندە فراوان و بە تان و پۆیە، سەرجەم ئایین و بیر و باوەڕەکان بە هی خۆیانی ئەزانن.
هیچ کەس و ئایدیا و کۆمەڵێک نییە خۆی بە چاک و چاکەکار نەزانێت، پیاو کوژەکان پێش کوژراوەکان، دیکتاتۆرەکان پێش دیموکراسخوازەکان، بێباوەڕەکان پێش باوەڕدارەکان، ڕەگەز پەرستەکان پێش هەمووان، خۆیان بە چاکەکار ئەزانن و هەرچی تاوانێک ئەنجامی دەدەن بە کاری چاک و چاکە لە قەڵەمی دەدەن.
ئینجا با بزانین چاکە، وەک ووشە و پێناسەیەک چییە؟ ئاخۆ هی هەموومانە یان نا..
چاکە لە پێناسە زۆر سادەکەیدا ئەوە تۆ خراپە نەکەیت..وەک چۆن باشترین پێوەر بۆ مرۆڤێک کە نەچێتە زۆنی دڕندەکانەوە، ئەوەیە زوڵم نەکات..
واتا وەک هەنگاوی یەکەم بۆ ئەوەی چاک بیت، پێویست ناکات چاکە بکەیت، بەڵام هەوڵ بدە خراپە نەکەیت..دراوسێی منیت، پێویست ناکات دیارییم بۆ بێنیت، بەڵام تەنەکەی خۆڵەکەت لەبەردەم ماڵی مندا دامەنێ.. پێویست ناکات چاک و چۆنییەکی گەرم و دوور و درێژم لەگەڵدا بکەیت، بەڵام پێویستە نیوەی ئوتومبیلەکەت لەبەردەگاکەی مندا نەبێت، چونکە منیش وەک تۆ ئوتومبیلم هەیە.. پێویست ناکات پێم بڵێی ئەی گەلی قارەمان، بەڵام پێویستە داهاتی ووڵاتەکەم نەدزیت بۆ خۆت.
پێویست ناکا باسی زیرەکیی و مەردایەتیی کەسێک بکەیت، بەڵام پێویستە کە لە خاڵێکدا یەکتان نەگرتەوە نەکەویتە هەوڵی ناشیرینکردنی..
واتا هەنگاوی یەکەم بۆ ئەوەی چاک بیت، ئەوەیە کە خراپ نەبیت. یەکەم هەوڵی چاکەکردن ئەوەیە کە واز لە خراپەکردن بێنیت..
ئێستا زۆرینە دەڵێن ئێمە خراپەکار نین، چاکەیەکیش لە تواناماندا بووبێ کردوومانە.. لە ڕاستیدا ئەو قسەیە خۆی لە خۆیدا خراپەکارییە، واتا من بێم بەردەوام پێناسەیەکی ئەرێنیی خۆم بکەم و خراپەکاریی لە خۆم دوور بخەمەوە، ئەوە خۆی لە خۆیدا خراپەکارییە.. چونکە مرۆڤ کاتێ ئەڵێ من خراپەکار نیم، کەواتە خراپەکانی ناو کۆمەڵگاکەی ئەخاتە سەر شانی ئەوانی تر، بە بێ ئەوەی خۆیشی هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ ئەوانی تردا هەبێ، گەر وا نەبووایە هەڵبەت لە کۆمەڵگایەکی تردا لە دایک ئەبوو یان سەری خۆی هەڵئەگرت بۆ کۆمەڵگایەکی دادپەروەر . . ئەوە جۆرێکە لە نێرگزیی.. کۆمەڵگای نێرگزیی ئەو کۆمەڵگایەیە کە تاکەکانی خاوەن کەسایەتییەکی لەخۆڕازیی و عاشق بەخۆیانن، بەو جۆرە خراپەکاریی وەک تۆپی بالە، بۆ یەکتریی هەڵدەدەن و هیچیان خۆی ناکا بە خاوەنی. کۆمەڵگای کوردییش کۆمەڵگایەکی هەتا سەر ئێسقان نێرگزییە، دەسەڵات خۆی ئەکا بە چاکەکارێکی بێ وێنە و پێشمەرگە و مەرجەع و پارێزگار ی سەر و ماڵی خەڵک و هەموو خراپەکان وەک تۆپ هەڵدەدا بۆ جەماوەر، جەماوەریش دەست دەکات بە ڕەخنە و جنێو و تانە و تەشەر لە دەسەڵات و بە دز و جەردە و هۆکاری هەموو نەهامەتییەکانی دادەنێ و ..خراپەکان وەک تۆپ هەڵدەداتەوە بۆ ناو گۆڕەپانی دەسەڵات.
کاتێ ڕژێمی بەعس لە کوردستان کش مەلیکی لێکرا، دام و دەزگاکانی حوکمەت تاڵان کران، ئەم تاڵانکردنە کە خراپەکاریی و تاوانێکی قێزەونە، تا ئێستایش واتا دوای 35 ساڵ لە ئەنجامدانی، نازانین کێ ئەنجامی داوە؟ هەر کەسێک ئەیداتە پاڵ کەسێکی تر، هەر تیرە و هۆز و بنەماڵە و حیزبێ ئەیداتە پاڵ تیرە و هۆز و بنەماڵە و حیزبەکانی تر .. ڕێک وەک جاشایەتییەکە وایه، لەگەڵ هەبوونی دەیان هەزار چەکداری خۆفرۆش کە ناویان لێ نرابوو جاش، ئەمڕۆ یەک دانەیشیان دیار نین و نازانین ئەو جاشانە کێ بوون و چییان لێ بەسەرهات؟ ئاسمان هەڵیلوشین یان چوون بە ناخی زەمیندا..
ئەو نمونانە بۆ سەلماندنی ئەو یەکەم هەنگاوە بوو، کە لە ڕێگای چاکەدا پێویستە بینێین، ئەویش نەکردنی خراپەیە.. هەڵبەت پێش ئەم یەکەم هەنگاوە، لەسەر هەموومانە واز لە جوانکاریی و ئارایشتکردنی خۆمان بێنین ، واتا پێویستە سەرەتا ددان بەوەدا بنێین پێشتر چاک نەبووین، ئەگینا خراپە هەموو کۆمەڵگای نوقوم نەدەکرد، واتا جێگای پێکەنینە گەر لەناو قوڕاوێکدا خەڵکێک هەبن بڵێن ئێمە قوڕاویی نین..
به ڕاستی من قاقا پێدەکەنم بەو جەردە ملیاردێرەی لە جیاتی واز لە دزیی و مافیاگەرێتیی بێنێ و ملیارەکانی کە دزیوێتی بیگەڕێنێتەوە بۆ خەزێنەی دەوڵەت، ئەچێ بۆ عەمرە و تۆپێک خام لە خۆیەوە ئەپێچێ و لەلای بەردەڕەشەکەوە وێنەکانی بڵاو دەکاتەوە، ئەمە وەک ئەوە وایه خواردنێکی بۆگەن لە جیاتی ئەوەی بیخەینە ناو تەنەکەی خۆڵەوە، بیخەنە ناو مایکرۆوەیڤێکی تازەوە ..
بە ڕاستی من پێکەنینم بەو چەکدارانە دێت کە باسی پیاوەتیی و مەردایەتیی و شۆڕشگێڕیی و وەفاداریی خۆیان ئەکەن، چونکە ئەگەر ئەو قسانەیش ڕاست بن، ئەبێ خۆیان نەیکەن، هەروەها هاوڕێ و نانخۆرەکانیشیان نەیکەن، ئەبێ خەڵکێکی بێلایەن ئەو پێناسانەیان بۆ بکەن..چونکە یەکێک لە گەورەترین خراپەکانی مرۆڤ ئەوەیە باسی چاکەی خۆی ئەکات..
من سەرم ئەسوڕمێ لەو کاربەدەست و هونەرمەند و نوسەر و کەسایەتییانەی کە بەو ڕۆژگارە لەسەر سکرین و ناو کتێب و ڕۆژنامەکاندا دەردەکەون و باسی گرنگیی و ماندوونەناسیی و فرە بەرهەمیی و داهێنانە گەورەکان و ئازایەتیی و ئەشکەنجەکانی خۆیان دەکەن لە پێناوی گەلی کوردا، له کاتێکدا ئەمڕۆ گەلی کورد ئەوەندە بێ داهاتوو، بێ ئێستایە، ئەوەندە دەستەوسان و بێ بەرنامە و بێ خاوەنە، وەک هەویرێک وایە هەر میللەتێک بیەوێ، ئەیکاتە سەر ساج و شتێکی بۆ خۆی لێ دروست ئەکا..وەک کەلاوەیەک وایە هەر کەسێ بیەوێ چەک و تەقەمەنیی و میزی خۆی لێ فڕێ دەدات.
بە ڕاستی عەیبەیەکی گەورەیە، خراپەیەکی گەورەیە و هەمان کاتیش تاوانێکی گەورەیە، لە کۆمەڵگایەکدا کە نوقوم بووە لە گەندەڵیی و دزیی و وێرانکاریی و پاوانخوازیی و لەبار بردنی هەموو کایه مرۆڤایەتییەکاندا، خەڵکێک ئەوەندە بێ شەرم و حەیا بن، بێن و لە میدیاکانەوە باس لە سەرکردایەتیی و پیاوەتیی و زیرەکیی و خەباتگێڕیی و قوربانیدانی خۆیان بکەن و خۆیان با بدەن و چاوەڕوانی چەپڵە و ستایش بن لە خەڵکێکی هەناسە سارد و مایەپوچەوە.
واتا لێرەدا یەکەم هەنگاوی چاکە خوازیی ئەوەیە بێدەنگ بین.. وەک چۆن کە لە بەردەم تەرمێکدا ڕادەوەستین، هەمووان بێدەنگ ئەبین..چونکە باشترین خزمەت بەو دۆخە، بێدەنگبوونە..
ئێوەیش ئەی دۆنکیشۆتە زیانەخرۆ گەمژە و بێ هونەر و خوپەرست و ملیاردێرەکان، باشترین خزمەت و چاکەیەک لەسەر تەرمی کوردستان بیکەن، ئەوەیە بێدەنگ بن..

نەوزاد بەندی

Previous
Next