حوکمەتی بێ پۆست و پاس.. نەوزاد بەندی
ڕەنگە نەزانن بۆچی فەرمانگەکانی هات و چۆ و کارتی نیشتمانیی و پەروەردە و باج و تاپۆ و کارەبا و خانووبەرە و … ئەوەندە قەڵەباڵغ و تاقەت پڕوکێنن.. ڕەنگە نەپرسن هۆکاری ئەو ترس و فۆبیایە چییە کاتێ ساڵانەی ئوتومبیلەکەت تەواو ئەبێ ٭ و کاتی تازەکردنەوەی دێت، یان مۆڵەتی شۆفێریی و کارتی نیشتمانیی و.. بەڵگەنامەکانی ترت بەسەر ئەچن ..
لە ڕاستیدا بە هۆی نەبوونی فەرمانگەی پۆست و گەیاندنە لەم هەرێمەدا، هەروەها هیچ هاووڵاتییەک پۆست بۆکس لە بەردەرگاکەیدا نییە.. واتە بۆ ئیمزایەک یان وەرگرتنەوەی لاپەڕەیەک ئەبێ چەندەها کیلۆمەتر ببڕێت و بگاتە فڵانە فەرمانگە، بڕواتە سەرەوە و عەریزە بنوسێ و فایل بکڕێ،فایل بکڕیت و فڕێی بدەیت، لە کاتێکدا ئێستا لە هەموو جیهاندا پۆستی ئەلیکترۆنیی و پۆستی کلاسیکیی پێکەوە کارپێدەکرێن بۆ نەهێشتنی قەڵەباڵغیی دام و دەزگاکان و .. کات نەکوشتنی هاووڵاتیی و تێکنەدانی ئەعسابیان ..جێی داخە کە هیچ کەسێک لە ڕۆشنفکر و یاساناسەکانمان بابەتی لەبار بردنی فەرمانگەی پۆست و کارپێنەکردنیان نەوروژاندووە ..لە کاتێکدا گرنگترین و دیارترین ڕوخساری شارستانیی و مرۆڤی مۆدێرن ئەوەیە ئەدرێس و ئیمەیڵ و سندوقی پۆستەی هەبێ بۆ ئاسانکردن و خێراکردن و جێبەجێکردن و وەرگرتنەوەی بەڵگەنامەکانی ..
ئەگینا ئەو هەزاران هەزار کەسەی کە لە بەڕێوەبەرایەتیی هات و چۆ و باج و خانووبەرە، بە فایلێکەوە فڕکان فڕکانیانە، خەڵکێکن ئیش و کاریان بەجێهشتووە، بە خاتری تازە کردنەوەی بەڵگەنامەیەک یان مامەڵەیەکی ڕۆتینیی، کە بە هەمان ڕۆتینی سەد ساڵ پێش ئێستا بەڕێوە ئەچن .. ئایا حوکمەت ئەو پرسیارەی لەلا دروست نابێ ئەم هەزاران هەزار مرۆڤە کە بە فایلێکەوە ژوور بە ژوور ڕادەکەن، چۆن شوێنی کارەکانیان به جێهێشتووە ؟ ئایا ئەم هەموو فەرمانبەر و کاسبکارە جێگای کارەکانیان بە جێبهێڵن و چەند ڕۆژێک لە فەرمانگەی باج و هات و چۆ و تاپۆ ماراسۆن بکەن، کار ناکەنە سەر ئیش و کارەکانی دەوڵەت و بازاڕ لە فەرمانگە و شوێنکارەکانی خۆیاندا؟
یان حوکمەت ئەو شتەی بە لایەوە گرنگە ئەوەیە تۆ بێیتە حزووری و پارەی ڕسومات و نوێکردنەوەی خەیاڵیی بکەیتە دەستی، ئیتر خوای ئەکرد هەرچی فەرمانگەکانی ترە، هەر چی دوکان و بازاڕەکانە دادەخران و خاوەنەکانیان ئەچوونە ناو ماراسۆنی بەڕێوەبەرایەتیی هات و چۆ و خانوو بەرە و باج و فەرمانگەکانی تر کە زیاتر وەک گسکی کارەبا، گیرفانی هاووڵاتیان ئەتەکێنن..
پرسیارێک، ئایا ئەگەر ووڵاتانی دنیای مۆدێرن بە گشتی و ووڵاتی چین بە تایبەتی، بەم سیستمەی حوکمەتی هەرێم مامەڵەی هاووڵاتیانیان بەڕێبکردایە، ئەبێ چ کارەساتێک ڕووی بدایە؟؟ بیهێنە بەرچاوی خۆتان؛ دوو ملیار کەس خۆیان بکەن بە فەرمانگەکانی هات و چۆ و باج و خانووبەرەدا.. چ تراژیدیایەک ڕووی دەدا ؟؟ هەرچەندە دڵنیام کە ئێستا کاربەدەستانی هەرێم دەمیان ئاوی کردووە کە مامەڵەی دوو ملیار کەسیان بیستووە.. ئەو هەموو شەست هەزاریی و سێسەد هەزاریی و ملیۆن و چوارسەد هەزارییە .. تۆ بڵێی ئەوسا کێشەی کورت هێنان و ئیفلاسیی و لاتێکەیان لە کۆڵ بووایەتەوە؟
بە ڕاستی، ئەم دۆخەی، جێگای پێکەنین و گریانیشە، تۆ بڵێی حوکمەتی مۆدێرن و شارستانییم و.. قات و بۆینباخ و ئوتومبیل و سەعاتی مەچەکی بەرپرسانت، هی سەرۆکەکانی جیهانیان تێپەڕاندبێ، کەچی فەرمانگەی پۆستی حوکومیت داخستبێ .. یان پوکاندبێتتەوە بە جۆرێک هەبوون و نەبوونی وەک یەک وابن.
گەیاندنی هاووڵاتیانی هەموو جیهان بە هیند و سۆماڵیشەوە، لە ڕێی هۆکاری گواستنەوەی میرییەوەیە، لەڕێی پاسی ئاسایی و پاسی ئۆکۆردیۆن و تراموای و میترۆی ژێر زەویەوەیە..بڕوانە ووڵاتەکانی چوار دەورمان، هەموو ئەو هۆکارانە ئەبینی، کەچی لای خۆمان هۆکاری گواستنەوەی هاووڵاتیانی حوکومیی نەماوە.. ئەو هەموو پاسەی سەردەمی بەعس چییان لێ بەسەرهات؟ هەموویان وەک تەم و مژ ڕەوانەوە و.. بۆ هەتا هەتایه یان هەتا دەسەڵاتی کوردی مابێ، بە تەمای پاس و هۆکاری گەیاندنی گشتی حوکومیی مەبن، چونکە ئەمان کە تەماشای قازانجەکە ئەکەن، هەبوونی پاس و هۆکاری گەیاندنی گشتیی حوکومیی زەرەریانە، ئەگەر پاس و هۆکاری گەیاندنی حوکومیی هەبێ، ئەبێ یەک دنیا شۆفێر و چاودێر و بلیت بڕ دابمەزرێنن و ..بەنزین و گاز و چاکسازیی خۆڕاییان بۆ دابین بکرێ و بە نرخێکی زۆر کەمیش هاووڵاتیان بگوێزنەوە .. تۆ سەیری ئەو هەموو زەرەرە ..پاشان خەڵکەکە ناچار نابن ئوتومبیل بۆ خۆیان و ژن و مناڵەکانیان بکڕن، ئای لەو زەرەرەی حوکمەتی نیشتمانیی لێی ئەکەوێ.. ئەوسا ئەو هەموو تابلۆی ئوتومبیلە کە هەرزانترینیان بە ملیۆنێک زیاترە، کێ بیانکڕێ؟؟ ئەو هەموو پارە خەیاڵییەی کە لە تازەکردنەوەی ساڵانە و مۆڵەتی شۆفێریی و سزاکانی تیژڕەویی، لە کیسی حوکمەت ئەچێ.. بێجگە لەوە ئەو هەموو کۆمپانیای هاوردەکردنی ئوتومبیلی بێ کوالێتیی و دەعمکردووە کە زۆربەیان کۆمپانیای بەرپرسە دڵسۆز و ماندوو نەناسەکانن، قوڕی کوێ بکەن بە سەریاندا؟ ئەی ئەو هەموو گومرکی ئوتومبیلە ئیتر لە کوێ و کێ وەریبگرن؟ ئەی ئەو هەموو بەنزین و گاز و ڕۆنەی کە لە زەوی دەردێنن و بە نرخی جیهانیی بە هاووڵاتییە قارەمانەکانی ئەفروشنەوە، ئەگەر پاس و هۆکاری گەیاندنی گشتی حوکومیی هەبێ، بە کێی بفرۆشنەوە ؟؟
وەڵا برا زەرەرێک ئەکەن، لە مێژووی زەرەردا، هاوتا و هاوشێوەی نەبووە و نییە و نابێ، هەر بۆیە ڕەنگە ناخۆشترین خەون و کابوسی بەرپرسانی هەرێم ئەوە بێ شەقامەکان پاس و میترۆی حوکومیی لەسەر بن و هاووڵاتیان بگوێزنەوە.. ئای نەنەڕۆ! لەو کارەساتە ئابوورییە ترسناکە، لەو شۆکە، لەو بەناخی زەویدا چوونەی دەسەڵات کاتێ هاووڵاتی واز لە تابلۆی ئوتومبیل کرین و باجەکانی ساڵانە و مۆڵەتی شۆفێریی و بەنزین و گاز و ڕۆن کڕین دێنێ..
بە ڕاستی کارەساتە.
ئێستا ڕەنگە بڵێن تۆ بۆچی ئەوەندە ڕەش بینیت؟ ئەی ئەوە نییه هەندێ فەرمانگەی پاسپۆرت و ڤیزە، پاسپۆرت و ڤیزەکان بە دیلیڤەری بۆ خاوەنەکانیان لە ماوەی هەفتەیەکدا !! ئەگەڕێنێتەوە ..
لە ڕاستیدا ئەوە پۆست نییە، ئەوە کارەساتێکی مرۆیی گەورەیە، کە ڕەنگە بۆ نوکتە و کاریکاتێر دەست بدات، لە کاتێکدا نەدەبوو هاووڵاتی بۆ وەرگرتنی ڤیزە و تازەکردنەوەی پاسپۆرت سەردانی ئەو فەرمانگانە بکات و تەنها لە ڕێی ئیمەیڵەوە زانیاری و داواکارییەکانی بۆ بناردنایه، ئەوانیش لە ڕێی پۆستی حکومییەوە مامەڵە تەواوکراوەکانیان بۆ بناردنایەتەوە بۆ ناو سندوقی پۆستی بەردەرگاکانیان..کەچی ئەم حوکمەتە ڕەشیدە، هاووڵاتیان پەلکێشی فەرمانگەی ڤیزە و پاسپۆرت ئەکات و لەناو قەڵەباڵغیی و ڕۆتینیی سەد ساڵ پێش ئێستادا، کات و ئەعسابیان ئەسوتێنێ و لە کار و کاسپییان ئەکات، دوایی لە دوا قوناغدا کە مامەڵەکەیان تەواو ئەبێ، نایانداتەوە، ئەڵێ بڕۆنەوە لە ڕێی جەماعەتێکەوە کە ناویان لە خۆیان ناوە پۆست، مامەڵەکەت بە هەفتەیەک بۆ دەنێرینەوە ماڵەوە بە دە هەزار یان بە پەنجا هەزار دینار !!! لە کاتێکدا بە پەنجا هەزار دینار هەموو ئێران و تورکیا لە ڕێی پاس و میترۆی گشتی حوکومییەوە ئەگەڕێیت.
ئەمە پۆست نییە، ئەمە کارەساتە.. چونکە پۆستی حوکومی لە هەموو جیهاندا بە خۆڕاییە، ئەو کەسە یان ئەو دەزگایەی پۆستەکەت بۆ دەنێرێ، چەند پولێکی پۆستە بە نرخێکی هەرزان ئەکڕێ و ئەیدات لە زەرفی پۆستەکە.. یادی بەخێر، لە سەردەمی بەعسی عەفلەقییدا ئەو خزمەتگوزارییە هەبوو، من ئێستایش هەندێ لەو نامانەم ماوە کە لە گۆڤاری کاروان و بەیان و ڕۆشنبیریی نوێوە لە هەولێر و بەغدادەوە، بە خۆڕایی ئەیانگەیاندە دەستم.
ماوەتەوە بڵێین ڕەنگە حوکمەتی هەرێم ناحەقیشی نەبێ کە پۆست و پاسەکەی نەماون و پوکاونەتەوە، ئێ ئاخر وەک دەڵێن دوو شوتی بە یەک دەست هەڵناگیرێن.
ئەو هەموو پۆستەی کە بۆ خۆیان و بنەماڵە و کەس و کاریان لە هەرێم و بەغدادا وەریانگرتووە و وەری دەگرن، وای لێکردوون فریای پۆست و گەیاندن نەکەون، چۆن دوو جۆر پۆست بە یەک دەست هەڵدەگیرێن؟ گرنگەکەیان هەڵگرتووە و .. بێ سوودەکەیان پشتگوێ خستووە.
پاسکردنی کۆشک و تەلار و پاڵاوگە و کۆمپانیاکانیشیان لە ڕێی قورسترین و چڕترین تۆڕی کامێرا و سکیوریتیی و هێزی تایبەت، وای کردووە پاسی سەر شەقامەکانیان لە بیر بچێتەوە یان نەتوانن بچنە ژێری.. ئێ به پێی لۆژیک و قسەی نەستەق و کولتووریش، دوو پاس لە یەک کاتدا هەڵناگیرێن، پاسە گرنگەکەیان کە پەیوەندیی بە ژیان و کۆشک و تەلار و کۆمپانیا و داهاتی بەرپرسەکانەوە هەیە، جێبەجێ دەکرێ و .. پاسەکەی تریان کە هاووڵاتیی بێدەنگ و نابیست و نابینا و عاقڵ !! ، بە نرخێکی ڕەمزیی ئەگوێزێتەوە، ترسناکە و تاقەتپڕوکێنە و زیان لە داهات و پەیڕەوی ناوخۆی گیرفانە تایبەتەکان ئەدات، پێویستە بە هەتا دوای دەسەڵاتی کوردی، پەک و دوا بخرێت ….. هتد.
٭ تێبینی :
بیرۆکەی کامێرا و تاسە بەرزە ترسناکەکانی سەر ڕێگا لە تورکیا و ئێرانەوە هاوردەکراون بە شێوەیەکی چڕ و پڕ، واتا گەر لەوێ لە سەد کیلۆمەتردا چوار کامێرا و دوو تاسه هەبن، لێرە لە دە کیلۆمەترا شەش کامێرا و هەشت تاسه هەیە.
کەچی نەیانتوانیوە لەوەدا لاسایی ئێران بکەنەوە کە ساڵانەی ئوتومبیل لەئێران، یەک جارە و تازه کردنەوەی پێویست نییە هەموو چوار ساڵ جارێک تازه بکرێتەوە .. ئایا ناپرسن حیکمەت چییە لە حازەکردنەوەی ساڵانەی ئوتومبیلدا لە کاتێکدا هەموو ساڵێک فەحسی توند و تۆڵیی بۆ ئوتومبیلەکان ئەکرێ؟ یان ئەمە تەنها بۆ بێزار کزدنی هاووڵاتیی و کۆکردنەوەی پارەیەکی زۆرە کە هیچ عەقڵ و لۆژیکێک پێی قوت ناچێ.
پاشان گەورەترین خزمەت کە پۆست و پاسی حوکومیی پێشکەش بە هاووڵاتیانی ئەکەن، تەنها ئەوە نییە کە خزمەتگوزاریەکانت لە ڕۆتین ڕزگار ئەکەن و ژیان و کاتەکانت بۆ ڕێک دەخەن.. بەڵکو لەوانە گرنگتر هەستکردنی هاووڵاتییە بە بوونی حوکمەت و دڵسۆزیی حوکمەت و سێبەری حوکمەت لەگەڵیدا ..هەست ئەکەی حوکمەت و هاووڵاتیی تێکەڵاون و بەریەککەوتنیان هەیە و تەواوکارییەک هەیە لە نێوانیاندا .
هاوڕێیەکم ئەیووت کاتێ ئەچمە هەر ووڵاتێکی بێگانەوە هەست بە سێبەر و پشت و پەنای حوکمەت ئەکەم و جۆرێک لە ئارامیی و دڵنیایی دەکەم، ئەوە حوکمەتە نامەیەکم ئەگەیەنێتە دەست بە خۆڕایی و .. پاس و میترۆکانی بە نرخێکی ڕەمزیی بۆ هەموو جێگایەک ئەمگوێزنەوە .. ئەوە حوکمەتە کە خەمم ئەخوات و یارمەتیم ئەدات و دڵنیام ئەکاتەوە.. خۆ کاتێک وەزیرێک لە بەردەم سەمونخانەیەکدا ئەبینم وەک من سەمون ئەکڕێ و ..پاشای ووڵات لە میترۆدا، ئەبینم لە تەنیشتمدا دانیشتووە، دڵم پڕ ئەبێ و لە پڕمەی گریان ئەدەم..
